رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی گشتیی کۆیە ئاشکرای دەکات، تائێستا بەپێی پێویست یەکەی چاودێریی چڕ لە کۆیە نییە و بۆ ئەو مەبەستە نەخۆش دەنێرنە هەولێر، تەندروستیی کۆیەش دەڵێت، چونکە سەرەتای کردنەوەی بەشەکەیە، هێشتا بە تەواوی ستاندارد نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-3-2025 د. شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، دوو تەختی چاودێریی چڕیان هەیە و ئێستا کێشەی سەرەکییان نەبوونی پشکنینی سیتی سکانە و تەندەرینگی پێویستە لەبەر ئەوەی ئامێرەکە هەیە، بەڵام چاکنەکراوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ د. وەلید باقر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالیدی فێرکاری بە رووداوی گوت، هەر نەخۆشێک دوای نەشتەرگەری، پێویستی بە چاودێریی چڕ بێت، ناچارن بینێرنە هەولێر، ''چونکە بە پێی پێویست نییە''.
بەهەمان شێوە نەبوونی سیتی سکانیشی بە کێشەیەکی سەرەکی دانا و دەڵێت: ئاستەنگییەکی بەردەمیانە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و زۆرجار نەخۆش لە هەولێر دەیکات.
بەپێی قایمقامیەتی کۆیە، دانیشتووانی سەنتەری کۆیە 80 هەزار و 149 کەسە و بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە دوو تەختی چاودێریی چڕ بۆ هەزار کەس هەبێت، ئەمەش واتا لە کۆیە پێویستە 160 تەختی چاودێریی چڕ هەبێت، بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ستانداردی جیهانی بۆ ئەو ژمارەی دانیشتووانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ