رووداو - تەندروستی
سهرۆكی بهشی خانمان و منداڵبوون لە نهخۆشخانهی ئافرهتان و لهدایكبوونی فێرکاریی ههولێر ئاشکرای دەکات، لەکاتی دووگیانیدا راوێژ بە پزیشک نەکرێت، ئەگەری گیانلەدەستدان زیاد دەبێت و هۆشداریش دەداتە ئەوانەی لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدا ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن.
لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا لەگەڵ د. مهاباد سابیر، سهرۆكی بهشی خانمان و منداڵبوون لە نهخۆشخانهی ئافرهتان و لهدایكبوونی ههولێر، چەند پرسێکی تایبەت بە تەندروستیی خانمانی دووگیان و پلانی خێزانی تاوتوێکران و د. مهاباد دەڵێت، بەهۆی پەیڕەوکردنی پلانی خێزانی، ژمارەی گیانلەدەستدانی خانمانی دووگیان کەمبووەتەوە.
د. مهاباد سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لەبارەی توێژینەوەیەکیان گوتی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و خوێنبەربوون هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی خانمانی دووگیانن، بەڵام 80٪ـی ئەو خانمە دووگیانانەی گیان لەدەستدەدەن، بەهۆی سەردانی نەکردنی پزیشکەوە بووە.
د. مهاباد سابیر لەبارەی پلانی خیزانییەوە دەڵێت، ''مانای ئەوە نییە کە رێگری بکرێت لە وەچەخستنەوە و کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان، بەڵکو ئامانجی پلانی خێزانی ئەوەیە کە بە تەندروستییەوە کۆرپە لەدایکببێت و تەندروستیی دایکەکەش بە جێگیری بهێڵدرێتەوە''.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، پلانی خێزانی پێش دووگیانبوون و دوای دووگیانبوونیش پەیڕەوبکرێت، بەجۆرێک لە ماوەی دووگیانیدا هیچ دەرمانێک بەبێ راوێژی پزیشک بەکارنەیەت و ماوەی نێوان دووگیانبوون دوو ساڵ بێت.
لەبارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی خانمانی خوار 18 ساڵان، پسپۆڕەکە دەڵێت، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوە، تەندروست نییە و جەستەی خانمان لە خوار 18 ساڵییەوە ئامادە نییە.
بە گوتەی د. مهاباد، تەمەنی 20 تاوەکو 30 ساڵی باشترین تەمەنە بۆ هاوسەرگیری و بەشێک لەو خانمانەی لە ماوەی دووگیانیدا گیان لەدەستدەدەن، خوار 18 ساڵان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ