تەندروستی
وێنەی ژنێک کە هەڵامەتییەتی و ئاو بە لووتیدا دێتەخوارەوە. وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەری ساڵ، دەرفەتە بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ ئازیزان؛ بۆ لەدەستنەدانی ئەو دەرفەتە، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا خەڵک هان دەدات ڤاکسینی دژی هەڵامەت وەربگرن.
ئەم پەتا وەرزییە کە نیشەکانی بریتین لە پژمین، کۆخە، ئاوی لووت، قوڕگئێشە، ئازاری ماسوولکە و هەستکردن بە شەکەتی، لە فەرەنسا ساڵانە دوو ملیۆن تا شەش ملیۆن کەس تووشی دەبن و نزیکەی 10 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن.
ئۆرێلیێن رووسۆ، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 10 ملیۆن کەس ڤاکسینی هەڵامەتیان وەرگرتووە. پێویستە ڤاکسینی زیاتر دابینبکرێت و ئێستاش کاتێکی باشە بۆ ئەوە."
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە یەک ملیار کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی هەڵامەتی وەرزی دەبن؛ 290 هەزار تاوەکو 650 هەزار کەس پێی دەمرن.
رێکخراوەکە داوا لە خەڵک دەکات، ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی هەڵامەتەکە لە کۆبوونەوە و ئاهەنگە قەرەباڵخەکانی سەری ساڵ یان لە کاتی سەردانی ئازیزان، سنوردار بکرێت.
د. ماریا ڤان کێرخۆڤا، بەڕێوەبەری بەشی ئامادەکاری و رێگریکردن لە پەتاکان لە WHO دەڵێت، "لە کاتێکدا دەچینە مانگەکانی زستانەوە، خەڵک زیاتر لە ژوورەوە دەمێننەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە زیاد دەبێت، چ بەهۆی کۆرۆناوە بێت یان هەڵامەت، هەروەها ڤایرۆسەکانی وەک رژێنەڤایرۆس، ڤایرۆسی سەرما و بەکتریای وەک مایکۆپلازمای هەوکردنی سییەکان."
ئەم هەڵامەتە بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستانیش بڵاوبووەتەوە.
لەنجە سامی حەمید، پسپۆڕی منداڵبوون و ئافرەتان و بە رووداوی راگەیاند، ئەو پەتایە هەموو کەسێک ئەگەری هەیە تووشی ببێت، بەڵام ژنانی دووگیان زیاتر مەترسیی تووشبوونیان لەسەرە و مەترسیی پەتاکەش لەسەریان زیاترە کە زیانیان پێبگەیێنێت. "تووشی هەوکردن و تا و کێشەی زۆر دەبن."
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، هەندێکجار دەبێتە مەترسی لەسەر کۆرپەکەی، چونکە دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان، خنکان و دابەزینی ئۆکسجین و بەرزیی رێژەی خوێن مەیین.
بۆ خۆپاراستن لە هەڵامەتەکە، دکتۆر ئارین ناسر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی دڵ و هەناوە و دەڵێت، بەستنی دەمامک پێویستە تاوەکو تووش نەبیت، یان ئەگەر تووشیش بوویت، زیاتر بڵاونەبێتەوە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زۆربەی ئەوانەی تووش دەبن، لە ماوەی یەک هەفتەدا بێ وەرگرتنی هیچ دەرمانێک چارەسەر دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا، رێکخراوەکە تووشبووان هاندەدات کە سەردانی پزیشک بکەن، شلەمەنیی زۆر بخۆنەوە، پشوو بدەن و لەماڵەوە بمێننەوە بۆ ئەوەی خۆیان و دەوروبەریان سەلامەت بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ