سیناتۆرێکی فەرەنسی: بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی نیشانەی پەیوەندیی باشی فەرەنسا و کوردستانە

07-12-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی و رێمی فێرۆ
ئاڵا شاڵی و رێمی فێرۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سیناتۆرێکی فەرەنسی دەڵێ بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام، نیشانەی هەبوونی پەیوەندیی باشی فەرەنسا و کوردستانە.
 
لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا کە لە شارەوانی 10ـی پاریسەوە سازکراوە، رێمی فێرۆ، سیناتۆری فەرەنسی لەبارەی کردنەوەی کاتێدرالی نۆرتردام لە پاریس، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، دۆخی سووریا و هەروەها دۆخی کورد لە سووریا قسەی بۆ رووداو کرد.
 
رێمی فێرۆ لەبارەی بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپاڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بۆ کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام، دەڵێ ئەمە "نیشانەی هەبوونی پەیوەندیی باشی فەرەنسا و کوردستانە و ئاماژەیەکە بۆ دووبارە باشتر یەکترناسینی گەلی کورد و فەرەنسا."
 
سیناتۆرە فەرەنسییەکە کە کورددۆستە، لەبارەی دۆخی سووریا و پێشڕەوییەکانی هەتەشە بە رووداوی گوت "جێگرتنەوەی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەکدارە جیهادییەکان، جێگەی نیگەرانییە."
 
لەبارەی کورد و رۆژئاوای کوردستانیشەوە، رێمی فێرۆ جەخت دەکاتەوە لەوەی، فەرەنسا "پشتگیریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی." دەشڵێ "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رێز لە ئازادیی ژن دەگیرێت."
 
ئەو پێی باشە وڵاتەکەی (فەرەنسا) 'سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ پاراستنی ئۆتۆنۆمیی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا." 
 
رێمی فێرۆ، سیناتۆریی فەرەنسیی کورددۆست جەختی کردەوە لەوەی هیوادارە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی پاراستنی کورد بدات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا" گوتیشی "بەرگریکردنی کورد لە خۆی بەرگریکردنە لە ئێمە." 
 

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

 

رووداو: دەمەوێت بزانم بۆچی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا، کراوەتە گردبونەوەیەکی گەورەی سەرۆکەکانی جیهان؟
 
رێمی فێرۆ: دووبارە کردنەوە کاتێدرالی نۆتردام، کات و ساتێکی دڵخۆشکەرە کە هاوشانی ئەو رەوشە دراماتیکییە بوو کە لەساتی سووتانیدا هەبوو. من ئەو رۆژەی مانگی نیسانی 2019ـم لەبیرە، چونکە لەگەڵ ئان ئێدالگۆی سەرۆکی شارەوانیی پاریس لە گەشتێکی فەرمی لە کوردستان گەڕابووینەوە، کە چووبووین بۆ هەولێر و نێو کەمپی ئاوارەکان لە دهۆک، کە گەڕاینەوە بۆ پاریس دوای دوو - سێ رۆژ کاتێدرال سووتا. بۆ ئێمە وەک مەحاڵ و چاوەڕواننەکراو بوو، وامان بیردەکردەوە ئیدی کاتێدرالی نۆتردام لەنێودەچێت و تاوەرەکانی نۆتردام دەتوێنەوە. بەدڵخۆشییەوە بەشێکی کاتێدرالی نۆتردام لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە پارێزرا. دوای ئەوە تەواوی نیگارکێش و هونەرمەندانی فەرەنسا کە شارەزای بوارەکانی خۆیانن، دەستیان بە کار کرد و لەماوەیەکی زۆر کورت و بە ماوەی پێنج ساڵ، کاریان کرد بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی کاتێدرالەکە بۆ شێوە بێهاوتاکەی.
ئەمە ساتێکی پڕ شانازییە بۆ فەرەنسییەکان کە دەتوانین بە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2024 بەراوردی بکەین، کە ئەم هاوینە لە پاریس بەڕێوەچوون، شانازی بوو بۆ فەرەنسییەکان، دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، هەروەها نۆژەنکردنەوە و دووبارە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لەماوەی پێنج ساڵدا، شانازییەکی دیکە بوو، ئەمە شانازییە بۆ فەرەنسییەکان، بۆیە سەرۆککۆماری فەرەنسا بە ویستی کە بانگهێشتی ژمارەیەک سەرۆکی وڵاتان بکات، بۆ بۆنەیەکی لەم شێوەیە، بۆ ئەوەی جیهان بەگشتی شانازی ئەوەی بەربکەوێت بەشداربێت لە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام.
 
رووداو : کاتێدرالی نۆتردام بۆ فەرەنسا و ئەورووپا چ گرنگییەکی هەیە؟
 
رێمی فێرۆ: نۆتردامی پاریس زیاترە لە سییمبوولێکی ئایینی لە فەرەنسا، زۆر پەرستگە هەن کە ناویان نۆتردامە و، ئێمەش پێیدەڵێین نۆتردامی پاریس، بەڵام کاتێک تەنها دەڵێین نۆتردام، دەزانین مەبەستەکە نۆتردامی پاریسە، کاتێدرالێکە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی دوورگەی سیتێی نێوەڕاستی پاریس، لە راستیدا سیمبوولی پاریس و پایتەختی فەرەنسایە. نۆتردامی پاریس تەواوی مێژووی سەدەکانی نێوەڕاستی بینیوە، بە جوانترین شێوە لە نووسینەکانی ڤیکتۆر هیوگۆدا باس کراوە. چەندین رووداوی گەورەی مێژوویی فەرەنسای بینیوە، لەوانە دەسکە گوڵەکەی ناپۆلیۆن و ئازادکردنی پاریس لە 1944ـدا. 
 
جگە لەوەی سیمبوولێکی ئایینییە و سیمبوولێکیشە بۆ فەرەنسا بۆ هەموو فەرەنسییەکان، یەکێکە لە سیمبوولەکانی پاریس و شوێنێکی تایبەتی لە دڵی فەرەنسییەکاندا هەیە، لەکاتی سووتانەکەی، زانیمان کاتێدراڵەکە چەند تایبەت و هەستیارە لە دڵی فەرەنسییەکاندا، ناتوانین وێنای فەرەنسا و پاریس بکەین بەبێ نۆتردام کە تەمەنی زیاتر لە 800 ساڵە و رۆڵی خۆی گێڕاوە وەک سیمبوولێکی نەتەوەیی و سیمبوولێکی ئایینیش لە کۆمارێکدا کە بە لاییک (بێ دین - عەلمانی) ناسراوە.
 
رووداو: بەرێز فێرۆ وەکو بەڕێزتان ئاگادارن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە رێورسمەکەدا بەشدارە، من دەمەوێت بزانم هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی تاوەکو چەند جێگەی بایەخی فەرەنسان؟
 
رێمی فێرۆ: من، لە بانگهێشتکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، نیشانەی هاوڕێیەتی و پەیوەندییەکی باشی نێوان فەرەنسا و کوردستان دەبینم، هەروەها ئەو گرنگیەی کە فەرەنسا و سەرۆک ماکرۆن بە کوردستانی دەدەن؛ منیش بەوە دڵخۆشم. سەرۆککۆماری فەرەنسا دووبارە کردنەوەی دەرگەکانی نۆتردامی هەڵبژارد بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر سەرۆکی وڵاتان و بانگهێشتکردنیان. ئەمە ساتێکی زۆر تایبەتە بۆ فەرەنسا؛ لە هەموو جیهانەوە سەیری پاریس دەکرێت. سەرۆک کۆماری فەرەنساش بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمێکی بانگهێشتکردووە کە دەوڵەتی نییە، نوێنەرایەتیی گەلی کوردی عێراق دەکات، بەڵام من ئەوە وەک سوپاسگوزارییەک و تۆخکردنەوەی هاوڕێیەتی نێوان هەردوو مللەتی کورد و فەرەنسا دەبینم و، من دڵخۆشم بەم هەنگاوە.

 

رووداو: باشە بەڕێزتان لەوباوەڕدان لەو رێوڕسمە گەورەیەدا و لەگەڵ هەبوونی سەرکردەی ئەو هەموو وڵاتانە، گفتوگۆی ئەوە بکەن کە چی روودەدات و، دۆخی سووریا و پرسی کورد (چی بەسەر دێت)؟ 
 
رێمی فێرۆ: من نازانم ئایا هیچ گفتوگۆیەکی پێشبینیکراوی فەرمی لەنێوان سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەبێت، من هیوادارم هەبێت، چونکە بەدڵنیاییەوە رەوشی سووریا و باکووری سووریا، رەوشی کوردانی سووریا مایەی نیگەرانییە لە چوارچێوەی پێشڕەوەییەکانی گرووپە جیهادییەکان بەدڵنیاییەوە دژی هێزە چەکدارەکانی بەشار ئەسەد، بەڵام بەدڵناییەوە مەترسی لەسەر کوردانی سووریاش هەیە، بۆیە هیوادارم ئەو سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بقۆزرێتەوە بۆ گفتوگۆی سیاسی جیددی، بەڵام من هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەم بابەتە نییە. 
 
رووداو: بەڕێز فێرۆ بەڕێزتان ئاگاداری دۆخی سووریان، دوای هێرشەکانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)، هەروەها گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکانی سووریا، کورد بەگشتی لە سووریا و بەتایبەتیش کوردانی ئێزدی بەڕاستی لەژێر مەترسیدان و زۆر دەترسن و هەست بە ترس دەکەن. ئایا فەرەنسا چی دەکات بۆ پاراستنی ئەو کوردانە؟
 
رێمی فێرۆ: من هیچ هاوسۆزییەکم بۆ رژێمەکەی بەشار ئەسەد نییە، بەڵام جێگە گرتنەوەی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەکردارە جیهادییەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، ئەمە بە تەواوی جێگەی نیگەرانییە، بۆ داهاتووی سووریا و لە هەمان کاتدا بۆ کورد و بۆ ئێزدییەکان و هەموو ئەو نەتەوانەی باکووری سووریایان درووستکرد و و توانیویانە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دابمەزرێنن لەم چەند ساڵەی دواییدا؛ لەسەرمان پێویستە یارمەتییان بدەین. 
 
هیوادارم فەرەنسا بەشداری بکات بۆ کۆکردنەوەی هاودەنگیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد و ئێزدیی و ئەوانی دیکەش، بۆ نموونە عەرەب و کریستیانییەکان و هەموو ئەوانەی لە سووریا دەژین، لەو هەڕەشانەی گرووپە چەکدارە جیهادییەکان لەناوچەکەدا دروستیان کردووە. ئەمە بەڕاستی بابەتێکە کە مایەی نیگەرانییە، هیوادارم سەرەڕای ئەو کێشە سیاسییانەی لە فەرەنسا هەن وەک خۆتان دەزانن ئێمە لە رووخی تەنگژەیەکی سیاسیی گەورەداین لە فەرەنسا، بۆیە هیوادارم کارەکتەرە سیاسییەکانی فەرەنسا هەوڵێکی جیدی بدەن بۆ پاراستنی کورد لە سووریا.
 
رووداو: نزیکەی 15 هەزار کورد کە دەیانویست لە شەهباوە لە پارێزگای حەلەبەوە بچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، لەلایەن گرووپە چەکدارە تووندڕۆکانەوە براون و بێسەروشوێنن، ئایا پێویست نییە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەریان بێتە دەنگ؟ 
 
رێمی فێرۆ: من پێموایە ئێستا کاتی ئەوەیە لەو بەرەوپێشچوونانەی ئێستا لە سووریا هەن و پێشبینیکراو نەبوون، لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە دەسەڵاتی باکووری سووریا بە فەرمی بناسێنێت، دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی باکووری سووریا، چونکە ئەوان تەواوی خەڵکی ئەو ناوچانە دەپارێزن، کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان، چونکە ئەوان لە پایتەخەکەیانەوە، رەققە، کە لە بیابانێکە و نزیکی سنوورەکانی تورکیایە، خەریکی دانانی پرۆژەیەکی سیاسین کە بەتەواوەتی خەمڵاندنی بۆ کراوە و شایەنی ئەوەی پشتگیریی لێبکرێت. چونکە ئەم مۆدێلە دیموکراسییەی ئێستا هەیە لە ناوچەکە، رێز لە ئازادیی ژن و پیاو دەگرێت و، خزمەتگوزاری پێشکێش دەکات و پارێزگاری لە ژینگە دەکات، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بیانپارێزێت، لەکاتێکدا دوای داگیرکردنی حەلەب لەلایەن گرووپە جیهادییەکانەوە، ئێمە بە باشی دەزانین دەیانەوێت ئازاری کوردیش بدەن. بۆیە من هیوادارم فەرەنسا بتوانێت کۆدەنگی نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە بۆ ناساندن و پاراستنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. 
 
رووداو: داعش ئێستا چووەتە چەند ناوچەیەکی سوپای سووریا لە پارێزگای رەققە و دێرەزوور، ئایا ئەوە بەمەترسی نازانن؟ 
 
رێمی فێرۆ: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە، من هیوادارام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵبدات بۆ پاراستنی تەواوی خەڵکی سووریا و بەتایبەتی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هیوادارم لەبری لێکترازان و جیاوازی، یەکێتیێکی بەهێز و یەکگرتووی کوردی لەو ناوچەیە هەبێت و لەنێوخۆیاندا یەکگرتوو بن، چونکە بەڕاستی ئێمە پێویستیمان بەوەیە پشتگیری ئەو بەشەی باکووری سووریا بکەین بەرامبەر گرووپە جیهادییەکان و داگیرکاریی تورک بە سەرپەرشتی ئەردۆغان و بەرامبەر تێکچوونی سەقامگیریی هەرێمەکە، هەروەها پێویستە رێگری لە ئێران بکرێت کە هەوڵی تێکدانی دۆخی ناوچەکە دەکات و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەش، رێگریکردن لە ئێران بەمانای ئەوە نا کە دەبێ بە جێگرەوەیەکی دیکەی وەک تورکیا هەبێت لەناوچەکە، کە هەمیشە دژی کوردە، لە راستیدا بۆ ئەمڕۆ کوردی سووریا پێویستییان بە هاوکاریی ئێمەیە و دەبێ پشتگیریان بکەین لە لایەنی سیاسییەوە، لەوانەیە بۆ سبەی کەمێکیش لەلایەنی سەربازییەوە پێویستییان بە هاوکاری بێت. بەڵام لەسەرەتادا پشتگیرییەکی سیاسی و دیپلۆماسی و گوشار لە تورکیا بکرێت بۆ وەستاندنی پشتگیری راستەوخۆی بۆ گرووپە جیهادییەکان، کە ئەمڕۆ بەردەوامن لە داگیرکردنی خاکی سووریا، چونکە بەڵێ هەڕەشەکە زۆر راستییە و دەبێ زۆر بە جیددیەوە وەریبگرین چونکە کاتێک کورد بەرگری لە خۆیان دەکەن، واتا بەرگری لە ئێمە دەکەن. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە