رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارەی پێویستیان بۆ دابەشکردنی مووچە لەبەردەستدا نییە. لەبارەی 400 ملیار دینارەکەشەوە، گوتی، "نووسراوی فەرمیمان کردووە، بەڵام هێشتا بە کردار ئەو پارەیە نەگەیشتووە."
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"دا کە رەنج سەنگاوی پێشکێشی دەکات باسی لە دابەشکردنی مووچە، ناردنی 400 ملیارەکە، داهاتی پارێزگاکان، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و چەند بابەتێکی دیکە کرد.
لەبارەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسەوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، "بڕیاری دادگەی پاریس، دوور و نزیک پەیوەندیی بە دۆسیەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەستە بە را جیاییەکی یاسایی نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش بەشێکی لە بەرژەوەندی تورکیا و بەشێکی دیکەی لە بەرژەوەندی عێراق دەرچووە. شتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد جێگیر کردووە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان
رووداو: رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پرسی نەوت، لە کوردستان و ئاستی ناوچەکەش بووە مایەی مشتومڕێکی گەورە؛ هەندێک کەس بە گەڕانەوەیەکی حەکیمانە بۆ دەستوور ناوی دەبەن و دەڵێن رێککەوتنێکی زۆر ژیرانەیە و هەندێک کەسیش دەڵێن خۆڕادەستکردنێکی بێ ئەملا و ئەولایە. ئێوە چۆن شرۆڤەی ئەو بابەتە بۆ خەڵک دەکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: بەلامەوە گرنگە ئەوەی کە من دەیزانم و ئاگام لێیەتی بە روونی پێشکێشی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانی بکەم. سەرەتای رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لە دروستبوونی کابینەی نۆیەمەوە دەستپێدەکات؛ هەوڵەکان دەستیان پێکرد بۆ ئەوەبوو لەگەڵ عێراق کێشەکانمان بهێنینەوە سەر سفر. لە کاری لەپێشینەی بەرنامەی کابینەکەدا هاتووە کە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق رێکبکەوین و لە یەکەم سەردانیشمان بۆ بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران و ئێمە و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ کە شاندێکی گەورە بووین و چووین بۆ بەغدا، لە بەغدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەکرد کە قووڵایی ستراتیژی ئێمە بەغدایە و ئامادەین کێشەکانمان لەگەڵ ئێوە چارەسەر بکەین و گفتوگۆ ببێتە ئامرازی رێککەوتن. لەوکاتەوە ئێمە رامانگەیاندووە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت ئامادەییمان هەیە و هەر ئەوکاتە رامانگەیاند کە ئەگەر ئێوە دۆسیەی نەوت بە هەموو کەموکوڕی و قەرزەکانییەوە وەربگرن، ئێمە ئامادەییمان تێدایە. ئەوکات شاندی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە یەکەم دانیشتندا رایگەیاند، ئێمە چاندجارێک رێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا کردووە، بۆ نموونە لەسەر بودجە بۆ ساڵی 2019 و 2020 رێککەوتنمان کرد و کە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەردرا و دوایی کە ویستیان بینێرن بۆ پەرلەمان، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بەسەردا هات و ئیدی حکومەت بووە کاربەڕێکەر و مافی ئەوەی نەبوو ئەو پرۆژەیە بنێرێت بۆ پەرلەمان.
رووداو: واتا ئەو رێککەوتنە ناچاریی نەبووە و پێشینەی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: دواتر دیسان پرسی نەوت و فرۆشتنی و چەندییەکەی دیاریکرا؛ میکانیزمی مامەڵەکردن دیاریکرا؛ جارێکی دیکە ئەمە بۆ بودجەی 2021 کرا و ئەمجارەش بۆ بودجەی 2023 کراوە. بۆ بودجەی 2023 هەمووان دەزانن رێککەوتنێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە. ئێمە رێککەوتنێکمان کرد و لەو رێککەوتنەدا لە بڕگەیەکی لە لاپەڕە 26 بە دەق لەسەر ئەوە رێککەوتین کە هەردوولامان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ نەوت دەکەین: "پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ ماوەکانی رابردوو بکرێت سەبارەت بە هەموو ئەوەی پەیوەستە بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێم؛ هەروەها پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هەرێم و دەرچوون بە دیدگەیەک کە بەپێی دەستوور بێت و جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت و بتوانرێت بۆ ئەنجامدانی پاکتاوکردنی قۆناخی رابردوو جێبەجێ بکرێت". ئەمە رێککەوتنەکەیە کە پێش دروستبوونی حکومەتیش هەبووە و لەدوای دروستبوونی حکومەت وەک بەرنامەی کاری حکومەت جارێکی دیکە جێگیر کراوەتەوە. بەدەر لەمە، بۆ رێککەوتن لەسەر بودجە لە بڕگەیەکیدا پێش بڕیاری دادگەی پاریس، سێ بنەمامان جێگیرکردووە لەسەر پرسی نەوت. بنەماکانیش هاوبەشی، ئیدارە و وردبینییە. لە ساڵی 2022 بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە بۆ ساڵی 2021 کردبوومان، چاودێری دارایی هەردوولا وردبینییان بۆ هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان کرد و هەموو ئەوانە وەکو داتا و زانیاری لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و چاودێری دارایی عێراقەوە دانیان پێدانراوە. ئەمجارەش کە ئەو رێککەوتنەی دوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی پاریس کراوە، کە بڕیاری دادگەی پاریس دوور و نزیک پەیوەندی بە دۆسیەی نەوتی ئێمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ناکۆکییەکی یاسایی لەنێوان تورکیا و عێراق هەیە؛ ئەو ناکۆکییە چەند بڕگەیەکی بە قازانجی تورکیا بووە و لە بڕگەیەکیش بە قازانجی عێراق بڕیاری دادگە دەرچووە. بابەتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە کە مەحکەمەی پاریس پرۆسەی نەوت یان پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە یاسایی و رەوای زانیوە. واتە، دەتوانین بڵێین خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد چەسپاندووە. رۆحی رێککەوتنەکەی ئێمە کە ناومان ناوە رێککەوتنی کاتی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، لە یاسای بودجەی عێراقەوە هاتووە.
رووداو: واتا بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس ئەرێنییە بۆ کورد؟
ئاوات شێخ جەناب: لە پرۆسەی نەوتدا هەر لە دۆزینەوە، دەرهێنان، گواستنەوە تاوەکو پشتی کەشتییەکە مافی داوە بە کورد.
رووداو: دانی پێداناوە؟
ئاوات شێخ جەناب: دانی پێداناوە و دەڵێ ئەو پرۆسە زۆر روونە. لەکوێدا گرفتەکە دروستدەبێت؟ سۆمۆ کاتی خۆی رێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی کە تەنیا ئەو دووانە بۆیان هەیە بە رەزامەندی سۆمۆ ئەمە بکرێت، لەوێدا ناکۆکییەکە لەنێوان عێراق و تورکیا دروستبووە، ئەوەش کێشەیەکە ئیدی کێشەی سیاسی و دارایی و ئەمنی و ئاوی تێکەڵ بووە و بابەتی دیکەی لێ دروستبووە.
رووداو: دەتەوێ بڵێی رێککەوتنەکە تەواو خۆویستانەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: تەواو خۆویستانەیە و بە قازانجی کوردیشە. دەتوانم وەکو بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگ بۆ کورد ناوی ببەم، چونکە بەپێی ئەو رێککەوتنە مافی کوردی لە خاوەندارێتی نەوت بەپێی دەستوور چەسپاندووە کە لە هەموو ماوەکانی پێشوو ئەوان ئەو پرەنسیپەیان رەتدەکردەوە.
رووداو: بەڵام هێشتا خەڵک دردۆنگن و دەڵێن زۆری بەسەردا رۆیشتووە و ئاسۆکەی دیار نییە و بە کردار هێشتا نەوتەکە نەڕۆیشتووە؟
ئاوات شێخ جەناب: کێشەی دادگەی پاریس بەشێکی پەیوەست بووە بە پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق؛ بەشەکەی لای ئێمە 100٪ی بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە و بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جێبەجێکراوە. ئێستا کێشە لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە و وەکو باسم کرد، کێشەیەکی ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەی هەم کێشەی داراییە، هەم سیاسیە، هەم نەوتە، هەم ئاو و زۆر بابەتی دیکەیە کە هەموویان تێکەڵ بوون و پێموایە لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو کێشەیە دوور یان نزیک چارەسەردەبێت.
رووداو: عێراق دەچێتە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیاوە؟
ئاوات شێخ جەناب: وابزانم نابێ من وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە و وەڵامەکەی لای عێراقە. هەردووکیان پێویستییان بە رێککەوتنە لەسەر بابەتی نەوت.
رووداو: ئەگەر بچێتە ژێر بار یان نەچێت، کاریگەری لەسەر بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت؟
ئاوات شێخ جەناب: لۆژیکییە و دەبێ وا بێت، بەڵام ئەوەی کە حوکمی پەیوەندییەکانی ئێمە و بەغدا دەکات یان حوکمی پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا دەکات، سیاسەتە. وەک دەزانن، زۆر کێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا ماون.
رووداو: وەک وەزیرێکی کورد تۆ ئەو ترسەت هەیە کە خەڵکیش هەیەتی و ترس دەکەوێتە دڵیانەوە؛ دیسان رێککەوتنەکە تێکبچێتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نا.
رووداو: ئەی لەلایەن عێراقەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: عێراقە ئیدی. ئێمە بەم جارەوە سێ جار رێککەوتنمان لەگەڵ عێراق کردووە.
رووداو: لایەنی گەشبینییەکەت زیاترە یان رەشبینییەکە؟
ئاوات شێخ جەناب: لایەنی گەشبینییەکەم زیاترە، چونکە لەم ماوەیەدا کە وەزیر بووم سێ سەرۆکوەزیرانی عێراقم بینیوە: د. عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و محەممەد شیاع سوودانی. ئەو جیددیبوونەی لە جەنابی سوودانیدا بینیم، لەوانی دیکەدا نەمبینیون. بەپێچەوانە، ئەوانە وەها دەرکەوتن کە زۆر دۆستی کوردن، بەڵام لە کرداردا وا دەرنەچوو، بەتایبەتی لە ماوەی سەرهەڵدانی کۆرۆنا کە داهاتی ئەم وڵاتەی ئێمە بووە سفر، ئەوکات دۆستەکەی کورد، د. عادل عەبدولمەهدی بەشە بودجەکەی هەرێمی کوردستانیشی بری.
رووداو: باسی رێککەوتنی نێوان کۆمپانیایەکی تورکی و سۆمۆت کرد. ئەوە کەی کراوە و چۆن کراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: رێککەوتنەکە وابزانم هی ساڵی 1973یە، واتا رێککەوتنێکی کۆنە و دەمێکە کراوە.
رووداو: هیچ زانیارییەکتان لەسەر نێوەڕۆکەکەی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی من بزانم تەنیا ئەو پەیوەندییە رێکدەخات کە کێ دەستکراوەیە بەوەی مۆڵەتی بارکردن و پارەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بدات کە مافەکەی تەنیا بە کۆمپانیای سۆمۆ داوە.
رووداو: 400 ملیار دینارەکە کە بڕیاربوو حکومەتی عێراق بینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان ئێستا گەیشتووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە ئەمڕۆ نووسراوی فەرمیمان کردووە و ئەمڕۆ هەژمارێکی بانکیمان لە بانکی رەشید کردووەتەوە و دەبێت لە بانکی رافیدەینیش هەژمارێکی دیکە بکەینەوە. پارەکە 200 ملیاری لە بانکێکیانەوە دێت و 200 ملیاریشی لە بانکەکەی دیکەوە. هێشتا رێکارە کارگێڕییەکانی ماون و رۆتیناتەکەی لە تەواوبووندایە، بەڵام هێشتا بە کردار ئەو پارەیە نەگەیشتووە.
رووداو: هێشتا ئێمە ئامادە نین یان ئەوان نەیانناردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، ئەوان پڕۆسەیەکی وەهایان دروستکردووە کە ناویان ناوە قەرز و دەبێت لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە بێت و ئینجا لەوێوە حەواڵە بکرێت و تەخسیساتی لە وەزارەتی داراییەوە بۆبکرێت، واتا پڕۆسەیەکی جۆرێک ئاڵۆزە. ئێمە ئەمڕۆ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانمان لە بەغدا راسپارد هەژمارە بانکییەکەی لە یەک لە بانکەکان کردووەتەوە و سبەی ئەمەش تەواودەبێت و بڕیارە بۆ رێککەوتنی کۆتاییش نامەیەک بێتەوە و من واژۆی بکەم و جێبەجێ بکرێت.
رووداو: هیچ لێدوانێکی نوێتان پێیە لەسەر ئەوەی مووچەی مانگی نیسان کەی دابەشدەکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: من دەمەوێت بەڕاستی قسە بکەم. ئەو پارەیەی بۆ مووچە هەمانە 400 ملیار دینارەکە، دەتوانین بڵێین ئامادەیە و 70 بۆ 80 ملیار دینارێکی مانگی پێشووش ماوەتەوە کە ئەوەندەش بەتەنیا بەشی مووچە ناکات. ئەگەر لەم ماوەیەدا بە زوویی خوا بکات ئەو کێشەیەی عێراق و تورکیا چارەسەربێت و پارەی نەوتمان بۆبێت، چونکە ئەگەر پارەی نەوتمان بۆ نەیەت 500 ملیۆن دۆلارمان کەم دەبێت بۆ مووچە، بەڵام لەم دۆخەدا و بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق هەمانە و بەپێی یاسای بودجە و هەموو لۆژیکێک، لە هەر دۆخێکدا کە ببێتە هۆی نەناردنی نەوتەکە لە بەرپرسیاریەتی عێراقدایە و دەبێ بۆمان دابین بکات و خەریکین لەسەر ئەوەش کاردەکەین.
رووداو: گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی 200 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین لەبەر ئەوەی پارەی کاشمان کەمە، ئەوە لەکاتێکدایە تەنیا لە مانگی شوباتی 2022 تاوەکو شوباتی 2023 بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 17 ترلیۆن دیناری چاپکردووە، جگە لەوەی کە 12 ترلیۆن بۆخۆی خەرجدەکات، ئایا لاتان پرسیار نەبوو کە مەبەستیان لە کەمی پارەی کاش بۆ 400 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: عێراق وەکو عەرەب دەڵێن "الکیل بمکیالین" واتا بە دوو شێواز هەڵسوکەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە لەم چەند ساڵەی دواییدا، واتە زیاد لە 10 ساڵە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات. بۆنموونە، لە سەردەمی شەڕی داعشدا کورد و خەڵکی کوردستان هاوشانی عێراق شەڕی دژی داعشیان کرد، مووچەی فەرمانبەرانی ئێمەیان بڕی، مووچەی فەرمانبەرانی ژێر دەستی داعشیان لە مووسڵ و ئەنبار و دیالە دەنارد؛ پێشمەرگەکانی ئێمە شەهید دەبوون، هیچی بۆ پێشمەرگە نەدەکرد کە لە شەڕی داعشدا شەهید دەبوون؛ تا ئەم جارەش کە ئەو کێشانە لە یاسای بودجەی عێراقدا چارەسەرکراون، هەر هەبوون، واتە ئەو یەک بان و دوو هەوایە هەر هەبووە لەبەر ئەوەی کێشەیەکی سیاسی هەبووە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا. ئەو کێشە سیاسییانە سەرەڕای ئەو هەوڵانەی لەلایەن هەرێمی کوردستان و ئەو لایەنانەی خێری هەردوولایان دەوێت، هێشتا نەتوانراوە لەو پەیوەندییە خراپە تێپەڕین، لەبەر ئەوەی لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراق خەڵکێک هەن کە باوەڕیان بە فیدراڵی و هەرێم و ئەو بابەتانە نییە، بەڵکو بڕوایان بە سیستمێکی ناوەندی هەیە.
رووداو: بڕوایان بە دەستووریش نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: بڕوایان بە دەستووریش نییە. ئێمە لە شاندەکانی دانوستاندندا کە زۆر رۆیشتووین بۆ بەغدا، لە پەرلەمانتارانی ئەوانمان بیستووە کە ئەم دەستوورە بۆ عێراق باش نییە و با بێین لەپاڵییەوە شتێکی هاوتای دەستوور دروستبکەین. یان لەم دواییانەدا دادگەی فیدراڵی کە حوکمی لەسەر کورد دەرکرد، لەسەر نەوت و بابەتەکانی دیکە نەگەڕایەوە بۆ دەستوور، بەڵکو گەڕایەوە بۆ یاسایەک کە یاسای سەردەمی بەعسە و هی "ساڵی 1973"یە و یاسای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشە کە هەموو سەرەواتی عێراقی داناوە بۆ حکومەت و ناوەند، ئەو عەقڵیەتە ناوەندییە شموولییە لەگەڵ رۆحی فیدراڵییەت ناگونجێت. ئەوە راستییەکە دەبێ هەموو کورد بیزانێت، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان لەنێو ململانێی سیاسی خۆمان و لەنێو موزایەدەکردن و پۆپۆلیستیدا ئەو راستییە بیرچووەتەوە کە لەگەڵ عێراق ناکۆکی هەیە و ئێستا وردە وردە بەرەو چارەسەربوون دەڕۆین. بۆ نموونە لەسەر نەوت ئەوە چارەسەر بوو و لەسەر بودجە و پێشمەرگە خەریکە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەوهەموو کێشانەی کە هەمانن لە شەو و رۆژێکدا و بە یاسایەکی بودجە لە دوو بۆ سێ ساڵ چارەسەردەبێت؟ نەخێر. ئێستا بۆ ئەوەی کێشەی نەوت و بودجە چارەسەربێت لە ساڵی 2013 تا ئەمڕۆی کات ویستووە. من خۆم گەشبینم بە وریاییەوە، لەبەر ئەوەی ئەزموونەکان ناخۆش و تاڵن.
رووداو: یەک لە کێشەکان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە یەک ملیۆن و 251 هەزار مووچەخۆرم هەیە، حکومەتی فیدراڵیش تاوەکو ئێستا دانی ناوە بە 681 هەزار فەرمانبەر. ئەم ژمارەیەی ئەوان لە چییەوە هاتووە؟ ئەوەی ئەوان راستە یان ئەوەی خۆمان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە ئێمە لە یاسای بودجەی 2023 جێگیرمان کردووە 682 هەزار فەرمانبەرە، ئەمە بە میلاک بە پلەکانەوە جێگیر بووە، ئەوە یەکێکە لەو دەستکەوتانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ یەکەمجار میلاکێکی بڕواپێکراوی هەیە کە لەلایەن چاودێریی دارایی هەردوولاوە سەلمێندراوە؛ ئەو 680 هەزارە خانەنشینی کەمئەندام و شەهیدانی لەگەڵ نییە و تەنیا کارمەندانی شارستانین، ژمارەی مووچەخۆرانی ئێمە ئێستا لای عێراق بە داتا جێگیربووە. یەکێک لەو شتانەی کە زۆر یارمەتی ئێمەی داوە لەم ماوەیەدا بۆ ئەوەی نزیک بینەوە لە دانوستاندنەکاندا بایۆمەتری بووە کە کاریگەری گرنگی هەبووە.
رووداو: بایۆمەتری بووە بە پێوانەیەک؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ بووەتە پێوانەیەک، چونکە ئێمە زۆر بابەتمان پێ ساخکردەوە.
رووداو: واتە بەو مووچەخۆرانەی کە باست کرد، ژمارەکە دەچێتەوە ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر؟
ئاوات شێخ جەناب: پێم وایە دەچێتەوە ئەو ژمارەیە.
رووداو: ئەگەر بەغدا ئەوەندە مووچەخۆرە هەژمار بکات، دوایی ئەو ژمارەیەی دیکە کێشەی دارایی دروستناکات؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر هەر کەمهێنانێک بێت وەکو چۆن پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارییەتییەکەی هەڵگرتووە، هەڵی دەگرێت.
رووداو: بەڵام ئەو کەمهێنانە نیواونیو جیاوازیی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە ئەو فەرمانبەرانەن کە دەوام دەکەن، بۆ نموونە پێشمەرگە دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری و لەو لیستەدا نییە؛ خانەنشین، شەهیدان و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تێدا نییە. ئێمە کێشەمان لەوە نییە و ژمارەکە جێگیر بووە، واتا هەم وەکو میلاک جێگیر بووە و هەم وەکو تەرخانکردنیش.
رووداو: پڕۆژەی بودجەی سێ ساڵ لە پەرلەمانی عێراق بە باشی دەچێتە پێشەوە و دەگوترێت لە کۆتایی مانگی ئایار پەسند دەکرێت. بەپێی ئەو بودجەیە 16 ترلیۆن زیاترە و باس لەوە دەکرێت کە رەنگە 19 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بێت، ئەمە بووژانەوەی ئابووریی گەورەی وەکو 2012 دروستدەکاتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: با یەکسەر بەهار نەکەوێتە ئەژنۆ. لە 18 ترلیۆن دیناریش تێدەپەڕێت و رەنگە بچێتە نزیک 20 ترلیۆن دیناریش، بەڵام ئەمە هەندێک پارەی لێ دەردەچێت کە پێشتر ئەوە بۆ ئێمە نەبوو، بۆ نموونە تێچووی بەرهەمهێنانی لێ دەردەهێنرێت، یان تێچووی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی لێ دەردەکرێت و لەو پارەیە نزیکەی سێ ترلیۆن تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لێ دەردەکرێت و ملیارێک زیاتری تێچووی گواستنەوەی نەوتی لێ دەردەکرێت و ژمارەکە کەم دەبێتەوە. ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار دەبێت. ئەو رێککەوتنە هەندێک خاڵی ئەرێنی زۆر باشی تێدایە بۆ کورد. یەکێک لەوان جێگیرکردنی میلاکاتە، هەرچەند بابەتی پێشمەرگە هێشتا بە دڵی خۆمان نییە، بەڵام هەنگاوێک چووەتە پێشەوە کە دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری و ئێستا ژمارەی پێشمەرگە و میلاک و پلەکانیان جێگیر بووە کە جاران ئەوانە لە بەربەستە گەورەکان بوون لەنێوان ئێمە و حکومەتی عێراقدا.
رووداو: ئەمە شتێکی زۆر باشە، بەڵام بەراورد بە ژمارەی حەشدی شەعبی و بودجەی حەشدی شەعبی کە ژمارەیان 261 هەزاری تێپەڕاندووە، ئەوەی پێشمەرگە کەمە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر لە ژمارەکەدا هەڵەم نەکردبێت، پێم وایە 138 هەزار پێشمەرگەمان جێگیر کردووە، بەڵام لە دانوستاندندا بە یەک گەڕ یان دوو گەڕ هەموو شتێک بەدەستنایەت.
رووداو: واتە ئەوە بۆ هەنگاوی یەکەم بەدڵتانە؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ ئێمە هەموو ئەو بابەتانە وان، بۆ نموونە کاتی خۆی 12.67٪ دانرابوو بۆ ئێمە، ئەمجارە ئێمە پێداگریمان کرد کە ئێمە بەو ژمارەیە قایل نین و سووربووین کە لە مانگی داهاتوودا سەرژمێری بکرێت و بەپێی ئەو سەرژمێرییە دەبێ رێژەکە راستبکرێتەوە. ئێمە دوو لایەنین دانوستاندن دەکەین؛ کەسمان بە هەموو خواستەکانی خۆمان ناگەین.
رووداو: ئەو 16 ترلیۆنە زیاترە لەوەی کە لە 2012 و 2013 وەرماندەگرت؟
ئاوات شێخ جەناب: دەتوانین بڵێین زیاترە، لە قەرەبووی فەرمانبەراندا زیاترە. ئەوکات ئێمە بۆ قەرەبووی فەرمانبەران پێنج ترلیۆن دیناریان بۆ دانابووین، ئێستا بەپێی ئەوەی بەراوردی میلاکات کرا، ئەمجارەیان نۆ ترلیۆن دینارمان بۆ قەرەبووی فەرمانبەران داناوە.
رووداو: ئەو 16 ترلیۆنە دوای لێبڕینی بودجەی سەروەریشە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ. لە باشییەکانی ئەو رێککەوتنەی ئێمە یەکێکیان ئەوەیە کە ئەگەر بە باشی و بە رێکوپێکی بڕواتە پێشەوە، 90٪ بۆ 95٪ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانمان نامێنێت، ئەو 5٪ەشم بۆ ئەو ئەگەرە سیاسییانە داناوە کە ناتوانی پێشبینی بکەیت و بڵێی 100٪ هەموو شتێک بە دڵی من دەبێت.
رووداو: هەر کێشەی مووچەمان نامێنێت یان بودجەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانیش دەتوانین بڕە پارەیەکیان بۆ تەرخان بکەین؟
ئاوات شێخ جەناب: نزیکەی سێ ترلیۆن دینارمان داناوە بۆ بودجەی وەبەرهێنان، ژمارەیەکمان داناوە کە لە تێچووی کارکردن بچووکترە، بە ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی هەمانە، قەت بودجەی وەبەرهێنان لە عێراق بە رێکوپێکی نەهاتووە.
رووداو: بووژانەوەیەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان روودەدات؟
ئاوات شێخ جەناب: لە هەموو حاڵەتێکدا کە کێشەی مووچە نەما، بازاڕ دەبووژێتەوە. ئەوەی کە ئێمە هەمانە لەگەڵ 50٪ی داهاتی ناوخۆ پاڵپشتییەکی باش دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکان.
رووداو: باست لە ژمارەی دانیشتووان کرد. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 884 هەزار و 23 کەسە کە دەکاتە 14٪ی دانیشتووانی عێراق، بەڵام ئەوان 12.67٪یان داناوە، لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەنێوانتان دروستبوو؟
ئاوات شێخ جەناب: من لە قسەکانمدا باسم کرد کە شایستە داراییەکان لە 12.67٪ ئێمە مەرجێکمان دانا کە دەبێت لە مانگی 10ی ئەمساڵدا سەرژمێری بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە راستبکرێتەوە، چونکە پێمان وایە ئەوە ستەمێکە لە کورد دەکرێت. بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق خستوویەتەڕوو ئێمە ئەوەندەین، ئەگینا ئەوەی ئێمە داوامان دەکرد 17٪ی جاران بوو.
رووداو: تاوەکو ئێستا بە فەرمی عێراق نامە و داواکاری ناردووە بۆ تورکیا کە پرۆسەی ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: تا ئەمڕۆ ئەوەی من بزانم، عێراق و تورکیا لە پەیوەندیدان، بەڵام پەیوەندی راستەوخۆیان نەبووە یان نووسراوی راستەوخۆیان بۆ نەناردوون؛ پێشنیازێکیش هەیە کە لەوانەیە شاندێکی هاوبەشی ئێمە و عێراق بەیەکەوە بچن بۆ تورکیا.
رووداو: کەی ئەمە روودەدات؟
ئاوات شێخ جەناب: دیار نییە، لەبەرئەوەی کاتەکەی دیارینەکراوە.
رووداو: ئەی بڕیاری لێ دراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: پێشنیازێکە.
رووداو: پەرلەمانتارێکی عێراق لەم رۆژانەدا بە میدیاکانی راگەیاند کە هەوڵێک هەیە عێراق نەچێتە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا بۆ ئەو بڕە پارەیەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس وەک قەرەبووکردنەوە دیاریکردووە. بابەتێکی لەم شێوەیە هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: من زانیاریم نییە، بەڵام لۆژیک پێمان دەڵێت تورکیا و عێراق پێویستییان بەو بۆرییە نەوتە هەیە. عێراق ناتوانێت دەستی لێ هەڵبگرێت و تورکیاش بە هەمان شێوە؛ بۆ عێراق ئەو 500 هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوێوە بڕوات و لە یاسای بودجەی عێراقیشدا ئەو 500 هەزار بەرمیلە جێگیر بووە. ئەو نەوتە رێگەیەکی دیکەی نییە لێیەوە هەناردە بکرێت. بابەتەکە تەنیا کاتە، ئەگینا ئەو رێککەوتنە هەر دەکرێت.
رووداو: ئەگەر گرژی دروستبێت و رێککەوتنەکە بەو شێوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، نەچێتە بواری جێبەجێکردن، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی B هەیە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆک دادەدات؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، لە بنەماوە رێککەوتنەکە هاوسەنگە و چۆکدادانی تێدانییە؛ جێگرەوەکان ئەوەن کە ئەو نەوتەی هەمانە لە پاڵاوگەکانی خۆماندا بەکاریبهێنین و وەک پیشەسازی پیترۆ کیمیایی دەتوانین دەستپێبکەین کە ئەوە رەنگە کاتی بوێت یان لە رێگەی تانکەرەوە کە رەنگە تێچووەکەی زیاتربێت، دەتوانی لەو رێگەیەوە هەناردەی بکەی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی رێککەوتنی لەگەڵ عێراق و سەقامگیری سیاسی لەگەڵ عێراق لا گرنگترە لەو دوو بژارە ئەمەیانی هەڵبژاردووە.
رووداو: ئەمریکا و ئەوروپاش بەلایانەوە گرنگە عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندبن بەو رێککەوتنە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی ئێمە لێیان تێگەیشتووین و بینیومانە، ئەوان سەقامگیرییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت.
رووداو: مشتومڕێک هەیە لەسەر مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی. ئێوە رازی دەبن ئەو مووچەیە بچێتە سەر بەغدا و راستەوخۆ لەوانەوە وەریبگرن؟
ئاوات شێخ جەناب: تەرخانکردنی پارە بۆ مووچەی کەسوکاری شەهیدان و هەموو ئەو بابەتانە لە بەشی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران یان ئیعاناتی کۆمەڵایەتی لە پشکی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کراوە و هیچ مەترسی و کێشەیەکی لەسەر نییە.
رووداو: لە هەرکوێ وەریبگرن؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ لە هەر کوێ، هەندێک شت هەیە وەک وەهمێک دروستبووە، میدیا و سۆشیاڵمیدیا کاریگەرییان لەسەرە و خەڵکەکە ئەو ماوە دوور و درێژەی کە لە هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی مووچە و بێمووچەیی و چارەکە مووچە هەبووە، جۆرێک پەرچەکردار و ترسی دروستکردووە. ئەگەر بێیتە سەر باری حەق، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆرۆناوە زوو کەوتەوە سەر پێی خۆی، سەرەتا چەند مانگێک 21٪ی مووچەی بڕی، بەڵام لە مانگی حەوتی ساڵی 2021ەوە تا ئەمڕۆ هەموو مانگێک مووچەی بە تەواوەتی داوە. لەبەر ئەوە مەترسی لەسەر مووچەی شەهیدان و ئەنفال و هیچ چین و توێژێکی نێو کۆمەڵگە نامێنێت.
رووداو: بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا کراوە؛ ئەگەر ئەو رێککەوتنە سەری نەگرت، لەمەوبەدوا وەکو جاران بە تەنکەر نەوت دەڕوات، یان تانکەر بنبڕکرا؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر رێککەوتنەکە سەری نەگرت، "لكل حادث حديث". با پێش رووداوەکان نەکەوین.
رووداو: بەپێی حەدیسەکە رەنگە بە کێی بفرۆشن؟
ئاوات شێخ جەناب: من گەشبینم کە بودجە تێدەپەڕێت و سەردەگرێت، چونکە بووە بە پێویستی بۆ عێراق.
رووداو: ئەگەر سەرنەگرێت بە کێی دەفرۆشن؟
ئاوات شێخ جەناب: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتەواوەتی دەیەوێت ئەو رێککەوتنە سەرکەوتووبێت، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت سەرکەوتووبێت.
رووداو: گوتت ئەگەر سەرنەگرێت رەنگە بە تانکەر بیفرۆشن، ئەوکات دەیدەن بەکێ؟
ئاوات شێخ جەناب: پرسیارەکەت ئەوەبوو ئەگەر خوا نەکردە سەرنەگرێت، من بۆ ئەم خوانەکردە ئەو ئەگەرەم خستەڕوو، چونکە لای ئێمە خوا کردوویەتی و تەواوبووە.
رووداو: لە ماوەی پێنج مانگدا حکومەتەکەی سوودانی زیاتر لە 500 هەزار کەسی دامەزراندووە و لە ساڵی 2021ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 830 هەزار کەس دامەزرێنراون، ئەمە جگە لەوەی کە سەتان هەزار کارمەندی گرێبەستی کردووەتە فەرمانبەر، ئێوە چی دەکەن بۆ کارمەندانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێستا ئەنجوومەنی راژەمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و ئەو ئەنجوومەنە چاودێری دامەزراندن و زیادکردنی میلاکات و ئەو بابەتانە دەکات. بۆ گرێبەستەکان ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەش خەریکین هاوئاهەنگی بکەین بزانین ئەوەی کە بتوانرێت بیکەین. هەندێک حاڵەت هەیە ئێمە لە مشتومڕی پەرلەمانی عێراق دەرباز دەبێت یان نا. ئێمە داوای ژمارەیەکمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانین ژمارەیەک کەس دابمەزرێنین. داوای ژمارەیەک دامەزراندنمان لە عێراق کردووە، بەڵام ناتوانم ئەو ژمارەیە باس بکەم، لەبەرئەوەی نازانم لەسەر چ ژمارەیەک دەگەینە رێککەوتن.
رووداو: دەتوانی بە نزیکەی ئەو ژمارەیە پێم بڵێی؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە داوای 10 بۆ 15 هەزار میلاکاتمان کردووە، چەندی سەردەگرێت یان نا، ناتوانم ژمارەی کۆتاییت بدەمێ. ئەوە هەوڵێکە کە ئێمە داومانە و بەلاشمانەوە گرنگە، چونکە گرێبەستەکان ئێستا بە کردار فەرمانبەری حکومەتن.
رووداو: بەڵام لەڕووی ماف و دڵنییاییەوە فەرمانبەر نین؟
ئاوات شێخ جەناب: فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان جۆرێک ئاڵۆزی و تێکەڵی تێدایە کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت، بۆ نموونە کە تۆ بڕیارێک دەدەی، دەبێت بڕیارێکی جیاواز هەبێت بۆ تەندروستی و بڕیارێک بۆ شارەوانی و بریارێکی جیاوازیش هەبێت بۆ گرێبەستی کشتوکاڵی و وەزارەتەکانی دیکە، واتا تایبەتمەندییەکان جیاوازن. بۆ نموونە کە بڕیارێک دەدەی و دەڵێی گرێبەستەکان دەکەم بە هەمیشەیی، لە شارەوانی گرێبەستی تێدایە تەمەنی 65 ساڵە و یاسا نایگرێتەوە.
رووداو: رەنگە رێژەیەکی کەم لەوانە هەبن؟
ئاوات شێخ جەناب: نا، زۆرن. سرووشتی گرێبەستی شارەوانی وەرزییە؛ تۆ گرێبەستی وەرزی چۆن دەکەی بە هەمیشەیی؟ لەگەڵ ئەو کەسەی گرێبەستی 10 ساڵەی هەیە چۆن بە یەک شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەی؟ بەگشتی کێشەی زۆر تێدایە.
رووداو: جاران ئەوەی سێ ساڵ گرێبەست بووبا دەبوو بە هەمیشەیی، ئەوە نەما؟
ئاوات شێخ جەناب: حکومەتی هەرێم لەم کابینانەی پێشەوە، لە ساڵی 2014 بۆ 2018، لەژێر گەمارۆدا ئێمە 350 هەزار کەسمان دامەزراندووە، وای لێهاتووە عێراق بە ئاسانی میلاکی تازە لە ئێمە قبووڵ ناکات، چونکە بەپێی رێژەی دانیشتووان، ژمارەی دامەزراوانی ئێمە زۆرن، بەڵام لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران سۆزێک لەسەر بابەتی گرێبەست و وانەبێژ هەیە کە هەوڵ بدرێت کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
رووداو: هەموو وەزیرەکان کە باسی فەرمانبەری گرێبەست دەکرێت دەڵێن ناردوومانە بۆ وەزیری دارایی. ئێستا تۆ قسەیەکی خۆشت پێیە بۆیان؟
ئاوات شێخ جەناب: قسەی خۆش لەسەر گیرفانی پڕ دەکرێت.
رووداو: ژمارەیەکیان دادەمەزرێنن، بەڵام رێژەکەی نازانی؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی من لە ئەنجوومەنی وەزیران تێگەیشتووم، نیەتەکە هەیە؛ بابەتێک هەیە کە هەر دەگوترێ وەزارەتی دارایی، ئێستا کێشەی مووچە بووە بە کێشەیەکی ناوەندی و لە وەزارەتی دارایی بە تەنیا دەرچووە. ئێستا کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان کێشەی هەموو ئەنجوومەنی وەزیرانە.
رووداو: واتا بۆ نموونە لە رووداو بنووسرێت، نیەت هەیە بۆ بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان؟
ئاوات شێخ جەناب: نیەت هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، چونکە لە هەموو دۆخێکدا ئەوە کێشەی حکومەتە و دەبێت چارەسەری بکات.
رووداو: ئەی وانەبێژەکان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوانیش بە هەمان شێوە، وانەبێژەکان واقعێکن و زەروورن و پێویستیمان پێیان هەیە و ژمارەیان زۆرە. هەفتەی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر بابەتی وانەبێژەکان کۆبوونەوەمان کرد، لە هەردوولا لیژنەمان دروستکردووە.
رووداو: گەیشتن بە چی و ئێستا قسەتان بۆ وانەبێژان چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: چاوەڕوانی ئەنجامی لیژنەکان دەکەین بۆمان بنێرنەوە، بەو شێوەیەش لە ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردراوین کە ئەنجامی لیژنەکانی هەردوو وەزارەت بەرز بکەینەوە و بۆیان بنێرین.
رووداو: ئەی یەکەمەکان؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ یەکەمەکان بڕیارێکمان هەیە بە ریزبەندی دەست کراوە بە دامەزراندنیان و ئێستاش پێم وایە هەر بەردەوامە.
رووداو: ئەگەر دۆخەکە چاک ببێت، کەس نامێنێت لە یەکەمەکان دانەمەزرابێت؟
ئاوات شێخ جەناب: پرۆسەکە دەستی پێکردووە، واتە لەو بێ دەرەتانییەدا دەستی پێکردووە، لەو بڕوایەم کە پرسی بودجەی عێراق جێبەجێ بێت، چارەسەری زۆربەی کێشەکان زۆر ئاسانتر دەبێت.
رووداو: بەرنامەیەکم بۆ پێشمەرگە خانەنشینەکان و بەرگریی شارستانی کرد و لە بەرنامەکەدا یەکێکیان گوتی، دەبێت 50 هەزار دینار بخەمە سەر مووچەکەم ئینجا دەتوانم بەرمیلێک نەوت بکڕم. کەمترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، بەڵام لە بەغدا 400 بۆ 500 هەزار دینارە، لە سەردەمی نەوشیروان مستەفا و لە گەرمەی بانگەشەکانتان ئێوە زۆر پێداگریتان لەسەر ئەو توێژە دەکرد، ئێستا کە وەکو گۆڕانخوازێک وەزیری دارایی، بۆ ئەم توێژە هیچ دەکەیت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەم بڕیارانە بەتەنیا بڕیاری وەزیری دارایی نین.
رووداو: دەزانم، بەڵام ئەوەش دەزانم کە مەسرور بارزانی خاتری تۆی زۆر لایە؟
ئاوات شێخ جەناب: کاک مەسرور سەرۆکوەزیرانە و بەرپرسیاریەتی هەموو هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە ئەستۆی ئەوە؛ پێشمەرگە و ئەوانەش کە پێشمەرگە نین هەمووی هاووڵاتی و نەتەوەی خۆیەتی؛ ئەوەی من بیزانم سۆزی زۆریشی بۆ پێشمەرگە هەیە، بەڵام ئێستا من پێت بڵێم دەتوانین بۆ نموونە 50 هەزار خانەنشین یان 30 هەزار خانەنشین 200 هەزار دینارەکەی بۆ دەکرێت بە 400 هەزار دینار، ئەگەر بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق نەبێت، هەرێمی کوردستان بەتەنیا پێی ناکرێت. ئەگەر بە حەزی من و ئەنجوومەنی وەزیران بێت، حەزدەکەین پێشمەرگە لە هەموو ئیمتیازاتەکاندا لە ریزی پێشەوە بێت.
رووداو: لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە کەسێک پێشمەرگەی نیشتمانێک بێت و دوای ئەوەی خانەنشین بوو، مووچەکەی بەشی بەرمیلێک نەوت نەکات؟
ئاوات شێخ جەناب: بمبوورە ئەو قسەیە دەکەم. ئێمە موزایەدە بەسەر یەکتریدا دەکەین، لە ئێستادا لە سایەی گەندەڵی پشکپشکێنە و حیزبایەتیکردن ژمارەی مووچەخۆر گەیشتووەتە ملیۆنێک و 250 هەزار کەس، بۆ نموونە هەیە بە یەک نووسراو 60 بۆ 62 هەزار کەس خانەنشین بووە؛ لە ساڵەکانی 2014 بۆ 2018 350 هەزار کەس دامەزراون، ئەم حکومەتە تۆ هەر بارت کردووە و ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێک کە توانایی وڵاتەکەت ئەوەی بۆ دابین ناکرێت، ئەگینا ئەگەر لێم بپرسی لەسەر حەقە، من دەڵێم 100٪ مافی خۆیەتی، لەم شاندانەی کە چووینەتە بەغدا، لەگەڵ عێراقدا لە دانوستانداین و دەشتوانم بڵێم وەک بنەما قسەیەک کراوە و لەو بڕوایەم هەندێک ژینگەی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هێورتر ببێتەوە سەربگرێت، ئێمە پێمان گوتوون کە دەبێت مامەڵەی هاوتامان بکەن لەگەڵ هەموو هاووڵاتییانی عێراق، پێشمەرگەکانی ئێمەش وەکو حەشدی شەعبی و وەکو سەرباز مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و خانەنشینەکانمان وەکو لای خۆتان لێ بکەن، چونکە جیاوازی مووچە هەر لە رێژەیەک لەنێو خانەنشینی پێشمەرگەدا نییە، لە خانەنشینییەکانی دیکەی ئێمە لەگەڵ عێراق جیاوازی هەیە؛ لە نێوان مامۆستاکان و فەرمانبەر و پۆلیسەکانمان ئەو جیاوازییە هەیە.
رووداو: ئەو 16 ترلیۆنەی کە لای ئێوە بڕاوەتەوە دەنێردرێت، زۆربەی ئەو کێشانەمان چارەسەر دەکات؟
ئاوات شێخ جەناب: دەیکات. لەپێش هەموو شتێکەوە بۆ نموونە گوشار لەسەر بودجەی گشتی تا رادەیەک کەم دەکاتەوە؛ ئێستا ئێمە 100٪ی داهاتی نێوخۆمان بۆ مووچە دەڕوات، لەو حاڵەتەدا 50٪یمان بۆ دەمێنێتەوە و ئەو رێژەیە دەتوانێت رێگەوبان چاک بکات و بازاڕ بجووڵێنێتەوە.
رووداو: داهاتی نێوخۆش ئەگەر تەداولی پارە دروستبکرێت و سەقامگیری و وەبەرهێنان دروستبکرێت، دەکرێ زیاد بکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: سیستمێکمان داناوە بەناوی KFMS و لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە کۆنتڕۆڵی خەرجییەکان دەکرێت، وامان کردووە خەرجی ناپێویست بەڕادەیەک بێتە خوارەوە، بەو پارە زۆرەی کە کەمبووەتەوە و بەو کەمەی کە خەرجی دەکەین، خزمەتمان زۆر زیاتر پێشکێشکردووە لە جاران. ئەگەر ئەو بارودۆخە بێتە پێشەوە و رێککەوتنی بودجەکە سەربگرێت، لەو بڕوایەدام ئەو 50٪ی داهاتی نێوخۆیە زۆر زۆر لە جاران زیاتر خزمەتی پێ بکەین.
رووداو: هەست ناکەی حکومەتتان ئەوەندە باریک و لاواز کردووەتەوە، خەریکە تووشی بەدخۆراکی دەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەولەویەت بۆ مووچەیە، پێشم وایە کەس لەسەر ئەوە مشتومڕی ناکات کە ئەبێ مووچە بێت.
رووداو: میکانیزمی وەرگرتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان زۆر دواکەوتووانەیە. خۆت دەبینی کە خانەنشین دێن لەژێر سێبەری دارێک رادەوەستێت و دەبێ هەتاو لێی بدات، ئێستا سەردەمی هۆشمەندیی زیرەک و سەردەمی ڤیزەکارت و ئای پی و نەمانی پارەی کاشە، بۆ ئەمە پلانتان چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە دەستمان پێکردووە. ئێستا لە سلێمانی چوارچێوەیەکمان بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینی داناوە کە ئەو سەرئێشە و مردنەی کە جاران هەبوو، ئێستا بەشی هەرە زۆریمان نەهێشتووە، لە هەولێریش ئەزموونێکمان تاقیکردەوە کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتەوە مووچە دابەشبکرێت. ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران خەریکی بەرنامەیەکن کە چاوەڕوان دەکەین ئەمساڵ یان لە خراپترین دۆخدا لە کابینەی دەیەم 100٪ تەواو دەبێت و ئێستا خەریکن پرۆگرامی بۆ دادەڕێژن بۆ ئەوەی هەمووی ببێتە ئەلیکترۆنی. کێشەکانی وڵاتی ئێمە، کەڵەکەبوونی گەندەڵی و.. واتە بوارێکی ژیان نییە کێشەی نەبێت، یەکێک لەو کێشە گەورانەی ئێمە ئەوەیە کە بە بانک دەکرێت، ئێمە زیاتر لە 90 بانکمان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە یەک بانکمان نییە تایبەتمەندی بانکی تێدابێت، تەنیا یەک بانک نییە ئەنجوومەنی کارگێڕی هەبێت.
رووداو: بۆچی بەم شێوەیەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: بانک دەبێ ئەنجوومەنی کارگێڕی هەبێت، دەبێت سەرمایەی بانکی هەبێت و ربحی هەبێت.
رووداو: ئەی یاسای بانکمان نییە لە پەرلەمان؟
ئاوات شێخ جەناب: هەمانە بەبێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی لە بانکی ناوەندی هیج جۆرە پشتیوانییەکی هەبێت.
رووداو: عێراقیش بەم شێوەیەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هەنگاوی یەکەم ئێمە دەبێ جارێ متمانەکەی بۆ دروستبکەین. لەگەڵ عێراق رێککەوتووین کە ئێمە لقێکی بانکی ناوەندی بێتە هەرێمی کوردستان بەناوی بانکی نیشتمان. ئەو بانکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئیعادەی تەهییلی هەموو بانکەکان دەکات.
رووداو: ئەمە جیاوازی چی دەبێت لەگەڵ لقی هەولێری بانکی ناوەندی و بانکە بازرگانییەکانی دیکە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەو دوو بانکە دەتوانی بڵێی دوو بانکی حکومی بێ مواسەفاتن؛ نە ئەنجوومەنی کارگێڕییان هەیە و نە سەرمایەی بانکی، چونکە بانک مامەڵەی کۆمپانیای هەیە و بێ سەرمایە ناتوانێت ببێت بە بانک؛ بێ متمانە لە بانکی ناوەندی یان لە بانکێکی دایکانە، ناتوانێ ئەو متمانەیە وەربگرێت.
رووداو: ئەی ئەمە تەندروستە دوو بانکی هەرێم لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر.
رووداو: لەسەر ئەمەش تێبینیت هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە یاسای وەزارەتی داراییدا کە لە ساڵی 2010 جێگیرکراوە، یەک بانکە، کە ناوی بانکی بازرگانییەکانە.
رووداو: ئەمەش بەرهەمی ململانێیە؟
ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنیاییەوە بەرهەمی ململانێیە.
رووداو: بانکەکانی حکومەت لە عێراق قەرزێکی زۆر دەدەن؛ئەوان بۆ پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورە و بچووک و مامناوەند قەرز دەدەن. ئەی لە هەرێمی کوردستان دوای رێککەوتنەکە، ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکات؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ بانکی نیشتمان، نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە کە پێم وایە ئەویش خەریکە تەواودەبێت. لای هەرێمی کوردستانەوە بانکەکە دروستبووە و سەرمایەکەی 250 ملیار دیناری بۆ دانراوە و پارەی کاشی بۆ دیاریکراوە و دوایین مۆڵەتی ماوە و کە مۆڵەتەکەی وەرگرت، پرۆسەی تەئهیلی بانکەکان و متمانەپێدانیان دروستدەبێت. من بۆم باسکردی کە بانکەکانی هەرێمی کوردستان هیچ تایبەتمەندی بانکیان نییە. بانک کاتێک دەتوانێت قەرز بدات کە سەرمایەی هەبێت.
رووداو: ئێستا هەندێک بانک لە هەرێمی کوردستان دروستبوون کە بوونەتە جێگەی هیوای خەڵک. ئەو تێبینییەت لەسەر بانکە ئەهلییەکانیش هەیە یان ئەم قسەیەت بۆ هەموو بانکەکانە؟
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان، تا بانکی تایبەت دروستبێت و تا بانک لە وڵاتەکەدا هەبێت و جووڵەی دارایی و سیستمی بانکی دروستبێت و بە بانکەکانی دنیاوە پەیوەستبێت، هەمووی بەسوودە.
رووداو: ئەی ئەو بانکە دیجیتاڵییانەی کە دەکرێنەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: وا چاوەڕوان دەکەین ساڵێکی دیکە نەخایەنێت بانکەکانی خۆشمان بەدیجیتاڵی بکەین.
رووداو: واتە ئەو پاشاگەردانییەی بانکەکان لە کوردستان قبووڵ ناکرێت ئیدی؟
ئاوات شێخ جەناب: دەتوانی وا هەژماری بکەی لە هەنگاوە گرنگەکانی چاکسازی و بەرەو شەفافیەت رۆیشتن، یەکێکیان چاککردنی بانکەکانە.
رووداو: بەڵێندەرەکان زیانی زۆریان لەو قەیرانە داراییەدا پێگەیشت، قسەیەکی خێرت پێیە بۆ بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەمڕۆ نا. بۆچی؟ هەموو ژیانی خەڵک و مووچە و هاووڵاتی و دامەزراندن هەمووی پەیوەندی بە تواناوە هەیە، توانایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رووداو: پرسیارەکانم بۆ ئەمڕۆ لێک مەدەوە، من وا پرسیارت لێدەکەم کە 16 ترلیۆن دینارەکە هات بۆ هەرێمی کوردستان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەو 16 ترلیۆنە هەر لە سەلاموعەلەیکدا ترلیۆنێکی دەچێت بۆ مووچە، ئینجا چەندی دەچێت بۆ خەرجی سەرۆکایەتییەکان و وەبەرهێنان، ئێستا ئێمە لێکدانەوەمان وایە لە عێراقەوە رەنگە مانگی 300 ملیار دینارمان بۆ بێت.
رووداو: هەست ناکەن ئێوە حکومەتێکی قەرزکوێرن، خۆ ئەوە قەرزی خۆیانە لای حکومەتە؟
ئاوات شێخ جەناب: 100٪ وایە، ئەمە لەو بارە قورسانەیە کە هاتووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو دۆخەی کە پارە نەبووە، دەستیان بردووە بۆ هەموو پارەی نێو بانک؛ چاوەڕێی ئەوەیان نەکردووە کە ئەو کێشەیە درێژەی دەبێت، لەبەر ئەوە دەستیان بردووە بۆ پارەی تەوفیر و پارەی کۆمپانیاکان و هەموو ئەو پارەیەی کە هەبووە، وایان لێکداوەتەوە کە سێ یان چوار مانگ دەبات و چارەسەر دەبێت. لەسەر حکومەتە ئەو قەرزانە بداتەوە و لەسەری قەرزە. ئەو 16 ترلیۆنە وا بزانین لە عێراقەوە هەموو مانگێک ترلیۆنێک و 300 بۆ 400 ملیار دینار دێتە هەرێمی کوردستان، ئەمە دەبێت بە جۆرێک لە خەیاڵ، چونکە لە لایەک پێت دەڵێت 12.67٪ە و لەلایەک دەتباتە سەر خەرجییەکانی وەبەرهێنان؛ ئەو خەرجییانەت بەگوێرەی چەند پارێزگاکەی عێراق بۆت خەرج دەکات. ئێمە بە ژمارە 16 ترلیۆنەکەمان هەیە، نزیکەی سێ ترلیۆنی دەبێت بە خەرجییەکانی وەبەرهێنان، ئەو خەرجییانەی وەبەرهێنان چەندیمان بۆ دێت، من لەگەڵ بازرگانەکان دانیشتووم و زۆر هاوسۆزیشم لەگەڵ کەیسەکەیان، بەڵام بۆ چارەسەرەکەی خۆیان لەمن باشتر دەزانن و دەزانن گرفتیان لەکوێدایە.
رووداو: ئێستا لەگەڵ رێککەوتنەکە ئومێدێکیان بۆ دروستبووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ساڵی یەکەم بڵێین جێبەجێ دەبێت، ئەوە زیادەڕۆیی تێدا دەکەین. بە حەزی من بێت، حەزدەکەم ئەمڕۆ هەموو پارەکەیان بدرێتەوە. من وا سەیری دەکەم کە پارەکەیان وەرگرتەوە، ئەو پارەیەش دێتەوە نێو وڵات و دەبێت بە خزمەتگوزاری و پێشکەوتن.
رووداو: هەمووی نا، بەڵام هەر رێژەیەکیشیان بۆ دیاری ناکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: با بودجە دەربچێت و بچین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و هەڵسەنگاندنێک بکرێت و بزانین ئێمە لەو بودجەیە چیمان پێ دەکرێت، من چۆن لەجیاتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارە بدەم کە بڕیارەکە لای من نییە. خۆی لە بنەمادا ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە کە ئەم بابەتە ئاوای لێهات.
رووداو: وەکو وەزیری دارایی و ئابووری ئەوەت یەکلاییکردەوە کە پاشەکەوتی مووچە قەرزە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، راستە.
رووداو: پێشتر ئەوە نەبوو و کردتان بە قەرز؟
ئاوات شێخ جەناب: چووبوویە خانەی ئەمانەتەوە. یەکێک لە شانازییە گەورەکان بۆ ئەو حکومەتە دەگەڕێتەوە ئەوەیە کە ئەمەی کرد بە قەرز لەسەر حکومەت و جێگیریکرد.
رووداو: واتە ئێستا لەسەر خۆی کردووە بە قەرز؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، لەسەر خۆی کردووە بە قەرز.
رووداو: قەرزی بێنە و نییە، یان رۆژێک وەریدەگرنەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەر دەبێ وەربگیرێتەوە، واتا چەند کۆن بێت نافەوتێ. ئەگەر وەکو پێشوو بوایە، ئەمانەت دوای 10 ساڵ دەبێتەوە بە موڵکی حکومەت و سفر دەبێتەوە. دەتوانم بڵێم حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی زۆر سەرڕاستانە و جوامێرانەی هەبوو و ئەمەی کرد بە ماڵ و نەهات خۆی لەو بەرپرسیاریەتییە بدزێتەوە.
رووداو: بابەتێکی دیکە هەبوو کە ئەمریکاش دەستوەردانی تێداکرد، کە ئەویش بابەتی بەقاچاخبردنی دۆلار بوو کە هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکانیش تا رادەیەک تۆمەتبارکران و محەممەد شیاع سوودانیش لە دیدارێکیدا لە رووداو تا رادەیەک ئاماژەی پێکرد. ئایا هەرێمی کوردستان دەروازەی بەقاچاخبردنی دۆلار بوو یان تۆمەتی بۆ هەڵبەسترا؟
ئاوات شێخ جەناب: وشەی بەقاچاخبردنت بەکارهێنا، واتا بەبێ ئاگاداری حکومەت و یاسا کراوە، لە وەزارەتی دارایی رێککەوتنمان لەگەڵ عێراق و بانکی ناوەندی عێراقیش هەیە تا بانکی نیشتمان دادەمەزرێت، تەنانەت مۆڵەتی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراویش نادەین بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئەو بابەتە بکەین. لەم کابینەیە مۆڵەتی دووکانی گۆڕینەوەی دۆلاریشمان بەکەس نەداوە بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتی بەقاچاخبردنی دۆلارە لەلای ئێمەوە پەیڕەو نەکرێت، بەڵام لە هەموو وڵاتێکدا قاچاخچی هەیە.
رووداو: عێراق ئەو هەموو سنوورە فەرمی و نافەرمییەی هەیە، بۆ دەبێت لەو چەند سنوورەی هەرێمی کوردستان کە بەراورد بە عێراق زۆر کەمن، ئەوهەموو بەقاچاخبردنە هەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: هەموو شتێک لەلای خۆمان زێدەڕۆیی تێدا دەکرێت. لە عێراق بانکی گەورە و ناسراو لەسەر ئاستی دنیا، پێنج بانک داخران و خرانە لیستی رەشەوە لەسەر قاچاخچێتی، چەند کەسی گەورە گەورەی نێو بانکی ناوەندی یان لەنێو حکومەت لەسەر بردنی پارەی زەریبە و چەندین بابەتی دیکە لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە؛ ئەوەی لە هەواڵەکانەوە باسیان لێدەکرێت، زیاد لە 100 ملیار دۆلار لە عێراقەوە چووەتە دەرەوە. من ئەوە بۆیە ناڵێم کە لای ئێمە شامی شەریفە؛ لای ئێمەش خەڵک هەیە نەفس نزم و یاساشکێنە، بەڵام وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کارە بێبەرین.
رووداو: گوتت لە ساڵی 2014 بۆ 2018 نزیکەی 350 هەزار کەس دامەزراون و خانەنشین کراون، دەتوانن ئەو ژمارەیە بسەلمێنن، لەبەرئەوەی دەگوترێت 30 هەزار کەسن و زۆرترین دامەزراندنیش لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە؟
ئاوات شێخ جەناب: کابینە بە کابینە ئەمە کراوە و هەموو کابینەکان کردوویانە، بەڵام ئەوەی کە هەیە لە ئەنجامدا هاووڵاتی ئەم وڵاتەیە و دامەزراوە.
رووداو: واتە ئەوە هەر قسەیە و نەسەلمێنراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە ئەنجامدا تۆ ژمارەی مووچەخۆرەکانت بە خانەنشینەوە گەیشتووەتە ملیۆنێک و 200 و چەند هەزار کەسێک، واتا ئەوە راستییەکە.
رووداو: ئەو 350 هەزار کەسە سەلمێنراوە یان 30 هەزار کەسە؟
ئاوات شێخ جەناب: سەلمێنراوە. تەنیا خانەنشینبوونەکە 62 هەزار کەسە بە یەک نووسراو.
رووداو: باسی پرسی بەقاچاخبردنی دۆلارمان کرد، کەستان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە کە یاری بەم بابەتەوە کردبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە بەتایبەتی کاری ئاسایشە و من زانیاریم نییە لەسەری، بەڵام ئەوەی کە ئاگاداربم، ئاسایش جووڵەی دۆلار و حەواڵەی بە وردی کۆنتڕۆڵ کردووە و دڵنیاشم ئاسایش بە وردی چاودێری دەکات.
رووداو: ئەو بابەتی 350 هەزار دامەزراندنە دەگوترێت بە لەجێگەدانان بووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئینجا ئەگەر بە لەجێگەدانان بووە یان دامەزراندن بووە، هەرچییەک بووبێت ئێستا ئەو مووچەخۆرە.
رووداو: بۆچوونێک هەیە کە هەندێکجار دەگوترێت وەزارەتی دارایی جگە لە قاسەیەک هیچی دیکە نییە و ئەگەر پارە هەبوو خەرج دەکرێت و ئەگەریش نەبوو ئەوە دەگوترێ نییە. ئایا وەزارەتی دارایی عێراقیش هەر وایە و ئەوانیش وەکو زەڕنەقوتە دەمیان کردووەتەوە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە پارەی تێکرد هەیە و تێی نەکرد ئەوا پارە نییە؟ یان وەزارەتی دارایی و فاینانس زۆرجار پارەخوڵقێنە و جووڵە دروستدەکات؟
ئاوات شێخ جەناب: دەتوانی بڵێی هەموو وەزارەتێکی دارایی ئەو تایبەتمەندییەی تێدایە و تێشیدا نییە. هەمیشە وەزارەتی دارایی لە سەرچاوەکانی داهاتەوە ئینجا ئەگەر نەوتە یان زەریبەیە یان لە باقی وەزارەتەکانی دیکەیە، پارەی بۆدێت و پارەکە دەچێتە هەژمارێکی بانکییەوە و هەژمارەکە لە بانکدایە کە پارەکەی وەزارەتی دارایی دەچێتە سەری، کە وەزارەتی دارایی کاردەکات، دانەنیشتووە وەک قاسەکەی بکاتەوە و لێیەوە پارە دابەش بکات. وەزارەتی دارایی زیاتر جووڵەی دارایی لەڕووی هەیکەل و یاسا و رۆتیناتەوە رێکدەخات. وەزارەتی دارایی عێراقیش هەمان کار دەکات و ئەویش دەبێ لە بانکی ناوەندییەوە پارەکەی بێتە بەردەست، پارەکەی بانکی مەرکەزیش لە فرۆشتنی نەوتەوە دەچێتە ناوی، بەڵام ئەگەر بەراوردەکە ئەوەبێت کە وەزارەتی دارایی ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی عێراقە، نەخێر.
رووداو: بۆچی؟
ئاوات شێخ جەناب: وەزارەتی دارایی عێراق لە حکومەتێکدایە کە یەدەگی کاشی لە 100 ملیار تێپەڕیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان یەدەگی کاشی نییە، ئەو یەدەگە کاشەی هەیەتی موڵکی حکومەت و بانکە و ناتوانی بڵێی موڵکی وەزارەتی داراییە، چونکە ئەوەی سیاسەتی دارایی پەیڕەو دەکات بانکی ناوەندییە، واتە دامەزراوەیەکی دیکەیە. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە پارەی بۆ دێت و لە وەزارەتەکانی دیکەشەوە پارەی بۆدێت و دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکەی و جیاوازیمان لەگەڵ بەغداش ئەوەیە کە ئێمە نە یەدەگی کاشمان هەیە و نە یەدەگی زێڕمان هەیە.
رووداو: بە راشکاوی لە چوار ساڵی رابردوودا دیدگەتان بۆ دارایی و ئابووریی کوردستان چی بووە؟ ئەوە 10 ساڵە ئەم وڵاتە بێ بودجە بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا ئێوەی گۆڕانخوازان کە خۆشت ئەندامێکی کاریگەری بزووتنەوەی گۆڕان بووی، تاوەکو لە قۆناخی نهێنیدابوون بەم دروشمانە خەڵک زۆر رووی تێکردن بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن. بۆ نموونە ئەگەر خەرجیتان زۆرتربوو لە داهات، چۆن کورتهێنان پردەکەنەوە؟ خۆ ئێمە وڵاتی خۆمان نییە بچین قەرز بکەین، ئایا قەواڵەی دارایی بفرۆشین یان پارەی زیاتر چاپ بکەین؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەو قسانە زیاتر لە کوردستان قسەی نەزەرین. ئێمە لە کوردستان مەحکومی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابووری و داراییەین کە هەیە. لە کوردستان لە ساڵی 2013ەوە گەمارۆمان لەسەرە. وەکو وەزارەتی دارایی لەم چوار ساڵەدا هەموو ساڵێک کە وادەی دانانی بودجە بووە، وەزارەتی دارایی ئەو رێکارانەی لە ئەستۆیەتی جێبەجێی کردووە.
رووداو: کێ کەمتەرخەم بووە؟
ئاوات شێخ جەناب: بابەتی کەمتەرخەمی نییە. بابەتەکە ئەو رێگرە لۆژیکییانەیە کە دروستبووە.
رووداو: وەک چی؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ نموونە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی ئێمە عێراقە، قەت ناتوانی دڵنیابیت چیت بۆ دەنێرێت؛ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی ئێمە بۆ نموونە نەوت بووە، نەوتی ئێمە وەکو نەوتی عێراق نییە هەر ژمارەیەکی بۆ دابنێیت و بڵێی من نەوت بەو نرخە دەفرۆشم. ناتوانی بیکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ چوویتە نێو بازنەی بودجەی عێراقەوە و لەو بازنەیە بۆ نموونە عێراق 60 دۆلاری دیاریکردبوو، نەوتی هەرێمی کوردستان بە 60 دۆلار نەدەفرۆشرا، بەڵام عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان بە 60 دۆلار هەژماری دەکرد، لەبەر ئەوە نرخی راستەقینەی نەوتی هەرێم هیچکات لەنێو یاسای بودجەکەیدا دەرناکەوێت،جگە لەوەش بەشێکی گەورەی پشتبەستنی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆیە و لەسەر داهاتی ناوخۆش ناتوانی بڕیار بدەی کە ئەم مانگە چەندە و ئەو مانگە سێزدەبەدەرە و ئەویدیکەیان جەژنە و... لەبەرئەوە هەندێک کێشەی لۆژیکی هەیە لەبەردەم یاسای بودجە.
رووداو: ئەوکات کە لەگەڵ هاوڕێکانت بە چیای سەگرمە و گەرمیانەوە بوون و لەترسی تۆپ و فڕۆکە و راوەدونانی بەعس لەنێو زەیتوونەکاندا خۆتان حەشاردابوو، خەڵک لەم هەولێرە کوڕەکەی لەسێدارە دەدرا و لە سلێمانی کوڕەکەی گولـلەباران دەکرا و دەیگوت بە قوربانی خاکی کوردستان و رۆحی پێشمەرگە بەژن زراڤەکانمان بێت، چی وایکرد کە ئەم میلـلەتە بەشێکی بڵێت با پارەی کوردستان و نەوتی کوردستان لەبەردەستی بەغدا بێت و لەبەردەستی کورددا نەبێت؟ بۆچی کورد گەیشتە ئەو باوەڕە؟
ئاوات شێخ جەناب: بێ دوودڵی، هۆکاری سەرەتا و کۆتایی گەندەڵییە.
رووداو: ئەزموونمان لێ وەرگرتووە یان هەر بەردەوامین؟
ئاوات شێخ جەناب: من ناتوانم بڵێم ئەزموونمان لێ وەرگرتووە. کە ململانێ و ناکۆکی سیاسی دەبینم، ئاستێکی کامڵبوونی سیاسی بۆ کورد، لای من ئامادە نییە. من چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد لەوهەموو ئەزموونە ناخۆشەی هەیە و کوردی پێدا تێپەڕیوە، ئێستا نوخبەی سیاسی کورد زۆر لەمەی کە ئێستا هەیە، پێشکەوتووتربێت. ئەمە بەشێکیەتی. بەشێکی دیکەی ئەو دەربڕینە سیاسییەی کە ئێستا لەنێو میدیا و لە سۆشیاڵ میدیا دەڕوات، تۆ بڕۆ مەفهوومە نیشتمانی و نەتەوەییەکەیان واز لێ هێناوە و هەموویان سەرنجیان خستووەتە سەر ژیانی رۆژانە. کە سەرنجی خستە سەر ژیانی رۆژانە، ئەسڵی کێشەکانی خۆی کە کێشەی نەتەوەیی و نیشتمانی و خاکن، لە پلەی دووەمیشدا نامێنن. لە بابەتی موزایەدەی سیاسی و پۆپۆلیستیدا وای لێهاتووە بە هەموو نرخێک تۆ بەرامبەرەکەی خۆت دەشکێنی.
رووداو: لەدوای رێککەوتنی واشنتن، سەرۆک بارزانی و سەرۆک تاڵەبانی و کاک نەوشیروان شەڕی ناوخۆیان رەتکردەوە. دەکرێ ئێستا ئێمە دابنیشین بەدیار شەڕی کوڕەکانیانەوە؟ئەگەر ئێستا ئەردۆغان ئابێ یان ئایەتوڵڵا سیستانی بانگیان بکات، هەردووکیان ناچن؟ ئەی شیاوە ئاوا بایکۆتی یەکتر بکەن؟ ئەمە خۆیان باجەکەی دەدەن یان کورد باجەکەی دەدات؟
ئاوات شێخ جەناب: من بۆچوونی خۆمم بە راشکاوی لای هەردوولا گوتووە. پێم وایە تەبایی و یەکڕیزی پێش هەموو شتێکە. ئێستا ئەم حکومەتە دروشمی چاکسازی هەڵگرتووە، ئەگەر یەکگرتوو نەبیت ناتوانی چاکسازی بکەی. کە دەچیت لە عێراق دانوستاندن دەکەی، ئەگەر یەکگرتوو نەبیت دەستکەوتەکانت وەک خۆی دەستناکەوێت، لەبەر ئەوەی تۆ بە هێزەوە ناچی و بە لاوازی دەچیتە بەردەستیان. هەندێکجار لەوەدا رەشبین دەبم و بۆشم نادۆزرێتەوە کە ئەم هۆکارە چییە. لە ساڵی 76ەوە ئێمە ئەزموونمان وەرنەگرت، لەدوای راپەڕینەوە لە ساڵی 1992ەوە حکومەتمان دروستکردووە، ئێستا ئەو حکومەتەی هەیە لە ئاستی چاوەڕوانی من و ئێوەدایە؟ نەخێر. من هەموو کاکە گەورەکانی ئەم وڵاتەم بینیوە؛ کاک مەسرور رازی نییە؛ کاک مەسعود رازی نییە؛ کاک بافڵ و کاک قوباد رازی نین؛ کاکەکانی یەکگرتوو و گۆڕان و... کەس رازی نییە و هەمووان دژی گەندەڵی قسە دەکەن و بۆ یەکڕیزی قسە دەکەن، کە دەگەیتە سەر کردار، بەداخەوە کردارەکە کەمە.
رووداو: تاوەکو ئێستا چیت کردووە لە وەزارەتی دارایی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داهات کە لێی نیگەرانی؟ ئەی چیتان کردووە بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ؟ ساڵی 2021 داهاتی مانگانە یان ساڵانە چەند بوو و 2022 بوو بە چەند و ئێستا چەندە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە کارمان کردووە بۆ زیادکردنی داهات و بە کرداریش ئەوەمان کردووە، سەرباری ئەو گرفتە سیاسییانەی کە هەیە تورکیا و ئێران و گرفتەکانمان لەگەڵ عێراق و ململانێی گومرگەکانی سنووری سلێمانی و ئەو ململانێیانەی کە هەیە لەسەر دەروازەکان. ئێمە کارمان کردووە و توانیویشمانە داهات زیادبکەین. مەبەستیشم بەتەنیا لە وەزارەتی دارایی نییە و وەکو حکومەت توانیومانە داهات زیاد بکەین. داهاتی ئێمە لە کۆتایی 2019 زیاتر لە سێ ترلیۆن و 800 ملیار دینار بوو، لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە چوار ترلیۆن و 787 ملیار دینار، واتە نزیکەی ترلیۆنێک لەماوەی سێ ساڵدا زیادی کردووە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئێمە توانیومانە 21 بۆ 22 مانگ بە بەردەوامی مووچە بەتەواوەتی بدەین ئەوەیە کە داهاتی ناوخۆمان زیادکردووە. بۆ زیادکردنی ئەو داهاتەش هەوڵمانداوە کۆنتڕۆڵی دەروازەکان بکەین و تا رادەیەکی باش دەروازەکانمان کۆنتڕۆڵ کردووە و ئێستا هەموو دەروازەکانی ئێمە لە رێگەی کامێراوە بەستراونەتەوە بە بەڕێوەبەری گشتی و ئاگامان لە هەموو جووڵەیەکی 24 سەعاتەی هەردوو دیو هەیە. داهات کۆنتڕۆڵ بوو، یەکسەر دەچێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتییەکمان دروستکردووە ناوی چاودێریی گومرگییە کە پێشتر نەبووە و خستومانەتە کار؛ رێکخستنمان بۆ زەریبە کردووە، واتە بە رێژە دەستکاری زەریبەمان نەکردووە، بەڵام میکانیزمی وەرگرتنی زەریبەمان چاککردووە. وڵاتەکەی ئێمە ئەگەر بە باشی کۆنتڕۆڵ بکرێت و دامەزراوەکانی بە دیجیتاڵ بکرێن، هەروەها بەشێک لە رۆتینات چارەسەر بکرێت، لەگەڵیدا گەندەڵی و بەهەدەردان و سەرپێچی یاسایی کەمدەبێتەوە و داهاتی نێوخۆ زۆر بەرزدەبێتەوە و دەتوانی ئابوورییەکت هەبێت کە تەنیا لەسەر یەک سەرچاوە نەبێت کە ئەویش نەوتە و دەبێ لەوە دەربچیت و ئەمەش لەڕاستیدا خەباتی پێویستە. واتا چاکسازی خەباتە، کاروانێکە دەکەوێتە رێ، ئەم کاروانە بەداخەوە لە کوردستان دوژمنی زۆرە.
رووداو: ئێوە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و گازن، ئاگاتان لە خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان بەو شێوازەی کە هەیە لە رێگەی دیلۆیتەوە بووە کە مانگێک بەراورد دەکرێت. پاریش چاودێریی دارایی خۆمان و عێراقیش وردبینیمان بۆ کردووە و ئەو داتا و زانیارییانەیە کە ئێستا لەبەردەستی عێراق و هەموو لایەکن.
رووداو: داهاتی نەوت لای ئێوەیە یان ئێوە هەر ئاگاتان لەوەیە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەتانداتێ؟
ئاوات شێخ جەناب: سامانە سروشتییەکان ئەو خەرجییانەی لێدەردەکات کە نزیکەی 44٪ یان 46٪ە و ئەوی دیکەی دەنێرێت بۆ ئێمە. ئەو پارەیەی کە خەرجکراوە بۆ دۆزینەوە، مانگانە لێی دەدرێتەوە بە کۆمپانیاکان، تێچووی بەرهەمهێنانی لێ دەردەکات و پارەی گرێبەستی خزمەتگوزارییەکانی لێ دەردەکات و ئەو قەرزانەی لەسەری کراوە لێی دەڕوات، تێچووی گواستنەوەی لێ دەردەکات و کە دەشفرۆشرێت کۆمپانیایەکی دەڵاڵی دەیفرۆشت کە کاتی خۆی پیاوێکی پاکستانی بوو کە دوایی ئەو دوورخرایەوە و ئێستا کۆمپانیایەک ئەو کارە دەکات، واتە ئەم پارانەی لێ دەڕوات و ئەوەی دەمێنێتەوە مانگانە ئێمە بە سافی 500 ملیۆن دۆلار دێتە هەژمارمانەوە. پێش ئەم کابینەیە ئەم پارەیە بەو شێوەیە بەهیچ جۆرێک نەهاتووەتە وەزارەتی دارایی. لە سەردەمی کاک ئاشتی هەورامی ئێمە هەندێک مانگ 150 ملیۆن بۆ 200 ملیۆنمان بۆ دەهات، ئێستا تا دروستبوونی ئەم کێشەیە، هەموو مانگێک 500 ملیۆنمان بۆ هاتووە.
رووداو: وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنی نەوت و گاز لە ژمارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رازیت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە کاری چاودێری داراییە و کاری ئێمە نییە، کە ئەوان رازی بن و دیلۆیت داتاکانی بڵاوبکاتەوە و عێراق لێی رازی بێت و سۆمۆ لێی رازی بێت، واتا هیچ شتێکی نامێنێت من پێت بڵێم لەگەڵیم یان لەگەڵی نیم.
رووداو: تاوەکو ئێستا چیت کردووە لە وەزارەتی دارایی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داهات؟ ئاگات لە هەموو جموجووڵی ناوچە سنوورییەکان هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: من بۆم باسکردی، جارێ ئەو گرێبەستانەی کە هەبوون لە مەرزەکان، پێداچوونەوە بە هەموویان کراوەتەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران و جارێکی دیکەش لە وەزارەتی دارایی گرێبەستی دیکەیان بۆ کرایەوە کە لە هەمووی پشکی وەزارەتی دارایی زیادکرا، وەکو باسیشم کرد لە رێگەی سیستمی کامێراوە ئێمە ئاگاداری جموجووڵەکانین.
رووداو: جموجووڵەکەت ئاگا لێیە یان ژمارەکانیش؟
ئاوات شێخ جەناب: جموجووڵەکە لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگەوە لای ئێمە کۆنتڕۆڵە.
رووداو: دەروازە سنوورییەکانی سلێمانیش؟
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان. ئێمە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گومرگمان هەیە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەگەر هەر دەستدرێژییەک یان هەر سەرپێچییەک لە شوێنێک ببینێت بە ئێمە دەڵێت و ئێمە دەستوەردان دەکەین و ئەگەر سەرپێچییەکیش بووبێت رێکارمان گرتووەتەبەر و بەڕێوەبەرمان لابردووە و بەڕێوەبەری دەروازەمان گۆڕیوە و خەڵکمان داوە بە دادگە. چەند کەیسی خەڵکمان بە بەرتیلەوە گرتووە و داومانە بە دادگە و خەڵکمان گواستووەتەوە. بەگشتی ئەو رێکارانەی پێویست بوون کراون.
رووداو: بازرگانان دەڵێن ئەو رێوشوێنانەی لە دەروازەی باشماخ و پەروێزخان دەگیرێنە بەر زۆر زیاترن لە دەروازەکانی دیکە. بازرگانانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەم قسەیە دەکەن. ئەوە راستە؟ بۆچی ئەم جیاوازییە هەیە؟ ئایا دەروازە سنوورییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک وەک یەک لە کۆنتڕۆڵی ئێوەدان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر پێناسی گومرگی بێت، هەموو وەکو یەکن. ئەگەر رسوماتی کواڵیتی کۆنتڕۆڵە یان قەپانە، هەمووی وەکو یەک وایە. ئەگەر لە شوێنێک سەرپێچی هەبێت، ئێمە شتێکی هەستپێکراومان پێ نەگەیشتووە. ئەگەر بابەتێکی ئاوا هەبێت ئێمە بە دڵنیاییەوە رێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر. ئێمە رازی نین لە دەروازەیەک جۆرێک مامەڵە هەبێت و لە دەروازەیەکی دیکە بە جۆرێکی دیکە مامەڵە بکرێت. لێرە شتێک زیادبێت و لەوی دیکە شتێک کەم. ماوەیەک لەمەوبەر هەندێک سەرپێچی لای کواڵیتی کۆنتڕۆڵ هەبوو. بازرگانەکان لەگەڵ منیش باسیان کردووە. بۆ نموونە، بازرگان سێوی هێناوە، ئەمە سێوی سوورە پشکنینێکی لێ وەردەگیرێت و ئەمەیان زەردە پشکنینێکی دیکە و ئەمەیان سەوزە پشکنینێکی دیکە. ئێمە ئەوانەمان نەهێشت و هەموومان کردن بە یەک.
رووداو: بەڵام ئێستاش جیاوازی هەیە. بۆ نموونە، هەندێک لە کۆمپانیاکان نووسیویانە بۆ نموونە، ئێستا گومرگ لە ئیبراهیم خەلیل بە دۆلارە، لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە دۆلارە، بەڵام لە سلێمانی وا نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: راستە، ئەمە وەکو میراتێکی لێهاتووە، وەکو عورفێکی گەندەڵی لێهاتووە.
رووداو: ئاخر لەم ناوەدا سلێمانی بە بڕیارەکەتەوە پەیوەست بوو و ئیبراهیم خەلیل پەیوەست نەبوو؟ ئێوە دۆلارەکەشتان بە 130 هەزار دینار دیاریکردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر بە یاسا بێت دەبێ هەمووی بە دیناری عێراقی بێت. ئەگەر لایەک جێبەجێی نەکردبێت، راستە دۆلارەکە لە قازانجی حکومەتە، بەڵام یاسایی نییە و دەبێ راست بکرێتەوە.
رووداو: ئێستا ئەوەی سلێمانی هەڵەیە یان ئەوەی ئیبراهیم خەلیل؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە رێنماییەکمان هەیە کە وەرگرتنی رسومات بە دیناری عێراقییە.
رووداو: تاوەکو ئێستا 110 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە سلێمانی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، 11 ملیار دینار کورتهێنان هەیە لە مووچەی سلێمانی، ئەمە بۆچی؟
ئاوات شێخ جەناب: هەندێک هۆکاری خودی و هەندێک هۆکاری بابەتی هەن. هۆکارە بابەتییەکان ئەوەن کە سلێمانی سنوورێکی هەیە لەگەڵ ئێران، شارەکانی دیکە سێ سنووریان هەیە؛ هۆکارێکی دیکەیان بازرگانی چین لەگەڵ ئێران و ترانزیتەکەی کە دەهات، لەژێر پاڵەپەستۆی گەمارۆکانی ئەمریکا کەمتر بووەتەوە بە ئاراستەی ئێران و ناچێتە بەندەر عەباس و لەوێڕا بێتەوە، یەکسەر دەچێتەوە ئوم قەسر و لەوێڕا دێتەوە نێو عێراق، ئەمە کاریگەرییەکی راستەوخۆی هەیە. هۆکارێکی دیکە، مەرزەکانی عێراق نزیکن لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستان؛ پەروێزخان و مونزەرییە 20 خولەکیان بەینە، لای ئێمە پێناسی گومرگی کە عێراق دایناوە بە رێکوپێکی وەردەگیرێت و لە پەروێزخان دەرفەتمان بۆ قاچاخچێتی نەهێشتووە، بەڵام لە مونزەرییە بەرەوخوار بەرەڵڵایە. جارێکیان یەک لە سەدرییەکان بۆی باسکردین و گوتی، لای ئێوە ئەگەر گلەییتان لە حیزب هەبێت، لای ئێمە گەیشتووەتە عەشایەر، ئەوەش خۆی کێبڕکێیەکی بۆ ئەمان دروستکردووە. ئینجا بارودۆخی خودیش هەیە، بۆ نموونە 100٪ ناتوانم بڵێم هەموو مەرزەکان کۆنتڕۆڵن، ئێستا دەتوانم بڵێم پەروێزخان 100٪ کۆنتڕۆڵە، بەڵام رەنگە ئێستا باشماخ 80٪ بۆ 90٪ کۆنتڕۆڵ بێت. لە مەرزەکانی سلێمانی لیژنەکانی قایمقامیەت و تەندروستی و کشتوکاڵ هەن کە ئەمانە گوشاریان زۆر دروستکردووە.
رووداو: چ دەروازەیەک لەلایەن وەزارەتی داراییەوە 100٪ کۆنتڕۆڵە و چ دەروازەیەک 80٪ و چ دەروازەیەکیش هیچ کۆنتڕۆڵ نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: مەرزەکانی ئێمە کە بەتەواوەتی بەرەڵڵا بوون. ئێستا هاتووەتە ئاستێک کە 90٪ کۆنتڕۆڵ کرابن، ئەوە بۆخۆی دەستکەوتێکی گەورەیە، لەبەرئەوە پێویست بە دروستکردنی هەستیاری و ناوی ئەم و ئەو بردن ناکات، هەندێک لەو مامەڵانەش لە مەرزەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام زێدەڕۆییشی تێدا دەکەن کە نابێ ئەمە بکەن. لەو ماوەیەی پێشوو کە من دەچووم بۆ سلێمانی، کاربەدەستانی سلێمانی هاوکارم بوون و هەندێک لەو بابەتانەمان راستکردەوە، واتا بەیەکەوە هەندێک رێکارمان گرتەبەر کە توانیمان داهاتی پەروێزخان زیاد بکەین، ئێستا داهاتی پەروێزخان زیادی کردووە، نەک کەمی کردبێت. با هەندێک بارودۆخی بابەتی دیکە باس بکەم، ترانزیتێکی زۆر لە باشماخەوە دەهات، ئێستا ئەو ترانزیتە نزیکەی 50٪ی گواستراوەتەوە، ئێران مەرزی حاجی ئۆمەرانی بۆ ترانزیت کردەوە و 50٪ی بەهۆی دووری شوێنەکە گواستراوەتەوە حاجی ئۆمەران، ئەم کێشانەش وای کردووە داهاتی سلێمانی کەمبکات.
رووداو: زۆرتر لەوە دەچێت مەرزی پەروێزخانت بەدڵ بێت، ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە مودیرەکەی گۆڕانە؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر. مودیری گومرگی باشماخیش گۆڕانە، پەیوەندی بەوەوە نییە. سرووشتی جوگرافیا و ژینگە سیاسییەکەی، پابەندبوونەکان و ئاستی هاوکاریکردنی دەسەڵات لەوێ لەگەڵ ئێمە کاریگەرییان هەیە. من ناتوانم هەوڵی برادەرانی سلێمانی لەبەرچاو نەگرم، هاوکارییان کردووین و ئەو ماوەیەی کە من چووم بۆ سلێمانی کاک بافڵ لەگەڵم هاتبوویە سەر هێڵ و کاک قوباد لەگەڵمان لەسەر هێڵ بوو و کاریگەریشیان هەبوو.
رووداو: لەوەتەی وەزارەتی دارایی هەیە باج لای پارتییە و گومرگ لای یەکێتییە. کێشەکانی وەزارەتەکەت بە دیاریکراوی لە کام باڵە؛ باج یان گومرگ؟ چیتان کردووە بۆ ئەوەی داهاتی گومرگ زیاد بکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: یەکێک لەو شتانەی لە بابەتی گومرگدا کردمان، قۆرخکاریمان نەهێشت. ئێستا دەتوانم بڵێم قۆرخکاریمان 80٪ نەهێشتووە. هەندێک رێکار هەبوو، جاران پێویستیان بە ئاسایش دەکرد، ئێستا هەندێک رەزامەندی ئاسایشیشمان واز لێ هێناوە. لەسەر بابەتی زەریبە، وەکو من پێستریش باسم کرد، ئێمە میکانیزمی وەرگرتنی زەریبەمان دەستکاری کردووە. زۆر باسی ئەوە دەکەن کە وەزارەتی دارایی زەریبەی زیادکردووە، ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە هیچ دەسەڵاتێک لەم حکومەتەدا نییە بەبێ یاسا دەستکاری زەریبە بکات.
رووداو: وەزیری تەندروستی لەم شوێنەی تۆدا دانیشتبوو، گوتم دەرمان بۆ بەم شێوەیە گران بووە؟ گوتی پرسی رسومات و گومرگ لای وەزارەتی داراییە و من زیادم نەکردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: پێناسی گومرگی لەسەر دەرمان وەزارەتی دارایی داینانێت و یەک پێناسی گومرگییە کە عێراق دایدەنێت، هەرچی پێناسی گومرگی ئێمە هەیە بەپێی پێناسەکەی عێراق دەکرێت، لام سەیرە دکتۆر بەو شێوەیە قسەی کردبێت. ئێمە 80٪ی زەریبە لە هەزار گەورە باجدەر وەردەگرین و 20٪ەکەی دیکە لە دوو ملیۆن کەس وەردەگرین کە خەڵکی کاسبکارن. کۆمپانیامان هەیە 20 ملیار دینار زەریبەی داوە؛ بەڕێوەبەرایەتی زەریبەمان هەیە 100 هەزار پیشەوەری تێدایە و 20 ملیار زەریبەیان داوە. زێدەڕۆیی زۆر لەسەر بابەتی باج دەکرێت، بۆ نموونە پیشەوەرمان هەیە باج دەیگرێتەوە و کاتێک لیژنەکانمان دەچن بۆلای، دەبینن 10 ساڵە باجی نەداوە، کە کۆدەبێتەوە دەڵێن باجەکەیان زیادکرد. خۆ ناشتوانی لێی خۆشبی، ئێمە بابەتی باجمان کردووە بە سیاسەتی وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی خەڵک فێری باجدان بێت و هانی بدەین باج بدات. لەو رۆژەی ئێمە هاتوینەتە سەرکار، هەر کەسێک سزای پێ بژاردنی باجی هاتبێتەسەر، ئێمە لێی خۆشبووین، ئینجا گەورە باجدەربێت یان پیشەوەربێت، ئێمە لێی خۆشبووین.
رووداو: باس لەوە دەکرێت کە حکومەت دڵی لەگەڵ گەورە باجدەر نەرمترە تا خەڵکی هەژار؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر. ئێمە لەسەر زەریبەی عەرەسە زۆرترین ئاسانکاریمان بۆ خەڵک کردووە، لەسەر ئەو زەریبانەی پێنج ساڵ و شەش ساڵ کەڵەکەبوون و ئەوەی کە سزای پێبژاردنی هاتووەتەسەر، بە رەهایی، هەرکەسێک هاتبێت، ئێمە لێخۆشبوونمان بۆ کردووە.
رووداو: وەڵامەکەم دەست نەکەوت کە بۆچی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە و کەی وەریدەگرن؟
ئاوات شێخ جەناب: داهاتی نێوخۆ لەو سنوورە دابەزیوە کە هۆکاری ئەو دواکەوتنەیە.
رووداو: لەسەر ئەو لۆژیکەی کە داتناوە، 90 ملیار زۆرە بۆ سلێمانی؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەو 90 ملیار دینارە راست نییە. ئێمە چاوخشانەوەی وردمان هەیە. ئەوەی بانکی ناوەندیی هەرێم – سلێمانی بە ئێمەی دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی لە واقیعدا هەیە شتێکی دیکەیە. لای ئێمە ئەو مانگانە بە تێکڕا 103 ملیار دینار داهاتی نێوخۆی هەیە کە لەنێوان 10٪ بۆ 15٪ی چەکە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە ئەو ژمارەیە. داتاکانی ئەو کە لە ماڵپەڕی شەفافیەت دایناوە، هەموو یەکە حیسابییەکانی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی ئەو ژمارانەی ئەو دایدەنێت بچوکترە، لای ئێمە دەکاتە نزیکەی 80 ملیار، لای ئەو بووەتە نزیکەی 60 ملیار. ئەوە بەپێی چاوخشاندنی وردی ئێمە. داوا لە براگەورەکانی ئەو سنوورە، لە کاک بافڵ دەکەم لیژنەی بەدواداچوون لەسەر بانکی ناوەندی هەرێم – سلێمانی دروستبکەن، چونکە ئەو ژمارانەی ئێمە جیاوازی هەیە. پێم وایە جارێکی دیکە کێشەیەک هەیە لە ئیدارەی نەختینە لەوێ، بڕیاری ناوەندی حکومەتی ئێمە ئەوەیە هەموو داهاتێک دەچێت بۆ مووچە و ئەگەر مایەوە بۆ شتی دیکە دەچێت، ئەگەر عەجزی هەبێت کە بە دڵنیاییەوە هەیەتی، چونکە ئەو 15 ملیار دیناریشی لەسەرە.
رووداو: کاک ماکوان کەمتر بە ئێوە دەڵێت یان زیاتر؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە هەڵەیەکی کردووە، یانی بەهەڵەدا چووە لە هەرشتێکدا، ئەو بڕوای لەسەر سایتی شەفافییەت هەیە؛ پەیجەکەی خۆیان کە شەفافییەتە.
رووداو: ئەی خۆت ئیعتیمادت لەسەری نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە سەدا سەد نەخێر، بۆچی؟ هەموو یەکە ژمێریارییەکان داتاکانی بە رێکوپێکی و لە کاتی خۆیدا تۆمارناکات، لەبەر ئەوە جیاوازییەک دروست دەبێت، ئینجا با راستی بکەمەوە. لای ئێمە لە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە 85 [ملیاری] هەیە با بڵێین 85 [ملیار] ئەو لەو 85ـە دەبێت 73 ملیاری بنێرێت بۆ مووچە لە داهاتی ناوخۆ. ئەو دەبێت خەرجی دیکەی لێکردبێت پێش ئەوەی مووچەکە تەواو بکات. لە ماوەی پێشوودا لە مانگی حەوت، من بەدەر لە رێنماییەکان، 15 ملیۆن دۆلار بکە بە دینار، ئەوەندەمان بۆ دابینکردوون، دوای ئەوە جارێکی دیکە 29مان بۆ دابینکردوون، جارێکی دیکە 38 ملیاری بە جیا بۆ رۆیشتووە و نەمانهێشتووە ئەوەشی لێوەربگیرێتەوە، جارێکی دیکە لەسەر نەوتی سلێمانی، مەکتەبەکانی سلێمانی، چوار ملیار هاوکاریمان کردووە. بۆ ئەو مانگەی پێشوو چوار ملیاری دیکە پێش ئەوەی 21 ملیار درەنگ هات لە پارەی نەوت، ئێمە سێ چوار رۆژ پێش ئەوەی بگات، ئێمە چوار ملیارمان بۆ دابینکردووە. راستە هێشتا هەر پێداویستی دیکەی هەیە، ئەوەی کە رایدەگەیێنێت دەڵێت من یاداشتنامەم دا بە وەزارەتی دارایی، جارێ خۆی کە قسە دەکات دەڵێت، ئیدارەی سلێمانی؛ ئیدارەی سلێمانی یانی دوو باخەڵ.
رووداو: خۆی وا نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆچی دوو بانکی؟ بۆ دوو بانکی ناوەندی هەرێمە، لەبەرئەوەی بۆ دوو باخەڵە. ئەو دوو باخەڵییە نە وەزارەتی دارایی دروستی کردووە نە بە وەزارەتی دارایش راستدەکرێتەوە. ئەزانی وەکو چی وایە؟ وەکو ئەوە وایە داوا لە ئاوات بکەن بڵێن ئاوات هێزەکانی 80 و 70 بۆچی یەکناخەیتەوە؟ هێزەکانی 70 و 80 بە ئاوات یەکناخرێنەوە. یان بڵین بۆ دوو ئاسایش هەیە و بۆ یەک نییە؟ یان بۆ دوو دەزگای زانیاری و پاراستن هەیە و بۆ یەکێک نییە؟ کە بە من دەڵێن یاداشتنامەکەم داوەتێ ئەوەی لە توانای وەزارەتی داراییدا هەبێت بۆ سلێمانی ئەوەیە کە کردوویەتی، ئەوەی دیکە کێشەی سیاسییە، ئینجا ئەو کێشە سیاسیە جەنابت ئاگات لێیەتی تێکەڵ بووە بە کێشەی ئەمنی و کێشەی کەسی.
رووداو: بە راستی کاک ئاوات تۆزێک بۆ بینەرانیش ئاڵۆزە، بەڕێوەبەری پێشووت داوە بە دادگە؟ لەو بەڕێوەبەرە رازی نیت؟ هی پێشوو بۆ لە دادگەیە و ئەمە بۆ لێی رازی نیت؟
ئاوات شێخ جەناب: لەبەرچی لێی رازی نیم؟ با من زانیاریت پێ بدەم وەکو خۆی، چونکە لە هەڵسوکەتەکانی ئەو دواییانەی زۆر کاریگەربووم. ئێمە پشتگیریمان کرد بۆ ئەوەی سیستمێکی نوێ دروستبکات، بەڵام بەداخەوە ئەو پێچەوانەکەی کرد؛ رۆتینێکی زۆر، بیرۆکراسییەتێکی زۆر، جۆرێک لە ئیرهابی سەیر لە نێو بانکەکاندا. ئەو بازرگان و خەڵکانەی کە رووی تێدەکەن تیرۆرێکی زۆر، جۆرێک لە مەغرورییەت؛ هەر لە 20ـی مانگدا سێ سەرپێچی کردووە.
رووداو: چین؟
ئاوات شێخ جەناب: لەنێو پرسیارەکانی لە منت کرد باسی مووچەی ئەیلوول و پێشمەرگەت کرد.
رووداو: گوتیان جەبابتان؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر جەنابمان نەبوو، جەنابییان بوو.
رووداو: بەس گوترا خۆ من نەبووم، وایە؟
ئاوات شێخ جەناب: جەنابییان بوو، جەنابیان یەکەم شت وەزارەت رایگەیاندووە کە 20ـی مانگ کە عەرەفەیە دەبێت دەوام بکرێت، بەڵام بانکی مەڵکەندی و بانکەکەی دیکەی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی دەوام نەکەن، ئاگاداریکردوونەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی ئەیلوول نەدەن. درەنگانی شەو، مەریەم خان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی ئێستا، تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی، کاک ماکوان شتێکی وای کردووە، بانکی ناوەندی هەرێم شتێکی وای کردووە. من تەلەفۆنم کرد بۆ کاک قوباد، حەزدەکەم گوێیان لێم بێت بۆیە ئاوا بە وردەکارییەوە باسی دەکەم، بۆ ئەوەی تێبگەن کە ئاوات نییە [مووچەی دواخستووە]، کە ئەوم دەستنەکەوت، تەلەفۆنم بۆ ژوان خان کرد، تەکلیفم لێکرد گوتم بە کاک قوباد بڵێ، ئەو کارە کاردانەوەی دەبێت. مەریەم خان بە منی گوت، ئەگەر ئەوان مووچەی لای ئێمە خەرج نەکەن، ئێمەش هی لای ئێوە خەرجناکەین.
رووداو: یانی لە گەرمیان و سلێمانی بوو یەکەمجار دوایی پەڕییەوە بۆ هەولێر؟
ئاوات شێخ جەناب: لە بنەڕەتدا ئەو رۆژە بانکەکان [لەسەر قسەی ماکوان] دەوامیان نەکرد، دوای ئەوە پێی گوتوون مووچەکە خەرجنەکەن، کە بوو بە هەڵا یەکسەر نزیکەی کاژێر 10 و 11 کیتابێکی کردووە بۆ تەمویلی ئەو دوو بانکە، خۆی پێویستە کیتابی تەمویل لە رۆژی دەوامدا بکرێت نەک لە عەرەفە، کە بوو بە هەڵا ئەوەی کرد. هەڵەیەکی دیکەشی کە لای من هەڵەیە، کە تۆ بڵێیت ئیدارە چۆن داوا دەکەی لە لایەنێکی دیکەوە، ئینجا هاتووەتە سەر تەلەفزیۆن، واز لەوە بێنە وەزارەتی دارایی هیچی بۆ نەکردووە، بەڵام بیهێنە پێش چاوی خۆت، دەڵێت کە کێشەکە گەیشتە لای پێشمەرگەکانی ئەیلوول، کێشەکەیان چارەسەر کرد، کەواتە دەبێت پارەش چووبێت بۆ سلێمانی. کە تۆ پارەت نەبوو رۆژی پێش ئەوە پێت گوتون مەیکەن، ئەی 400 ملیۆن یان 600 ملیۆنت چۆن نارد خەرجی بکەن؟ یان هەر ژمارەیەکت ناردبێ چۆنت نارد؟
رووداو: بۆ دروستکردنی سایتی شەفافییەت جەنابی کاک قوباد راوێژی پێکردی؟
ئاوات شێخ جەناب: هاوئاهەنگیمان کردووە، وەکو باسم کرد، هاوکار بوون.
رووداو: متمانەت بە ژمارەکان هەیە کە لە سایتی شەفافییەتدا هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: وەکو پێت دەڵێم، لەبەر پشتگوێخستن، بەتەواوەتی ئەم سیستمە دانەبەزیوە بۆ هەموو یەکە حیسابییەکان. لەبەر ئەوە زانیارییەکان ورد نین. ئێستا یەکێک لەو شتانەی من خەفەتی پێ دەخۆم، نەوەیەکی نوێ دروستبووە، ئەم نەوەیە ئیعتیباراتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لێکناداتەوە، بۆنموونە لێکدانەوە بۆ ئەوە ناکات کە نێوانی پارتی و یەکێتی خراپە. تۆ ئەو هەڵوێستەت هەیە کە ئەو نێوانە تێکبدەی، یانی بەشێک لەوانە ناتوانی ببیت بە هاوڕێی. لەسەر ئەو هەڵوێستە خەڵک هەیە، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی قسەی شەخسی بە من بڵێت.
رووداو: بە جەنابت؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵی، ئێستا با دڵنیات بکەمەوە. ئەی ئەو کوڕەی ئەو ماوەیەی پێشوو ئەو هەموو چاکەیەی لەگەڵ کراوە، من تەحەدا دەکەم لەم بەرنامەیەی تۆدا، تۆ دڵنیا بەوە لەوەی ئەو کەسە ئەو هەموو چاکەی لە جارانی پێشوودا لەگەڵ کردووی، من تەحەدا ئەکەم کاک رەنج لەو بەرنامەی تۆوە، ئەو سنوورە، پارێزگای سلێمانی و کاک هەڤاڵی لێدەربکە، ئێستا تەلەفۆن بکە بۆ سێ ئیدارەکەی دیکەی، بزانە پەیوەندی من لەگەڵ ئەوان چۆنە.
رووداو: کاک ئازاد لێت رازییە لە وەزارەتی دارایی؟
ئاوات شێخ جەناب: سێ ئیدارەکە هەرسێکیان یەکێتی نین؟ لە گەرمیان، لە هەڵەبجە و لە ڕاپەڕین. تەلەفۆنییان بۆ بکە و بڵێ نێوانتان لەگەڵ وەزارەتی دارایی چۆنە.
رووداو: چیت پێ دەڵێن رووبەڕوو؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەزانی چی؟ با وا بڵێن سوپاسی تۆ دەکەم، چونکە من نە بۆ هەڤاڵی دەکەم و نە بۆ ئەو سێ کاکەی دیکەی دەکەم. من بۆ میلەتی خۆمی دەکەم؛ من بۆ سلێمانی دەکەم بۆ ئەو سنوورەی دەکەم.
رووداو: جەنابی وەزیر، خۆت گوتت کە سایتی شەفافییەتت پێ باشە. ئەگەر پێت باشە بۆ لە کوردستان سایتێکی شەفافییەت دروستناکەن بۆ داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەموو کوردستان؟
ئاوات شێخ جەناب: لەگەڵ هەموو ئەنجوومەنی وەزیران خەریکین بۆ ئەوەی ئەو سیستمە یان سیستەمێكی لەوە پێشکەوتووتر دابین بکرێت، یانی ئێمە لاریمان لەوە نییە، بەڵام ئەوەی کە ئێمە لێی نیگەرانین، نابێت کەسێک بتوانێت بەو شێوەیە یاری بە تواناکانی ناوچەیەک بکات، بۆ نموونە بە چ مافێک بڕیارێکی دەرکردووە کە [ئەرکی] ئەنجوومەنی وەزیرانە، چووە مووچەی داناوە، تاوەکو 500 دابەش بکرێت و مووچەی لە 500 زیاتر بخرێتە دوای جەژن. پرست بە کێ کرد؟ موافەقەی کێت وەرگرت؟ دەوامت داخست. دەوام بە ئەمری وەزارەت بەردەوامە، تۆ چۆن راتگرت؟ تۆ چۆن مووچەی ئەیلوولت راگرت؟ ئەی باشە چ قازانجێکت کرد ئەملا لێرە ئەمەیان راگرت؟ تۆ چ قازانجێک لەوە دەکەیت؟ ناچاریش بوو کە بیکاتەوە، بۆیە لەبەر ئەوە ئەو برادەرانە دەبێت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستبکەن. ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی دروستمان کردووە، خۆزگە هاتبان و بەیەکەوە کردبامان.
رووداو: لەسەر دکتۆر ماکوان؟
ئاوات شێخ جەناب: لەسەر کێ مافی دایە خۆی مووچە رابگرێت لەو سنوورە. لەگەڵ کاک بافڵ و کاک قوبادیش قسەم کردووە. لەولاش دڵنیام هەمووی دژی مووچە بڕینن. ئەی تۆ چۆن کردت؟
رووداو: مووچە بکرێتە سیادی لە هەرێمی کوردستان؟
ئاوات شێخ جەناب: بەحەزی من بێت، دەبێت هەموو داهات لە وەزارەتی دارایی بێت.
رووداو: بەڵام جەنابت بڕیار دروستکەری.
ئاوات شێخ جەناب: ئەزانی چی من بەشێکم لە بڕیار.
رووداو: بەشەکەی خۆت؟
ئاوات شێخ جەناب: بەشەکەی من، من لایەنگری ئەوەم مووچە سیادی بێت؛ لایەنگری ئەوەم هۆکارەکانی ناسەقامگیری کە لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا هەیە هەمووی لابدرێت، یەکڕیزی ببێتە ئامانجی سەرەکیی هەموومان. ئەگەر بە حەزی من بێت ئەوەیە، نابێت کەسێک ماف بدات بە خۆی قسە بە من بڵێت، رەخنەم لێ دەگرێت، رەخنە دەخەمە سەر سەرم، بەڵام قسەم پێ بڵێیت، قسەت پێ دەگوترێتەوە، جنێوم پێ بدەیت، جنێوت پێ دەرێتەوە، نابێت کەس ئەو مافە بە خۆی بدات کە دانیشت بە قسە هات. من ئاگام لێ بوو لە سۆشیاڵ میدیاوە لە سەرەتا کە قسەت کرد کاریگەر بووی وەک من، نابێت ئینسان ئەو مافە بە خۆی بدات، ببێتە دادگا و دادوەر و حوکم لەسەر تۆ بدات؛ لەسەر ئەو هۆکارانەش کە خەڵکی پێ پیاو خراپ دەبێت کە دەستپیسی و داوێنپیسی و دەمپیسییە. چیت هەیە لەسەر ئەوانە بیسەلمێنە، ئەوە دادگە و یاسا هەیە.
رووداو: جەنابت لە رووی دەستپاکییەوە هیچ گلەییت لە کاک دکتۆر ماکوان نییە، بەڵام لە رڕووی ئەدای ئیدارییەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە رووی ئەدای ئیدارییەوە من بەتەواوەتی لێی رازی نیم، من خوانەخواستە ناتوانم لەسەر دەستپیسی قسە بکەم، من تا ئەو کێشانەی نەبوو وەکو برازا مامەڵەم لەگەڵدا کردووە، کێشەی کەسیم لەگەڵ نییە، بەڵام لە بواری بەڕێوەبردنەکەی و ئیدارەکەی و مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا زۆری لێ ناڕازیم؛ دوای ئەوە زۆری لێ ناڕازیم کە ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی ئەو هەموو ئاسانکارییەمان خستووەتە بەردەستی و دەڵێت، وەزارەتی دارایی کاردانەوەی نەبووە. ئەگەر 15 و 29 و 34 و 4، ئەوانە کاردانەوە نەبێت ئەی کاردانەوە چییە؟
رووداو: باشە ئەو گوتی کاردانەوەی نییە خۆ کاک کاک عەبدولڕەحمان نەیگوت کاردانەوەی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: پێم ناخۆشە ئەو قسەیە دەکەم، دەتوانم ئەوە بڵێم [عەبدولڕەحمان] یاساشکێنی کردووە، یاساشكێنی کردووە بە فەرمانێکی کاک قوباد و کاک مەسرور، لیژنەیەک لە هەردوو وەزارەتی ئێمە و ناوخۆ دروستبوو و سەلماندی کە چی کردووە، لەسەر ئەوە من داومە بە دادگە.
رووداو: قسەی جەنابی کاک مەسرور و جەنابی کاک قوبادی شکاندووە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەرچی رێنمایی ئێمەیە جێبەجێی نەکردووە؛ کارێکی کردووە، یەکێک لە بەدبەختییەکانی سلێمانی ئەوەیە کە لە بانکەکانی سلێمانی پارەی کاش نەماوە.
رووداو: بۆچی پارەی کاش نەماوە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەمووی خەرجکراوە بە چەکی بانکی، بە چەکی بەڵێندەرایەتی.
رووداو: بە زمانە کوردییەکەی خۆمان؛ دەستییان تێخستووە؟ بردراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: چەکێک دێت بەڵێندەرایەتییە، پێویستە خەرجنەکرێت، خەرجدەکرێت، دەبێت بە پارە، کێ بۆی پەسند کردووی؟ کەس، چۆن کردت؟
رووداو: بە بێ فەرمانی تۆ لە سلێمانی پارە خەرج دەکریت؟
ئاوات شێخ جەناب: پارە خەرجکراوە و تەواو بووە، خۆ پارە نەماوە.
رووداو: لە هەولێر ئەو شتە نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر لە هەولێر نییە، لە هەولێر پارەیەکی کاش ماوە لە نێو بانکەکاندا؛ راستە بانکەکە قەرزارە، راستە پاشەکەوتی مووچەی لەسەرە، هی بەڵێندەرەکانی لەسەرە، هی دەرمانی لەسەرە، بەڵام بۆ جووڵەی رۆژانە پارەی تێدایە، ئەو جووڵەی رۆژانەیە لە سلێمانی نەماوە.
رووداو: بە فەرمانی کێ ئەو شتانە دەکڕێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی من لێی تێگەیشتووم، بەشێکی زۆری سەربەخۆیە.
رووداو: سەربەخۆیە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەشێکی.
رووداو: کاک ئاوات هەست ناکەی تۆش بە فەقیرەکان دەوێریت؟
ئاوات شێخ جەناب: من بەوە دەوێرم کە بەڵگە مادییەکانی دێتە بەردەستم، هەرکەسێك بێت.
رووداو: کاک عەبدولڕەحمان دەتوانێت ئەو هەموو پارەیە خەرجبکات؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەیان وەڵامێکە دەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوە بیداتەوە، با دادگە وەڵامەکەی بداتەوە، " الأصل في الإنسان البراءة".
رووداو: ئێستا خەڵکی سلێمانی چی بکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چۆن کێشەکە چارەسەر دەبێت، ئەوەی من بیرم کردووەتەوە، بەشێکی ئەگەر خوا بکات لەم مانگەدا یاسای بودجە تێپەڕیت، کێشەکە چارەسەر دەبێت.
رووداو: دەزانم خودا لە سوڵتان مەحموود گەورەترە، بەڵام وڵات دەڕوات بەڕێوە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە یەک، یەکێکی دیکە، ئەو پارە زۆرەی کە رەنگە سی، چل یان بیست کەس یارییان پێ کردبێت، کێشەی سلێمانی ئاوا چارەسەر دەبێت کە 100 ملیار یان 150 ملیار دینار پارەی بۆ بێنیت بیخەیتەوە نێو بانک، ئەو کات خولانەوەکە دروست دەبێتەوە و کێشەکە نامێنێت، چونکە بانکی ناوەندیی هەرێم – سلێمانی هەمووی پێویستی بە 20 ملیار دینارە بۆ خولانەوەی پارەکەی.
رووداو: یانی ئەوەی رۆیشت، رۆیشت دووبارە پارەی دەخەنەوە ناوی؟
ئاوات شێخ جەناب: دەبێت بیگەڕێننەوە یان لێکۆڵینەوەیەک بکەن، پێم وایە کاک قوباد و کاک بافڵ دەبێت خۆیان بێنە نێو بابەتەکەوە؛ ئەوە رێگەیەکە؛ رێگەیەکی دیکە، کۆمەڵێک خەڵک لە سلێمانی دەوڵەمەند بوون بە پارەی سلێمانی، بە زەوی سلێمانی، بە پڕۆژەی سلێمانی بوون بە ملیاردێر. ئەوەی من ئێستا لەبیرم بێت نزیکەی 350 ملیار دینار لای ئەم جۆرە کەسانەیە، هەوڵبدەن نیوەی بگەڕێننەوە، ئەوکات کێشەی سلێمانی چارەسەر دەبێت یان خۆیان با هەستی نیشتیمان پەروەرییان بەرز بێت. کە تۆ دەوڵەمەند بووی، زەویت وەرگرت بە خۆڕایی، پارەت وەرگرتووە، پڕۆژەت وەرگرتووە، ئەوەندەش ویژدانت هەبێت و قەرزەکەی بیگەڕێنەوە.
رووداو: 350 ملیار؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە قەرزی ئاسانکاری پێ دەڵین، بەشێکیشی بەو رێگایە چارەسەر دەکرێت؛ بەدڵنیاییەوە هەر دەبێت بکرێت. من نازانم کەسێک خەڵکی سلێمانی بێت و لەو شارەدا پەروەردە بووبێت چۆن ویژدانی قبووڵ دەکات خەڵکەکە کێشەی هەبێت و ئەو بۆ نموونە 70 یان 80 یان 100 ملیاری خەڵکی سلێمانی لابێت.
رووداو: ئەی بۆ لەوانە وەرناگیرێتەوە؟ بۆ خەڵک هەیە پاکە و شتی بۆ دروست دەکرێت و خەڵکیش هەیە بەوشێوەیە پارەی لایە و کەس ناچێت بە لایاندا؟
ئاوات شێخ جەناب: بڕوا بکە ئاستی گەندەڵی لەو جۆرە مامەڵانەدا وەسف ناکرێت، پڕۆژەکەی دراوەتێ، پیرۆزی بێت، زەوییەکەی بەخۆڕایی دراوەتێ، پیرۆزی بێت، زەوییەکە حکومەت بە پارە لە خەڵکی کڕیوەتەوە، داویانەتێ بە خۆڕایی، دوای ئەوە قەرزیشیان داوەتێ، بارمتەی قەرزەکەشی زەوییە؛ قەرزەکەشی زەوییە؛ خۆڕاییەکەیە.
رووداو: ئەوە هەر لە سلێمانی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر لێرەش هەیە، بەڵام رەنگە بڕی پارەکە لێرە زیاتر بێت، لەوێ کەمتر بێت، لە ئەنجامدا ئەوە قەرزی ئاسانکارییە. رێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە بۆ وەزارەتی دارایی پرۆسەیەکی یاساییە. ئەم پڕۆسە یاساییە کارێکی ئاسان نییە. ئێستا ئەوە دەرکەوتووە کە زەوییەکەیان کردووە بە بارمتە. کاتێک سەیر دەکەین زەوییەکەش سەوزاییە؛ سەوزایی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چۆنتان کرد بە بارمتەی قەرز.
رووداو: پێدەچیت زۆر ماندووبیت؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ من کێشەی هەموو کوردستان وەکو یەک وایە. کێشە لە هەرشوێنێک هەبێ بۆ من هەمان شتە. سلێمانی رەنگە بۆ من ئێش و ئازاری زیاتر بێت چونکە من خۆم خەڵکی سلێمانیم؛ هەموو کەس و کارم، هاوڕێکانم، پێشمەرگەکانی هاوڕێم هەموو لەوێن؛ پەیوەندییەکی مێژوویی کۆنمان هەیە لە نێو سلێمانیدا، وایدابنێ هەموو ماڵە کۆنەکانی سڵێمانی خزمی یەکدین.
رووداو: لە سلێمانی ملیادرێری دینار یان دۆلار دروستبووە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەردووکی لە سلێمانی هەیە.
رووداو: بەهۆی ئەو جۆرەوە دەڵێم؟
ئاوات شێخ جەناب: بەهۆی ئەوەوە، دەتوانم بڵێم ملیۆنێری گەورە گەورە بە دۆلار دروستبووە؛ نازانم گەیشتبێتە ملیاریش، بەڵام بەڕاستی زانیاریم نییە لەو کێشانەی کە هەیەتی. وەزارەتی دارایی وەک ئایەتەکەی لێ دێت، "ربنا ولا تحملنا ما لا طاقة لنا به" [واتە، ئەی پەروەردگاری ئێمە، ئەرکێکی وا بەسەرماندا مەدە، بۆمان هەڵنەگیرێت و لەتوانا و وزەماندا نەبێت.] هەریەکێک لەو برادەرانەی وەزارەتەکان یان ئەو برادەرانەی بانکی ناوەندی هەرێم، شتێک داوا لە وەزارەتی دارایی دەکات کە خۆیان باش دەزانن لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییدا نییە، بۆ نموونە، لەسەر بابەتی دەرمان یان بابەتی پڕۆژەکان، ئەوانە نایەنە وەزارەتی دارایی، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەرنامەی بۆ دادەندرێت و دەچێتە وەزارەتی پلاندانان و لەوێ ریزبەندی بۆ دەکرێت، داوا لە وەزارەتی دارایی دەکرێت جێبەجێی بکات. هەندێک کێشە هەیە مانای ئەوە نییە وەزارەتی دارایی کێشەی هەیە، مەبەستیشم ئەوە نییە وەزارەتی دارایی بێ کێشەیە؛ وەزارەتی داراییش بەشێکە لە رێکخراوی ئەو حکومەتەی کە هەیە، ئێمە توانیمانە چی بکەین؟ توانیومانە بەشیکی زۆر زۆر لە رۆتینییات کەمبکەینەوە، نزیکەی 60 رێنماییمان چاککردووە، بەخودا بۆ چاککردن رەنگە هێشتا دوو یان سێ 60ی دیکە مابێت کە چاکی بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سیستەمی KFMSکەی کە ئێمە بە سیستمی ئۆنلاین ناوی دەبەین ئەویش بەشێکی باشی رۆتین لادەبات، لەگەڵ ئەوەشدا بێ ئیمکانییەتی لەگەڵ رێکخراوی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە لەڕێگەی یاساوە کێشە دروست دەکات. من ناڵێم کارمەندەکانی ئێمە هەموو تەواو بێ کێشەن، بەڵام کارمەندەکانی ئێمە ئەوەی بەرپرسیارێتییە جێبەجێی دەکەن.
رووداو: ئەوەی بە دڵت نییە ناتوانی بیگۆڕیت؟
ئاوات شێخ جەناب: کردوومانە ئێمە.
رووداو: لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتیش؟
ئاوات شێخ جەناب: لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی کردوومانە و لە ئاستی دیکەشدا کردوومانە.
رووداو: پرسیاری سایتی شەفافییەتم لێ کردی، جەنابی وەزیر سایتی شەفافییەتی پێ شەفافە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەو داتایانەی کە روونە بەڵێ، بەڵام وەکو پێم گوتی زانیارییەکانی دەقیق نین لە سەدا سەد.
رووداو: کێشەی تەکنیکیت هەیە لەگەڵیان نەک شەفافییەت؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی، چەند یەکەی حیسابی هەیە لەو سنوورەدا، بۆ نموونە ئەگەر هەزار دانە بێت، دەبێت هەر هەزار دانەکە پەیوەست بێت بە ئێمەوە.
رووداو: هەمووی پەیوەست نین بە ئێوەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: پێم وانیە هەمووی پەیوەست بێت؛ دەبێت هەموویان لە کاتی خۆیاندا داتاکانی خۆیان تۆمار بکەن.
رووداو: کێشەی بردنی داهات هەیە یان کێشە تۆمارنەکردنی داهات هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە وردەکارییە.
رووداو: باش کۆناکرێتەوە یان دەبردرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چی، هێشتا سیستمەکە لەسەر هەموو یەکە حیسابییەکان دانەبەزیوە، کەمتەرخەمی بانکی ناوەندی هەرێمی تێدایە.
رووداو: قسەی یەکێتی پشڕاستدەکەیتەوە کە دەڵێت، سلێمانی سزای خراوەتە سەر لەلایەن هەولێرەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: لەلای وەزارەتی داراییەوە گەمارۆی نەخراوەتە سەر.
رووداو: لە هیچ شوێنێک سزای خراوەتە سەر؟
ئاوات شێخ جەناب: لەلای وەزارەتی داراییەوە 285 ملیار پارەی مووچەی بۆ دەچێت، ئەوەی دەمێنێتەوە پارەی داهاتی نێوخۆییەکەیە کە هەمووی لای خۆیەتی، ئەوە نییە یەک دینار زیاتر لە مافی خۆی بنێرێت، جگە لەوەی سیادەی خۆی کە 15 ملیارە. لە بەرامبەر 15 ملیارەکەش لە هەولێر 25 ملیار هەیە، بەڵام وەکو گوتم ئەوە لە کاتی دوو گیرفانییەکەوە ئەوە هەیە.
رووداو: داهاتی سلێمانی بەشی سلێمانی دەکات؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەمڕۆ، نەخێر.
رووداو: ئەی چارە چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: چارە ئەو هەڵبژاردنەیە یان رێککەوتنی سیاسی، چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان. پێش ئەوەی کە ئەو کێشانە وا تۆخ ببنەوە رۆژێکیان کۆبوونەوەیەکمان کرد، بە ئامادەبوونی کاک مەسرور و کاک قوبادیش ئەو بابەتانە خرانەڕوو، لە بیدایەتدا کاک مەسروریش رازیبوو لەسەری.
رووداو: کاک مەسرور لەسەر چی رازیبوو؟
ئاوات شێخ جەناب: لەسەر ئەوەی کە هەموو داهات ببێت بە یەک و مووچە ببێت بە سیادی هەتا کڵێشیەکیشمان نووسییەوە کە چۆن لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکەی دەربچێت. ئەم نازانم چییە سیاسییانەی ئەم زەمانە دەستوەردانیان تێدا کرد و تێکیاندا.
رووداو: کێشەکان ناوخۆیین یان دڕکێکی مەم و زین هەیە تێکمان دەدات؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ نەگبەتی زەمانە دڕکی مەم و زین بەردەوام ئامادەیە.
رووداو: ناوخۆییە؟
ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنیاییەوە.
رووداو: لە نێوان کاک مەسرور و کاک قوباد؟ تیمی یەکێتی و تیمی حکومەت؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چۆنە، ئەم لەوێ گوتارێک دەدات کارێک تێکدەدات، ئەو لەوێ گوتارێک دەدات قسەیەک تێکدەدات. بۆ نموونە، ئەوەی ئەیلوول، بەرامبەرەکەی بوو بە پێشمەرگەی دێرین، ئەمانە خۆ رەوشەکە باش ناکەن، تێکی دەدەن.
رووداو: پێت وایە کەسیان قازانجییان لە تێکچووندا هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنییایەوە، هەر بۆنەیەک هەبووە، من هەردوو لام بینیوە و نیازێکیان هەیە بۆ یەکڕیزی، بەڵام بەداخەوە..
رووداو: یانی کەس قازانجی لە ناکۆکی و ململانێدا نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەرگیز.
رووداو: پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران زۆر زۆر نووسراوە، دەبێتە قەرز کە دواکەوتووە؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چی، پەیوەندی بە دۆخی گەمارۆکەوە هەیە، ئەو یاسای بودجەیە تێپەڕێت دەتوانم بڵێم لە 60٪ یان 70٪ ئەوەش چارەسەر دەبێت.
رووداو: دەبینین چەند رۆژێکە رێگەی بارهەڵگرەکان بۆ سلێمانی راوەستاوە یان داخراوە، پێشتر ئەوە نەبووە، ئایا ئەوە گەیشتووەتە دوو ئیدارەیی تەواو یان ماویەتی؟
ئاوات شێخ جەناب: من بڕوا ناکەم ئەو دوو لایەنە هیچیان ئاگایان لێبێت.
رووداو: سیاسی نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: من بڕوا ناکەم، چونکە بەم دیوە هەر زەرەرە و بەو دیوەش هەر زەرەرە، بە هەردوو دیودا زەرەرە، بەڵام کێشەی خراپبوونی رێگەوبان کێشەیەکی واقیعییە یانی ناتوانی بڵێیت بوونی نییە.
رووداو: بەڵام هەموو رێگەکان پێکەوە داخراون؟
ئاوات شێخ جەناب: کێشەکە لەسەر ئەوەیە ئەم بارهەڵگرانە چ کارەساتێکیان خوڵقاندووە، بەڕاستی رێگەوبانەکانیش خۆیان خراپن؛ ئەوانیش ناحەقیان نییە، لە کوێوە بڕۆن و لە کوێوە هاتووچۆ بکەن؟
رووداو: خەڵک مافی نییە رەخنە لە وەزیرەکەی ئێوە بگرێت کە وەزیری ئاوەدانکردنەوەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: حەز دەکەی وەزیرەکەی ئێمە نەبێت با وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ئەمریکا بێت، کە پارەی پێنەبێت چی دەکات!
رووداو: بۆیە باسی جەنابی کاک دانا دەکەم مەبەستم ئەوەیە کە ئەو خۆی گۆڕانە.
ئاوات شێخ جەناب: کاکە گیان دانا نییە جەنابتی، پارەت پێنەبێت چی دەکەیت! پارەت بۆ خەرجنەکەن چی دەکەیت؟ پارەکەش نییە، بۆ نموونە ئەگەر پارە لە وەزارەتی دارایی هەبێت، وەزارەتی دارایی بۆ دانای ناکات؟ چۆن نایکات؟ من بۆ هەموو وەزیرەکانی دەکەم.
رووداو: باشە، لەوانەیە خەڵک بپرسێت، من هەولێر دڵ و رۆحمە، چاومە، پایتەختەکەمە، شانازی پێوە دەکەم. دهۆک، لە دڵەوە خۆشم دەوێت لەبەر خۆشەویستی دهۆک تەنانەت بە کرمانجی قسە دەکەم بە بادینی قسە دەکەم، هەروەها خۆشم بە خەڵکی هەموو کوردستان دەزانم، خۆت رۆحییەتی منیش دەناسی وەکو خزم و وەکو برادەریش، بەڵام رێگەی دهۆک و زاخۆ بەراورد دەکرێت بە رێگەی سلێمانی؟ هۆکار چییە؟ ئەوە مافی هاووڵاتییەکی ئەو نیشتمانەیە بزانێت، مافی خەڵکی هەولێر و دهۆکە کە سلێمانیان خۆشدەوێت، خەڵکی هەولێر خەفەت دەخوات بۆ سلێمانی، دهۆک خەفەت دەخوات بۆ سلێمانی، دەڵێت بۆ وەکو رێگەکەی منی لێناکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان وایە، ئەو جیاوازییە کە دروستبووە، دوو ئیدارەیی دروستی کردووە، گەندەڵی دروستی کردووە، نەبوونی حوکمێکی رەشید دروستی کردووە، هۆکارەکان یەک و دووان و سێیان و چوار نییە، هۆکار هەیە، چی وای لەو هەرێمە کردووە کە لە رووی داراییەوە دۆخی ئاوها خراپ بێت؟ هۆکارەکانی دیاری بکەی، ئەنجامەکانی پێت دەڵێت کە ئەو هۆکارانە وایکرد کە ئەوە دروستبێت.
رووداو: قۆرخکاری پارەی سلێمانی هەیە یان نەخێر خەرجکراوە و ناکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چۆنە، دێینەوە سەر قسەکەی کە دەڵێت هێلکە لە مریشکە یان مریشک لە هێلکەیە، ئەو قسەیە با وا نەڕوات، ئێمە ناچاربووین لەبەر ئەوەی گەندەڵییەکی گەورە هەیە، سێ حیزبی سەرەکی لەم حکومەتە بڕیاری لەسەر بەرنامەیەک داوە کە پێدەڵێن بەرنامەی چاکسازی، بۆچی چونکە پێچەوانەکەی هەیە، ئەگەر پێچەوانەکەی نییە بەرنامەی چاکسازی هەڵنابژێردرێت، ئێمە هەموومان بەپێی ئەو بەرنامەیە گەیشتووینەتە بڕوایەک کە دەبێ داهات هەمووی لە وەزارەتی دارایی کۆببێتەوە، خەباتی بۆ دەکەین، ئەوەی واتێدەگات چاکسازی سویچێکە دایدەگیرسێنیت و گەندەڵی تەواو دەبێت، ئەوە نییە.
رووداو: خۆی دروشمی سەرەکی ئەم کابینەیەش چاکسازییە، ئێستا چاکسازیی گەیشتووەتە کوێ؟
ئاوات شێخ جەناب: چاکسازی دەتوانین بڵێین چەند قۆناخێکی باشی بڕیوە، با لە عێراقەوە دەستپێبکەین، هەر لەسەر عێراق ئێمە چەند بەرنامەیەکی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان جێبەجێکردووە، یەکێکیان، حکومەت دەبێت نوێنەرایەتیی دانوستاندن بکات نەک حیزب. ئێستا لەو چوار ساڵەی کە ئێمە لێرەین حکومەت دانوستاندنی کردووە، چەند شاندێکی کاک مەسرور بووە، چەند شاندێکی کاک قوباد بووە، چەند شاندێکیش من بووم، یانی هەمووی ئەمەی کردووە، حکومەت ئیدارەی ئەو مەلەفەی کردووە، حکومەتیش بە سەرکەوتوویی کردوویەتی بەو بەڵگەیە کە توانی رێککەوتنی یەکەم لەسەر بودجە بکات، توانی رێککەوتنی دووەم لەسەر بودجە بکات، توانی رێککەوتنی سێیەم لەسەر بودجە بکات، واز لەوانە بێنە کە عێراق پێی پابەند نەبووە و لە 2020 پارەی لێ بڕیوی لە گەرمەی کۆرۆنا پارەی لێ بڕیوی، دوای ئەوە مانگی 200 ملیاری لە شەش مانگدا پێداویت و دوایی نەیداوە، لە 2022 دوو مانگ پێیداویت، لەم دواییانە 400 ملیاری پێتداوە، بەڵام تۆ رێککەوتنت کردووە لەگەڵ بەغدا، یانی تۆ بەشێک لەو بەرەوپێشچوونەت هەبووە لە رێککەوتن لەگەڵ عێراق. ئێستا رێککەوتنەکە بەرەوپێش چووە و چووەتە نێو مەلەفی نەوتییەوە کە کێشەی بنچینەیی تۆ مەلەفی نەوتە، تۆ رێککەوتنت لەسەر مەلەفی نەوتیش کردووە، کە رێککەوتنیشت لەسەر مەلەفی نەوتیش کردووە بە مافە دەستوورییەکانی خۆت رێککەوتنەکەت کردووە، نەک ئەوەی کە کەسێک پێتدەڵێت ئەوە تەسلیم بوون؛ رۆژێک گوێم لە برادەرێک بوو پیاوێکی ناسراویشە گوتی ئەوە پەیوەندی ناوخۆ نەما لە هەرێم، ئەوە پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە نەما، ئەوە نەوتەکەشیان لێسەندنەوە و پارەشیان نەما، بڕۆن بیانگۆڕن، کاکە بەوشێوەیەش نییە.
رووداو: خەڵکیش هەبوو شیرینی روخانی هەرێمی دەبەخشی.
ئاوات شێخ جەناب: بەڵی، خەڵک هەبووە داوای کردووە هێز بێتە سەر هەرێم، ئەوانە دەنگە ناشازەکانن، بەداخەوە، رەنگە خەڵکی زۆر باشیش بن، بەڵام ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە من خۆم لەگەڵی نیم.
رووداو: چیت کردووە بۆ هێزی پێشمەرگە؟
ئاوات شێخ جەناب: دوای ئەمە دەچینە سەر یاسای نەوت و گاز، ئێمە بۆ یاسای نەوت و گاز باش چووینەتە پێشەوە و لەلایەنی ئێمەوە ئێستا کاک فرسەت، وەزیری داد سەرپەرشتی شتەکان دەکات. بۆ نموونە، کێشەی پێشمەرگە تۆ باسی پێشمەرگەت کرد، بۆ یەکەمجارە لە نێو یاسای بودجەدا باسی پێشمەرگە بکرێت و بەشی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کرابێت، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەو رەخنانەی کە لەسەر شەفافییەت هەبوون، ئەو هەموو برادەرەی کە دەیانگوت حکومەت مووچە دەنێریت و هەرێم دەیخوات، ئێستا سەلمێندراوە کە حکومەتی عێراق هیچی نەناردووە و هەرێمی کوردستان دابینی دەکات. لە بواری چاکسازیدا ئەگەر تۆ داهاتت بەرزنەکردبایەوە، نەتدەتوانی مووچەکەت بدەی، نەتدەتوانی 22 مانگ مووچە بدەی، بۆ زانیاریت ئەم کابینەی نۆیە قەرزیشی نەکردووە، بەپێچەوانەشەوە دوو ملیاریش قەرزی داوەتەوە لە قەرزی نەوت. بۆ نموونە یاسای چاکسازیی دەرکردووە، ئێستا لە سایەی یاسای چاکسازی ئەو رەخنانەی کە ببوو بە رەخنەی هەموو کۆمەڵگەکەی من و تۆ لە پلە تایبەت، لە دوو مووچە، لە خانەنشینی نایاسایی، لە وەرگرتنی پلەی وەزیفی زیادە، ئێستا ئەمانە هیچی نەماوە، یانی ئەو پلە تایبەتەی کە خەڵک وەکو دێوەزمە سەیری دەکرد، ئێستا کێشەی ئەوە نەماوە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا؛ کوا ئێستا کەس باسی پلە تایبەت دەکات؟ نایکات. بۆ نموونە هەموومان هاوارمان دەکرد دەبێت هەموو داهات بێتە وەزارەتی دارایی، ئێستا داهات دێتە وەزارەتی دارایی.
رووداو: کێشەی پلە تایبەتەکان چۆن چارەسەر کراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: کێشەی پلە تایبەتەکان بەپێی یاسای چاکسازیی هەمووی وەکو یەکی لێکراوە، ئەوەی یاسای چاکسازیی دەیگرێتەوە، بێگومان، شەش ملیۆن و حەوت ملیۆن بۆ کەس نەماوە. بۆ نموونە، گەڕانەوەی داهات بۆ وەزارەتی دارایی، ئەوەی ئێستا بە ئیدیعا دەڵێت، داهات نایەتەوە وەزارەتی دارایی، بابێت بیسەلمێنێت. بە لێدوانی سەر تەلەفیزیۆن و فەیسبووک و ئەمانە نابێت. ناکرێت کابرا دەستێک بێنێت بە خۆیدا و گوتاربدات و بڵێت وەڵا داهاتی ناوخۆ ئاوا و نەوت ئاوا و ئەویان ئاوا. دەچێت ریشت بۆ قەڵەم دەکات و چاو و برۆت بۆ رێکدەخات و دێت گوتارت بۆ دەدات، ئەو گوتاردانە و بەو شێوازە نابێ، وەرە بیسەلمێنە کە ناگەڕیتەوە.
رووداو: هەمووی دەگەڕێتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە لە کەناڵەکانی وەزارەتی داراییەوە دێت، هەمووی دەگەڕێتەوە.
رووداو: لە سەدا چەندی لە کەناڵەکانی وەزارەتی داراییەوەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ نموونە، ئەو گومرگەی بە فەرمی وەردەگیرێت دێتەوە وەزارەتی دارایی، چی باج وەربگیرێت دێتەوە وەزارەتی دارایی، چی لە کارەباوە دێت، هەندێک کێشەمان لەسەر بابەتی کارەبا هەبوو ئێستا هی کارەبا هەمووی دێتەوە وەزارەتی دارایی. کێشەی سندووقی خانەنشینیمان هەبوو، سندووقی خانەنشینیمان دروستکردووەتەوە. سندووقی زەمانمان خەریکە نزیکمان کردووەتەوە، هەروەها بانکەکان بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رووداو: هیچی تێدایە یان جارێ هەر سندووقە؟
ئاوات شێخ جەناب: سندووقە، ئێستا دەستە، بەڕێوەبەر، میلاک و بارەگای هەموویانمان بۆ جێبەجێکردوون، پارەکانی خۆیان دەچێتەوە سەر هەژمارەکەیان و لە ماوەیەکی دیکەدا جا ساڵێکە یان دوو ساڵە پارە کاشەکەشییان دەچێتەوە لای خۆیان و سەربەخۆیی خۆیان وەردەگرن.
رووداو: داهاتی هەرێمی کوردستان، ئەمە گرنگە بۆ مێژوو، ئەوە دانیشتووین، کاژێر 11:28 خولەکە لەگەڵ کاک ئاواتی شێخ جەناب لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆ تەمەن درێژبیت، بەڵام من و تۆ دەمرین، خەڵک دێن نامەی دکتۆرا دەنووسن لەسەر ئەو قۆناخەی ژیانی کوردەواری، چۆن ئێستا باسی کەریمی عەلەکە دەکرێت، رۆژێک دەڵێن جارێکیش پیاوێک هەبوو ناوی ئاواتی شێخ جەناب بوو، وەزیری دارایی کوردستان بوو، باشە، داهاتی کوردستان چەندی دەدزرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چی، وشەی دزی وشەیەکە...
رووداو: ناسکی دەکەمەوە، چەندی دەستی بۆ دەبردرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: بە ژمارە ناتوانم، من ناتوانم بڵێم ئەو ژمارەیە.
رووداو: بە نزیکەیی؟
ئاوات شێخ جەناب: من ناتوانم بە ژمارە بیڵێم، بڵێی لەو وڵاتە گەندەڵی نییە، دەڵێم هەیە.
رووداو: رێژەی گەندەڵی لەو وڵاتە چەندە؟
ئاوات شێخ جەناب: زۆر بەرزە، زۆر بەرزە.
رووداو: بە نزیکەیی؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەتا ئەو چاکسازییانەی لێدەرکەی باقی کایەکانی ژیان تووشی شەلەل بوون، هەندێك چاکسازیش ئێمە کە دەستمان پێکردووە، ئەنجامەکەی لەو کابینەیە دەرناکەوێت، بۆ ئاگاداریت لە کابینەی داهاتوو دەردەکەوێت، بەتایبەتی ئەوەی بە دیجیتاڵکردنی بانکەکان و مووچە دەکەوێتە کابینەی داهاتوو.
رووداو: هەست ناکەی تۆزێک بێڕەحمی؟ 28 ساڵی حکومەتی کوردی هەمووی گەندەڵی بووە ئەو چوار ساڵەی کە ئێوە حوکمەکەن ئەو تۆزە تروسکەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چۆن، تۆ سەیری بکە لە سیستمێک تۆ لە هیچی رازی نیت، لە هیچی رازی نەبوویت.
رووداو: یانی هەموو ئەزموونی راپەڕین تا ئەمڕۆ ئەو چوارساڵەی کە ئێوە وەزیرن؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەم چوار ساڵە بە کرداری لە رێگەی یاسا و لە رێگەی لێپرسینەوە دەستکراوە بە چاکسازیی، لەم بەرنامەی حکومەتەوە، لەم بەرنامە هاوبەشەی ئەو سێ حیزبەوە دەستکراوە بە چاکسازیی، بە رێکخراوەیی دەستکراوە بە چاکسازیی، لە پێشوودا لەوانەیە چاکسازیی کرابێت بە هەوڵی تاکەکەسی، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران یان بۆ نموونە سەرۆک مام جەلال یان سەرۆک بارزانی ئەو بڕیارانە درابێت، بەڵام ئەوەی کە بە رێکخراوەیی و سیستماتیکی دەستپێکرابێت و لە یو ئێن دی پی و لە کوێ و لە کوێ راوێژکار و شارەزای بۆ هێنرابێت، نەکراوە.
رووداو: واتە مەبەستم ئەوەیە، هەوڵ هەر هەبووە، بۆ نموونە دڵشاد عەبدولڕەحمان، دلاوەر عەبدولڕەحمان، دلاوەر عەلائەدین، بۆ نموونە یاسای وەبەرهێنان، واتە هەموو ئەو شتانە کراون. مەبەستم ئەوەیە، پڕۆسەیەکی دوور و درێژە، هەموو قۆناخەکان گەندەڵیی تێدا هەبووە.
ئاوات شێخ جەناب: ئەمە تا چەند مانگێک لە سەرەتای ئەم حکومەتەیە، تا چەند مانگێک بەشێک لە مووچەی ئێمە وەکو سولفە لە سامانە سرووشتییەکان دەدرا، ئەی ئێستا؟ ئێستا یەکسەر دێتە سەر هەژماری حیسابەکەی خۆمان.
رووداو: حەماسەت و نیازی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و تیمەکەی جیددییەتێکی زۆری پێوە دیارە، بەڵام گلەیی ئەوەشتان لێدەکرێت کە کەرتی تایبەتتان ئیفلیج کردووە بۆ پارەدارکردنی کەرتی گشتی، ئێوە مووچەی کارمەندانی خۆتان دەدەن، ئەی خەڵکەکەی دیکە؟
ئاوات شێخ جەناب: با قسەیەکی خۆشی پێشمەرگایەتیت بۆ بگێڕمەوە، لە کاتی پێشمەرگایەتیدا هەندێکجار کە لە هەندێک شتدا دەگەیشتینە حاڵەتێکی نەگونجاو، کە ئیدی دەرفەتی هیچی تێدا نەبوو، بە سوعبەت دەمانگوت، "فەرموو شەقێک لەو عەرزە هەڵبدە و شووتییەکی لێ دەربێنە؛" ئەی شووتی بە شەق لە عەرز دەرنایەت، چونکە نەگونجاوە، واقیعی کوردستانیش ئەوەیە، من بەرپرسم لەو چوار ساڵەی لە کابینەی نۆیەمدا ئەرکی من بووە، ئەوەی کە ئێمە هاتووینەتە سەری بە گرفتەکانی هەشت کابینەوە هاتووین، بەشێک لەمانە واقیع فەرزی کردوون، بەشێکیشی گەندەڵیی سیاسی، ئیداری و یاساییە. با حیکایەتێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، یادی بەخێر ساڵی 1991 لەگەڵ دوو برادەر دەچووین بۆ ماڵی مام جەلال، کە لە شەقڵاوە بوو، ئێمە ئەو کات گەنج بووین، بە حەماسەوە قسەمان کرد، باسی ئاودیو و گەندەڵی و ئەوانەمان کرد، ئەوە مام جەلال وا و مام جەلال وا؛ مام جەلال بە زاناییەکەی خۆی وەڵامی داینەوە، گوتمان لێپرسینەوە بکە، گوتی لێپرسینەوەم پێناکرێت. گوتی ئەو پێشمەرگەیەی ئێمە، هاتووەتەوە نە سەقفێک هەیە لە سەرما و گەرما بیپارێزێت، نە راخەری هەیە، نە پارەی شیری پێیە، نە پارەی دایبیی پێیە، نە پارەی پێیە بەتانییەک شتێک دابین بکات، چۆن قەدەخەی بکەم؟ کە قەدەخەی دەکەم، دەبێت هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەم. ئەی تۆ ئەو جۆرە حیکایەتانە دەبیستی کە لەو ماوەیەدا دروست بوون، زۆری نەبرد شەڕی نێوخۆییش روویدا، مەبەستم ئەوە نییە خودا نەخواستە مادام ئێمە لە کابینەی نۆیەم داین، کابینەی هەشت وا و حەوت وا، من وا باسیان ناکەم.
رووداو: بۆ نموونە لە کابینەی هەشت، راوێژکارانی وەزارەتی دارایی بە هاوکاریی بانکی نەختینەیی دراوی نێودەوڵەتی دەستیانکرد بە چاکسازی، پێتوانییە ئەگەر نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای چاکسازی کە ئەوکات ئامادەکرا، هەڵتانبگرتبایەوە چاکسازییەکەتان کاریگەریی زیاتر دەبوو؟
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە، چاکسازی لەنێو کۆمەڵگەدا دەکرێت، لەنێو نیزامی سیاسیدا دەکرێت، دەتوانیت بڵێیت ئەمە دەچێتە نێو زانستی مرۆڤایەتییەوە، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤدایە، ئەمە بە بڕیاری مەکتەبی جێبەجێ ناکرێت، بە مانای واقیعی خەباتی دەوێت، ئێمە ئەم کاروانە چاکسازییەمان دەستپێکردووە، ئەوەی داوا بکات کە پاشماوەکان لە ساڵی 92 بۆ ئێستا بە بڕیارێک لە ساڵێک دوو ساڵدا دروست بکرێت و تۆش لەژێر گەمارۆی عێراقدا بیت، ئەوە داوایەکی (تەعجیزییە) و هیچکات مومکین نییە رووبدات. هەر کۆمەڵگەش خۆی ئامادە نییە بۆ چاکسازی بەو چەمکەی کە هەیە، ئێستا هەموومان دژی واستە و واستەکاری و خزمایەتی و دەست و پەیوەندین، کۆمەڵگە لە ئێمەی قبووڵ دەکات؟ یان بەم دەست ئیزنی بدە، بەو دەست دێتەوە تەکلیفەکەت هەر بۆ دێنێتەوە و خزم خزمێنەکە هەر دەکات، بۆچی؟ بەداخەوە گەندەڵی گەیشتووەتە، یادی بەخێر کاک نێچیرڤان ناوی نابوو (گانگرین)، کە بەنێو سەرتاپای نیزامی سیاسی و کۆمەڵگەی ئێمەدا بڵاوبووەتەوە، گانگرین خۆشت دەزانیت بە ئاسانی چارەسەر نابێت، لەبەر ئەوە سەبر و حەوسەلەی دەوێت، وەکو دەشڵێن سەفەری هەزار میل بە هەنگاوێک دەستپێدەکات.
رووداو: ئێستا تیمی یەکێتی نایەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئێوە وەکو گۆڕان پێتانوایە کارەکانی ئەوانیش کەوتووەتەوە ئەستۆی ئێوە؟
ئاوات شێخ جەناب: جارێ ئەو برادەرانە لە وەزارەتەکانی خۆیان دەوام دەکەن.
رووداو: واتە کاریگەری لە ئەدایان نەکردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە وەزارەتەکانی خۆیان دەوام دەکەن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئامادە نابن، خۆزگە ئامادە دەبوون.
رووداو: بەبێ یەکێتی بڕیاری ستراتیژیی گرنگتان داوە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێستا لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندا کەمینە و زۆرینە کار دەکات، ئەو شتانەی کە لە بەرنامەی کاری حکومەتدایە، دەکەوێتە سەر ئەو یاسا و نیزامەی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندا پەیڕەو دەکرێت. من خۆم زۆرم پێناخۆشە کە دەوام ناکەن.
رووداو: هەوڵت داوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، هەوڵیشم داوە، زۆریش بە خراپی دەزانم، هەموو شتێکیش دەکەم بۆئەوەی ئەم هەڵوێستە بگۆڕن، بە قەناعەتی من لەبەر ئەوەی هەموو کاروباری ئەم وڵاتە لە رێگەی حکومەتەوەیە، ئەگەر کێشەش لەو سنوورە هەبێت، ئەگەر کەناڵە سیاسییەکانیشیان پچڕاندبا، نەدەبووایە کەناڵەکەی حکومەت بپچڕێنن، چونکە پەیوەندیی بە ژیانی دوو ملیۆن کەسەوە هەیە.
رووداو: هیچ بڕیارێک هەیە جەنابی کاک مەسرور چاوەڕێ بێت، تاوەکو ئەوان بێنەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: کێشەیەکیان دروست کردووە کە کاک مەسرور تاوەکو ئێستا رەچاوی دۆخەکە دەکات و بڕیارێک لە دژی وەزیرەکان نییە، بێگومان گلەیی هەیە و ئەوە روونە، بەڵام ئەوەی کە بڕیارێک لە دژیان بدات تائێستا نەبووە و جێگەی سوپاسیشە بۆ ئەو هەڵوێستە، بەڵام لەو ماوەیەدا قسەمان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ کرد، بەشێکی هاتە سەر گۆشت و پەیوەندیی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە، بەشێکی هاتە سەر برنج و چی و چی، کە پەیوەندیی بە وەزارەتی بازرگانییەوە هەبوو، بە سوتفە کاک کەمال [موسلیم] گەشتی کردبوو و بێگەرد خانیش ئامادە نەبوو، ئەی تۆ هەندێک جار کە وەزارەتی پەیوەندیدار ئامادە نەبێت ناتوانیت بڕیارێک بدەیت.
رووداو: زۆر شتی وا هەیە، ئەوە نموونەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە نموونەیەکە، بۆ نموونە کاک مەسرور تۆزێک خۆی لەوانە لادەدات، کاری چاکیشی کردووە، ئەو بڕیارانە تائێستا نەدراون، بەڵام شتێکیش هەیە تاوەکو کەی؟ ئەوە بوو بە شەش یان حەوت مانگ.
رووداو: تۆ نە پارتیت و نە یەکێتی، ئایا شتی وا هەیە کە پارتی لە سەرەوە بڵێت وەرنەوە و لە ژێریشەوە خۆی تێکیبداتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: من ناتوانم ئەم قسەیە بکەم.
رووداو: ئەی تۆش هاونیشتمانیت.
ئاوات شێخ جەناب: من هاونیشتمانییەکم، بەڵام ناتوانم ئەم قسەیە بکەم، ئەوە دەبێت پارتی وەڵامت بداتەوە.
رووداو: نا تۆ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی.
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی، من لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو جۆرە روحیاتەم نەبینیوە و نەمبیستووە.
رووداو: واتە سەرۆکوەزیران دەیەوێت حکومەتێکی تۆکمەی یەکگرتووی هەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: کاک مەسرور حەز دەکات [کوتلەی وەزاریی یەکێتی] بگەڕێنەوە، ئەمە لە دوایین کۆبوونەوەی چوارشەممەی پێشوو کاک مەسرور گوتی، پێی ناخۆشە کە نایەن، گلەییشی لەسەر دەوامنەکردنیان هەیە، بۆچی من ئەو قسەیەش ئاوا دەکەم؟ واتە ئەوە قسەی ئەو نییە کە من بیڵێمەوە، لە رێگەی کەناڵە پەیوەندییەکانی خۆیانەوە ئەمەیان بە یەکدی گوتووە.
رووداو: تۆ وەکو پێشمەرگەیەک، وەکو ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر لەنێو یەکێتی خەباتت کردووە، بۆ هەوڵێک نادەن بۆ چارەسەر؟ یان ئێوەش حەز دەکەن و بە بەرژەوەندیتانە بۆ هەڵبژاردن؟
ئاوات شێخ جەناب: نا بە پێچەوانەوە، ئێمە لە یەکەم رۆژەوە کە قسەمان کردووە، لەسەر یەکڕیزی بووە، بە ئێستاشەوە؛ واتە یەکڕیزیی خەڵکەکەمان لای ئێمە وەکو درووشمی سەرەکی وایە، ئەوە قەناعەتێکە کە لەلای گۆڕان هەیە، کاتی خۆی لەبەر ئەوەی ئێمە یەکڕیزیمان لەلا گرنگ بوو، ئەو کات کە لە بەغدا بووین پەیوەندیشمان زۆر خراپ بوو لەگەڵ یەکێتی، بەڵام لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار دەنگمان بە مام جەلال دا، لەبەر ئەوەی لامان گرنگ بوو یەکڕیزیی خەڵکەکەی خۆمان نیشان بدەین.
رووداو: وەکو گۆڕان، لە ئەدای حکومەت رازین؟
ئاوات شێخ جەناب: با من بە جۆرێکی دیکە پرسیارەکەت بگۆڕم، هەندێک کەس رەخنەمان لێ دەگرن لەسەر ئەوەی کە ئێمە چی دەکەین لە حکومەتدا، تۆش بیستووتە بە دڵنیاییەوە.
رووداو: کێ رەخنەتان لێدەگرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ نموونە گۆڕان بووە یان غەیری گۆڕان لەنێو حکومەتدا قسەمان لەگەڵ دەکات، ئەوانەی کە لەم دواییانە بوون بە ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە ئێمە دەگرن، راستییەکەی پێش ئەوەی گۆڕان دروست ببێت، لە رێگەی وشە و KNNـەوە، ئێمە دوو ساڵ پێشتر دەستمان کرد بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر بودجە، گەندەڵی و لەسەر هەموو ئەو شتانە، کە گۆڕانیش راگەیێندرا، چوار ساڵی دیکەش ئێمە لەسەر هەموو ئاستەکان پڕۆژەمان بۆ هەموو بوارێک و بۆ چاکسازی هەبوو، بە ئێستاشەوە. بوو بە شەش ساڵ و خەڵک ئاگادار بووەوە، وای لێهات هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بەو شەش ساڵە مافی خۆی زانی، ئەرکی خۆی زانی، زانیی شەفافییەت چییە، زانیی بودجە چییە، زانیی گەندەڵی چییە، وەسفی هەموو جۆری گەندەڵی کرا، دوای شەش ساڵ کاک نەوشیروان هات و گوتی، ئینجا کاتی کارکردنە، تۆ شەش ساڵە قسە دەکەیت، ئەی کەی کار دەکەیت؟ ئەوە بوو ئێمە هاتینە نێو حکومەت و بەهۆی کێشەی سیاسی، بێگومان خۆ لەو هەرێمەی ئێمە بەبێ کێشەی سیاسی و گرژی ناژیت، لە حکومەت دوورخراینەوە، دیسان چوار ساڵی دیکە ئۆپۆزیسیۆن بووین و لەنێو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان لەسەر گەندەڵی و هەموو ئەوانە ئەم قسانەمان کرد. کاک نەوشیروان لە لەندەنەوە رایگەیاند، خەباتی پەرلەمانی چووەتە ژێر نیشانەیەکی پرسیاری گەورەوە؛ ئێستاش ئاکامەکەی دەبینین، لەبەر ئەوە بۆ ئەمجارەش ئیختیاری حکومەت کرا کە کار بکەم باشترە یان هەر قسە بکەم؟
رووداو: کامیان؟
ئاوات شێخ جەناب: واتە ئەم بەشدارییە لە کابینەی نۆیەم.
رووداو: ئێستا ئەگەر کاک نەوشیروان لە ژیاندا بووایە لە دەسەڵات بوون یان ئۆپۆزیسیۆن؟
ئاوات شێخ جەناب: دەتوانم بڵێم 80% لە دەسەڵاتدا بووین، بۆچی؟ ئەی ئەوە بوو بە 10 ساڵ، تۆ 10 ساڵە قسە دەکەیت، ئەی کەی کار دەکەیت؟ با ئێمە بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو برادەرانەی کە ئۆپۆزیسیۆنن و هەر قسە دەکەن، دەستکەوتیان چی بووە و دەستکەوتی ئێمەش چی بووە؟ لە رێگەی کاری هاوبەشی ئەم حکومەتەوە بۆ چاکسازی، من هەر نموونەی بچووکت بۆ دەهێنمەوە، بۆ نموونە ئێستا تۆ خۆت گەرمیانیت، بڕۆ لە گەرمیان بپرسە ئێستا گوندێک نەماوە کارەبای بۆ نەچووبێت، ئەوە باشترە یان قسەکە؟ بۆ نموونە پەیوەندی بکە بە هەر چوار ئیدارەکەی ئەم سنوورە، یان دۆخی زانکۆکان بە شێوەیەکی گشتی [لە رابردوودا] خراپ بوون، ئێستا بڕۆ تەلەفۆنێک بۆ زانکۆکەی چەمچەماڵ بکە. بۆ کۆکردنەوەی داهات، بۆ نەهێشتنی دوو مووچەیی، بۆ پلە تایبەتەکان، باشە ئەو هاوڕێیەی کە رەخنە دەگرێت، هەر رەخنەیە و هەر رەخنەیە و دووبارە دەبێتەوە، ئێستا بەداخەوە واشی لێهاتووە، هەرچی حیزبە لە گۆڕەپانی سیاسیدا رێک گوتار، درووشم و مەنهەجی ئێمە دەڵێنەوە.
رووداو: ئێوە وازتان لێهێناوە ئەوان وازی لێناهێنن؟
ئاوات شێخ جەناب: نا، ئێمە وازمان لێنەهێناوە و وازیشی لێناهێنین، بێگومان ئەم جۆرە گوتارە پۆپۆلیستییەی کە ئێستا دەستیپێکردووە، لە ئاکامیدا خەڵکێکی بیتاقەت دەستکەوتووە.
رووداو: ئەوەی ئێوەش پۆپۆلیستی بوو؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، هی ئێمە پۆپۆلیستی نەبوو، دەزانی بۆچی؟ بزانە جگە لە ئێمە کێ پڕۆژەیەکی هەیە بۆ چاکسازی، ئێمە لەسەر هەموو ئاستەکان، لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان پڕۆژەی گۆڕانمان پێشکێش کردووە، لەسەر هەمووی؛ کێ بەدیلی ئەمەی هەیە؟
رووداو: پارتی پڕۆژەی چاکسازیی هەیە، هەر درووشمەکەی پڕۆژەی چاکسازییە.
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کاک مەسرور؟
رووداو: بەڵێ.
ئاوات شێخ جەناب: لەو حکومەتە هاوبەشەی کە بەیەکەوە کردوومانە، لەسەر بەرنامەیەکی چاکسازی هەموومان رێککەوتووین، بەشێکی هی رێککەوتنی هەرسێکمانە با ئاوا بڵێم، بەڵام ئێمە بەرنامەیەکی ئامادەمان هەیە.
رووداو: یەکێتیش دوو مانگە لەم حکومەتەدا نییە، ئەویش نەهاتووەتە چاکسازییەکەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان [هاتووە].
رووداو: نەوەی نوێش لە دەرەوە لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو ئەوانیش رەخنە ناگرن بۆ چاککردنی کایەکانی ژیان؟
ئاوات شێخ جەناب: با بزانین نەوەی نوێ یان ئەو برادەرانە چییان کردووە باشتر لەوەی کە ئێمە کردوومانە.
رووداو: خوێندکاران زۆرم بۆ دەنووسن، دەرماڵە بەردەوام دەبێت وەکو خۆی؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و هەموو ساڵێک بەردەوام دەبێت، ئینشائەڵڵا تووشی کێشە نابن.
رووداو: خۆتان لە کاری وەزیرەکانی گۆڕان رازین؟ گۆڕان لە ئێوە رازییە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە دەبێت خەڵکی دیکە وەڵام بداتەوە، نابێت ئەو قسەیە من بیکەم، جەنابت پەیوەندیت هەیە، من تائێستا نەمبیستووە ئێمە بانگ بکەن لەسەر شتێکی دیاریکراو کە هەڵەیەکمان کردبێت و لێپرسینەوەمان لێبکەن، لەسەر ئەوە من خۆم رازیم.
رووداو: لە هەڵبژاردنی عێراقدا هیچتان نەهێناوە، لەم هەڵبژاردنەدا کورسی بەدەست دەهێنن؟
ئاوات شێخ جەناب: هەڵبژاردنی عێراق چەند هەڵەیەکی تێدایە، یانی بەداخەوە بە هەڵەش رۆیشتووە، یەکەم شت با لەوەوە دەستپێبکەم، هاوپەیمانییەکەی ئێمە، هاوپەیمانییەکی راست نەبوو، ئەوەی هاوپەیمانیمان لەگەڵ کرد، بەڵێنەکانی لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ نەکرد.
رووداو: هاوپەیمانییەکەتان لەگەڵ یەکێتی شتێکی باش نەبوو؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، با تەواوی بکەم؛ دووەم، گۆڕان هەڵبژاردنی لە حەوت بازنەدا کردووە لە کۆی 18 بازنە، یانی ئەوە قورسایی و سەنگی راستەقینەی گۆڕان نییە. سێیەم، هەڵەیەکی دیکەی تەکنیکی کە بەتایبەتی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان کردی، لە هیچ بازنەیەک خۆی بە تەنیا بەربژێری نەبووە، پێموایە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەو هەڵانە هەمووی راست دەکرێنەوە، ئەگەر راست ببێتەوە ئومێد دەکەم گۆڕان مافی خۆی وەربگرێت.
رووداو: ئێوە دەنگتان ونبوو یان دەنگتان بردرا؟
ئاوات شێخ جەناب: دوو شتە، بەشێک لە لایەنگرانی ئێمە لە ئاکامی هاوپەیمانییەکەدا دەنگی نەدا، بەشێکیشی برا.
رووداو: نەوەی نوێ دەبێتە بەدیلی ئێوە لە سلێمانی؟
ئاوات شێخ جەناب: من خۆم ناتوانم دڵنیابم لە چارەنووسی نەوەی نوێ (وەکو ئاوات)، ئەوان ئێستا لە بەغدا و لە کوردستان هەیانە، بەڵام بەپێی زانستی سیاسەت یاسایەکی سیاسی بەبێ حیزب لەسەر نەوەی نوێ نییە، ئەوانیش هەر دووپاتی گوتارەکەی گۆڕان دەکەنەوە.
رووداو: دەی ئەگەر ئەوە بۆ ئێوە رەوا بووبێت بۆ ئەوانیش رەوایە.
ئاوات شێخ جەناب: خۆ کردوویەتی، بەڵام لە نیزامی سیاسیدا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان حیزبە، نەوەی نوێ ناونیشانی حیزبی لەسەر دانانرێت.
رووداو: ئایا گلەییکردن لە وەزیرەکانی ئێوە لەسەر گرانبوونی دەرمان و خراپبوونی رێگەوبان نابنە هۆی کەمبوونی دەنگەکانتان؟
ئاوات شێخ جەناب: لەم موزایدە سیاسییانەی کە هەیە، بۆ نموونە هی وا هەیە وا لێپرسینەوەمان لێ دەکات کە دەڵێیت لە 92ەوە چی هەیە ئێمە لێی بەرپرسیارین، نەخێر ئێمە لێی بەرپرسیار نین، نە مەنتیق و نە یاسا و نە بە هیچ لێکدانەوەیەک ئێمە لە شتێک بەرپرسیار نابین.
رووداو: بەس هەندێک لە ئێوە لێی بەرپرسە.
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، ئێمە لێی نابینە بەرپرسیار، ئێمە بەشێکین لە چارەسەر، بەشێک نین لە دروستکردنی گەندەڵییەکە، ئەو گەندەڵییەی کە هەیە ئێمە لە رێگەی پڕۆژە و بەرنامەکەی خۆمان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی هاتووین. با ناوی کەس نەهێنین، کەس هەیە لە 94ەوە لە حکومەتدا بووە، ئێستا لەم کابینەیە لە حکومەتدا نییە، وا قسە دەکات کە دەڵێی ئەم کابینەیە هەموو گرفتەکانی دروستکردووە، ئەوە موزایدەیەکە کە کەس پێی هەڵناخەڵەتێت، ئێستاش گۆڕان لەسەر هەموو چاکسازییەکانی خۆی بەردەوامە، سوورە لەسەری.
رووداو: دەڵێن هەموو رۆژ تاوەکو کاژێر چوار دەوام دەکەیت، ئەمە راستە؟
ئاوات شێخ جەناب: من بەیانیان زوو لە دەوامم و درەنگیش دەڕۆمەوە.
رووداو: هەست دەکەیت چ شتێک زۆر نیگەرانی کردوویت؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ جەنابیشت و بۆ هەموو کەسێک وایە، رەخنە شتێکە و ناوزڕاندن شتێکی دیکەیە.
رووداو: تاوەکو ئێستا تەشهیرت پێ کراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، بێگومان.
رووداو: ناخۆشترین شت کە لە دڵتدا ماوە چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوانە پێویست ناکات باس بکرێن، چونکە سرووشتی ژیانی ئێمە وابووە کە زۆر سەختی و ناڕەحەتیمان بینیوە، بەڵام هەندێک قسە کە زۆر دوور بووە لە ئەخلاقی منەوە و گوتوویانە؛ زۆرم پێناخۆش بووە، پێویستیم بە وەڵامدانەوەکەی نییە، یانی هەندێک لەوانە هەر پێم عەیبە وەڵامیان بدەمەوە.
رووداو: هەست دەکەیت خودات لە خۆت رازیکردووە ئەگەر خەڵکیشت رازی نەکردبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنیاییەوە.
رووداو: لە کۆتاییدا من هیچ ناڵیم تۆ فەرموو.
ئاوات شێخ جەناب: با لە کۆتاییدا من شتێکت پێ بڵێم، تاوەکو ئەو خولەکەی کە لە حکومەتدام بە هەموو بیر و باوەڕ و قەناعەتی خۆم، من کار بۆ چاکسازی دەکەم، باکم نییە، دەشزانم کارێکی قورسە، دەشزانم کاروانێکە مەسیرەکەی زۆر درێژە، وەکو کابرای فەیلەسوف دەڵێت، ئەم کاروانە هەر دەبێت بگات، ئەم کاروانە نابێت بە بەفر بوەستێت، نابێت بە گەرما بوەستێت، نابێت بە سەرما بوەستێت، بێگومان کابرای فەیلەسوف زیاتر دەڕوات و دەڵێت، ئەگەر ئەو کاروانە هەر سەگێک بەردی تێگرت و وەستا؛ بە حەیاتی ناگاتە مەنزڵ. منیش هەندێک لەو وڵامانەم بەو شێوەیە داناوە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەم، ئەوەی رەخنەم لێبگرێت دەیخەمە سەر سەرم، رەخنەکە ئەگەر هەڵەشی تێدا بێت بەلای منەوە ئاساییە، بەڵام دابنیشێت و باسی خێزانت و کەسایەتیت بکات، دەستوەردان لە شتە تایبەتەکانی خۆت بکات، دەستوەردان لە هیوایەت و پەیوەندییەکانی خۆت، کوڕت، کچ و ژنتدا بکات، ئەوانە بەداخەوە نەخۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ