رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان لەبارەی راگەیاندنی سیستمی گرێبەستە گشتییە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆری، ئەنجامدرا بە رووداوی گوت، سیستمەکە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکی نوێ و لەمەودوا گرێبەستە گشتییەکان لەسەر کاخەز نابن، بەڵکو دەبنە دیجیتاڵی، لەو رێگەیەوە کۆمپانیا تۆمارکراوەکان دەتوانن داوای گرێبەست بکەن.
لەبارەی پلانی داهاتووی کۆریای باشوور، چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی ئەو وڵاتە رایگەیاند، 18 پرۆژەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و هەنگاوی داهاتوویان بۆ کەرتی پەروەردە دەبێت و لەوبارەشەوە پرۆژەیان پێشکێش کردووە و چاوەڕوانی رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیانن تاوەکو پرۆژەکانیان لە بواری پەروەردە جێبەجێ بکەن.
رووداو: سیستمی گرێبەستە گشتییە ئەلیکترۆنییەکان چییە؟
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان: هەروەکو لە رێوڕەسمەکەشدا ئاماژەمان پێدا، سیستمی گرێبەستە گشتییە ئەلیکترۆنییەکان، سیستمێکی دیجتاڵییە تایبەت بە گرێبەستە گشتییەکان. وەکو دەزانین، پرۆسەی واژۆکردنی گرێبەستە گشتییەکان، بە رێگەی دەستی بوو و لەسەر کاخەز بوو، بەڵام لە رێگەی ئەو سیستمەوە، کۆمپانیا تۆمارکراوەکان دەتوانن داوای گرێبەستەکان بکەن، لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی و لەسەر هێڵی ئینتەرنێت. بۆیە هیچ پێویست بەوە ناکات سەردانی فەرمانگە حکومییەکان بکەیت بۆ داواکردنی گرێبەستەکان.
رووداو: کەی ئەم سیستمە لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت؟
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان: راستییەکەی، ئەم سیستمە لە شەش وەزارەت دانراوە، لەنێویان وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی کشتوکاڵ و هەروەها پارێزگای هەولێر. بۆ ماوەیەکیش قۆناخی تێستکردنمان بە کارکردن بەو سیستمە دەکەین و رەنگە ساڵی داهاتوو بە فەرمی بکەوێتە کارکردن.
رووداو: ئێوە لە کۆریا ئەزموونتان هەیە لە کارکردن بەم سیستمە. سوودی ئەم سیستمە بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان: بێگومان ئێمە بە شێوەیەکی بەرچاو سوودمان لەم سیستمی گرێبەستە ئەلیکترۆنییە بینیوە و ئێمە دەزگایەکی تایبەتمان هەیە کە تایبەتە بە گرێبەستە گشتییەکان، ئەم سیستمە لەڕووی شەفافیەتەوە سوودی هەیە و پرۆسەی مامەڵەکان خێراتر دەکات، چونکە ئەوکات تەواوی سیستمەکە بۆ خەڵک کراوەیە و دەتوانین گەرەنتی بدەین و دڵنیابین لەوەی پرۆسەکە شەفافە و لەو کاتەشی پێویست ناکات کۆمپانیاکان بچنە فەرمانگە حکومییەکان و وەزارەتەکان بۆ پێشکێشکردنی داواکاری، ئەوا کاتی زۆر دەگەڕێنێتەوە و زۆر پرۆسەکەش خێراتر دەکات. هەروەها بەم سیستمەش دەتوانین پارەیەکی زۆر بگەڕێنینەوە و ئەمەش سوودی بۆ کەرتی تایبەت و گشتیش دەبێت. دەشتوانم بڵێم کە بۆ حکومەت بەم سیستمە دەتوانێت شتی زۆری بۆ بگەڕێتەوە و پارەشی بۆ بگەڕێتەوە.
رووداو: دانانی ئەم سیستمە چەندی تێچووە؟
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان: بۆ ئەم پرۆژەیە، رێکخراوی کۆیکا، بڕی شەش ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنان کردووە لە دانانی ئەو سیستمە و هەروەها بۆ سەرکەوتنی سیستمەکەش.
رووداو: وەکو دەزانین ئێوە هاوئاهەنگییەکی زۆرتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، پلانی داهاتووتان لەو رووەوە چی دەبێت؟
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان: هەروەکو لە گوتارەکەشمدا ئاماژەم پێدا، تاوەکو ئێستا ئێمە 18 پرۆژەی گەورەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە. وەکو هەنگاوی داهاتووش، کەرتی پەروەردە کەرتی لەپێشینەمان دەبێت کاری تێدا بکەین و ئێستاکەش چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خۆمان دەکەین بۆئەوەی بزانین لە چی بوارێکدا دەتوانین هاوکار بین، بەتایبەتی لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ