ئەنجوومەنی شێرپەنجە لە عێراق: ساڵی رابردوو 141 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک لەنێو پیاواندا تۆمارکراون

10-11-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی ئاشکرای دەکات، ئێستا چەندین تووشبووی شێرپەنجەی مەمک لەنێو پیاوان لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراون، بەڵام رێژەکە نەگەیشتووەتە ئاستێک کە بۆ پیاوان مەترسیدار بێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024 د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تووشبووە پیاوەکانی شێرپەنجەی مەمک سەروو 45 ساڵانن و بە زۆری بۆ ماوەییانە تووشی نەخۆشییەکە بوون.
 
د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە دەڵێت: پیاوان پێویست ناکات پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بکەن، بەڵام لە ئەگەری دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی وەکو گرێ یاخود رەقییەک لە مەمکیان بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەن، {''چونکە ئەوە سەرەکیترین نیشانەی شێرپەنجەی مەمکە لە پیاوان}.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، لە جیهاندا لەکۆی 100 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک، 99ـیان خانمن و یەکیان پیاوە.
 
پسپۆڕەکە ئەوەش ئاشکرادەکات کە هەر پیاوێک شێرپەنجەکەی هەبوو، واتە جینی بەرپرس لە دەرکەوتنی شێرپەنجەکەی هەیە و پێویستە ماڵابەتەکەشی پشکنینی پێشوەختەیان بۆ بکرێت.
 
لە کۆتاییدا گوتی، ئەگەر هەر کەسێک جینی بەرپرس لە نەخۆشییەکەشی هەبوو، بەڵام شێوازی ژیانی تەندروست بوو، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەکە کەمدەبێتەوە و تەنانەت هۆکاری گیانلەدەستدانی زۆرینەی تووشبووانی شێرپەنجەش بۆ ناڕێکیی شێوازی ژیانیان دەگەڕێنێتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی شێرپەنجە لە عێراق؛ سێ باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی 2023 ئەمانەن؛
 
یەکەم: شێرپەنجەی مەمک 8849؛ 8708 ژن و 141 پیاو بوون.
دووەم: شێرپەنجەی کۆڵۆن 3108؛ 1502 ژن و 1606 پیاو.
سێیەم: شێرپەنجەی سییەکان 3020؛ 891 ژن و 2129 پیاو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە