رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 579 کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست داعش رزگارکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "حکومەتی عێراق یەک هەنگاوی بۆ هاوکاری ئێزدییەکان ناوە، ئەویشی جێبەجێ نەکردووە". لەکاتێکدا باس لە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەڵمانیا دەکات و دەڵێ بە زیادیشەوە جێبەجێ کراوە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 70٪ـی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری لە خێوەتدا دەژین؛ هەروەها نزیکەی 250 هەزار کوردی ئێزدی لە 19 کەمپی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
قائیدی دەشڵێت: "بەگوێرەی ئەو ئامارە نافەرمییانەی لەبەردەستی ئێمەدان، 120 بۆ 130 هەزار کوردی ئێزدی چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت دوای ئەو جینۆسایدەی بەسەریاندا هات."
باس لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی بادن ڤاتن بێرگی ئەڵمانیاش دەکات کە بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە دەبوو ساڵی 2015 هەزار کەس بچنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن: "ئەوە ئەوە جێبەجێکرا و زیاتر لە هەزار کەس بۆ چارەسەر چوونە ئەڵمانیا."
هاوکات، رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێت بەوەی تەنیا یەک هەنگاوی هاویشتووە "ئەوەشی جێبەجێ نەکردووە". هەنگاوەکەش یاسای رزگاربووانە کە لە ساڵی 2021دا دەرکرا و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە. بەڵام دەڵێت، لە کۆی نزیکەی 30 مادە و 13 بەند، تەنیا 20 بۆ 30ـیان جێبەجێ کراون.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدییە لە شنگال و دەورووبەری. حوسێن قائیدی میوانی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداوی بوو و باسی لە دۆخی کوردانی ئێزدی کرد.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دوای دوو مانگ لە هێرشکردنە سەر شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە و لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 لەلایەن نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. سەرەتا نووسینگەکە لە دهۆک بوو، بەڵام لە ساڵی 2021ـەوە نووسینگەی سەرەکییان گوێزراوەتەوە هەولێر.
هەر کوردێکی ئێزدی رزگارکراو دۆسێی تایبەت بە خۆی لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی هەیە کە تێیدا سەرجەم زانیارییەکان لەبارەی چۆنێتیی رفاندنی، شوێنی مانەوەی و پڕۆسەی رزگارکردنی و رێککەوتەکانی تێدا تۆمار دەکرێت.
ئامار و زانیارییەکانی دۆسێیەکان لە نووسینگەکە تاکە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و کارپێکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان، میدیا و دامودەزگا فەرمییەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
تاوەکو ئێستا نووسینگەکە لە ژمارەیەک وۆرکشۆپ، کۆڕ و کۆنفرانسی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە جینۆساید بەشداری کردووە و خەڵاتەکانی دایکە تێرێزای هیندستان و پۆلۆنی بردووەتەوە.
هەروەها پێنج جار لە دانیشتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە جنێڤ باسی نووسینگەکە و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی کراوە.
هاوکاریکردن بۆ دەرهێنانەوەی ناسنامە، پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ژمارەیەکی زۆر لە رزگاربووان کە پێشتر لە هێرشی داعشدا نەمابوون، یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی ئەو نووسینگەیەیە.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە 11 مانگدا توانیویەتی 220 رزگارکراو بخاتە نێو بەرنامەی رێکخراوای (CNSF)ـی ئەمریکی لە هەولێر بۆ ئامادەکردنەوەیان.
نووسینگەکە ساڵی 2021 لە رێگەی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان (UNODC) 17 رزگارکراوی ناردە دوبەی لە ئیمارات و 18ـی دیکەی ناردە عەممان لە ئوردن بۆ بەشداریکردن لە خولێکی پێگەیاندندا بۆ ئەوەی راهێنانیان پێ بکرێت و بتوانن لە دادگەکاندا دروست و وەک پێویست قسە لەسەر کەیسەکانیان بکەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش:
رووداو: رۆژباش. سوپاس کە میوانی رووداویت. تاوەکو ئێستا چەند ئێزدی رزگار کراون؟
حوسێن قائیدی: بەیانی ئێوە و بینەرانی هێژا خێر و خۆشی بێت. ئەمڕۆ 10 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی کە لە ساڵی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە {داعش} ئەنجام درا. لەم رۆژەدا هەزار سڵاو لە گیانبەختکردووان و شەهیدانی هەموو کورد و کوردستان و شیفا بۆ بریندارەکان و ئازادیی بۆ رفێندراوان دەخوازین. نووسینگەی رزگارکردنی گیراوانی دەستی داعش لە ئۆکتۆبەری 2014ـەوە دەستی بەکارەکانی کردووە. ئەو کات ئێمە هەستاین بە کۆکردنەوەی ئامارێک بزانین چەند کەس کەوتوونەتە دەستی تیرۆرستانی داعش. بەگوێرەی ئەو ئامارە، 6 هەزار و 417 کەس بوون. ئێمەش لەسەر بڕیاری بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی دەستمان بە کارەکانمان کرد. لەو رۆژەوە 3 هەزار و 579 کەس رزگار کراون، لەوانە هەزار و 210 ژن، 339 پیاو و ئەوانی دیکەش منداڵی هەردوو رەگەزن. بەگوێرەی ئەو ئامارانە، ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارنەکراون، نزیکەی 2 هەزار و 600 کەسن. ئێمە لە نووسینگە بەردەوام دەبین لەکارەکانمان تاوەکو یەک کەس مابێت (ناوەستین لە هەوڵەکانمان).
رووداو: ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت بەسەر کوردانی ئێزدییدا هات. لەم ماوەیەدا چی بۆ کوردانی ئێزدی کراوە و دۆخیان چۆنە؟
حوسێن قائیدی: لە 10 ساڵی رابردوودا و تاوەکو ئێستاش، بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان خەڵکێک لەژێر خێوەتدا دەژین. وەک پێویست کار بۆ خەڵکی ئێزدی نەکراوە، چونکە تاوەکو لەژێر خێوەتدا بمێننەوە، جینۆسایدییان بەردەوامە. ئەو کارەی تایبەت بە رزگارکردن کراوە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراون کردوویەتی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە دابینکردنی شوێن و چادر بۆیان؛ هاوکات خزمەتگوزارییەکانی نێو کەمپ و تەندروستییان پێشکێش کردوون. بەشێوەیەکی گشتی، وەک پێویست کار بۆ کوردانی ئێزدی نەکراوە، چونکە ئێستاش نزیکەی 70%ـی کوردانی ئێزدی لە شنگال لەژێر چادردا دەژین.
رووداو: چەند لە کوردانی ئیزدی لە کەمپەکاندا دەژین و دۆخیان چۆنە؟
حوسێن قائیدی: بێگومان لە سەرەتای ئەو جینۆسایدەدا نزیکەی 400 هەزار کەس هاتنە هەرێمی کوردستان و لە 21 کەمپدا دەژیان. ئێستا نزیکەی 250 هەزار کەس لە کەمپەکاندا ماون لە گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا لەوێن. دەبێت دۆخیان چۆن بێت؟ بێگومان زۆر خراپە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان.
رووداو: تائێستا چەند کەسیان گەڕاونەتەوە شنگال؟
حوسێن قائیدی: بەگوێرەی دوایین ئاماری بەردەست، تاوەکو ئێستا 25٪ بۆ 30%یان گەڕاونەتەوە شنگال. نەگەڕانەوە چەندین هۆکاری تایبەتی هەیە.
رووداو: ئەو هۆکارانە چین و خەڵک بۆچی ناگەڕێنەوە؟
حوسێن قائیدی: یەکێک هۆکارە سەرەکییەکان هەبوونی چەندین گرووپی چەکداری نایاساییە لەو ناوچەیەدا، وەکو گرووپەکانی سەر بە پەکەکە، حەشدی شەعبی و چەندین گرووپی دیکە کە لەوێن و بوون بە هۆکاری ئەوەی ئارامی لە دەڤەرەکە نەبێت. هەروەها نەبوونی پێداویستی رۆژانە بۆ ژیان، هەبوونی چەندین تەقەمەنی لەنێو خانووەکاندا. چەندین خاڵی دیکە هەن کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی خەڵک نەگەڕێنەوە. خاڵێکی گرنگ رێكکەوتنی ساڵی 2020ـە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کە واژۆ کراوە. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، پێویست بوو خەڵکی ئێمە بە زووترین کات بگەڕێنەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ یەک بڕگەی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە؛ هەربۆیە لێرەدا راشکاوانە دەیڵێم، حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی خەڵک و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە جیدی نییە.
رووداو: هۆکارەکان چین و چی وا دەکات حکومەتی عێراق جیدی نەبێت؟
حوسێن قائیدی: سیاسەتی حکومەتی عێراق لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1921 تاوەکو ئێستا هەموو کات ئەوەبووە دژایەتی ناوچەکانی کوردستان بەگشتی و دەڤەری شنگال بەتایبەتی بکات، ئەویش چی لە رێگەی بەعەرەبکردنەوە بێت یان گۆڕینی دیمۆگرافیای دەڤەرەکە. تەواوکردنی ئەوانەش هاتنی داعش بوو. ئەمە هەمووی گرنگینەدانە بە باتەکە؛ بابەتی کوردانی ئێزدی، ئەمانە هۆکارن. ئەوان دەیانویست ئەو دەڤەرانە لە کوردستان داببڕن، بەڵام بە هەوڵ و کۆششی خەڵکی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو دەڤەرانە هەر کوردستانین و هەر دەگەڕێنەوە سەر کوردستان.
رووداو: ژمارەی ئەو کوردە ئێزدییانەی بوون بە پەنابەری وڵاتان چەندە؟
حوسێن قائیدی: دوای جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014، بەگوێرەی ئەو ئامارە نافەرمییانەی لەبەردەستی ئێمەدان، 120 بۆ 130 هەزار کوردی ئێزدی چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت دوای ئەو جینۆسایدەی بەسەریاندا هات.
رووداو: گلەی زۆر دەکرێت کە بابەتی قەرەبووکردنەوە وەکو پێویست نەبووە. هۆکار چییە و تاوەکو ئێستا چی کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی؟
حوسێن قائیدی: کاتێک باسی قەرەبووکردنەوە دەکرێت، پێویستە قەرەبووکردنەوە هەبێت. دوایین بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ گەڕانەوەی خەڵک پێدانی نزیکەی 4 ملیۆن دینارە بۆ گەڕانەوەیان. ئەو پارەیە تەنیا بەشی نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیانە کە 10 ساڵە چۆڵکراون و تێکچوون؛ هەروەها هاتووچۆی ئەوان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شنگال و زۆر خاڵی دیکەش هەن. بۆیە ئەوەی ناویان ناوە قەرەبوو، قەرەبووکردنەوە نییە و زیاتر هاوکارییەکە کە زۆر کەمە. قەرەبووکردن دەبێت لە رووی مادی و مەعنەوییەوە بێت. چوار ملیۆن دینار چۆن بە قەرەبووکردنەوە هەژمار دەکرێت؟ هەربۆیە تاوەکو ئێستا ئەو ئەگەرانەی باسم کردن بۆ نەگەڕانەوەیان و بابەتی قەرەبووش هۆکارن بۆ نەگەڕانەوەی خەڵك.
رووداو: بۆ قەرەبووکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی کچان و ژنانی کوردانی ئێزدی کە رزگارکراون چی کراوە و چەندیان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر؟
حوسێن قائیدی: لەلایەن حکومەتی عێراقەوە یان هەرێمی کوردستان؟
رووداو: لە هەردوو لایەنەوە.
حوسێن قائیدی: لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان ئەوەیە، ساڵی 2014 حکومەت پێشوازییەکی گەرمی لە خەڵك کرد و هەوڵیدا بە هەرشێوەیەک بێت خەڵكەکە نیشتەجێ بکات و ئەوەی پێویستە بۆی بکات. هەروەها نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراون کە لە ساڵی 2014 دامەزرا تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری ئێمەی رزگار کردووە. بەم دواییانەش هاوکاریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رزگاربووان {دەستی پێکردووە} و چەندین خاڵی دیکەش هەن. پەیوەست بە حکومەتی عێراقی فیدراڵی، بە راستی جێگەی داخە، راشکاوانە بیڵێم تاوەکو ئێستا یەک هەنگاوی هاویشتووە ئەوەشی جێبەجێ نەکردووە. هەنگاوەکەش یاسای رزگاربووانە کە لە ساڵی 2021دا دەرکرا و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام جێگەی داخە ئەو یاسایە کە لە نزیکەی 30 مادە و 13 بەند پێکهاتووە، پێم وایە تاوەکو ئێستا 20 بۆ 30ـی جێبەجێ نەکراوە، کە هەنگاوی یەکەمە حکومەتی عێراق بۆ رزگاربووان ناویەتی. هەروەها هەندێک مووچەی بۆ هەندێک کەس تەرخانکردووە، بەڵام بڕگەکانی دیکەی یاسایەک جێبەجێ نەکراون.
رووداو: چەند رزگاربوو بۆ دەرەوەی وڵات نێردراون؟
حوسێن قائیدی: بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی بادن ڤاتن بێرگی ئەڵمانیادا کراوە، پێویست بوو ساڵی 2015 هەزار کەس بچنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن. ئەوە جێبەجێکرا و زیاتر لە هەزار کەس بۆ چارەسەر چوونە ئەڵمانیا. بەم دواییانەش ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا هەندێکی دیکە لەو کەسانەیان بردە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر و ئەگەری دیکەش هەیە.
رووداو: پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان چۆن بەڕێوەدەچێت؟ نەمانی یونیتاد چی کاریگەرییەکی دروستکردووە؟
حوسێن قائیدی: جێگەی داخە، نزیکەی 90 گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشووری شنگال دۆزرابوونەوە کە پێویست بوو بە زووترین کات هەڵبدرێنەوە و بەشێوەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی پشکنینیان بۆ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 35 گۆڕ ماون هەڵنەدراونەتەوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق ئەو گۆڕانە هەڵبدەنەوە و پشکنین بکەن بۆ ئەوەی کەسوکاری ئێمە شتێک لەبارەی چارەنووسی کەسوکارەکەیانەوە بزانن. هەروەها ئەو گۆڕانە هەر ساڵێک زیاتری بەسەردا تێپەڕێت، چی بەهۆی سووتان یان بارانەوە بێت، بەرەو نەمان و تێکچوون دەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ