هونەرمەند جەمال هیدایەت کۆچی دواییکرد

23-04-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەمال هیدایەت، هونەرمەند و دامەزرێنەری "تیپی هونەریی هەولێر" بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد.
 
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نیسانی 2024، بە رووداوی راگەیاند، مامۆستا جەمال هیدایەت، هونەرمەند و دامەزرێنەری "تیپی هونەریی هەولێر" بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر ئەوەی خستەڕوو، "کۆتایی پەنجاکان، مامۆستا جەمال هیدایەت یەکەمین قوتابیی شاری هەولێر بووە کە چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا. لەگەڵ گەڕانەوەشی تیپی مۆسیقای (دەرسیم)ی دامەزراندووە، بەڕێوەبەری چالاكیی قوتابخانەكان بووە و ماوەیەکی دوورودرێژ سەرۆکی (تیپی هونەری هەولێر) بووە."
 
ژیاننامەی هونەرمەند جەمال هیدایەت
 
جەمال هیدایەت عەبدوڵڵا، ساڵی 1931 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. ساڵی 1952 فێری موزیک و ئامێری عود بووە. دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بووە لە ساڵی 1955. لە 1956/10/3 لە قوتابخانەی ئیبن مستەوفی و ئەربیل ئولا وەک مامۆستای سروود دامەزراوە. ساڵی 1957 مامۆستا و وانەبێژی سروود و مۆسیقای خانەی مامۆستایانی کوڕان بووە. لە هەمان ساڵ بۆ ماوەی شەش مانگ لە هۆڵی ئیبن مستەوفیدا، یەکەم خولی زانیاریی مۆسیقا و ئامێرەکانی لە هەولێر بەناوی تیپی مۆسیقای دەرسیم دامەزراندووە. ساڵی 1958-1959 یەکەم گرووپی مۆسیقای لە هەولێر بەناوی (دەرسیم) دامەزراندووە.
 
ساڵی 1959-1970، وەک ژەنیاری عود بەشداری لە زۆربەی ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵە هونەرییەکانی هەولێر کردووە. ساڵی 1971 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی هونەری هەولێر بووە و بۆ ماوەی 20 ساڵ سەرۆکی دەستەی کارگێڕی بووە. ساڵی 1973-1991 بەڕێوەبەری چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر بووە، بەشداری لە زۆربەی ڤێستیڤاڵ و کارە هونەرییەکانی وەزارەتی پەروەردە کردووە. ساڵی 1974-1975 وانە بێژی سروود بووە لە خانەی مامۆستایانی کچان، ساڵی 1975 ئەندامی دامەزرێنەری سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر بووە.
 
ساڵی 1982-1991 سەرۆکی دەستەی کارگێڕی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی ئێراق بووە، ساڵی 1997 سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئۆرکسترای کوردستان بووە، ساڵی 1996-2004 سەرپەرشتیاری پەروەردەیی سروود و مۆسیقای قوتابخانەکانی سەرەتایی بووە. سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر بووە لە سەردەمی بەعس. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نیسانی 2024 کۆچی دوایی کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە