رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا هیوادارە پارتی و یەکێتی پێکەوە کار بکەن، تاوەکو بەرەنگاری هەندێک لەو هەڕەشە ئەمنی و ئابوورییانە ببنەوە، کە ئێستا رووی تێکردوون.
ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرپرسی کاروباری عێراق و ئێران لە نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گرووپە چەکدارەکانی عێراق و پارتی و یەکێتی و چەند بابەتێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد.
ڤیکتۆریا تەیلەر پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی کە دەڵێن گفتوگۆ لەبارەی دانانی دواکاتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، دەڵێ "لە راستیدا گفتوگۆکان لەسەر ئەو دۆخانەن کە بۆ شەڕی داعش پێویستن و لەسەر ئەوەن پێویستییەکانی ئۆپەراسیۆن چین."
هەروەها لەبارەی وەستانی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "پێشوازی لەوە دەکەین کە لە چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هێرشێک نەکراوە، بەڵام ئێمە دەزانین ئێران لە دابینکردنی پشتیوانییەکانی بەردەوامە لە ئامێرپێدان و مەشقدان و پارەدان بەم گرووپە میلیشیاییانە."
سەبارەت بە یەکگرتوویی نێوان هێزە کوردییەکان ڤیکتۆریا تەیلەر رایگەیاند "وەزیری دەرەوە گوتوویەتی و ئێمەیش پێشتر گوتوومانە هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک بەهێزترە کە یەکێتیی ئامانج لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستاندا هەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی سرووشتییە کە لە هەر وڵاتێکی دیموکراسیدا لەنێوان دوو حیزبدا کێبرکێ هەبێت، بەڵام هیوادارین هەردوو حیزبەکە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن تاوەکو بەرەنگاری هەندێک لەو هەڕەشە ئەمنی و ئابوورییانە ببنەوە کە ئێستا ڕووی تێکردوون."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: با لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازییەوە دەستپێبکەین، کە ئێوە ماوەیەک بەر لە ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستتان پێکردووە. شتێک کە جێگەی سەرنجە بۆ من، حکومەتی عێراق دەڵێت 'ئەو کۆبوونەوانە بۆ دانوستاندنن لەبارەی دانانی دواکاتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا." ئەوەی منیش لێرە لە وەزارەتی دەرەوە و لە پێنتاگۆن لە وەزارەتی بەرگرییش بیستوومە، ئەو کۆبوونەوانە بۆ دانوستاندن نین لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانتان. ئێستا ئێوە پێمبڵێن، ئەو کۆبوونەوانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی لەبارەی چییەوەن؟ هەروەها ئەوە هیچ نیازێکتان هەیە لە عێراق بکشێنەوە ئەگەر حکومەتی عێراق داواتان لێبکات؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە گرنگە هەنگاوێک بێینە دواوە و قسە لەسەر ئەو کاتە بکەین، کە ئێمە رازی بووین دەست بە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی بکەین. لە مانگی ئابدا ئێمە گفتوگۆیەکی هاوبەشی ئاسایش و هاوکاریمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبوو و، لەو گفتوگۆیەدا ئێمە رازی بووین، کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی دابمەزرێنین تاوەکو لە ئاستی شارەزایاندا گفتوگۆ بکرێت کە چاوی لە ئامادەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە. هەروەها گرووپی تاقیکاری و کاری لەخۆگرتووە کە چاوی لە مەترسییەکانی داعش یان پێویستییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و ئەو تواناییانەیە، کە بۆ شەڕی داعش پێویستن. جا لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستمان بە گفتوگۆکان کردووە و، ئەمەیش دەبێتە کۆمەڵە گفتوگۆیەکی بەردەوام لە ئاستی شارەزایاندا لەنێوان حکومەتەکانماندا. لە راستیدا ئەمە لەبارەی ئەوەوەیە سەیری ئەوە بکەین ئێمە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چۆن بەرەنگاری داعش بووینەتەوە و دژی جەنگاوین، هەروەها سەیر دەکەین بزانین چۆن بیگوازینەوە بۆ ئەو شتەی بڕوامان وایە دەبێتە هاوبەشیێکی ئەمنیی دوولایەنەی بەردەوام.
رووداو: لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی گفتوگۆ لەبارەی دانانی دواکاتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن یا نا؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: لە راستیدا گفتوگۆکان لەسەر ئەو دۆخانەن کە بۆ شەڕی داعش پێویستن و لەسەر ئەوەن پێویستییەکانی ئۆپەراسیۆن چین. بۆیە گفتوگۆی بەردەوام دەبن کە ئێمەش لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەریان بەردەوام دەبین.
رووداو: لەم دواییانە بینیمان گرووپە میلیشیاکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران هێرشیانکردە سەر هێزەکانتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریاش، دەزانم کە لە هێرشەکانیان پاشەکشەیان کردووە، بەڵام هێشتا هەڕەشەن بۆسەر مانەوەی ئێوە لە عێراق، بۆیە ئەگەر ئەوان لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانتان بەردەوام بن، ئێوە تووند و تووندر وەڵامیان دەدەنەوە، هاوکات لەسەر ئەم پرسە چیتان بە حکومەتی عێراق گوتووە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: سەرەتا دەبێت بڵێم، ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین کە لە چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هێرشێک نەکراوە، بەڵام ئێمە دەزانین ئێران لە دابینکردنی پشتیوانییەکانی بەردەوامە لە ئامێرپێدان و مەشقدان و پارەدان بەم گرووپە میلیشیاییانە. بۆیە ئێمە لەبارەی ئەو هەڕەشانەیان کە ئەوان لەسەریان بەردەوامن، نەک هەر تەنیا لە ئێمە بەڵکو لە خەڵکی عێراقیشی دەکەن و، لە مەترسییەکانیشیان بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەیی، هەر زۆر نیگەران دەبین. پێموایە ئەوەی ئێستا سەرنجمان لەسەریەتی دڵنیایی دەدات لەوەی ئێمە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئامرازانەی بەردەستن بۆ ئەوەی بە راستی توانای ئەوان بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق و، توانایان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکاش نەهێڵین.
رووداو: ئێوە کۆتاییتان بە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوە بۆ هێرشەکەی ئوردن هێناوە، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40 سەربازیش بریندارکران؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: دەبێت بڵێم، سەرۆک هیچ ئەرکێکی گەورەتر لە پاراستنی خەڵکی ئەمریکای نییە. ئەو زۆر راشکاو بووە لەوەی ئێمە لە کاتێکدا هێرشمان بکرێتە سەر، مافی بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە.
رووداو: زۆر باشە، بەشێک لەو گرووپانەی هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن، لە هێزەکانی حەشدی شەعبین، حەشدی شەعبیش بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراقی و حکومەتی عێراق لە بودجەکەیدا ساڵانە 2.7 ملیار دۆلاریان بۆ دابیندەکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە ئەو هێزانە هێرشناکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانی لەمێژینەی ئێوە، بۆیە دەمەوێت بپرسم، ئەمە هیچ نیگەرانییەکی لای ئێوە دروستنەکردووە لەبارەی داهاتووی ئاسایشی عێراق، کە ئەو گرووپانە لە حکومەت پارە وەردەگرن و رۆژ دوای رۆژیش لە دەوڵەتی عێراقدا بەهێزتر و خاوەنهەژموونتر دەبن؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: ئەوە گریمانەیەکی درێژخایەن بوو، بەڵام پێموایە ئەوەی دەبێت بیڵێم ئەوەیە؛ ئێمە هاوبەشایەتییەکی ئەمنیی درێژخایەنمان هەیە، نەک تەنیا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەڵکو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا. بۆیە ئێمە لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین نەک تەنیا بەرژەوەندییە هاوبەشە ئەمنییەکانمان بپارێزین، بەڵکو لەبارەی ئەوەی بتوانین دڵنیایش ببینەوە کە بتوانین لەسەر ئەو هاوبەشایەتییە ئەمنییە درێژخایەن و مێژووییە بەردەوام بین، لە بەغدا و هەولێریش سەرقاڵی گفتوگۆی بەردەوامین.
رووداو: ئێوە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەم باڵەخانەیە، میوانداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانیتان کرد، هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراقیش لە دانوستاندندان بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی 360 پلەیی، دەمەوێت بزانم، هەرێمی کوردستان لە کوێیی ئەو پەیوەندییە 360 پلەییەی نێوان ئەمریکا و عێراقە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: زۆر سوپاس کە ئاماژەت بە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا. زۆر خۆشحاڵ بووین کە لێرە پێشوازیمان لێی کرد. وەزیری دەرەوە رۆژی دووشەممە دیدارێکی زۆر باشی لەگەڵیدا ساز دا. بە راستی ئەوە بۆ ئێمە دەرفەتێک بوو کە گفتوگۆ لەسەر هەموو لایەنەکانی هاوبەشایەتییەکەمان بکەین و باسی ئەوە بکەین چۆن بتوانین لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی بەردەوام بین. بەدڵنیاییەوە هاوبەشایەتیی ئەمنی توخمێکی سەرەکییە، بەڵام هاوبەشایەتی لەوە زیاترە و پارێزگاریکردن لە دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و کێشەکانی وزە و فراوانکردنی هاوبەشایەتیی ئابوورییش لەخۆدەگرێت. ئەوەش بەشێکە لە کۆی گشتیی ئەو هاوبەشایەتییەی کە هەر تەنیا عێراقی فیدراڵ لە خۆ ناگرێت، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش لەخۆدەگرێت. ئینجا ئێمە هەمیشە گوتوومانە؛ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر بۆ گەشانەوە و ئاسایشی عێراق زۆر گرنگە.
رووداو: باست لە کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر کرد، بەڵام ئێمە لە سەرۆک و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانییەک دەبیستین کە ئەم دەستوورەی ئێستای عێراق کە لە ژێر چاودێریی ئەمریکا نووسرا، خەریکە پاشەکشەی لێدەکرێت و جێبەجێناکرێت، ئەمەش وایکردووە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قوڵتربن، باشە، ئەمریکا چۆن پشتیوانی لە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوورێک کە خۆیان دەنگیان پێداوە و پەسەندیان کردووە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە لە هەموو گفتوگۆکانماندا لەگەڵ هەریەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی بەغدا ئەوەمان روون کردووەتەوە کە هەبوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر کە ئاسایشی هەبێت و گەشاوە بێت و پارێزگاری لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بکات، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان خۆی، بەڵکو بۆ بەغداش گرنگە. بۆیە پێموایە خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە؛ دڵنیاببینەوە مافە دیموکراسییەکانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش پارێزراون. رەنگە مەبەستت بڕیارە تازەکەی دادگە بێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە.
رووداو: دێمە سەر ئەمەش...
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە تەنیا دەتوانم بڵێم ئێمە دەزانین ئەوە بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکی کورد گرنگە کە بتوانن دەنگ بدەن. دەنگدان و هەڵبژاردن بەشێکی زۆر گرنگی هەر دیموکراسیەتێکن. جا ئەم خەڵکانە دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بە دڵی خۆیان نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن. هیوادارین هەرچی زووە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت.
رووداو: باست لە پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کرد، کۆمێنت و بۆچوونی ئێوە و سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق چییە کە لە دژی کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری دروستکردوو و کاردانەوەی پێکهاتەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بەدواداهات، بۆچوونی ئێوە چییە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: بەشێک لەوەی عێراق بەهێزتر دەکات، فرەچەشنییە نەژادی و ئایینییەکەیەتی. جا نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش زۆر گرنگە کە مافی هەموو هاووڵاتییان بە کەمینە نەژادی و ئایینییەکانیشەوە بپارێزرێت. ئەوەش مافی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت.
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئێوە پشتیوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بەو مەرجەی هەردوو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە یەکبگرن، ئێوە هێشتا نیگەرانن لەبارەی ئەو پرۆسەیە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: بەدڵنیاییەوە. ئێمە خۆشحاڵین کە وەزیری پێشمەرگە گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی. بە راستی ئەوە بۆ ئێمە گرنگە بتوانین لە گفتوگۆکانماندا هەر بەرەوپێشچوونێکمان لەبارەی چاکسازیی پێشمەرگەوە هەبێت. بۆیە خۆشحاڵ دەبین ئەوە ببینین. کاری زیاتر هەن کە دەبێت بکرێن و، هیوادارین ئێستا کە وەزیر لە پێگەکەیدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە هەنگاونان بەرەو ئەو پلانی کارەی لەسەری رێککەوتوون.
رووداو: پرسیارێکی دیکەم سەبارەت بە یەکگرتوویی نێوان هێزە کوردییەکانە، وەزیر بلینکنیش لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەم پرسە کرد، نیگەرانییەکانی ئێوە سەبارەت بە یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان چییە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە، وەزیری دەرەوە گوتوویەتی و ئێمەیش پێشتر گوتوومانە هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک بەهێزترە کە یەکێتیی ئامانج لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان هەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی سرووشتییە کە لە هەر وڵاتێکی دیموکراسیدا لەنێوان دوو حیزبدا کێبرکێ هەبێت، بەڵام هیوادارین هەردوو حیزبەکە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن تاوەکو بەرەنگاری هەندێک لەو هەڕەشە ئەمنی و ئابوورییانە ببنەوە کە ئێستا ڕووی تێکردوون.
رووداو: دوایین پرسیارم، کۆمێنتی ئێوە لەبارەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟ کە ئەمریکا پشتیوانی لە کۆمپانیا نەوتییەکانی خۆی کردووە لەم کەرتەدا، نزیکەی ساڵێک دەبێت هەناردەی نەوت وەستاوە، بەغدا هاوشێوەی تورکیا ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بۆیە پرسیارەکەم ئەوەیە؛ ئەمریکا چۆن لەگەڵ هەولێر، بەغدا، ئەنقەرە و کۆمپانیاکانی نەوت کاردەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کە کۆمپانیاکان نامەیان بۆ ئێوە و کۆنگرێسیش لەسەر ئەم پرسە ناردووە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: ئەمە کێشەیەکی گرنگە و ئێمە دەزانین بۆریی عێراق-تورکیا سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی داهاتە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانیی نەوتیش گرنگە کە کۆمپانیا ئەمریکاییەکانیش لەخۆدەگرێت. بۆیە ئەمریکا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ بەغدا، هەولێر و ئەنقەرە بۆ ئەوەی داوا لە هەموو لایەنەکان بکات لە گفتوگۆکاندا بەشدار بن کە ئەوەش وا دەکات بۆرییەکە نەوتی پێدا بڕواتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ