رووداو - تەندروستی
سەندیکای پەرستارانی عێراق رایدەگەیێنێت، جگە لە بەشەکانی فریاکەوتن، هەموو پەرستاران مانگرتنی 24 کاژێرییان راگەیاندووە و یەک مانگ مۆڵەتیان بە حکومەتی عێراق داوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-3-2025 جەواد جەبار، ئەندامی سەندیکای پەرستارانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، مانگرتنەکە 24 کاژێرییە و ئەوان مانگێک مۆڵەتیان داوەتە حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
ئەو ئەندامەی سەندیکای پەرستارانی عێراقە دەڵێت: کارکردنی پەرستاران لە شوێنە فریاکەوتنەکان بەردەوامە، دەشڵێت: پەرستاران 63٪ـی کۆی کارمەندە میلاکەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق پێکدەهێنن.
هۆکاری جەخت کردنەوەیان لە زیادکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەرستاران هێڵی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە کوشندەکانن.
هەفتەی رابردوو سەندیکای پەرستارانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆ 25ـی ئاداری 2025 داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێنەکرێت، ئەوا مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیێنن و دیارترین داواکارییەکانیان بریتین لە؛ زیادکردنی دەرماڵەی مەترسی بە رێژەی 20٪، دابەشکردنی زەوی بە سەرجەم پەرستاراندا، کردنەوەی بۆردی عێراقی و عەرەبی بۆ پەرستاران و دامەزراندنی دەرچووانی 2024.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ