رووداو دیجیتاڵ
ئیتان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "لە پلانماندا نییە لە سووریا بکشێینەوە". ئیتان گۆڵدریچ روونیدەکاتەوە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بەندە بە رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش "پلانمان وایە بەردەوامبین و ئەرکەکەمان تەواو بکەین بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی داعش و کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان".
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی کە لەگەڵ تورکیا سەبارەت سووریا "پێکەوە نیگەرانیی هاوبەشمان هەن"، هەروەها گوتی ئێستا بارودۆخ گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ هەڵبژاردنێک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە.
لەوماوەیەدا چەند وڵاتێک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری سووریای عەرەبی بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروستکردنەوە. ئیتان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەوبارەوە بە رووداوی گوت "ئێمە پشتگیریی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێم ناکەین، بێگومان ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێم ئاسایی ناکەینەوە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: زۆر سوپاس جێگری یاریدەدەری وەزیر گۆڵدریچ کە میوانی رووداویت.
ئیتان گۆڵدریچ: سوپاس بۆ هاتنتان بۆ وەزارەتی دەرەوە.
رووداو: بە پرسیارێک لەسەر پرسی سووریا دەست پێدەکەم، چەند ساڵە ئێوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار دەکەن تاوەکو پرسی سووریا بەپێی بڕیاری 2254چارەسەر بکەن، بەڵام لە راستی دا ئەمە باش کاری نەکردووە؛ ئایا ئێوە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەتان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا؟
ئیتان گۆڵدریچ: وەکو دەزانن، ئیدارەی بایدن لە ساڵی 2021 سیاسەتێکی بۆ سووریا داڕشت کە لە پێشەوەی هەموویانەوە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەخۆ دەگرێت. هەروەها بەوپێیە هەوڵدەدەین بۆ کەمکردنەوەی ئازار لە سووریا و زیادکردنی رێژەی هاوکاری مرۆیی، هەروەها رژێم بە بەرپرسیار دادەنێین لەو کارانەی کردوویەتی، جگەلەوەش پاراستنی ئاگربەستەکان و هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی لە سووریا. بۆ پشتیوانی هەموو ئەوانەش، پشتگیریمان دێت لە بڕیارنامەی 2254 و پرۆسەی سیاسی، چونکە باوەڕمان وایە پرۆسەی سیاسی تەنیا رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە. ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لە هەموو ئەم بوارە جیاوازانەدا وەک هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. ئێمە هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات SDF کردووە و کاریمان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی خەڵک لە کەمپی هۆڵ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین رێگری لەو سەرهەڵدانەوەیە بکەین. هەروەها کارمان کردووە لەسەر پرۆسەی سیاسی. ئێمە لەگەڵ گێر پێدەرسن، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەین. لەگەڵ وڵاتانی هاوبیر، لەوانە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەورووپا کار دەکەین بۆ گۆڕینەوەی بۆچوونەکانمان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ملمڵانێیەکە.
رووداو: بەڵام هێشتا جێگرەوەیەکتان نییە بۆ بڕیاری 2254؟
ئیتان گۆڵدریچ: ئێمە پابەند دەبین بە بڕیاری 2254، هیچ جێگرەوەیەک نابینین بۆ ئەو بنەمایانەی کە تێیدان بۆ دۆزینەوەی دیالۆگێک کە لەلایەن سوورییەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت و ئەنجامبدرێت، کە سەربکێشێت بەرەو چارەسەرێک. بەداخەوە، رژێم کارێکی ئەوتۆی نەکردووە لەسەر 2254، ئێمە حەز دەکەین ببینین لێژنەی دەستووری دەست بە کۆبوونەوە بکاتەوە. پێمانوایە گەورەترین بەربەست لە بەردەم جێبەجێکردنی 2254، شکستی رژێم بووە لە هاوکاریکردن.
رووداو: زۆر باشە، لە چەند ساڵی رابردوودا، بینیتان کە هەندێک وڵات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد ئاساییکردنەوە، یەکەم، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە؟ دووەمیش، ئایا ئێوە دژی ئاسایکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانن لەگەڵ حکومەتی سووریا، بۆچی؟
ئیتان گۆڵدریچ: ئێمە پشتگیری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێم ناکەین، بێگومان ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێم ئاسایی ناکەینەوە. تێدەگەین کە وڵاتانی دیکە پەیوەندییان لەگەڵ رژێم کردووە، هانی ئەو وڵاتانە دەدەین کە پابەندبن بە بنەماکانی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی ئاسایش، ئەگەر بەشدارییان تێداکردووە، بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێن کە پەیوەندییەکەیان یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی دۆخەکە لەژێر سایەی 2254 و، گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانەکە.
رووداو: ئەمریکا، نزیکەی 900 سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە بۆ تێکشکاندنی داعش، بەڵام لەسەرەتای ئەم ساڵ چەندین راپۆرت بڵاوکرانەوە بەسەرچاوەی جیاوازەوە، باسیان لەوە دەکرد کە ئەمریکا بەنیازە بەتەواوی لەسووریا بکشێتەوە، ئایا هیچ گفتوگۆ و پێشنیازێک هەیە لە وەزارەتی دەرەوە بۆ کشانەوەی یەکجاریتان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەنیازن تاوەکو کەی لە سووریا بمێننەوە؟
ئیتان گۆڵدریچ: من باسی کۆڵەگەیەکی سیاسەتەکەمانم کرد کە بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش. بوونی سوپای ئەمریکا لە سووریا بەتایبەتی بۆ رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش. ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوبەشە خۆجێییەکانمان کار دەکەین بۆ ئەو ئامانجە، لە پلانماندا نییە لە سووریا بکشێینەوە. پلانمان وایە بەردەوامبین و ئەرکەکەمان تەواو بکەین بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی داعش و کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان.
رووداو: هیچ گفتوگۆیەک لێرە لە وەزارەتی دەرەوە نییە بۆ تاوتوێکردنی کشانەوەی هێزەکانتان لە سووریا؟
ئیتان گۆڵدریچ: لەم کاتەدا، سەرنجمان لەسەر ئەرکەکەمانە و ئەوە ئەو شتەیە کە هەوڵی بۆ دەدەین.
رووداو: بابچینە سەر پرسی مرۆیی؛ ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوکاری مرۆیی پێشکێشی سووریا دەکات، لەم دواییەدا 539 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیتان بۆ سووریا راگەیاند، دەتوانی باسی ئەوە بکەیت ئەو گرووپانەی هاوکاریان دەکەن کێن، رەنگدانەوەی هاوکارییەکانی ئێوە لەسەر زەوی چۆنە؟
ئیتان گۆڵدریچ: بەڵێ، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین، ئێستا قەیرانی زۆر جیاواز لە جیهان دا هەن، کێبڕکێیەکی زۆر هەیە لەسەر ئەو سەرچاوانەی کە بەردەستن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان. ئێمە شانازی دەکەین کە لە ماوەی ملمڵانێی سووریادا، لە ساڵی 2011ـەوە، لەڕاستی دا 17.8ملیار دۆلارمان بۆ هاوکاری بۆ سووریا پێشکێش کردووە. تەنیا لە چەند مانگی رابردوودا، لە مانگی ئایار، لە کۆنفرانسی بەخشەرانی برۆکسل، ئێمە 593 ملیۆن دۆلارمان بۆ هاوکاری مرۆیی راگەیاند. هەروەها 98 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری سەقامگیری پێشکێش دەکەین. هەروەها هەوڵدەدەین هاوکاری مرۆیی پێشکێشی سوورییەکان بکەین کە لە دەرەوەی سووریان، کۆمەڵگەکانی پەنابەران لە تورکیا و لوبنان و ئوردن. هاوکاریکردن بۆ سەقامگیری زیاتر ئاراستەی ئەو ناوچانە کراوە کە لە داعش ئازادکراون و ئەو ناوچانەی وڵات کە لەژێر دەستی رژێم دا نین. لەڕێگەی شێوازە جیاوازەکانی هاوکارییەکانمان هەوڵدەدەین خۆراک، ئاوی پاک، شوێنی حەوانەوە، بژێوی، پەروەردە و چەندین بواری جیاواز دابین بکەین کە لەڕێگەیانەوە دەتوانین یارمەتی خەڵک بدەین بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکانیان. بێگومان، ئامانجی ئێمە کۆتایی هاتنی قەیرانەکەیە تاوەکو خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی و پێویستیان بەم هەموو هاوکارییانە نەبێت، بەڵام تاوەکو ئەوکاتەی کە لە بارودۆخێکی زۆر دژواردان و پێویستی زۆریان هەیە، وەکو باسم کرد، بەشی سەرەکی سیاسەتی ئێمە هەوڵدانە بۆ باشترکردنی هاوکاری مرۆیی لەگەڵ بارودۆخەکە، بەو هاوکارییەی کە پێشکێشی دەکەین.
رووداو: کاتێک باس لە سووریا دەکەین، بێگومان سووریا وڵاتێکی تەواو دابەشکراوە، رێڤەبەرییەکی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، هیچ ژمارەیەکت هەیە سەبارەت بە بڕی ئەو هاوکاریانەی پێشکێشی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای دەکەن، هاوکاری و پڕۆگرامە مرۆییەکانتان بۆ ئەو ناوچەیە چییە؟
ئیتان گۆڵدریچ: لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. وەکو باسم کرد، هاوکاریی بۆ سەقامگیری پێشکێش دەکەین، بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگەکان لەو ناوچەیە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بە خەڵکی ئەوێ، لەوانە کارەبا و ئاوی پاک، هەروەها هاوکاری تایبەت دەدەینە کەمپی هۆڵ و ئاوارەکانی ئەوێ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هاوکاری مرۆیی بەردەستە تاوەکو ئەوکاتەی بارودۆخەکەیان چارەسەر دەکرێت و دەتوانن دووبارە نیشتەجێ بکرێنەوە یان بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. کەواتە، 98 ملیۆن دۆلارەکەی هاوکاری سەقامگیرکردن زۆربەی دەدرێتە ئەو ناوچەیە.
رووداو: دەچینە سەر دوایین بەشی هەڤپەیڤینەکەمان، باس لە پرسی کورد لە سووریا دەکەین، هاوبەشی کورد و ئەمریکا لەسەر بنچینەی پابەندیتان بە بەرەنگاربوونەوەی داعش دروستبوو، ئێستا دەتوانیت بە روونی پێمبڵێیت، سیاسەتی ئێستای ئێوە بۆ کورد لە سووریا چییە، هەروەها دەتانەوێت چۆن کێشەی کورد لە داهاتووی سووریادا چارەسەر بکەن؟
ئیتان گۆڵدریچ: سووریا.. سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە هەموو سووریا ئەوەیە کە لەژێر سایەی بڕیاری 2254، دەمانەوێت چارەسەرێک بدۆزینەوە کە رێگە بە هەموو سوورییەکان بدات دەنگیان هەبێت لەوەی داهاتووی سووریا چۆن بێت. ئێمە پابەندین بە یەکپارچەیی خاکی سووریا. ئەوە بنەمایەکی دیکەی گرنگە بۆ ئێمە، پاشان لەنێوخۆی سووریادا، هەموو خەڵک دەبێت قسەیان هەبێت لە داهاتووی حوکمڕانیی سووریا لە باکووری رۆژهەڵات، بۆ ئێمە گرنگە کە هەموو کۆمەڵگەکان لە باکووری رۆژهەڵات، تەنانەت ئێستا کە ئەو ناوچانە لە داعش و لە رژێم ئازادکراون، ئەو ناوچانە چالاکی سیاسی گشتگیریان هەبێت کە هەموو کۆمەڵگەکان بەشداربن و دیالۆگ لەنێوان هەموو کۆمەڵگەکاندا هەبێت. شتێک کە ئێستا نیگەرانی کردووین ئەوەیە کە باسی هەڵبژاردنێک لەو ناوچەیە دەکرێت، پێمان وانییە مەرجەکان ئامادەبن بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، روون و گشتگیر. بۆیە گوتوومانە کە...
رووداو: ئەمە لەبەر هەلومەرجەکانە، یان داواکاری تورکیایە؟
ئیتان گۆڵدریچ: پێمان وایە هەڵبژاردنەکان لە هەر شوێنێکی سووریا پێویستە ئازاد، دادپەروەرانە، روون و گشتگیربن، پێمان وانییە ئێستا ئەو هەلومەرجە هەبێت. بۆیە، پێمان وانییە هەڵبژاردن دەبێت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکرێت.
رووداو: تورکیا هاوبەشی ئێوەیە لە ناتۆدا، بەڵام ناکۆکییەکی زۆری لەگەڵ هاوبەشەکانتان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە کە شەڕی داعش دەکەن، لەم دواییەدا ژێرخانی ئەو ئیدارەیەی کردە ئامانج بەمەبەستی ئەوەی ئیدارەی ناوچەکە پەکبخات، هاوکات ئەمریکا زۆر هەوڵیداوە رێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و کورد لە سووریا رێکبخات، دەتوانی باسی ئەوە بکەیت هەوڵەکانتان گەیشتوونەتە کوێ، دەتوانن وابکەن کورد و تورکیا پێکەوە هەڵبکەن، تاوەکو کێشەو ناکۆکییەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چارەسەر بکەن؟
ئیتان گۆڵدریچ: سەرەتا، تورکیا هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکایە، ئێمە لەگەڵ تورکیا لەسەر چەندین کێشەی جیاواز لە سەرتاسەری جیهان قسە دەکەین، لەوانە لەسەر سووریا و، پێکەوە نیگەرانیی هاوبەشمان هەن. ئێمە خواستی هاوبەشمان هەیە بۆ بینینی جێبەجێکردنی بڕیاری 2254، خواستی هاوبەشمان هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر لە سووریا هەبێت بۆ هەموو خەڵکی سووریا. نیگەرانیی هاوبەشمان هەن سەبارەت رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سووریا و شەڕ دژی داعش، نیگەرانی مرۆیی هاوبەشمان هەیە، هەروەها پێویستی هاوکاریکردنی ئەودیو سنوورەکان بۆ ئەوەی بتوانین..
رووداو: ئەی لەبارەی پرسی کورد، قسەتان لەگەڵ نەکردوون؟
ئیتان گۆڵدریچ: ئێمە باسی پێویستی بوونی چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر لە سووریا دەکەین بۆ هەموو ئەوانەی لەنێو خاکی سووریادا دەژین، پێمانوایە زۆر گرنگە کە هەموو کۆمەڵگەکان پارێزراوبن و هاووڵاتیان و ژێرخانی مەدەنی لە سووریا پارێزراوبێت.
رووداو: زۆر سوپاس جێگری یاریدەدەری وەزیر گۆڵدریچ کە میوانی رووداوبوویت.
ئیتان گۆڵدریچ: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئێوە ئەمڕۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ