دڵشاد حامید دەروێش کتێبێک لەبارەی پیتەر سینگەرەوە چاپ دەکات

24-02-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نووسەر و مامۆستایەکی زانکۆ، کتێبێک لەبارەی پیتەر سینگەرەوە چاپ دەکات. ئەو نووسەرە دەڵێت: "هەفتەی داهاتوو کتێبەکە چاپ و بڵاودەکرێتەوە."
 
ئەمڕۆ شەممە، 24ی 2ی 2024، دڵشاد حامید دەروێش، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لەبارەی کتێبی 'ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن' بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کتێبەکە "وەرگێڕانی بەشێکە لە وتارەکانی فەیلەسووف پیتەر سینگەر. بە گوتەی ئەو نووسەر و وەرگێڕە، وتارەکانی ئەم کتێبە بابەتی جۆراوجۆر‌ن؛ وەک ئاژەڵان، سێکس، جێندەر، سیاسەت، تەندروستی، تەکنەلۆجیا و چەندین بابەتی دیکە.
 
ئەو نووسەرە دەشڵێت، ئەوەی هەموو ئەم بابەتانە پێکەوە دەبەستێتەوە "ئەوەیە، کە سەرجەمیان دەخاتە بەستێنێکەوە، وەرگرتنیانە لە پەیوەندیی بە کایەی ئیتیکـ(ethic)ـەوە. واتە ئەم پەرتووکە، پەرتووکێکە لەبارەی ئیتیکەوەیە، بەڵام لەجیاتی گواستنەوە و راڤەکردنی ئەو تیۆرانەی لە کایەی ئیتیکدا هەن، بە دیدێکی سێکیولاری سوودگەرا، بابەتگەلێکی جودای تێدا باس کراون".
 
لەبارەی ناسنامەی کتێبەکەوە دڵشاد حامید دەروێش روونیکردەوە: "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ئەرکی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتووە. کتێبەکە مامناوەندە و 150 لاپەڕەیە، بە تیراژی 500 دانە لە سلێمانی و چاپخانەی سەردەم چاپ دەکرێت. بە هەمان شێوە دەزگەی سەردەم دیزایینی ناوەوە و دەرەوەی کتێبەکەی کردووە."
 
پیتەر سینگەر، لە ساڵی 1946 لەدایکبووە. دایک و باوکی جووی نەمسا بوون. بەر لەوەی دەستی رژێمی نازییان بگاتێ، لە زێدی خۆیان هەڵاتن و لە ئوسترالیا، بە دیاریکراوی لە شاری مالبۆرن گیرسانەوە، هەر لەوێ سینگەر لەدایک دەبێت و تائێستا له‌ ژیاندا ماوە و لە زانکۆی پرینستۆن (Princeton University) پرۆفیسۆرە.
 
دڵشاد حامید دەروێش، نوسەر و مامۆستای زانکۆ، ساڵی 1988 لە سلێمانی لە دایک بووە، له 2011دا بەشی یاسای لە زانکۆی سلێمانی بە پلەی باڵا تەواو کردووە، دواتر لە ساڵی 2015دا ماستەری لە یاسای گشتیدا لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە؛ ئێستا مامۆستایە لە بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە و لە هەمانکاتدا خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی سلێمانی.
'ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن' شەشەم کتێب و دووەم کاری وەرگێڕانی ئەو نووسەرەیە. بەرهەمەکانی ئەمانەن:
 
1. لە سەرەتادا وشەکە نەبوو، نووسین
2. دەریچەیەک نییە، وەرگێڕان
3. کێشەی خراپە، نووسین
4. کەمینەکان، نووسین
5. یاسای سروشتی، نووسین
6. ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن، وەرگێڕان
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە