باڵیۆزی ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی: بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان، دادپەروەری بەدینەهاتووە

10-08-2024
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ بێس ڤان سکاک، باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی
هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ بێس ڤان سکاک، باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی دەڵێت، داعش "هێزێکی تۆقێنەر بوو" کە بووە هۆی کاولکاری و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر کە ئێستایش دوای 10 ساڵ هەر ئاوارەن. ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان و کەمینە ئایینییەکانی دیکەی نێو عێراق، دادپەروەری بەدینەهاتووە."
 
بێس ڤان سکاک، باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکدا کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵی ئەنجامدا، گوتی، "زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا دیاری کراون؛ یونیتاد توانیویەتی 60 دانەیان هەڵبداتەوە و کاریان لەسەر بکات."
 
باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد، "کەیسی ئێزدییەکان لە دادگاکانی عێراقدا بەپێی رێکارە نێودەوڵەتییەکان و لە دادگەیەکی دادپەروەرانەی پارێزراودا دەچنە پێشەوە."
 
رووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز ڤان سکاک کە لە رووداویت.
  
باڵیۆز ڤان سکاک: زۆر سوپاس.
 
رووداو: با لەمە دەستپێبکەین، 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دا تێپەڕیوە، هێشتا ئێزدییەکان دەڵێن، "دادپەروەری بەدینەهاتووە،" ئەمریکا لەو 10 ساڵەدا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان چی کردووە؟
 
ڤان سکاک: ئەوە راستە کە بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان و کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی دیکەی نێو عێراق دادپەروەری بەدینەهاتووە. داعش هێزێکی تۆقێنەر بوو، بووە هۆی کاولکاری و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر، ئێستایش دوای 10 ساڵ هەر ئاوارەن. ئێمە هەوڵمان داوە بە چەندین رێگە کەیسی دادپەروەری ببەینە پێشەوە. ئێمە لە یونیتاددا وەبەرهێنانمان کردووە کە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی داعش. پارەمان بۆ ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی شارستانی دابین کردووە، کە لەگەڵ کۆمەڵگە زیانبارەکاندا کار دەکەن تاوەکو یارمەتییان بدەن بکەونەوە سەر پێیەکانیان. هاوکاریی مرۆییمان دابین کردووە و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کارمان کردووە، بۆئەوەی هەوڵ بدەین و هانیان بدەین هەندێک بەرپرسیارێتیی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هاووڵاتییانیان بگرنە ئەستۆ؛ بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێم کە گوتت کاری زۆر ماون بکرێن.
 
رووداو: ئەمە ئەوە بوو کە لە 10 ساڵی رابردوو کردووتانە، ئەی ئەمریکا لە داهاتوودا چی دەکات بۆئەوەی دادپەروەری بۆ کوردانی ئێزدی دابین بکات؟
 
ڤان سکاک: یونیتاد لە 17ی ئەیلوولدا دەرگاکانی دادەخات کە بەشێکی لەبەر داوای حکومەتی عێراقە. ئێستا زۆر سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە ئەو کاراییانە بگوازینەوە بۆ حکومەتی عێراق و بەردەوام بێت لە توانای بونیاتنانی ئەوەی یونیتاد خەریک بوو لەگەڵ حکومەتدا دەیکرد. هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا تیمێک دروست بکەن تا بتوانێت هەندێک کارایی لە ئەستۆ بگرێت. دەبێت چالاکییەکان بەردەوام بن. هەروەها پشتیوانیی لە لێکۆڵینەوەکانی وڵاتی سێیەم بکرێت. زیاتر لە 200 داواکاری زانیاری بۆ یونیتاد هاتووە و من لەگەڵ ئەو داواکارە گشتی و لێکۆڵەرانەی سەرانسەری دنیادا قسەم کردووە و هەموویان باس لەوە دەکەن کە یونیتاد چەندە گرنگ بووە کە نەک تەنیا بەڵگەی بەهێزی دابین کردووە، بەڵکو بۆ وردکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی زنجیرەی بڕیارەکان و فەرمانی جەنگەوە گرنگ بووە. ئەوە ژمارە یەکە. ژمارە دوو دڵنیایی دەدات کە هەڵدانەوەی گۆڕەکان بەردەوام دەبن. زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا دیاری کراون. یونیتاد توانیویەتی 60 دانەیان هەڵبداتەوە و کاریان لەسەر بکات. بۆیە هێشتا کاری زۆر هەیە بکرێت. هەندێک توانای بونیاتنان لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی یاساییدا کاریان لەسەر کراوە تا بتوانرێت باشترین کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکرێت بە جۆرێک سەرنج لەسەر قوربانییەک بێت و بەرپرسیارێتی بەرەو پێش بدات. بەڵام پێویستە ئەو کارە بەردەوام بێت. ئێمە کۆمەڵێک لێدوانی قوربانیانمان هەن کە لەژێر فۆرمی جۆراوجۆری ڕەزامەندیی ئاگایانەدا دراون و نیگەرانیی راستەقینە هەیە لەسەر ئەوەی ئەو شتانە بە حکومەتی عێراق بدرێن. بۆیە دەبێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە کە بگەڕێینەوە بۆ ئەو رزگاربووانە و پشتڕاستی بکەینەوە کە ئەوان دەیانەوێت زانیارییەکانیان بە حکومەتی عێراق بدرێت. ئەگەر نەیانەوێت، دەبێت بپارێزرێن.
 
رووداو: باست لە پرسی یونیتاد کرد، خۆشت یونیاد لە مانگی ئەیلوول کۆتایی بەکارەکانی دەهێنێت بەهۆی خراپی پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە حکومەتی عێراق دەڵێن، هاوئاهەنگ نەبوونە، باسیشت لە نیگەرانییەکانی خەڵکی ئێزدی کرد کە رەنگە متمانەیان بە یونیتاد هەبووبێت، بەڵام رەنگە ئەو متمانەیان بە حکومەتی عێراق نەبێت، ئەمریکا چۆن دەتوانێت هاوکاری یونیتاد و خەڵکی ئێزدیش بێت، کە ئەو بەڵگەنامانە و شایەتیانەی کۆیانکردوونەتەوە ون نابن و لەنێوناچن؟
 
ڤان سکاک: ئەوە زۆر گرنگە کە حکومەتی عێراق کار بکات بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا دروست بکات. پێموایە رێگەیەک بۆ کردنی ئەوە ئەوەیە بە راستی پابەند بیت بەوەی ببینیت ئەم کەیسانە لە دادگاکانی عێراقدا بەپێێ رێکارە نێودەوڵەتییەکان و لە دادگەیەکی دادپەروەرانەی پارێزراودا دەچنە پێشەوە. جا بەشێکی ئەمە پێویستی بەوەیە حکومەت یاسایەک دەربکات کە رێگەی پێبدات تا تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید بخاتە بەردەم لێکۆڵینەوەی یاسایی. ئێستا هەموو کەیسەکانی دژی ئەندامان و چەکدارانی داعش لەژێر پۆلێنی تیرۆردا دەچنە پێشەوە کە ئەو زیانە پیشان نادات وا هەندێک لە کەمینەکان بینیویانە کە رووبەڕووی هەوڵی سڕینەوە بوونەتەوە و هەروەها بتوانرێت ئەندامانی داعش بە باشی تاوانەکانیان بەسەردا ساخ بکرێتەوە. ئەوەیش رێگەیەکی دوور و درێژە بۆ بونیاتنانی متمانە لەنێوان ئێزدییەکان و حکومەتەکەیاندا تا ببینن حکومەتەکەیان دەتوانێت دادپەروەری بەدیبهێنێت. پێموایە لەم کاتەدا ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە لە بونیاتنانی ئەرشیڤێکی باشدا پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین کە رێگەی بدات وەڵامی داواکاریی هاوکاریکردن بداتەوە. هاوکاری بۆ بەردەوامبوون لە بونیاتنانی توانا لەگەڵ عێراقدا بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ رزگاربوواندا دروست بکرێت تا هان بدرێن لە پرۆسەی دادپەروەردیدا بەشداری بکەن و دیاریی بکەن کە دەیانەوێت لە چ بارودۆخێکدا ئەوە بکەن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانیی لایەنی تەناهی. بەڵام کۆمەڵێکی دیکە نیگەرانیی مرۆیی هەن کە پێویستە سەرنجیان بخەینە سەر و هانی حکومەت دەدەن هەر بە راستی لە شنگال و زێدی هەندێک لەو کۆمەڵگەیانەدا وەبەرهێنان بکات. ئەوان شوێنێکیان هەیە بۆی بگەڕێنەوە.
 
رووداو: دێمە سەر پرسی هاوکارییە مرۆییەکان و نۆژەنکردنەوەی شنگال، بەڵام کاتێک باسی کوردی ئێزدی دەکەین، دەزانین  هێشتا ٢٨٦٢ کچ و ژن و منداڵی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندران بێسەروشوێنن، ئەمریکا چۆن دەتوانێت هاوکاربێت بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان، ئەگەر زیندوون رزگاریان بکات؟
 
ڤان سکاک: دەزانم هەوڵی راستەقینە هەن بۆ دیاریکردنی ئەوەی دوایین جار ئەو کەسانە لە کوێ بینراون. رەنگە هێشتا زۆربەیان زیندوو بن. هێشتا لە کەمپی هۆل و هەندێک کەمپدا کە چەکدارانی داعشیان تێدا دەستبەسەرن ئێزدی رزگار دەکەین. بۆیە پێویستە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت. رەنگە هەندێکیشیان لەگەڵ ئێمەدا نەبن. جا ئەوە هەر زۆر گرنگە کە پاشماوەکانیان دەستنیشان بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ خێزانەکانیان تا بتوانن رێوڕەسمێکی گونجاوی ناشتیان بۆ بکرێت و ئەو خێزانانە بتوانن دەست بکەن بە پرۆسەی قورسی چاکبوونەوە. بەڵام زۆر قورسە بەم زیانە ناڕوونانەوە ئەوە بکرێت کە ئەگەر نەزانیت ئاخۆ کەسەکە هێشتا زیندووە و دەتوانرێت بپارێزرێت یان کوژراوە. هەرکامێکیان بێت تۆ دەتەوێت داخستنێکی تەواوەتی و رێوڕەسمێکی گونجاوی ناشتنت هەبێت. جا پێموایە گەیشتنە داخستن هەر زۆر گرنگە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو تواناییانەدا کاربکەین کە یونیتاد دابینی کردوون تا ئێمە بگەینە ئێرە.
 
رووداو: باست لەوەکرد کە ئێوە پێویستان بەوەیە کار لەگەڵ لایەنی سێییەم و دووەم بکەن بۆ دیارکردنی چارەنووسی ئێزدییە بێسەروشوێنبووەکان، ئێمە دەزانین لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەندێک رێکخراو هەن، وەک   نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان دا هەیە و تائێستا زیاتر لە ٢٥٠٠ مرۆڤی ئێزدی دۆزیوەتەوەو رزگارکردووە ، ئایا ئێوە هیچ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو نووسینگەیە و ئەو رێکخراوانەدا هەیە کە لەسەر ئەو رفێندراوە ئێزدیانە کار دەکەن، چارەنووسیان دیاردەکەن و ئەگەر زیندوومابنەوە رزگاریان دەکەن؟
 
ڤان سکاک: دەزانم کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی گەورەتری بەخشەردا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەوڵ دەدەین پشتیوانیی حکومەتی عێراق بکەین لە کاتێکدا کە ئەم کارە تایبەتانە دادەنێت تا بکرێن بۆ ئەوەی ئەم کارە بەردەوام بێت و بەو شێوەیە بکرێت کە قوربانییەکە سەنتەر بێت. هەروەها زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هەندێک لە کۆمەڵە رزگاربووەکاندا کاردەکەین تا وایان لێ بکەین لەگەڵ حکومەتەکەیاندا باشتر داکۆکی لە خۆیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەم لایەنەوە چاوەڕوانییەکانیان بە حکومەتەکەیان بگەیەنن. هەر بۆیە پرۆسەکە دووبارە شۆکبوونەوە نییە یان شۆکێکی کەمترە لەوەی کە رەنگە نەکرێت خۆتی لێ لابدەیت. بۆیە کردنی ئەم کارە بە شێوەیەک کە قوربانی سەنتەر بێت زۆر گرنگە و پیویستی بە راوێژکە لەگەڵ خودی رزگاربووەکاندا.
 
رووداو: ویستت باس لە هاوکارییە مۆرییەکانی ئەمریکا و نۆژەنکردنەوەی شنگال بکەی، ئێوە باس لەوە دەکەن، لە 2014وە تاوەکو ئێستا  نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارتان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوەی شنگال  و دەشتی نەینەوا خەرجکردووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری شنگال وێرانە و پێویستی بە هاوکارییە، دۆخی ئاوارەکانی شنگالیش خراپە، پێتوایە هاوکارییەکانتان بۆ ئەو ناوچەیە جێگەی خۆیان گرتووە، چی دیکە دەکەن بۆ پشتیوانی کردن لەو پێکهاتانە تاوەکو بەلایەنی کەمەوە پێویستە سەرەتاییەکانیان هەبێت؟
 
ڤان سکاک: گومان لەوەدا نییە کە پێویستمان بەوەیە لەو ناوچە تایبەتەدا کە ئاماژەت پێدا وەبەرهێنانی گەورەتر ببینین، چونکە هاوکارییەکانی بونیاتنانەوە بە تەواوی وڵاتدا بڵاونابنەوە و سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچە تایبەتانەیە. بۆ گەڕانەوەی خەڵکیش، ئەو خەڵکە دەبێت شتێکیان بۆ گەڕانەوە هەبێت. تەنانەت ئەگەر خانووەکانیان رووخابن، دەبێت شتێک لە چاوەڕوانییاندا بێت کە دەکرێت ئەو خانووانە دروست بکرێنەوە. ئەوان پێویستیان بەو سەرچاوانەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو شتانە بکەن. هەر بۆیە پێموایە زۆر گرنگە یاسای رزگاربووە ئێزدییەکان بە تەواوەتی پارەی بۆ تەرخان بکرێت و جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک ئەو سەرچاوانەیان هەبێت کە پێویستیانە تا بتوانن ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە و بە پارێزراویبگەڕێنەوە. بە جۆرێک بگەڕێنەوە کە هەمیشەیی بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەم ناوچانەدا ژیانیان بونیات بنێنەوە. من لە هەندێک خەڵکی ئێزدیم بیستووە کە زۆرێک لە ئێزدییەکان گومانیان لە گەڕانەوە هەیە. دڵنیا نین هیچ شتێک هەبێت بۆی بگەڕێنەوە. بۆیە بۆ ئەوەی ئەو زێدانە بپارێزرێن و لەو شوێنە تایبەتەیاندا بمێننەوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا، پێویستمان بەوەیە لەو ناوچانەدا وەبەرهێنانی گەورەتر ببینین.
 
رووداو: ئەی بۆچوونتان لەسەر رێککەوتنی شنگال چییە، پێتانوایە بەبێی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، هەر هاوکارییەک بۆ نۆژەنکردنەوەی شنگال بکرێت جۆرێکە لە بەهەدەردان و جێگەی خۆیان ناگرن؟
 
ڤان سکاک: پێموایە رێککەوتنەکە سەکۆیەکی زۆر باشی بۆ ئەم جۆرە بونیاتنانەوانە دابین کردبوو. من نیگەرانی ئەوەم کە زۆرێک لە کۆمەڵگە زیانبارەکان لە کاتی نووسینی ئەو رێککەوتننامەیەدا راوێژیان پێنەکرا. بۆیە رەنگە پێویست بێت ئەو رێککەوتننامەیە بکرێتەوە و ئێزدییەکان بانگهێشت بکرێن و رێگەیان پێبدرێت و دەستیان تێیدا هەبێت. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەو رێککەوتنە خاڵێکی دەستپێک دابین دەکات. کەمێک لە نەخشەڕێیەکە دیاری دەکات. جا ئەوەی ئێستا پێویستە بیبینین جێبەجێکردنی ئاڵنگارییە راستەقینەکەیە کە بەدەر لە کاری منە. ئاڵنگارییە راستەقینەکە میلیشیاکانن کە دەستیان بەسەر هەندێک لەو ناوچانە و هەندێک رێڕەوی سیاسیدا گرتووە. بۆیە دۆزینەوەی رێگەیەک کە دڵنیایی بدات ئەو رزگاربووانە دەتوانن بە شێوەیەکی گونجاو لە کۆمەڵگە سیاسییەکاندا و لە دەزگا سیاسییەکانی عێراقدا نوێنەرایەتییان بکرێت هەر زۆر گرنگ دەبێت. بۆ ئەوەی کاتێک دەست بە بونیاتنانەوە کرا بتوانرێت تەواو رێز لە بۆچوونەکانیان بگیردرێت و گوێیان لێ بگیردرێت.
 
رووداو: ئێوە کاتتان کەمە و منیش پرسیارم زۆرە، بەڵام دەمەوێت بپرسم،  کۆتایی مانگی رابردوو ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدی لێرە لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە بلینکن کۆبوونەوە، ئێوەش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون. چیتان بە ئێزدییەکان گوت و، ئایا هیچ بەڵێنێکتان پێدان؟
 
ڤان سکاک: گفتوگۆیەکی زۆر باش بوو و بەڕێز وەزیر زۆر بەو دۆخە کاریگەرە و دەیەوێت ئەمریکا لەم لایەنەوە ئەوەندەی دەتوانێت کار بکات. با راشکاو بم، کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر بە باشی رێکخراوە. ئەوان داواکاریی زۆر تایبەتییان لە حکومەتی ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی خۆیان هەبوو و، لەنێویاندا دادپەروەری لەپێشترین بوو. دەیانویست ببینن کە کەیسەکانی دیکە دەچنە پێشەوە. ئەوان دەیانەوێت لەنێو عێراقدا چوارچێوەی یاسایی جێبەجێ بکرێت. بۆەیە حکومەتی عێراق دەتوانێت خۆی ئەم کارە بکات. ئەوان دەیانەوێت پابەندبوونی راستەقینە بۆ ئەم بابەتە ببینن. دەیانەوێت بە جۆرێک ئەم کەیسانە کاریان لەسەر بکرێت کە دادپەروەرانە بن. ئەوان بەرامبەر بە تاقیکردنەوەی کات خۆڕاگرن و دەیانەوێت پەڕاوی خێزانەکانیان دابخرێت. هەروەها هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش زۆر گرنگە. بە راستی دەیانەوێت ببینن کاری ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە تەواو دەبێت و هەروەها دەیشیانەوێت جارەنووسی ئەو دوو هەزار و 600 کەسە دیاری بکرێت کە بێسەروشوێنن و نازانرێت لە چ دۆخێکدان. ئەوەیشی کارێکی دیکەی لەپێشینەیە.
 
رووداو: دواین پرسیاریشم، ئێزدییەکان هێشتا ترسیان لەوە هەیە جارێکی دیکە جینۆساید بکرێنەوە،  ئەمریکا دەتوانێت گرەنتی بداتە کوردانی ئێزدی کە جارێکی دیکە رووبەرووی هەمان چارەنووس ناکرێنەوە کە لە 2014 رووبەڕووی بوونەوە؟
 
ڤان سکاک: گومانی تێدا نییە کە پێویستە بە تەواوەتی سەرنج بخەینە سەر ئەوەی دڵنیایی بدەین کە داعش بە هیچ شێوەیەک، نەک هەر لە شێوەی خیلافەتدا، تەنانەت لە شێوەی رێکخراوێکی سنووربڕیشدا سەر هەڵناداتەوە. هێشتا دژبەری داعش هەیە کە هاوپەیامانانن و زۆر چالاکن و ئەو زانیارییانە بەش دەکەن کە دەیانبینن، وەک هەوڵەکانی داعش بۆ خۆبونیاتنانەوە. بۆیە زۆر گرنگ دەبێت دڵنیایی بدرێت کە ئێزدییەکان هەرگیز جارێکی دیکە بە دەستی داعش رووبەڕووی جینۆساید نابنەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز کە میوانی رووداو بوویت.
 
ڤان سکاک: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان و ئەم بابەتە گرنگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە