وەزارەتی تەندروستیی عێراق: تووشبووی نوێ بە تای خوێنبەربوون و کۆلێرا لە عێراق تۆمارکران

24-06-2022
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن تای خوێنبەربوون
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ تووشبوویەکی نوێیان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای نەینەوا تۆمارکرد؛ بەو جۆرەش ژمارەی تووشبووان بەو نەخۆشییە لە عێراق بەرزبووەوە بۆ 208 کەس. دەشڵێت: "ئەمڕۆ چوار تووشبووی دیکەی کۆلێرا لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تۆمارکران و بەو جۆرەش ژمارەی تووشبووان بە کۆلێرا لە عێراق گەیشتە 19 تووشبوو".
 
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی هەینی 24.6.2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ تووشبوویەکی نوێمان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای نەینەوا تۆمار کرد؛ بۆیە ژمارەی تووشبووان بەم نەخۆشییە لە عێراق بەرزبووەوە بۆ 208 تووشبوو و تاوەکو ئێستاش 35 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە. ئەوانەی کە زیاتر ئەگەر هەیە تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بن بریتین لە ئاژەڵداران کە مەڕوماڵات بەخێودەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە لە جەژنی قوربان نزیکدەبینەوە کە بۆنەیەکە بۆ زیاتر سەربڕینی مەڕوماڵات؛ بۆیە ئەگەری گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە زیاتر دەبێت".
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەدات کە هیچ پێکوتەیەک نییە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ئاژەڵ لە تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون؛ هەروەها دەشڵێت: "ئاماژەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتین لە تا، هەستکردن بە ئێش لە هەموو لەشدا یان لە سک، بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە لە لەشدا تەشەنە بکات، رەنگە نەخۆشەکە لە چاو و لووت و گوێوە تووشی خوێنبەربوون بێت، لە قۆناخی مەترسیدارتریش رەنگە نەخۆشەکە تووشی لەکارکەوتنی گورچیلەکان و جگەر بێت، کە دواجار رەنگە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی".
 
دکتۆر سەیف بەدر هەروەها سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆش سێ تووشبووی دیکەی کۆلێرا لە کەرکووک تۆمارکران؛ هاوکات تووشبوویەکی دیکە بە نەخۆشی کۆلێرا لە پارێزگای دیالە تۆمارکرا؛ بەو جۆرەش ژمارەی تووشبووان بە کۆلێرا لە عێراق گەیشتە 19 تووشبوو. دوو لەو تووشبووانە لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراون، تووشبوویەکیان لە بەغدا، پێنج تووشبوویان لە کەرکووک، یەک تووشبوویان لە دیالە و 10 تووشبووش لە سلێمانی".
 
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ ئاماری پەتای کۆرۆنای لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە 24 کاژێری رابردوودا 1328 تووشبووی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هاوکات 261 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە و گیانلەدەستدانیش بە کۆرۆنا تۆمارنەکرا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.