رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە نەمسا دەریدەخات، خواردنەوەی ئاو لە بتڵە پلاستیکییەکان دەشێت هۆکاربێت بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
پسپۆڕانی زانکۆی دانوب لە نەمسا دەڵێن، تەنۆلکە بچووکەکانی بتڵی پلاستیکی دەشێت بچنە نێو خانەکان و کۆئەندامی هەناسە و پاشان بچنە نێو لوولەکانی خوێن، دواتریش لەنێو لوولەکانی خوێن بنیشن و تەسکیان بکەنەوە، بەمەش پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە.
د. لیسا جێپنەر، توێژەر لە زانکۆی دانوب دەڵێت: بتڵی پلاستیکی تەنیا کاریگەریی ناخاتە سەر تێکچوونی هۆرمۆنەکان، بەڵکو وادەکات پەستانی خوێنیش بەرزبێتەوە.
د. لیسا جێپنەر جەختیکردەوە کە لە شوێنی بتڵی پلاستیکی باشتر وایە بتڵی شووشە بەکاربێت.
هەر بۆیە پسپۆڕان رێنوێنیی ئەوە دەدەن کە بە شێوەیەکی سنووردار ئاو لەنێو بتڵە پلاستیکییەکان بخورێتەوە و کارگەکانیش ئەو جۆرە پلاستیکانە لە مادەی پتەو و کواڵیتیی بەرز دروستبکەن.
بە گوێرەی زانکۆی فودان لە چین، گەردیلە وردەپلاستیکییەکان ئەم مەترسییانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە؛
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردە رێوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ