رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستیی عێراق كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد، وەرگرتنی ڤاكسینیشی كردە مەرج بۆ گەشتكردن و كردنەوە شوێنە گشتییەكان.
ئەمڕۆ هەینی 09-04-2021 سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێكدا گوتی: "وەزارەتی تەندروستی داوای لە نووسینگەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی كردووە، بێ كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، بلیتی گەشتكردن بە هیچ هاووڵاتیەك نەدەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەیف بەدر ئاماژەی بەوەدا: "وەزارەتی تەندروستی هەموو مۆڵەكان، شوێنە بازرگانییەكان، چێشخانەكانەكان، نەخۆشخانە ئەهلییەكان، تاقیگەكان، دەرمانخانەكان و كۆگاكانی دەرمان دادەخات ئەگەر كارمەندەكانیان كارتی وەرگرتنی ڤاكسینیان نەبێت".
پێشتر حەسەن خەڵاتی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"عێراق گرێبەستی كڕینی ڤاكسینی لەگەڵ كۆمپانیای سینۆفارمی چینی و فایزەری ئەمریكی هەیە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو 200 هەزار ژەمە ڤاكسینی سینۆفارمی چینی و 25 هەزار ژەمە ڤاكسینی فایزەر بگاتە عێراق".
سەبارەت بە وەرگرتنی پێكوتە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە دەڵێت، "لە سەرەتای دەستپێكردنی هەڵمەتی كوتانەوە كە دوو هەفتەیە دەستیپێكردووە، نزیكەی 120 هەزار هاووڵاتی ڤاكسینیان وەرگرتووە. ئەم ژمارەیە لە ئاست پێویستدا نییە".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێژەی تووشبوون لە عێراق رووی لە هەڵكشان كردووە، سەرۆكی تیمی پزیشكیش لە وەزارەتی تەندروستی هۆكارەكەی بۆ پابەندنەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرنەگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "هاووڵاتیان لە رۆژانی جەژن، پرسە و ئاهەنگەكانی زەماوەند بە كۆمەڵ كۆدەبنەوە، وەكو بڵێی كۆرۆنا لە وڵات نەماوە".
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوەكو ئێستا 903 هەزار و 439 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 799 هەزار و 327 تووشبوو چاكبوونەتەوە، 14 هەزار و 606 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ