رووداو - هەولێر
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆپسالای سوێد دەریخستووە، ماددەی نیکۆتین دەبێتەهۆی وەستاندنی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە جەستەی خانمان، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ تێكچوونی سووڕی مانگانەیان.
توێژینەوەکە لەم مانگەدا لەلایەن بەشی تەندروستیی ئافرەتان و منداڵان لە زانکۆی ئۆپسالای سوێد کراوە و دەرکەوتووە: ''ئەو خانمانەی بەردەوام جگەرەدەکێشن، هۆرمۆنی ئیسترۆجینیان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و بەوهۆیەشەوە دووچاری کێشەکانی سووڕی مانگانە دەبن''.
ئیریکا کۆماسکۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە کۆنگرەی دەرمانزانی دەروونی لە ڤیەننا دەڵێت: ''نیکۆتین بە ماددەی بەرهەمهێنەری ئیسترۆجین دەبەسترێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی، لەهەمانکاتیشدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئاڵوودەبوونی خێراتری خانمان بە نیکۆتین و درەنگ وازهێنانیان لە جگەرەکێشان''.
توێژینەوەکە بە بەشداری چەند خانمێكی تەندروست کراوە، کە نیکۆتینیان پێدرا، لەگەڵیشیدا تەکنیکی تایبەتییان بەکاردەهێنا بۆ پێوانەکردنی رێژەی ئیسترۆجین، تێبینییان کرد رێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین بە زیادبوونی نیکۆتین کەمدەکات سەرئەنجام دەبێتە هۆی پێشخستنی سووڕی مانگانە.
دکتۆر ویم برینک، پڕۆفیسۆری بواری ئاڵوودەبوون لە زانکۆی ئەمستردام پاڵپشتی توێژینەوەکە دەکات و دەڵێت: ''نیکۆتین کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لەکاتێکدا، کە ئیسترۆجین گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ توانای زیندەگیی جەستەی خانمان''.
هاوکات دکتۆر مۆنتی، پسپۆڕی بواری ئاڵوودەبوون لە زانکۆی ئەلبێرتی کەنەدی دەڵێت: ''کەمبوونەوەی رێژەی ئیسترۆجین وا لەخانمان دەکات زیاتر تووشی داخورانی ئێسک و نەخۆشییەکانی دڵ ببن".
ئامارەکانی CDC دەریانخستووە جگەرەکێشان بە رێژەی 80٪ مەترسییەکانی گیرانی درێژخایەنی سییەکان زیاددەکات، هەروەها خانمان زیاتر لە پیاوان تووشی ئاڵوودەبوون بە نیکۆتین دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ