ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد: پرۆسەی ئاشتی سوودی بۆ ئابووری، گەشەپێدان و بازرگانی دەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد. وێنە: رووداو
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابووری و گەشەپێدانی باکووری کوردستان دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "تورکیا لە رابردوودا بە روونی بۆی دەرکەوتووە، کاتێک هەنگاو بۆ پرۆسەی ئاشتی دەنرێت، زۆرترین سوودی بۆ ئابووری، دۆزینەوەی هەلی کار و گەشەپێدان دەبێت."
 
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد رۆژی هەینی 10-01-2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی رووداو بوو، لەبارەی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئامەد، پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کاریگەریی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەسەر گەشەپێدان و ئابووریی باکووری کوردستان قسەی کرد.
 
لەبارەی سەردانەکەی رۆژی شەممەی ئەردۆغان بۆ ئامەد و پەیامەکانی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، محەممەد کایا گوتی، "ئەوەی لە سەرۆککۆمارمان چاوەڕێ دەکرێت، ئەوەیە لێدوانەکانی ببنە مایەی بەهێزترکردنی پرۆسەکە. هەروەها متمانە بە خەڵک بدات بەوەی دەبێتە گەرەنتیکاری ئەم پرۆسەیە و پشتگیریی لێ دەکات."
 
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد باسی دوایین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریای کرد و گوتی، "ئێستا حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق دروستبووە و کەشێکی جیاواز هەیە. ئێستا گرنگترین شت گەشەپێدانی سووریایە و پێویستە شارەکانی ناوچەکە (باکووری کوردستان) سوود لەم گەشەپێدانە وەربگرن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
 
رووداو: ئەگەری پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی، لەنێو بازرگانەکاندا چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؟
 
محەممەد کایا: ئەگەر سەیری ئامارەکانی ساڵانی 2013 و 2015 بکەین، دەستکەوتە ئابوورییەکانی ئەو پرۆسەیە دەبینین. لەگەڵ عێراق و بە تایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاستی بازرگانیمان لە ساڵی 2014 نزیکەی 14 ملیار دۆلار بوو. ئێمە تەنیا لە 2022 توانیمان ئەو ئاستە بازرگانییەی ساڵی 2014 بەدەستبهێنینەوە. هاوکات هەر لەو ساڵەدا بەرهەمی نێوخۆی تورکیا گەیشتە زیاتر لە 900 ملیار. واتە تورکیا لە رابردوودا بە روونی بۆی دەرکەوتووە کاتێک هەنگاو بۆ پرۆسەی ئاشتی دەنرێت، زۆرترین سوودی بۆ ئابووری، دۆزینەوەی هەلی کار و گەشەپێدان دەبێت. لەبەر ئەوە هەنگاوێکی وەها و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەیەکی ئاشتییانە، لە رووی ئابوورییەوە سوود بە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەگەیێنێت. نەوەک تەنیا کاسبکارانی ناوچەکە، کاسبکارانی تورکیا، کاسبکارانی کوردستان و کاسبکارانی سوریاش ئەمە بە باش دەزانن. لەبەر ئەوەی لە رابردوودا ئەزموونێکمان هەبووە. ئەو ئامارانە بە ئاشکرا نیشانی دەدەن کە ئاشتی چۆن ئابووری پێشدەخات.
 
رووداو: باسی سووریاتان کرد. دەمەوێت لەوێوە بەردەوام بم. پەیوەندییە بازرگانییەکانتان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە چ ئاستێکدایە؟ ئێستا لەوێ هەوڵ بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ هەیە و لەوانەیە رەوشی کورد لەوێ باشتر بێت. ئاستی بازرگانیتان ئێستا چەندە و لە داهاتوودا چەند دەبێت؟ ئایا پەیوەندیتان هەیە لەگەڵیان؟
 
محەممەد کایا: کاڵاکانمان دوای ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە نێو عێراق، دەبرێنە ئەوێ. زیاتر لە 10 ساڵە دەروازەی سنووری نوسەیبین نوێکراوەتەوە، بەڵام بە داخەوە داخراوە. واتە بازرگانیی شارەکانمان، ئامەد، مێردین و باتمان(ئێلیهـ) لەگەڵ رۆژئاوا و سووریا لە رێگەی دەروازەی سنووری نوسەیبینەوەیە. تاوەکو دەروازەی سنووری نوسەیبین نەکرێتەوە، ناتوانین بازرگانیمان لەگەڵ سوریا و رۆژئاوا بگەیێنینە ئەو ئاستەی دەمانەوێت. ئێمە ئەم ماوەیە وەک ژوورەکانی بازرگانیی ناوچەکە کۆدەبینەوە و سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی نوسەیبین لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت گفتوگۆدەکەین. بەداخەوە کێشەکە لە تورکیایە. ئێمە لە تورکیا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی کۆدەبینەوە. ئێستا حکومەتێک (لە سووریا) دروستبووە و کەشێکی نوێ هەیە. ئێستا گرنگترین شت گەشەپێدانی سوریایە و پێویستە شارەکانی ناوچەکەش سوود لەم گەشەپێدانە وەربگرن. کاسبکارانی ناوچەکە، کاسبکارانی تورکیا و کاسبکارانی عێراقیش دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. بەڵام لە ئەنجامی شەڕ و گرژییەکانی چەندین ساڵ، ئەم ناوچەیە لەلایەنی ئابوورییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. پێویستە کاسبکارانی ناوچەکەش سوودی لێ ببینن. ئێمە بەهاوبەشی ئەمە بە حکومەت دەڵێین. دوای ئەو هەموو زیانە، پێویستە کاسبکارانی ناوچەکە لە بنیاتنانەوەی سوریادا دەستپێشخەری بکەن، بە تایبەتی ئەوەی کە پێویستە، دەستبەجێ دەروازەی سنووری نوسەیبین بکرێتەوە. تاوەکو ئەو دەروازەیە نەکرێتەوە، بەداخەوە دەرفەتمان نییە کە لە کیلیس یان هاتایەوە بازرگانی بکەین. بۆ ئەوەی ئێمە پەرە بە بازرگانیمان بدەین، پێویستە دەروازەی سنووری نوسەیبین بکرێتەوە.
 
رووداو: واتە با بڵێین ئەگەر لەبەر ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکان نەبێت، توانای بازرگانیتان لەگەڵ رۆژئاوا و سووریا چەند دەبێت؟
 
محەممەد کایا: سەیر بکەن، بەداخەوە تورکیا لە دۆخێکدایە، با هەرگیز لەبیری نەکەین. واتە ئەو شتانەی ئێستا وەک مەترسی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان سەیردەکرێن، 10 بۆ 15 ساڵ لەمەوپێش بۆ هەرێمی کوردستانیش بەو جۆرە بوو. بەڵام چی روویدا؟ ئەگەر سەیربکەین، هەرێمی کوردستانی عێراق نەوەک تەنیا لەگەڵ ئامەد، بەڵکو لەگەڵ هەموو شارەکانی تورکیا بازرگانیی خۆی پێشخستووە. عێراقیش هەمیشە لەنێو ئەو پێنج وڵاتە سەرەکییانەدایە کە زۆرترین بازرگانی لەگەڵ دەکەین. بەگوێرەی ئامارەکانی ئەم ساڵ، لەگەڵ عێراق بە بڕی 15 ملیار دۆلار، بازرگانی و هەناردەمان هەیە و ئەم ژمارەیەش لە زیادبووندایە. واتە کاتێک ئەو ترس و نیگەرانییانە نەمان، بازرگانی پێشدەکەوێت. ئێمە هەمیشە دەڵێین، بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها کردنەوەی دەروازەی دووەم و سێیەم و کردنەوەی دەروازەی وەک نوسەیبین، تورکیا لەگەڵ دراوسێکانی لە باشوور، بەئاسانی دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار هەناردە بکات. کاتێک ئەمە کرا، دەردەکەوێت کە ئەو نیگەرانی و بابەتانەی کە وەک مەترسی دەبینرێن، لە جێی خۆیاندا نین. لەبەر ئەوەی ئێمە لە مێژوودا ئەمەمان تاقیکردووەتەوە. بەڵام ئێستا وەک چۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، پەیوەندییەکی دۆستانە دروست بووە، بە هەمان شێوە دەکرێت پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەک کە لەوێ (رۆژئاوای کوردستان) دروست دەبێت، دروستبکرێت. لەو رێگەیەوە دەتوانرێت پەیوەندییە ئابوورییەکان بە خێرایی بەرەپێشەوەبچن.
 
رووداو: ئەمە دەتوانێت لە سەدا چەندی کێشەی بێکاری لە باکووری کوردستان چارەسەر بکات؟ زیادبوونی هێزی ئابووری و بازرگانی لە سەدا چەند کێشەی بێکاری چارەسەر دەکات؟
 
محەممەد کایا: سەیر بکەن، ئێستا لە ناوچەکەمان بەپێی ئاماری ناوەندی وڵاتانیOECD ، دوو هێندە زیاتر گەنجی بێکارمان هەیە. ئێستا گرنگترین سەرمایە لە جیهاندا سەرمایەی مرۆییە، واتە چینی گەنج و ئەو گەنجانەی پەروەردە دەکرێن. بەداخەوە ئەم گەنجانەمان بۆ ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی دەرەوە کۆچ دەکەن، لەوێ کار دەکەن و هەلی کار بۆ خۆیان دەرەخسێنن. چونکە ئیدی ئەورووپا پێویستی بە چینی گەنج هەیە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئێمە لێرە دەگەینە ئاستێک کە ناتوانین کرێکار پەیدا بکەین. لەبری ئەوەی رێگە بدەین گەنجەکانمان بڕۆن بۆ رۆژئاوا، پێویستە لێرە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین. بنچینەی ئەمەش ئەوەیە، ئەگەر لەگەڵ دراوسێکانی باشوورمان بازرگانییەکی باشمان هەبێت، پیشەسازیی ناوچەکە گەشەدەسێنێت. 
 
رووداو: سبەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەست بە کۆنگرەی ئاکپارتی دەچێتە ئامەد. ئێوە وەک ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد، پێتان وایە رەجەب تەیب ئەردۆغان چ پەیامێکی لەبارەی گەشەسەندنی ناوچەکە لەڕووی ئابوورییەوە دەبێت؟
 
محەممەد کایا: لە کاتێکی وەهادا کە باسی پرۆسەی چارەسەری دەکرێت و بەڕێز باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەست بانگەوازی لە ئۆجەلان کردووە، بەڕێز سەرۆککۆمار تاوەکو ئێستا بەڕوونی هەڵوێستێکی لەسەر پرۆسەکە نەنواندووە و لێدوانێکی وەهای سەبارەت بە پشتیوانیی بۆ پرۆسەکە نەبووە. بەڕێز سەرۆککۆمار زیاتر لەسەر بابەتی تیرۆر و چەکدانان قسەی کردووە. بێگومان هەر کاتێک دێتە ئامەد، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت قسە لەسەر پرۆسەکە و کاریگەریی ئەرێنیی پرۆسەکە لەسەر ناوچەکە بکات. چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت، سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە، قسەبکات. لەبەرئەوە دوای پرۆسەیەکی شکستخواردوو، لەبارەی پرۆسەیەکی نوێ دێتە ئامەد و رووها کە دوو ناوەندی گرنگی ناوچەکەن، ئەو پەیامانەی لەم شوێنانە دەیاندات، زۆر بایەخدارن. خەڵک لە پرۆسەی چارەسەریدا بابەتی متمانەیان بە پێشینە وەرگرتووە. سەیر بکەن یەکەم جار سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست(مەهەپە) کە پاڵپشتیی لایەنە نەتەوەپەرەستەکانی بەدەستهێناوە، لێدوانی دا، لەلایەکی دیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی نارد، کە ئەویش متمانەی کوردی بەدەستهێناوە. ئەمەش وای کردووە چەواشەکاری و بەلاڕێدابردن لە نێو کۆمەڵگەدا کاریگەریێکی ئەوتۆیان نەمێنێت، ئەمە گرنگترین شتە کە لەنێو ئەم پرۆسەیەدا بەدەستهاتووە. لێرەدا ئەوەی لە سەرۆککۆمارمان چاوەڕوان دەکرێت، ئەو گوتانەی دەیانکات، ببنە مایەی بەهێزکردنی پرۆسەکە، بەو جۆرەش متمانە بە خەڵک بدات کە دەبێتە گەرەنتیکاری ئەم پرۆسەیە و پشتگیری لێ دەکات. ئەمەیە کە خەڵک چاوەڕێی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەبدولحەکیم بەشار لە ستۆدیۆکانی رووداو.

عەبدولحەکیم بەشار: ئەگەر پەکەکە لە رۆژئاوا نەمێنێت لە تەنیشت هەسەدە دەوەستم

عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دەڵێت، هەر کاتێک پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان نەما، لە پاڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەمێنێت. دەشڵێت، هەر کاتێک پەکەکەیان دەرکرد و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە پچڕاند، ئەو کاتە هێرش کرایە سەر کۆبانی، بۆچوونێکی دیکەی دەبێت.