شێرکۆ مەحموود کتێبە نوێیەکەی دەناسێنێت

27-12-2023
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کتێبی "شرۆڤەی ئایەتەکانی یاسای قیتال" چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کە روانینێکی جیای تاکەکەسییانەیە و خوێندنەوەی ئەو ئایەتانەیە کە باسی جەنگی سەردەمی هاتنی ئیسلام دەکەن. نووسەری کتێبەکە دەڵێت، "ئیسلام بۆنی خوێنی لێ نایەت و پێویستە شرۆڤەی ئایەتەکانی قورئان بە شێوازێکی دروست بکرێت. ئەو کاتەی ئایەتەکانی تێدا دابەزیوە، ئیسلام خۆی لەژێر هەڕەشەدا بووە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، شێرکۆ مەحموود، نووسەر و شرۆڤەکاری ئیسلامی  بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە سەنتەری ئاڵا کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی ئایەتەکانی قیتال بەڕێوەدەچێت. لە کۆڕەکەدا، ناوەڕۆکی کتێبەکە دەخەینەڕوو. هاوکات مامۆستا موسڵح محەممەد خوێندنەوە بۆ کتێبەکە دەکات."
 
شێرکۆ مەحموود باسی لەوە کرد، کە لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی نووسینی ئەم کتێبەیە، لەسەر ئەرکی کەسێک، کە نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت، چاپکراوە. کتێبەکە 68 لاپەڕەیە و بە تیراژی 500 دانە چاپکراوە. چاپخانەی کارۆ لە شاری سلێمانی چاپی یەکەمی کردووە. 
 
نووسەری کتێبەکە ئاماژەی بە نێوەڕۆکی کتێبەکەی کرد و گوتی، "کتێبەکە ئەو ئایەتانە شرۆڤە دەکات کە باسی یاساکانی جەنگیان تێدا کراوە. هەروەها باسی سەبایە و غەنیمە، کە غەنیمە شرۆڤە و تێگەیشتنێکی هەڵەی بۆ کراوە، ئەو کەلوپەلانە غەنیمەن کە لە شەڕدا دەکەونە دەست لەشکری براوە. ناولێنانی ژنیش بە سەبایە، ئەوە هەڵەیە و ئەو تێگەیشتنە باوە ناگرێتەوە کە شرۆڤە کراوە."
 
شێرکۆ مەحموود گوتیشی، "ئیسلام بۆنی خوێنی لێ نایەت و پێویستە شرۆڤەی ئایەتەکانی قورئان بە شێوازێکی دروست بکرێت. ئەو کاتەی ئایەتەکانی تێدا دابەزیوە، ئیسلام خۆی لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندا بووە."
 
شێرکۆ مەحموود لەدایکبووی ساڵی 1963یە و رۆژنامەنووسە. بەرهەمێکی شیعریشی بە ناوی "منی بێ خۆم"ـی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە