ژمارەی دارخورماکانی بەسرە لە 13 ملیۆنەوە بۆ 2.5 ملیۆن کەمیکردووە

02-04-2023
محەممەد شێخ فاتیح
ئەندازیار عەبدولعەزیم کازم، بەڕێوەبەری بەشی دارخورماکان لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی بەسرە و محەممەد شێخ فاتح
ئەندازیار عەبدولعەزیم کازم، بەڕێوەبەری بەشی دارخورماکان لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی بەسرە و محەممەد شێخ فاتح
نیشانەکردن دارخورما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا عێراق یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی خورما، بە ملیۆنان دارخورما لە بەسرە لەنێوچوون، جگە لەوە بەرهەمی ئەو دارخورمایانەش کە ماون، کەمبووە و هۆکارەکانیش زۆرن لەوانە: جەنگ، گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەشوێنی باخەکانی دارخورما.  
 
ئەندازیار عەبدولعەزیم کازم، بەڕێوەبەری بەشی دارخورماکان لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی بەسرە، لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتح، پێشکەشکاری هەواڵی ئابووری، کە رۆژی 30-3-2022 بڵاوکرایەوە، باسی لەوە کرد، پێشتر لە بەسرە 650 جۆری خورما بەرهەم دەهێندرا، بەڵام ئێستا تەنیا 75 جۆر بەرهەمدەهێندرێت.
 
عەبدولعەزیم کازم دەڵێ زەویی چەندین باخی خورما بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون گۆڕاوە، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی، کە ژمارەی دارخورماکانی بەسرە لە 13 ملیۆنەوە ببێتە 2.5 ملیۆن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەندازیار عەبدولعەزیم کازم، بەڕێوەبەری بەشی دارخورماکان لە بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵی بەسرە:
 
رووداو: بەڕێز عەبدولعەزیم، دەمەوێ سەرەتا باسی ئەوەمان بۆ بکەیت، ئێستا ژمارەی دارخورماکان لە بەسرە چەندن، پێشتر چەند بوون؟
 
عەبدولعەزیم کازم: پارێزگای بەسرە ناوەندی چاندن و بەرهەمهێنانی خورمایە. هەروەها خاوەن گەورەترین کێڵگە و دارستانی دارخورما بوو لە جیهاندا. پێشتر ژمارەی دارخورماکان نزیکەی 13 ملیۆن دارخورما بوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دارخورما کەمیکردووە. ئەمەش داکشانێکی یەکجار زۆرە لە ژمارەی دارخورماکان. گومان لەوەدانییە، کەمبوونەوەی زۆری ژمارەی دارخورماکان بۆ چەندین فاکتەر دەگەڕێتەوە کە رووبەڕووی پارێزگاکە بووەوە، بەرچاوترینیان فاکتەری جەنگە. 
 
فاکتەری جەنگ کاریگەریی یەکجار گەورەی بەسەر نەمانی دارخورماکان هەبوو. هاوکات فاکتەری کەمئاوی لە رووباری دیجلە و فورات یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی راستەوخۆ کاریگەری خستە سەر کەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماکان. بەهۆی کەمبوونەوەی زۆری رێژەی ئاو لەم دوو رووبارەدا، پرۆسەی ئاودان و ئاودێریکردن بۆ کێڵگەکانی دارخورما زۆر سەختە، ئەمەش بووە هۆی نەمانی چەندین جۆر لە خورماکان. ئەوانەی کە ماونەتەوەش بەرهەمەکانیان لە ئاستی پێویستدا نییە. هەر ئەمەش پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی جووتیاران رووبکەنە ناوچە چۆڵەوانییەکان تاوەکو دارخورما بچێنن و پشت بە ئاوی بیرەکان ببەستن و ئاودێریش هەر لە رێگەی بیرەکانەوە بکەن. ئیدی ئاراستەی چاندنی دارخورماکان و کشتوکاڵی خورما لە ناوچە چۆڵەوانییەکاندا دەستپێکردووە. سەبارەت بە خورما، تەنیا لە پارێزگای بەسرە نزیکەی 650 جۆر خورمای هەبوو، ئێستاش تەنیا 75 جۆر خورمای بەردەست لە پارێزگاکەدا هەن. 
 
گرنگترین جۆری خورما کە ئێستا لە بەسرە بەدی دەکرێت، جۆری بەرحییە کە لەسەر ئاستی جیهاندا ناوبانگی خۆی هەیە و تاموچێژی تایبەتە. بە سێ قۆناخ تێدەپەڕێت هەر لە قۆناخی حەبابق و رووتاب، تاوەکو دەگاتە قۆناخی گەیینی تەواو، کە دەبێتە خورمایەکی نایاب. بەرهەمی ئەم جۆرە خورمایە دەگاتە زۆربەی وڵاتانی جیهان و چەندین جۆر خورمای دیکەمان هەیە. کە دەکرێ ئەوانیش هەناردە بکرێن. 
 
رووداو: ئەو جۆرە بەرحیەی باستکرد، چەند تۆن لەو بڕە خورمایەی لە بەسڕە بەرهەم دەهێندرێت؟ ئێستا توانای بەرهەمهێنانی خورمای بەسرە چەند تۆنە؟
 
عەبدولعەزیم کازم: بەڵێ، راستییەکەی ئامارەکان ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێن، ئەمەش بەندە بە دۆخی ژینگە و کەشوهەوای ئەو ساڵە. ئامارێکی 100٪ دروست و وردمان نییە، بەڵام دەتوانم تێکڕای بەرهەمەکانت پێ بڵێم، بۆ نموونە بەرهەمی هەر دارێکی جۆری خورمای بەرحی نزیکەی 100 کگم دەبێت. هەرچی جۆرەکانی دیکەیە لەنێوان 50-60 کگم دەبێت لە جۆرەکانی حللاوی، خزراوی، سائیب. ئەم جۆرە خورمایانە زیاتر بازرگانین، بەڵام تێکڕای بەرهەمەکانی بەراورد بە بەرحی کەمترە. کەمی بەرهەمەکان بۆ چەندین فاکتەر دەگەڕێتەوە، کە گرنگترینیان پلەی گەرما، پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا لەمانەش گرنگتر فاکتەری ئاوە. دەبێ رێژەی ئاو لەسەر ستاندەرد و ئاستێکی زۆر باش بێت و ئاوەکەش سازگار بێت. ئێستا بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵاتی دراوسێمان تورکیا و ئێران بەشە ئاوی عێراق دەگرنەوە و بەڕێژەیەکی کەم بەریدەدەنەوە، لەئەنجامدا ئەو بڕە ئاوەی دەڕژێتە بەسڕە زۆر کەمە. جگە لەمەش تێکەڵی ماددە کیمیاییەکان و چەندین جۆر پیسایی دەبێت هەر لە پارێزگاکانی باکوور تاوەکو دەگاتە ناوەڕاست و باشوور، بەمەش کوالێتیی ئاوی گەیێندراو خراپ دەبێت و ئەمەش بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەسەر جۆر و قەبارەی بەرهەمی خورماکان دەبێت. ئەگەر کوالێتییەکە باش نەبێت، کاریگەری بەسەر پرۆسەی بەبازاڕکردن دەبێت و بۆ ئەوەی پرۆسەی بەبازاڕکردن سەرکەوتوو بێت، مەرجە کوالێتی بەرهەمەکە زۆر باش بێت و بەڕووگەشییەوە بتوانین هەناردەی بکەین. 
 
رووداو: دەمەوێ بزانم، ساڵانە چەند تۆن خورما لە بەسرە بەرهەم دەهێندرێت؟ 
 
عەبدولعەزیم کازم: وەک بۆ بەڕێزتانم باسکرد، ئێستا ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام پشت بە تێکڕای بەرهەمە جۆراجۆرەکان دەبەستین و تێکڕای بەرهەمی هەر دارێک لەنێوان 50 بۆ 60 کگم دەبێت و چەند جۆرێکی دیکەیان دەگاتە 100 کگم. بۆیە ناتوانم بە دیاریکراوی ئاماری چەند تۆن بەرهەمی خورما رابگەیێنم. 
 
رووداو: ئێستا چەند جۆرە بەرهەمێکی خورما لە بازاڕەکانی عێراق هەن کە هاوردە دەکرێت، نرخیان زۆر گرانە. نرخەکانیان لە نێوان 20-25 هەزار دینار دەبێت و لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکاندا زۆرجار کیلۆی خورما لە ئاستەکانی نزیک بە 100 دۆلار دەفرۆشرێت. ئێمە لە عێراقدا بەگشتیی و لە بەسڕە بەتایبەتی خورمای لەم جۆرە تایبەتەمان هەیە، کە نرخەکانیان بەمشێوەیە گران بێت؟ 
 
عەبدولعەزیم کازم: بەڵێ، زۆر بەداخەوە، لە کاتێکدا عێراق خۆی وڵاتی دارخورما و بەرهەمی جۆراوجۆری خورمایە، بگاتە ئاستێک خورمای هاوردەی بۆ بێت. راستییەکەی ئەمە هاوردە نییە، بەڵکو بەقاچاخ هێنانە، چونکە هاوردەی خورما بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە لەپێناو پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی عێراقی، بەڵام سەرباری ئەمەش دەهێندرێنە وڵات. ئەوەی مایەی داخی زیاترە، رەواج و پێشوازی بۆ ئەم جۆرە خورما هاوردەکراوانەش هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کواڵێتی جۆرەکانی خورمای عێراقی باشترینی جیهانە. سەرباری ئەوەی ئەو خورما هاوردانە لە جۆر و کواڵێتی باشدان، بەڵام هێندەی کواڵێتی خورمای عێراق نابێت. ئەوەی خورما هاوردەکراوەکە جیاواز دەکات لە خورمای عێراق، پاکڕاگرتن و لەکارتۆنکردن و پاکێتکردنیەتی بە کواڵێتییەکی باش. بەپێچەوانەی بەکارتۆنکردن و پاکێتکردن و داپۆشینی بەرهەمی خورمای عێراقی کە لە ئاستێکی مامناوەنددایە. ئیدی ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی نرخی خورماکانیان بەمشێوەیە لە بازاڕەکاندا گران بێت و فرۆشی لە خورمای ئێمە زیاتر بێت. سەرباری ئەوەی خورمای ئێمە لە هەموو روویەکەوە باشترینە، کەچی نرخەکەی بەمجۆرە گران نییە. 
 
باشترین خورمای ئێمە نرخەکەی ناگاتە پێنج هەزار دینار، تەنانەت خورما پلە یەکەکانیش ناگەنە ئەم نرخە. هەندێک جۆر بەرهەمی خورمای عێراقی هەن، کە لە چەند شوێنکارێک ناوکەکەی دەردەهێندرێت و بە گوێز و فستق دەڕازێندرێتەوە و هەندێک شیرەمەنی دیکەی پێدا دەکرێت و بەشێوەیەکی گونجاو لەکارتۆن دەنرێت و دادەپۆشرێت، ئەمەشیان لە باشترین دۆخیدا نرخەکەی لە 10 هەزار دینار تێناپەڕێت. بۆیە نرخی خورما لە بەسرە زۆر هەرزانە و لە پارێزگاکانی دیکەی باشووریش بەهەمانشێوە هەرزانە. رەنگە لە کوردستان کەمێک گرانتر بێت بەهۆی ئەوەی هیچ بەرهەمی خورما و کێڵگەی دارخورمای لێ نییە و سەرجەم خورماکانیان هاوردەی ناوخۆ و دەرەکییە.
 
رووداو: باست لەوەکرد، ئەو خورمایانە بەقاچاخ دەهێندرێن و هاوردەی عێراق دەکرێت. ئەگەر لە بازاڕدا خورمای هاوردەکراو ببینرێت، دەستی بەسەردا ناگیرێت؟ 
 
عەبدولعەزیم کازم: راستییەکەی ئەمە ئەرک و رۆڵی هێزە ئەمنییەکانە ئەو کەسانە دەستگیر بکەن، کە ئەم کارە دەکەن بەهۆی ئەوەی ئەم بەرهەمانە لە دەروازە سنوورییەکاندا هاوردەی عێراق ناکرێت، بەڵکو بە قاچاخ دەهێندرێت. یاسای دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان هەیە بەهەموو شێوەیەک قەدەخەی هاوردەکردنی هەموو جۆرە دارخورما و بەرهەمی خورما دەکات. ئەمە نەک تەنیا بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆییە، بەڵکو رەنگە ئەو دارخورمایەی هاوردە دەکرێت جا لە هەر وڵاتێکەوە هاوردە بکرێت، پەتایەک و نەخۆشییەکی تایبەتی هەبێت و بگوازرێتەوە بۆ بەرهەمەکانی خۆماڵی و ببێتە هۆی لەناوچوونی بەرهەم و تێکدانی کوالێتی بەرهەماکانمان. رەنگە خاک و خۆڵی ئەو دارخورمایانە ببنە سەرچاوەی تێکچوونی جێندەری بەرهەمەکانمان. بۆ دوورخستنەوەی ئەم جۆرە پەتا و نەخۆشییانە لە بەرهەمەکانمان، ناچارین هاوردەکردنیان بەهەموو شێوەیەک قەدەخە بکەین و کردوومانە. هەروەها ئەو بەرهە هاوردەکراوانەی خورما شەکریشی تێدەکرێت و چەند جۆرە دەرمانێکی بەسەردا دەپڕژێندرێت بۆ جوان نمایشکردن و گەش پیشاندان و تێکنەچوونی لەناو پاکێتەکانیاندا. 
 
رووداو: رووبەر و دارستانی زەوییە چێندراوەکان بە خورما پێشتر چەند بووە، ئێستا چەندە و هۆکاری کەمبوونەوەی رووبەرەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە. دارستانەکان بۆ بەرەو لەناوچوون دەچن، ئەمانە پەیوەندییان بە پرۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانییەوە هەیە؟ 
 
عەبدولعەزیم کازم: راستییەکەی رووبەرەکان زۆر کەمن. ئەگەر باس لە پارێزگای بەسرە بکەین زۆربەی کێڵگەکانی دارخورما لە نزیک کەناراوەکانی شەتولعەرەبدایە و بەئاوی شەتولعەرەب ئاودەدرێن. بەشێکی کێڵگە و دارستانەکانی دارخورماش نزیکن لە ناوەندی شارەکان هۆکاری ئەمەش بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان دەگەڕێتەوە کە بەردەوام سنووری نیشتەجێبوونی پارێزگاکە فراوان دەکرێت. هەربۆیە دەست بە گۆڕینی رەگەزی زەوییەکان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون دەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە. وەزارەتی کشتوکاڵ بەگشتی و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بەتایبەتی رێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو کێڵگانەی دارخورما کە وشکبوونەتەوە یان زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێوەیەکی نایاسایی رەگەزی زەوییەکانیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون گۆڕدراوە، دەستنیشانیان دەکات و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت دەکات، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لە دژی ئەو کەسانە بگیرێنەبەر، کە تەنانەت دەستیان بردووەتە ئەم کێڵگە و دارستانانە. هەروەک بەڕێزیشتان دەزانن، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو کێڵگانەی دارخورما کە نزیکن لە ناوەندی شار و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان لە رێگاوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و کارەبایان لێ نزیکە، دەست دەبەن بۆ گۆڕینی رەگەزی زەویوزارەکان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون. ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەسەر حیسابی کەمبوونی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبێت، کە پێشتر زۆر فراوان بوون. 
 
ئێستا ناتوانرێت ئەو زەویانە بگەڕێندرێنەوە کە لەمێژە رەگەزەکانیان گۆڕدراوە بەهۆی ئەوەی بە کەڵکی چاندن نایەن و بەشێکیشیان تەواو تێکچوون لە ئەنجامی کەمئاوییەکی زۆر و بەکارهێنانی ئاوی سوێر بۆ ئەم کێڵگانە و کاریگەرییە نەرێنییەکانیشی بەهۆی دروستکردنی چەندین یەکەی نیشتەجێبوون و بەگۆڕینی رەگەزەکەیشی، ئەم زەویوزارانە خاوەندارێتییان خراوەتە سەر موڵکی شارەوانییەکان و قەزا و ناحییەکان کە بەداخەوە رۆژ دوای رۆژ سنوور و رووبەری یەکە نیشتەجێبووەکان فراوانتر دەبێت. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە