رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "لەبارەی بودجە و هەناردەکردنی نەوت پەیاممان داوەتە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران". ئاشکراشی دەکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆشکی سپی کراوە و "پێموایە دوای مانگی رەمەزان سەردانەکەی بکات."
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵی کردووە، دەڵێت، "تێبینیی ئەوەمان کردووە کە حکومەتی عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان سەرکوت بکات." پێشبینیش دەکات "گەڕێکی نوێی دانووستاندن لەنێوان واشنتن، هەولێر و بەغدا بەڕیوەبچێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور:
رووداو: لە کاپیتۆڵ هیڵ چاوت بە کەسانی جیاواز لە هەردوو حیزب کەوت و باسی کێشەی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانتان کرد. لەو بارەیەوە چییان پێت گوت؟
مایڵز کاگینز: ئەم هەفتەیە لە واشنتن بووم، شەڕم بۆ خەڵکی کوردستان دەکرد. پەیامێکمان بۆ سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجوومەنی پیران و خانەی نوێنەرایەتییەکان برد، تاوەکو لەبارەی ئەم کێشە گرنگەوە ئاگاداریان بکەینەوە، کە کاریگەریی لەسەر خەڵكی هەرێمی کوردستان داناوە. دوو کێشەی گەورە هەن: یەکێکیان بودجەیە. ئێمە دەزانین کە بەغدا نەیکردووە بە یاسا و، بودجەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دانەناوە. کێشەی دووەم نەوتە. دەمانەوێت کۆنگرێسی ئەمریکا گوشار لە بەغدا بکات و هەروەها بە کۆشکی سپی بڵێت کە پێویستە بەغدا رێگە بە بەرهەمهێنان و هەناردەی تەواوەتیی نەوت بدات.
رووداو: دەمەوێت بزانم کە کۆنگرێسی ئەمریکا لەم کێشەیەدا چەندە کاریگەریی هەیە. پار شایەتی ئەوە بووین و لە مانگەکانی پێشوویشدا نێردراویان بۆ وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی نارد، بەڵام هێشتا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێتەوە. کەواتە کۆنگرێس چۆن دەتوانێت لەم کێشەیەدا یارمەتیدەر بێت؟
مایڵز کاگینز: کۆنگرێسی ئەمریکا بەرپرسی دانانی بودجەیە. ئێمە بەمە دەڵێین تەرخانکردنی پارە. جا ساڵانە لە بودجەدا پارە بۆ عێراق دیاری دەکرێت. ئێستا لە 2024دا عێراق زیاتر لە ملیارێک دۆلاری بۆ بابەتی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی دەدرێتێ. هەروەها نزیکەی 400 ملیۆن دۆلاریشی بۆ کاروباری هاوکاریی مرۆیی و جێگیرکردن و گەشەپێدان دەدرێتێ. ئەپیکور کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەوە مایەی قبووڵ نییە بەغدا دۆلاری باجی ناوخۆی ئەمریکا وەربگرێت لە کاتێکدا رەتی دەکاتەوە پارەی خۆی لە رێگەی هەناردەکردنی نەوی هەرێمی کوردستانەوە بە دەست بخات.
رووداو: ئەی کاردانەوەیان بۆ ئەوە چییە؟
مایڵز کاگینز: کاردانەوەیەکی باشمان هەبووە و لە هەردوو لایەنی کۆنگرێسەوە، دیموکرات و کۆمارییەکانەوە، بە باشی وەرگیراوە. ئەم هەفتەیە چوومەتە نۆ نووسینگەی جودا. هەموو ئەم نووسینگانە دەڵێن کە ئەوان پشتیوانی کێشەی کوردن.
رووداو: ئەگەر باسی ئەم کێشەی نەوتە بکەین، ئایا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەزیری نەوتی عێراق ببینیت تاوەکو ئەو کێشەیەی لەگەڵ باس بکەیت؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان و ئەپیکور هەمیشە ئامادە بوون و ویستوویانە لە بەغدا وەزیری نەوت و لە هەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سرووشتییەکان ببینن.
رووداو: ئایا هیچ دیدارێک لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقدا لە بەرنامەی کاردا هەیە؟
مایڵز کاگینز: ئێستا هیچ دیدارێک لە بەرنامەی کاردا نییە، بەڵام ئێمە زۆر راگەیێندراو لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەبینین دەڵێن کە پرۆپۆزەڵ لەسەر مێزە و، جارێکیش وەزیری نەوتمان بینی گوتی لە سێ رۆژدا نەوتەکە دەڕوات. ئێمە لە ئەپیکور دەزانین کە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بانگهێشت کراوە بۆ کۆشکی سپی و پێمان وایە ئەو سەردانە دوای رەمەزان لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاردا دەبێت. جا بەر لەوەی بێت بۆ واشنتن، پێویستە سەرۆکوەزیران بودجەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت و سیاسەتێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە و ناردنەوەی نەوت دابنێت. ئەمەیش باوەڕێکە کە زۆر دووبارە کراوەتەوە و لەلایەن گەلێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاوە پشتیوانی کراوە.
رووداو: باشە، کێشەی سەرەکیی ئێوە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا چییە؟ بۆچی دەڵێن نەوت لە سێ رۆژدا دەڕوات، بەڵام دوای سێ رۆژەکە ئەوە روو نادات؟ کێشە سەرەکییەکە چییە؟ بۆچی ئێوە ناتوانن لەگەڵیاندا چارەی بکەن؟
مایڵز کاگینز: حکومەتی ناوەندیی عێراق ئەوەی پیشان داوە کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان سەرکوت بکات. ئێمە ئەمە بە چەند شێوەیەکی جیاواز دەبینین. ئەمە لەلایەن ئەوانەوە دەبینین کە بودجە دانانێن. کارمەندان مووچەیان نادرێتێ کە ئەوەیش زیان بە ئابووری دەگەیەنێت. بێتواناییان لە دانانی چارەسەرێک بۆ رۆیشتنی نەوت لە بۆریی عێراق-تورکیاوە زیان بە ئابووریی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. دواجار بینیمان کە گرووپە میلیشیاییە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران بە درۆن هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بە دڵنیاییەوە کوشتنە کارەساتبارەکەی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەیشیمان بینی.
رووداو: ئایا پێم دەڵێیت کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات پاساو بهێنێتەوە و هەموو ئامرازێک بەکار دەهێنێت تا نەهێڵێت هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە نەوت هەناردە بکاتەوە؟ ئەوەیش لەبەر ئەوەیە کە دەیانەوێت گوشار لە هەرێمی کوردستان بکەن یان لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت ئەم کێشەیە جارە بکەن؟
مایڵز کاگینز: ئێمە گەلێک قسە وبۆچوونمان لە بەغداوە بیستووە. ئێمە ئامادەین کە ئەو گوتانە ببنە کردار، چونکە دەبێت وەڵامەکە سادە بێت. ساڵیک لەمەو بەر کاتێک نەوت لە بۆریی عێراق-تورکیاوە دەڕۆیشت هەموو شتێک باش بوو. مانگانە ملیارێک دۆلار بۆ عێراق دەهات. پارە بۆ بودجە هەبوو. کەچی ئێستا دوای ساڵێک زیانەکە زیاد بووە، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە دەست دراوە. هەزاران کەس کە لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەنوتدا کاریان دەکرد بێکار بوون و کاریان نەماوە. جا بە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە دەتوانرێت هەر کێشەیەکی بودجە چارەسەر بکرێت.
رووداو: با بێینەوە بۆ واشنتن. ئایا لەسەر ئەو کێشەیە لە رۆژانی داهاتوودا چاوەڕێی هیچ نامە یان نێردراوێکی کۆنگرێس بۆ کۆشکی سپی و کۆنگرێس دەکەن؟
مایڵز کاگینز: نووسینی نامە کاری ئەندامانی کۆنگرێسە، بەڵام لە رێگەی هەندێک لە دیدارەکانمەوە دەزانم کە هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس قسەیان لەسەر ئامادەکردنی نێردراو بۆ کۆشکی سپی کردووە. جا ئەمەیش پرسێکە پەیوەندیی بە هەردوو حیزبەکەوە هەیە. کۆمارییەکان و دیموکراتەکان گرنگیی پێدەدەن. بینەرانتان، ئەو کەسانەی لە سلێمانی و هەولێر و چۆمان و ئامێدییەوە سەیری رووداو دەکەن، دەبێت ئەمە بزانن کە ئێمە لە کۆنگرێسی ئەمریکادا زیاتر لە 40 ئەنداممان هەیە کە پێیان دەگوترێت کوتلەی کوردی. ئەمانە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکان کە بایەخ بە خەڵکی کورد و کاروباری کورد دەدەن. ئەوانە پشتیوانی ناردنی پارەن بۆ پێشمەرگە. ئەوان پشتیوانی وەبەرهێنان و وەبەرهێنانی ئابوورییانەی ئەمریکان لە هەرێمی کوردستان. جا ئێمە قسە لەگەڵ هەر هەموویان دەکەین و هانیان دەدەین نامەیەک ئامادە بکەن و راگەیێندراویان هەبێت و بۆ پشتیوانیی خەڵكی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانیی سەرۆکوەزیران و کۆشکی سپییەوە بکەن.
رووداو: ئایا پێت وایە ئەم شەڕە شەڕێکی دۆڕێنراوە؟ یان هێشتا هیوا هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی نزیک یان ناوەند یان دووردا نەوت هەناردە بکاتەوە؟
مایڵز کاگینز: ئێمە هەموو رۆژێک دەجەنگین لە پێناو ئەوەدا هەرچی زووە نەوت بچێتەوە ناو بۆرییەکان. جا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ئێمە پێمان وایە ئەمە پرسی مافەکان و رێزگرتن لە دەستوورە. دەستووری عێراق کە دەڵێت هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت و هەموو خەڵکی عێراق بەشداری پێبکات. لەلایەن کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانەوە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە. ئەو کەسانەی تەمەنیان هەیە و سەیری تەلەڤزیۆنەکەتان دەکەن دەزانن کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان هیچ ئابوورییەکی نەوت نەبوو. جا کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە و ئەوەیش یارمەتیی هەرێمەکەی داوە بگەشێتەوە و، ئێمەیش دەمانەوێت ببینین هەرێمی کوردستان لە گەشەکردن بەردەوام بێت و لە ناوچەیەکدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرنجڕاکێشە، ببێتە منارەیەکی رووناکی.
رووداو: دوایین پرسیارم دەپرسم. لە رۆژانی داهاتوودا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تەیلەر، سەردانی عێراق دەکات. چی لە سەردانەکەی چاوەڕێ دەکرێت؟ ئەی دەتەوێت وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ هەریەکە لە هەولێر و بەغدا و ئەنقەرەدا چی بکات بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە؟
مایڵز کاگینز: ئەم هەفتە لە واشنتن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە هات، سەردانی وەزیری دەرەوەی کرد. هەروەها دیداری لە کاپیتۆڵ هیڵ و کۆشکی سپییش هەبوو. پێم وایە لەگەڵ پنتاگۆنیش هەیبوو. هەروەها دەبینین کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و سیناتۆرەکان دەچنە بەغدا و هەولێر. بۆیە گفتوگۆی زۆر هەیە و، ئێمەیش پێمان وایە تا گفتوگۆی زیاتر لەنێوان واشنتن و بەغدا و هەولێردا هەبێت، چارەسەری زیاتر دەبێت. بۆیە پێم وایە سەردانی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە نیشانەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا پێداگرە لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز مایڵز کاگینز کە لەگەڵمان بوویت.
مایڵز کاگینز: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ