گۆڤاری زانستیی لانسێت: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات دووئەوەندە زیاددەکات

07-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

راپۆرتێکی گۆڤاری زانستیی لانسێت ئاشکرای دەکات، دەشێت دوای 20 ساڵی دیکە، تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات دووئەوەندەی ئێستا زیادبکەن، هۆکارەکەش ئاشکرادەکرێت.
 
راپۆرتێک کە لە گۆڤاری زانستیی لانسێت بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "ئەنجامەکانمان دەریدەخەن کە تووشبووانی نوێ شێرپەنجەی پڕۆستات لە ساڵی 2020، زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس بووە و تاوەکو ساڵی 2040، دەگاتە دوو ملیۆن و 900 تووشبوون."
 
ئەو زانایانەی کە لێکۆڵینەوەکەیان کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری زیادبوونی تووشبووانی شێرپەنجە، زیادبوونی بەساڵاچووانە لە سەرانسەری جیهان. 
 
شێرپەنجەی پڕۆستات بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە پیاواندا و 15٪ی کۆی تووشبووانی شێرپەنجە، ئەو جۆرەیان هەیە. 
 
زانایان روونی دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی تەمەنی دانیشتووانی وڵاتە تازە گەشەسندووەکان درێژتر دەبێت، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستاتیش هەڵدەکشێت، چونکە ئەو جۆرە شێرپەنجەیە، زیاتر لە تەمەنی دوای 50 ساڵی دروستدەبێت.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، نیشانەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات بریتین لە 'ئازار لەکاتی میزکردن، میزکردنی پچڕ پچڕ، بەتاڵنەبوونەوەی میزڵدان و هەستکردن بە میزهاتن، خوێن یاخود سپێرم لەنێو میز و لاوازیی رەپبوونی چووک'.
 
هاوکات کۆمەڵەکە چەند رێگەیەکیش بۆ پێشگیریکردن لە شێرپەنجەکە دەخاتەڕوو وەکو 'وەرزش و چالاکیی جەستەیی، خەوی رێک، خۆراکی تەندروست و پشکنینی پێشوەختە' کە ئێستا لە تاقیگەکان پشکنینی PSA لەڕێگەی وەرگرتنی خوێنەوە دەکرێت و هەموو پیاوێک دوای تەمەنی 40 ساڵی پێویستە بیکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە