سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی: بایکۆت سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی گرتووەتەوە

15-12-2024
پەیمان محەممەد
بێستوون ساڵح نووری، کارگێڕی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی
بێستوون ساڵح نووری، کارگێڕی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کارگێڕێکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی دەڵێت، لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی بایکۆتمان راگەیاندووە، جیا لە شوێنە هەستیارەکان''؛ گوتیشی، داواکارییەکانیان وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و دیاریکردنی چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـیە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-12-2024، بێستوون ساڵح نووری، کارگێڕی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''لە هەموو ناوەندەکانی تەندروستی بایکۆتمان راگەیاندووە، تەنیا شوێنە هەستیارەکان نەبێت''.
 
بەگوتەی بێستوون ساڵح نووری، ئێستا هیچ نەخۆشخانە، مەڵبەند و بنکەیەکی تەندروستی دەوامی تێدا ناکرێت، ''10 رۆژمان دیاری کردووە کە حکومەت مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم دابەش بکات و چارەنووسی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمیش دیاری بکات''.
 
ئەو کارگێڕەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی گوتی، ئەگەر حکومەت لەو 10 رۆژەدا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات، رێکاری دیکە دەگرنەبەر.
 
15 رۆژ لە مانگی کانوونی یەکەم تێپەڕیوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە. بێستوون ساڵح نووری دەڵێت: ''بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، ژیانی خەڵک تووشی گرفتی زۆر بووە.''
 
وەک ئەو کارگێڕەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی گوتی، ئەگەر لە ماوەی ئەو 10 رۆژەدا لەلایەن حکومەتەوە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ''ئەگەر هەیە لە شوێنە هەستیارەکانی وەکو نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنیش بایکۆت رابگەیێنرێت، بەڵام هێشتا هیچ بڕيارێک لەسەر ئەم بابەتە نەدراوە.''
 
وەک بێستوون ساڵح نووری ئاماژەی دا، کارمەندانی تەندروستی جیا لە مووچە، داوای پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن دەکەن، ''بەڵام ئێستا داوای سەرەکیان وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم پێکەوەیە.''
 
بایکۆتی کارمەندانی تەندروستی، سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیشی گرتووەتەوە. دوێنێ شەممە د. حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە رووداوی گوت، ''کۆی گشتیی کارمەند و پزیشکانی تەندروستیی گەرمیان لە نەخۆشخانە و بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان تاوەکو هاتنی مووچەکانیان، بایکۆتی کاریان کردووە''.
 
هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگ، پێویستی بە 2.994 ترلیۆن دینار هەیە، کە حکومەتی فیدراڵی تائێستا تەنیا 761 ملیار دیناری لێ ناردووە.  
 
عێراق بڕیاری داوە بۆ هەر یەک لە مانگەکانی 11 و 12ـش، دووجار بڕی 761 ملیار دیناری دیکە بنێرێت. ئەوە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 نزیکەی 711 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کورتهێنانی مووچە بچێتە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نیکۆڵ ئێگێرت لە دوو وێنەی جیاواز. وێنە: AOL Post

خانمە ئەکتەرێکی ئەمریکی چۆنیەتیی هەستکردن بە شێرپەنجەکەی ئاشکرادەکات

نیکۆڵ ئێگێرت، خانمە ئەکتەری 52 ساڵانی ئەمریکی نهێنییەکی شێرپەنجەکەی ئاشكرادەکات بەوەی کە نیشانەکانی پشتگوێخستوون و وایزانیوە کە بەهۆی وەستانی سووڕی مانگانەوە گۆڕانکاری لە مەمکی دروستبووە.