رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، لە چەندین بواری جیاوازدا کێشەیان هەیە و بەهۆی کەمیی دەرمانەوە نزیکەی 30%ی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ نەخۆش دابین دەکرێن، نزیکەی 25 بۆ 30 ملیار دیناری کۆمپانیاکانی دەرمانیش قەرزدارن، پێداویستییەکانی بانکی خوێنیش لەلایەن خێرخوازەوە دابین دەکرێت.
ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات؛ د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی کێشەکانی کەرتی تەندروستی لە شارەکەدا گوتی، "ژێرخان و سەرخانی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی بەرەو داڕمان چووە، بەهۆی نەبوونی بیناوە کە لە ساڵی 2010وە ژمارەیەکی کەمی بینامان بۆ دروستکراوە و بینای پێویستمان نییە، جگە لەوەش لە ساڵی 2013وە دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی بە شێوەی پێویست نەبووە، بۆیە توانای مرۆیی لە نەخۆشخانەکاندا کەمبووەتەوە."
لە سلێمانی 18 بنکەی تەندروستی هەن، کە کێشەی گەورەیان کەمیی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانە، هەر یەکێک لەو بنکە تەندروستییانە 2000 نەخۆشیان هەیە.
لەبارەی کێشەی دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان هێرش سەلیم دەڵێت، "لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە هیچ گرێبەستێکی نوێ نەکراوە بۆ دابینکردنی دەرمان، ئەو دەرمانانەی لە نەخۆشخانەکاندان ئەوانەن پێشتر گرێبەستی کڕینیان بۆ کراوە، ئەوەی بەغداش دەینێرێت پێداویستییەکانی ئێمە پڕناکاتەوە، ئێستا دەرمانە درێژخایەنەکان 35%ی بۆ نەخۆش دابین دەکرێت، بۆیە دەبێت 75%ی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە دەرەوە بکڕدرێت، کە ئەوەش بۆ ئەو نەخۆشانەی بەتەمەن و هەژارن، دۆخێکی قورس دروستدەکات."
سەبارەت بە کێشەی دابینکردنی پێداویستی تاقیگەکان، ئەو بەرپرسەی تەندروستیی سلێمانی گوتی، "پێشتر پێویستیی تاقیگەیی لەلایەن 6 کۆمپانیاوە دابیندەکرا، بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی رابردووە، کە وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکدا واژۆکردووە و گرێبەستی کۆمپانیاکانی دیکەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوە وایکردووە نەتوانین وەکو پێشتر بە شێوەی تەندەر و کەمترین نرخ پێداویستی بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکەین، تاوەکو ئێستاش کۆمپانیا نوێیەکە پێداویستیی بۆ دابین نەکردووین."
بە گوتەی هێرش سەلیم، "پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەیتوانی 25%ی پێداویستییەکان بكڕێت، بەڵام ئەم ساڵ بڕیاری دابینکردنی ئەو رێژەیەش دواکەوتووە، بەڵام دابینکردنی 75%ی پێداویستییەکانی دیکە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، باوەڕناکەم بەم دۆخەوە بتوانین لە دوو مانگی دیکە زیاتر بەردەوام بین."
جگە لە تاقیگە و بنکە تەندروستییەکان، بانکی خوێن کێشەی کەمیی پێداویستیی هەیە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت، "بانکی خوێن، کە شوێنێکی زۆر هەستیارە، خێرخواز پێداویستیی بۆ دابین دەکات، وامان لێهاتووە داوا لە خەڵک بکەین زەکات و سەرفترەی پێبدەن، چونکە کیسی خوێن و پێداویستییەکانی تێدا نییە، بۆیە ئێستا بەهۆی کەمی پێداویستییەکانەوە، تەنها بەشێکی پشکنینی سەرەتاییەکان لە نەخۆشخانەکان ئەنجام دەدرێن و ناتوانین پشکنینی تایبەت و گەورە ئەنجام بدەین، چونکە هیچ پێداویستییەکمان نییە، ئەگەر خێر خواز نەبوایە دەبوو بانکی خوێن دابخەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرش سەلیم گوتی، "بەهۆی قەیرانی داراییەوە، رووبەڕووی کەڵەکەبوونی قەرزی کۆمپانیاکان بووینەتەوە، بە تایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی دەرمانیان بۆ دابینکردووین و ئەوانەش کە پێداویستی تاقیگەییان بۆ دابینکردووین، ئێستا لەنێوان 25 بۆ 30 ملیار دینار قەرزمان لەسەرە، کە زۆرینەیان قەرزی کۆنە، جگە لەوەش بەشێک قەرزی تازەمان هەیە، کە نەمانتوانیوە پارەی تەواویان پێبدەین و بەشێک لە پارەکەی بۆ خەرج بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ