رووداو دیجیتاڵ
(دارستانی شیعر) چاپکراوێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداوە لەبارەی شێرکۆ بێکەس.
پەرتووکەکە لە دووتوێی 240 لاپەڕەی قەبارە مامناوەنددایە، سیروان رەحیم نووسیویەتی و ئێستا لە سەرجەم کتێبفرۆشییەکانی باشووری کوردستاندا بەردەستە.
(دارستانی شیعر) پێش ئەوەی لە شێوەی پەرتووکدا دەربکەوێ، ناونیشانی بەڵگەفیلمێکیشە کە سیروان رەحیم ئامادەی کردووە و لە تەلەڤزیۆنی رووداوەوە پەخشکرا.
شێرکۆ بێکەس (1940- 2013) بە یەکێک لە وێستگەکانی ئەدەب و شیعری کوردی دادەنرێ. سیروان رەحیم کە هاوڕێیەکی نزیکی ئەو شاعیرە ناودارە بووە، هەلی ئەوەی هەبووە کە لە نزیکەوە و بەشێنەیی و هەر لە زمانی شێرکۆ خۆیەوە، گفتوگۆی چڕوپڕ بکات لەبارەی ژیانی ئەو شاعیرە، هەندێک لە شیعرە ناودارەکانی، بیرکردنەوە و دنیابینییەکەی و هەموو ئەو بەسەرهاتانەی کە رۆڵیان لە فۆمولەبوونی کەسایەتیی ئەودا بینیوە.
ئەم کارە چ بەڵگەفیلمەکە و چ نوسخە چاپکراوەکەی کە بێگومان ئەمەی دوایی وردتر و چڕوپڕتر لەسەر هەندێ بەش و بڕگەی ژیانی ئەو شاعیرە راوەستاوە، پەنجەرەیەکی بەرینمان بەڕوودا دەکاتەوە بۆ تێگەیشتنی زیاتر و ئاشنابوون بە جیهانی شێرکۆ.
ئەوەشی زیاتر ئەم بەرهەمەی دەوڵەمەند کردووە، زنجیرەیەک هەڤپەیڤینە لەگەڵ کەسانێک کە یان راستەوخۆ لەگەڵ ئەو ژیاون، وەکو شەفیقەخانی دایکی شێرکۆ، یان لەگەڵ بەرهەمەکانی ژیاون و لەنێو ئەمانەشدا چەند کەسایەتییەکی بیانی هەن کە بواری ئەوە بە خوێنەر دەدات لە چاوی بیانییەکەوە، لە ئاوێنەیەکی دیکەوە بڕوانێتە جیهانی شێرکۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ