رێنوێنییە نوێیەکانی ئەمریکا.. گرنگە خانمان دوای تەمەنی 40 ساڵی پشکنینی مامۆگرام بکەن

14-05-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

رێنوێنییە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ پێشگیریکردن و پاراستنی خانمان لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەڵێن، دەبێت خانمان جگە لە پشکنینە سەرەتاییەکانی شێرپەنجە، دوای تەمەنی 40 ساڵی پشکنینی مامۆگرامی مەمک بکەن. 
 
کۆمەڵەی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن لە ئەمریکا دەڵێت، ئەو خانمانەی مەترسیی مامناوەندییان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک هەیە، دوای تەمەنی 40 ساڵی پێویستە پشکنینی مامۆگرام بکەن و باس لەوەش دەکات، دوو ساڵ جارێک پشکنینەکە پێویستە.
 
رێنوێنییەکانی کۆمەڵەکە هاوتایە لەگەڵ نوێترین بڕیارەکانی کۆمەڵەی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی ئەمریکی و کۆلێژی پزیشکانی منداڵبوون و خانمانی ئەمریکا کە پێشنیازیان کردووە، هەموو ئەو خانمانەی لە خێزانەکانیان تووشبوویەکی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، پێویستە دوای تەمەنی 40 ساڵی دەست بە پشکنینی مامۆگرام بکەن.
 
جۆن ڤینگ، ئەندامی کۆمەڵەی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن لە بۆستن رایدەگەیێنێت، یەکەمجارە شێرپەنجەی مەمک لە تەمەنی چلەکاندا زیاددەکات بە جۆرێک لە ساڵی 2015ـەوە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک بە تێکڕا ساڵانە 2٪ زیادی کردووە.
 
کۆمەڵەکە روونی دەکاتەوە، مامۆگرام پشکنینێکی تیشکی و وردە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، بەجۆرێک دەتوانێت لە قۆناخە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەدا گرێیەکان بناسێتەوە و کەسی تووشبوو چارەسەر وەربگرێت. 
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، لە 2023 نزیکەی دوو هەزار و 800 تووشبووی نوێی شێرپەنجەی مەمک لە وڵاتەکە تۆمارکراون و لە جیهانیشدا دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە؛ هەروەها کۆمەڵەکە ئاشکراشی دەکات، لە هەشت خانم یەکێکیان تووشبووی شێرپەنجەکەیە و 10٪ـی هۆکارەکانیش بەهۆی بۆماوەییەوەیە. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، 'شیردان بە منداڵ، کێشڕێکی، هەبوونی چالاکیی جەستەیی، دوورکەوتنەوە لە کحول، جگەرە و نێرگەلە، خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بە تیشک و مادە کیمیاییە زیانبەخشەکان' مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکەنەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە