رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت وڵاتەکەی نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانی لە ناوچەکە و لەگەڵ حکومەتی عێراقیش کاردەکات بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی چەکی نایاسایی، لەنێو ئەو چەکانەشدا چەکی سەرشان هەیە، کە دەتوانێت فڕۆکە بخاتەخوارەوە.
کارین چاندلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی بە وەکالەت، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی چەکی نایاسایی و قەدەخەکراو لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو لەبارەی مین، چەکی نایاسایی، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانی بە ناوچەکە، هەروەها کارەکانیان بەگشتی لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگای گشتیی کاروباری مین، قسە دەکات.
عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزی پێشەوەی هەموو وڵاتانی جیهاندان کە زۆرترین مینی چێنراو و پاشماوەی جەنگییان تێدایە، کارین دەڵێ لەڕێگەی هاوبەشەکانیانەوە شوێنی بە مین چێنراو دیاریدەکەن و دواتریش بەپێی دەزگای گشتیی کاروباری مین کە شوێنی لەپێشینە دیاریدەکات، دەست بە پاککردنەوە دەکەن و دواتر زەوییەکە دەگەڕێننەوە بۆ خەڵک
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا کارین چاندلەر رایگەیاند ئەوان شایەتی بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانین بە سەرانسەری جیهان و ئەوەی مایەی نیگەرانیی ئەمریکاشە وەک ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی دەکات ئەوەیە کە پێی دەڵێن ''مووشەکی سەرشان'' کە بەهۆیەوە "دەتوانن فڕۆکەی سڤیل و فڕۆکەکانی دیکە بخەنە خوارەوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی چاودێریی نێودەوڵەتی مینە چێنراوەکان، عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزی پێشەوەی هەموو وڵاتانی جیهاندان کە زۆرترین مینی چێنراو و پاشماوەی جەنگیان تێدایە، ئاگاداری ئەوەشم کە ئەمریکا لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کار بۆ پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین دەکات، دەتوانیت وردەکاریی زیاترم پێبدەیت لەسەر بەرنامە و هاوکارییەکانتان کە ئێوە لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەتانە بۆ پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین؟
کارین چاندلەر: بە دڵنیاییەوە. ئەمریکا زۆر خۆشحاڵە کە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگای مینی هەرێمی کوردستاندا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کار بکات. کارەکانمان بۆ ئەوەن خەڵک بتوانن لە رێگەی هاوبەشە جێبەجێکارەکانمانەوە بچنە دەرەوە کە هاوبەشەکانمان بە گشتی رێکخراوە ناحکومییەکانن و جاروباریش بەڵێندەرانن. ئیدی دەچنە دەرەوە و رووپێوی دەکەن تاوەکو بزانن پیسبوون و مینە چێنراوەکان لە کوێی زەوییەکەدایە. ئەوان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای گشتیی کاروباری مین کاردەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو شوێنە پیسبووانەی دۆزیویانەتەوە تاوەکو بزانن ئەو ناوچانە کامانەن، کە دەزگای گشتیی کاروباری مین پێی خۆشە بۆ پاککردنەوە بە لەپێشتریان دابنێت.
ئەوەی هاوبەشە جێبەجێکارەکانمان دەیکەن ئەوەیە؛ لەلایەن حکومەتی عێراق و دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستانەوە ئەرکی دیاریکراو وەردەگرن و دەزانن دەبێت لە کوێ کاری پاککردنەوەی زەوییەکی دیاریکراو بکەن، چ زەوییەکی گرنگی ژێرخانی وڵات بێت چ زەوییەکی کشتوکاڵی یان زەویی خەڵک بێت. ئەوە دەزگای گشتیی کاروباری مینە کە لەپێشترینەکان دیاری دەکات، پاشان دەردەچن و دەست بە پاککردنەوە دەکەن. زەوییەکە پاک دەکەنەوە و دەیگەڕێننەوە بۆ خەڵک تاوەکو بتوانرێت لە بەرژەوەندیی گشتیدا بە کار بهێنرێتەوە.
یەکێک لەو شتانەی ئێمە بەنرخمان زانیوە، کارکردن بووە لەسەر شتانێکی وەک بونیاتنانەوەی ژێرخانە گرنگەکان و قوتابخانەکان و کەرتەکانی وزە و زەوییە کشتوکاڵییەکان، چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر رێژەی نیشتەجێبووانی دەرەوەی وڵات و ناوچەکان دەبێت، بەڵام خەڵکیش لە ناوچەکەدا بۆیان دەرکەوتووە داعش بۆمبی چێنراوی لە ماڵەکانیاندا داناوە، کە ئەوەش رێیان لێ دەگرێت بگەڕێنەوە و بچنەوە ماڵەکانیان. بۆیە ئەوانیش کاری پاککردنەوە دەکەن.
رووداو: رووبەری ئەو ناوچەی بە مین و پاشماوەی جەنگی لە ناوچەکەدا دیاریکراوە، رووبەرێکی گەورەیە کە نزیکەی 650 ملیۆن مەتر دووجا دەبێت.
کارین چاندلەر: بەڵێ.
رووداو: هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ کاری ئەو رێکخراوانە چییە، کە هەوڵدەدەن ئەو ناوچانە لە مین و پاشماوەی جەنگی پاکبکەنەوە، چەند کاتی پێویستە تاوەکو ئەو مینانە هەڵدەگیرێنەوە، کە لە شەڕی عێراق – ئێران تاوەکو شەڕی داعش چێندراون؟
کارین چاندلەر: هەواڵە ناخۆشەکە لەو بارەیەوە ئەوەیە؛ کردنی کارێکی لەم جۆرە کاتی زۆری پێویستە. هەروەها کاری رووپێوی بۆ زانینی ئەو شوێنەی دەبێت کاری پاککردنەوەی تێدا بکرێت زۆر خاوە. پەیوەندیشی بە جۆری پیسبوونەکەوە هەیە، کە ئاخۆ زەوییەکی بە مین چێنراوە یان بە بۆمب چینراوە، یان تەقەمەنییەکە کە ناتەقێتەوە، یان تەقەمەنیی پاشماوەی جەنگە. ئەوە کاتێکی زۆر دەخایەنێت.
یەکێک لە گرنگترین شتەکان کە دەتوانرێت بکرێت بریتییە لە رۆشنبیری لە بارەی مەترسیی تەقەمەنییەکان. لەمەدا تۆ هەمیشە لە کار لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان و قوتابخانەکان و رێکخراوە مرۆییەکاندا دەکەیت تاوەکو یارمەتیت بدەن بۆ خەڵکی روون بکەنەوە، مەترسییەکانی ئەم تەقەمەنییانە چین. بۆ نموونە منداڵێک نەچێتە زەوییەکەوە، ئەگەر شتێکی پلاستیکیی لەو زەوییەدا بینی هەوڵنەدات هەڵیبگرێتەوە و وەک گەنجینەیەک بیباتەوە بۆ ماڵەوە. هەموومان دەزانین و هەرکەسێکیش منداڵی هەبێت دەزانێت کە منداڵان وا دەکەن. بۆیە دەبێت فێربکرێن تا بزانن، نابێت دەست لەو شتانە بدەن و دەبێت کەسانی گەورە بۆ یارمەتی بانگ بکرێن. ئەو کاتە گەورەکە دەتوانێت پەیوەندی بە دەسەڵاتی شوێنەکەوە بکات تاوەکو بێن و هەڵیبگرنەوە.
ئێمە لە وڵاتانی دیکە بەرەوپێشچوونی زۆر بەرچاومان بینیوە، بۆ نموونە لە ڤێتنام، یەکێک لەو شارانەی زۆرترین زەویی پیسبوو بە مین و تەقەمەنیی لە جیهاندا تێدایە تا کۆتایی ئەم دەیەیە پاک دەکرێتەوە. بەڵام ئەوە کاتێکی زۆری پێویستە، چونکە دەبێت سەرنج بخەیتە سەر ئەو شوێنەی زۆر گرنگ و لەپێشترە کە مینی تێدا هەڵبگیردرێتەوە. هەروەها لە لایەنی رۆشنبیریی لەسەر مەترسیی تەقەمەنییەکانیش وا لە خەڵکی بکەیت پارێزراو بن لە کاتێکدا چاوەڕێن ئەو هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەیە دەستپێبکات.
ئێمە زۆر شانازی بەو کارە دەکەین کە لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگای گشتیی کاروباری میندا کردوومانە، چونکە توانیومانە هاوبەشایەتییەکی زۆر بەهێزمان هەبێت. ئەوە یەکێکە لە گەورەترین بەرنامەکانمان لە جیهاندا. پار نزیکەی 40 ملیۆن دۆلارمان وەک هاوکاری بە عێراق دا، کە بە سەرانسەری وڵات دابەش کرا. ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشەوە بچن، ئەوەش پێویستی بە هاوکارییەکی باشی حکومەتی خانەخوێ هەیە.
رووداو: وەک باست لە هاوکارییە داراییەکان کرد بۆ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، ئێوە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2025 داوای چەند پارەتان کردووە بۆ بەرنامەکانتان لە هەرێمی کوردستان؟
کارین چاندلەر: راستییەکەی ئەوە شتێک نییە کە بتوانم باسی بکەم، تاوەکو کۆنگرێس بڕیار لەسەر بودجەکە نەدات.
رووداو: زۆر باشە، لە دوای شەڕی عێراق – ئێران تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار کەس بە رووداوی مین گیانیان لەدەستداوە، بە هەزارانیش بریندار بوون، ئێوە جگە لە پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین و هۆشیارکردنەوە، هیچ هاوکاری و بەرنامەیەکتان بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە هەیە کە بەهۆی مین لە ناوچەکەدا بریندار بوون؟
کارین چاندلەر: "USAID" بەرنامەیەکی بە ناوی "سندووقی قوربانییانی شەڕی لەیهی" و ئەوان هاوکاری بۆ قوربانییان دابین دەکەن. هەروەها رێکخراوی جیاوازمان هەن کە کار لەسەر ئەوە دەکەن هاوکاری بۆ قوربانییان دابین بکەن تاوەکو یارمەتییان بدات ئامادەیان بکاتەوە و راهێنانی کار و ئەو شتانەیان پێبکات. جا ئەمانە لە رێگەی هاوبەشە جێبەجێکارەکانمانەوە کراون، ئێمە لەم رێگەیەوە پارە دابین دەکەین.
رووداو: زۆر باشە، لە عێراق، ژمارەیەکی زۆر گرووپی میلیشیای پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێرانەوە هەن، بەشێکی ئەو گرووپانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقی دان و گرووپەکان خاوەن هاوەن و چەکی نایاسایی و درۆنیشن، هەندێکجار هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئەمریکاش و ئاسایشی ناوچەکەش دەکەن، ئێوە هیچ بەرنامەیەکتان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا هەیە بۆ چەککردنی ئەو گرووپانە یانیش بەلایەنی کەمەوە هیچ نیگەرانییەکتان لە داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە هەیە بەهۆی ئەم گرووپە میلیشیایانەوە؟
کارین چاندلەر: بەڵێ، ئەوە شتێکە مایەی نیگەرانییەکی زۆرە. بە دڵنیاییەوە گەواهیدەری بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانیین بە سەرانسەری جیهاندا. ئەوە نیگەرانییەکی زۆر جیدییە. یەکێک لەو شتانەی بە لای ئێمەوە زۆر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە زۆر جار خەڵک پێی دەڵێن 'مووشەکی سەرشان' یان 'سیستەمی بەرگریی هەوایی هەڵگیراو بە مرۆڤ'. نووسینگەکەی ئێمە هێزێکی ئەرکی مووشەکی سەرشانی هەیە کە تێیدا بە تایبەتی سەیری ئەوە دەکەین؛ چۆن بتوانین رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە چەکانە بگرین تاوەکو نەگەنە دەستی تاوانباران و گرووپە تیرۆریستییەکان. بەهۆی ئەو مووشەکە سەرشانییانەوە دەتوانن فڕۆکەی سڤیل و فڕۆکەکانی دیکە بخەنە خوارەوە. بۆیە لە 2018ـوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کارمان کردووە بۆ ئەوەی مەشقیان پێ بکەین تاوەکو بتوانن ئەم جۆرە چەکانە بناسنەوە، تەنانەت ئەگەر هەڵوەشێنرابێتنەوە بۆ پارچە پێکهێنەرەکانیشی، تاوەکو یارمەتییان بدەین رێگە لە بەقاچاخبردنیان بگرن. بە دڵنیاییەوە چالاکییەکی زۆر باشی ئاسایشیشمان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.
جا ئەمە گرفتێکە کە ئێمە زۆر بە جیدی وەریدەگرین و، نەک تەنیا لەگەڵ عێراق، بەڵکو لەگەڵ حکومەتەکانی تەواوی ناوچەکە و رێکخراوی فڕۆکەوانیی سڤیلی عەرەبیدا کار دەکەین بۆ مەشقکردن بە خەڵک تاوەکو لە کاتی بەقاچاخهێنانیاندا بزانن ئەم چەکانە چۆنن.
رووداو: دواین پرسیارم، ئاگادارم کە حکومەتی عێراق نامەیەکی دڵنیایی بە حکومەتی ئەمریکا داوە، بەجۆرێک ئەو چەکانەی ئەمریکا پێیی دەفرۆشێت یانیش پێی دەدات، یەکەم لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارناهێندرێن، دووەم نادرێنە گرووپە چەکدارەکان، بەڵام ئێمە بینیمان لە ساڵی 2017 هەندێک لەو چەکانەی ئەمریکا بە حکومەتی عێراقی دابوون، لەلایەن ئەو گرووپانەوە لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهاتن، ئێستا ئێوە چ دڵنیاییەکتان هەیە کە ئەو چەکانەی بە حکومەتی عێراقی دەدەن، لە کۆتاییدا ناکەونە دەست ئەو گرووپە میلیشیانە و دواتریش لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێکهاتەکانی ناوچەکە بەکارناهێندرێن؟
کارین چاندلەر: یەکێک لەو شتانەی سەرۆک داوای دەکات لەژێر سیاسەتی ئاسایی گواستنەوەی چەکی ئەمریکادا بێت بریتییە لەوەی سوود لە هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەمنیی ئەمریکا وەربگیرێت، چ فرۆشتنی چەک بێت چ ئەو چەکانە بن، کە ئێمە بە حکومەتەکانی دیکەی دەدەین یان ئەو چەکانەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بەکاردەهێنرێن. ئێمە حکومەتەکان بۆ ئەوە بە بەرپرسیار دەزانین. بۆیە ئەگەر بۆمان دەربکەوێت کە ئەوان ئەم جۆرە چەکانە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکارناهێنن، چ مانای ئەوە بێت خەڵکی سڤیل بکەنە ئامانج یان چەک بۆ کەسێک دابین بکەن کە بەکارهێنەرێکی رێگەپێدراو نییە، ئەوا ئێمە بەردەوام نابین. سەرەتا لێکۆڵینەوە دەکەین، بەڵام ئەگەر لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەربخات، ئەو کاتە لەسەر ئەو هاوکارییە ئەمنییە بەردەوام نابین. ئێمە داوای ئەم دڵنیاییدانە لە حکومەتی عێراق دەکەین. هەروەها هەر کاتێک نیگەرانییەک هەبێت کە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکارنەهێنرێن، ئەو کاتە وا دەکات لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەین.
رووداو: گوتم دوایین، پرسیار بەڵام پرسیارێکی دیکە زیاد دەکەم.
کارین چاندلەر: زۆر باشە.
رووداو: ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە، یان هیچ ترسێکتان هەیە کە حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو گرووپانە هاوئاهەنگ نابێت، چونکە خۆت دەزانی ئێران هەژموونی تەواوی بەسەر عێراق دا هەیە و کاریگەری زۆری لەسەر حکومەتی عێراق هەیە، ئێوە هیچ ترس یان نیگەرانییەکتان هەیە کە ئەو چەکانەی ئێوە بە عێراقی دەدەن، ناکەونە دەست ئەو گرووپە میلیشیایانە؟
کارین چاندلەر: پێم وا نییە بتوانم بە تایبەتی قسە لەسەر ئەوە بکەم. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، کاتێک ئەمریکا چەک بۆ حکومەتی عێراق دابین دەکات، ئێمە دڵنیاییمان دەدرێتێ کە ئەو چەکانە بۆ ئەو مەبەستانە بەکاردەهێنرێن کە ئێمە مەبەستمانە بۆیان بەکاربهێنرێن، هەروەها بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ