رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەبوونی بودجەوە، ناتواندرێت تیمەکانیان دەست بە پشکنینی ئاوی سلێمانی بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئەیلوولی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی قوڕگ، گوێ و لووت د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، پیسبوونی ئاو هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرایە.
د. سەباح هەورامی گوتی، 117 تووشبووی کۆلێرا پشتڕاستکراونەتەوە، بەڵام هەزاران تووشبووی سکچوون و رشانەوە هەن و وەکو کۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هاوکات گوتیشی، نەبوون و دواکەوتنی مووچە کێشەی سەرەکیی بەردەم پێشگیریکردن لە پەتای کۆلیرا دەبێت.
د. سەباح دەڵێت: ''بەهۆی نەبوونی بودجەوە تیمەکانیان ناتوانن پشکنین بۆ ئاوی سلێمانی بکەن''، هەروەها دەشڵێت: داواکراوە کە بودجەی تایبەت بۆ پشکنین و کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی سلێمانی دابنرێت.
بە گوتەی د. سەباح، نەخۆشیی کۆلێرا ئەگەر چارەسەرنەکرێت، ئەوا کوشندەیە و بە پێویستی دەزانێت هەر کەسێک نیشانەکانی هەبێت، سەردانی نەخۆشخانە بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندوستیی سلێمان داواش لە هاونیشتمانییان دەکات کە دڵنیاببەنەوە لەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان و پشت بە شەمعە نافەرمییەکان نەبەستن، تەنانەت ئەوەشی گوت کە سەوزە و میوەکان بەئاوی خاوێن بشۆردرێنەوە، ''مەرجە کە جووتیارانیش بەرهەمەکانیان بەئاوی قورس ئاو نەدەن''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ