پەیکەرتاشێکی کەرکووک لە بەردی ئاسن و مەڕمەڕ پەیکەر دروستدەکات

29-04-2022
پەسار فایەق
د. ئادەم بێدرا لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار لە کامەران دارتاش
د. ئادەم بێدرا لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار لە کامەران دارتاش
نیشانەکردن د. ئادەم بێدرا کامەران دارتاش پەیکەرتاش کەرکووک پاشیڤ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کامەران دارتاش، پەیکەرتاشێکی کوردە لە کەرکووک، سەرەتا پیشەی دارتاشین بووە، دواتر رووی لە هونەری پەیکەرتاشی کردووە و لە بەردی ئاسن و مەڕمەڕ پەیکەر و کارە هونەرییەکانی دروستدەکات.
 
کامەران دارتاش، شەوی رابردوو، میوانی بەرنامەی 'پاشیڤ' بوو، بەشێک لە کارە هونەرییەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو و لە بەرنامەکە خستییەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە بەردی ئاسن و مەڕمەڕ پەیکەر دروست دەکات و بەردی ئاسن بەوە ناسراوە کە زۆر رەقە.
 
بانوو دڵشاد، لە بەرنامەکە بە دارتاشی گوت "ئەوەیە کە دەڵێن بەرد دێنێتە قسە"، ئەو هونەرمەندە لە بەرامبەردا گوتی "ئەوە منم، پزیشکی بەردم".
 
یەکێک لە کارەکانی کامەران دارتاش کە لە مەڕمەڕ و گرانێت دروستیکردووە، دەمانچەیەکی کۆنی لوولە لوولدراوە کە لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان هونەرمەندان لە ئاسن دروستیان کردووە و دەڵێت "لە گۆی زەوی بگەڕێیت کەس بە بەرد ئەو کارە هونەرییەی دروست نەکردووە".
 
کامەران دارتاش، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو خۆی دارتاشە و سەرەتا کاری نەخشاندن بووە لەسەر دار، پەیکەرتاشی تەنیا بیرۆکەیەک بوو و دواتر توانی سەرکەوتووبێت تێیدا.
 
ئەو هونەرمەندە تاوەکو ئێستا چوار پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە، بەشداری لە 10 پیشانگەی تایبەتیش کردووە، ئێستا داواتنامەی بۆ کردنەوەی دوو پێشانگە لە دەرەوەی وڵات بۆ هاتووە.
 
دارتاش روونیشیکردەوە، جگە لە پەیکەرتاشی هیچ کارێکی دیکە ناکات و بۆ دروستکردنی هەر کارێکی هونەری چەند رۆژێک خەریکی دەبێت، بۆ نموونە دروستکردنی دەمانچە لوولدراوەکە حەوت رۆژی خایاندووە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، لە ماڵەکەیدا پەیکەری دایکی داناوە و زۆربەی کارەکانی لەبارەی دایکە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کوڕەکانی و هاوژینەکەی زۆر هاوکارینە، لە دوای نیوەڕۆوە دەست بە کار دەکات، هاوژینەکە بەردەوام چای بۆ دێنێت و جگەرەشی بۆ دادەگیرسێنێت و تاوەکو کارەکە تەواو دەبێت لەلای دەمێنێتەوە.
 
روونشیکردەوە، کارەکەی نەبووەتە سەرچاوی داهات بۆ خۆی، بەڵکو کوڕەکانی کار دەکەن و هاوکاری دەکەن، لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە کارە هونەرییەکانی سەر شەقامەکانی کەرکووک ئەو دروستی کردوون، بۆ نموونە پیانۆیەکی دروستکردووە کە ئاو لە ناویەوە دێتە دەرەوە و لەسەر رێگەی کەرکووک – بەغدادە.
 
ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکجار کەسێک ببینێت، دوای چەند رۆژێک بەبێ وێنەی کەسەکە، دەتوانێت پۆرترێتێکی لە بەرد بۆ دروستبکات.
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە