بەرپرسێکی تەندروستیی هەولێر: ئەوانەی بە تای خوێنبەربوون دەمرن تەرمەکەیان راستەوخۆ نادرێتەوە کەسوکاریان

18-06-2023
شکار رێبوار
دکتۆر ئارەزوو حەسەن، بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر. وێنە: رووداو
دکتۆر ئارەزوو حەسەن، بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر. وێنە: رووداو
نیشانەکردن تای خوێنبەربوون
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، لەکۆی چوار تووشبووی پشتڕاستکراوە بە تای خوێنبەربوون سیانیان گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت، پێویستە تەرمی ئەوانەی بە نەخۆشییەکە گیانلەدەستدەدەن پاکژبکرێت و بخرێنە نێو کیسی تایبەت ئینجا بدرێنەوە بە کەسوکاریان.
 
رۆژی یەکشەممە 18-6-2023 دکتۆر ئارەزوو حەسەن، بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر لە بووڵتەنی نوورۆژدا گوتی، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی مەترسیی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون دەگەڕێتەوە بۆ درەنگ چارەسەرکردن و بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان.
 
دکتۆر ئارەزوو حەسەن ئاشکرای دەکات، ئیستا 10 کەیس هەن، کە گومانی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت و  دووانیان چاکبوونەتەوە، هەروەها لەکۆی چوار تووشبووی پشتڕاستکراوە؛ سیانیان گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵی تووشبووەوە هەبووە.
 
ئەو پزیشکە ئاماژە بە گواستنەوەی نەخۆشییەکە دەکات و دەڵێت، نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و لە رێگەی جۆرە گەنەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵان پاشانیش بۆ مرۆڤ. دەشڵێت: "بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی سەربرینی ئاژەڵی تووشبوو هۆکاری سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکان بۆ مرۆڤ."
 
لە بارەی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو تووشبووانەی کە گیانلەدەستدەدەن بەرپرسەکەی کۆنتڕۆڵی هەوکردن گوتی: "نابێت کەسوکاریان مردووەکە بشوات و راستەوخۆ تەرمەکە وەربگرنەوە، بەڵکو لەلای ئێمە بە مادەی دژە ڤایرۆس و دژە بەکتریا خاوێندەکرێنەوە و دواتریش دەخرێنە نێو کیسی تایبەت، ئینجا دەدرێنەوە بە کەسوکاریان''.
 
دکتۆر ئارەزوو روونی دەکاتەوە، کاتێک کەسێک گیان لەدەستدەدات جەستەی تووشی خوێنبەربوون دەبێت، کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، هەربۆیە هۆشداری دەدات کە نابێت مردووانی تای خوێنبەربوون بشۆردرێن یاخود بەرکەوتن لەگەڵ جەستەیان هەبێت.
 
بە پێویستیشی دەزانێت، هاوردەکردنی ئاژەڵ قەدەخە بکرێت یاخود لەلایەن پزیشکی ڤێتێرنەرییەوە بە وردی چاودێری بکرێن و پشکنینیان بۆ بکرێت، هاوکات سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە نەگونجاوەکانیش بە هۆکاری زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە دادەنێت.
 
بە گوتەی دکتۆر ئارەزوو حەسەن، هیچ ڤاکسینێک بۆ نەخۆشییەکە نییە، چونکە نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و توانای خۆگۆڕینی زۆرە، پێشنیازیش دەکات، هیچ ئاژەڵێک جگە لە سەربڕخانەکان لە هێچ جێیەکی دیکە سەرنەبڕدرێن، هەروەها ''گۆشتی قوربانیش بۆ ماوەی 24 کاژێر لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت، ئینجا بەکاربهێندرێت''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.