لێکۆڵینەوەیەک: لەبیرچوونەوە سوودی گەورەی هەیە

11-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەبیرچوونەوە شتێکی دانەبڕاوەی ژیانی رۆژانەمانە. دەچییە ژوورێک شتێک بێنی، بەڵام لەبیرتدەچێتەوە بۆچی رۆیشتبوویت. یان لەنێو بازاڕ کەسێک دەبینی و ناویت بیرناکەوێتەوە. 
 
ئێمە بۆ شتمان لەبیردەچێتەوە؟ ئایا ئەوە نیشانەی لاوازبوونی مێشک و یادگەمانە؟ یانیش لە راستیدا سوودی هەیە؟
 
لێکۆڵینەوەیەکی زانایانی بواری مێشك و دەمار دەڵێت، لەبەری ئەوەی ئێمە بەردەوام زانیاریمان بە لێشاو بۆ دێت، ئەگەر هەموو وردەکارییەکمان لەبیربێت، ئەوا زەحمەت دەبێت سەرنجمان لەسەر شتە گرنگەکان چڕبکەینەوە، بۆیە مێشک زانیارییە لاوەکییەکان پشتگوێدەخات. 
 
زانایانی بواری مێشك و دەمار، لە نێویاندا زانای ئەمریکی-ئوسترالیی ئێریک کاندێل، براوەی خەڵاتی نۆبڵ، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لەبیرچوونەوەی وردەکارییە لاوەکییەکان یارمەتیمان دەدات پارێزگاری لە یادەوەرییە گرنگەکان بکەین. ئەو کردارە یارمەتیی مرۆڤ دەدات خۆی بۆ زانیاری و دۆخی نوێ ئامادە بکات و بگونجێنێت. 
 
بۆ نموونە، ئەگەر رێگەی هاتووچۆت بۆ شوێنێک گۆڕی، ئەوا مێشکت پێویستی بەوە دەبێت رێگە کۆنەکە لەبیربکەیت بۆ ئەوەی نوێیەکەت بیربێتەوە. 
 
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، بیرچوونەوە یارمەتیی مرۆڤی داوە تا لە ژیاندا بمێنێتەوە. چۆن؟ بۆ نموونە، کاتێک باوانەکانمان لە سەردەمی زوودا لە شوێنێک ژیاون کە پێشتر سەلامەت بووە، بەڵام دواتر مەترسی یان هەڕەشەی لەسەر دروستبووە، مێشکیان پێویستی بەوە بووە سەلامەتیی شوێنەکە لەبیربکەن و زانیاریی هەبوونی مەترسی بخەنە شوێنی. 
 
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە پێگەی The Conversation بڵاوکراوەتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە