'دەروازەی خەونەکان' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کێبڕکێ دەکات

20-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'دەروازەی خەونەکان' نگین ئەحمەدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی سینەمایی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد نگین ئەحمەدی و لە بەرهەمهێنانی ئیلاهە نەوبەخت، لە بەشی پێشبڕکێی 'نەوەکان' لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا وەرگیراوە لە بەشی کێبڕکێدایە. 
 
بەشداری 'دەروازەی خەونەکان' لە فێستیڤاڵەکەدا، یەکەم نمایشی جیهانی دەبێت و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی 'نەوەکان' دەکات. 
 
بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵ کاتی خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە نێو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانێیەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.
 
بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمەکە، لە ئەستۆی رێکخراوەی سینەمایی ئیلی ئیمەیجە بە بەرپرسیارییەتی ئیلاهە نەوبەختە.
ا
ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی ئیلاهە نەوبەختە وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین؛ ساڵی رابردوو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی 'رۆژی سێو' لە دەرهێنانی مەحموود غەفاری لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو. 
 
حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بە بەرپرسیاری ماریتێ ریسێنبێک و بە بەرپرسیاریەتی هونەری کارلۆ چاتریان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک و ... لە رۆژانی 16 تا 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە