رووداو دیجیتاڵ
جوستین تریێت، دەرهێنەری فەرەنسی، خەڵاتی چڵەخورمای 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانی لەرێگەی فیلمی 'Anatomy of a Fall' بەدەستهێنا کە زۆربەی رووداوەکانی لە نێو هۆڵی دادگەدا روودەدەن.
تریێت دەبێتە سێیەم دەرهێنەری ژن، ئەم خەڵاتە سینەماییە لە یەکێک لە گرنگترین رووداوە هونەرییە سینەماییەکان بەدەستبێنێت، یەکێک لە دوو ژنە براوەکانی پێشوو، جولیا دوکۆرنو لە لیژنەی دادوەری ئەمساڵی فێستیڤاڵدا بوو.
خەڵاتی گەورەی کان کە خەڵاتی دووەمی فێستیڤاڵەکەیە لە دوای چڵەخورمای زێڕین، بە فیلمی 'The Zone of Interest' لە دەرهێنانی جۆناسان گلایزەر، دەرهێنەری بەریتانی بەخشرا.
خەڵاتی لیژنەی دادوەری بە فیلمی 'Fallen Leaves' و باشترین دەرهێنان بە ئالی تران ئان هانگ دەرهێنەری فیلمی 'The Pot-Au-Feu' بەخشرا.
مەرڤە دیزدار، ئەکتەری تورک خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە رێگەی فیلمی 'About Dry Grasses' لە دەرهێنانی نوری بێلگە جەیلان، دەرهێنەری تورک بەدەستهێنا.
جەیلان، لە 2009 وەک ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلم لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشداربوو و لە 2011 بە فیلمی 'Once Upon A Time in Anatolia' خەڵاتی گەورەی لێژنەی دادوەری لە هەمان فێستیڤاڵدا بەدەستهێنا، لە 2021 لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ئامادەبوو و ماستەر کڵاسێکی بەڕێوەبرد.
ئەو ئەکتەرە لەم بەرهەمەدا رۆڵی ژنێک دەگێڕێت کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستی مامۆستایەک لە پارێزگەیەکی دوورەدەستی تورکیا، لە وتەیەکیدا لە کاتی وەرگرتنی خەڵات، رایگەیاند، خەڵاتەکەی دەبەخشێتە هەموو ئەو ژنانەی لە پێناو تێپەڕاندنی سەختییەکانی ژیان هەوڵدەدەن.
هەر لە چوارچێوەی ئەو خەڵاتانەی لە خولی ئەمساڵدا بەخشران، کوجا یاکۆشۆ، ئەکتەری ژاپۆنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە رێگەی فیلمی 'Perfect Days' بەدەستهێنا.
رۆژێک بەر لە دابرشکردنی خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵ، خەڵاتەکانی 'Un Certain Regard' راگەیێندران و پشکی شێر بەر سینەمای عەرەبی و ئەفریقی کەوت و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بەخشرایە 'سەگەکانی راو' لە دەرهێنانی کەمال لرزق بەرهەمی مەغریب، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بەخشرایە ئەسما مودیر، دەرهێنەری مەغریبی بۆ فیلمی 'درۆی سپی'.
هەر لە چوارچێوەی بەخشینی خەڵاتەکانی 'Un Certain Regard'، خەڵاتی ئازادی بە فیلمی 'ماڵئاوا جولیا' لە دەرهێنانی محەممەد کردفانی، دەرهێنەری سوودانی بەخشرا و خەڵاتی دەنگی نوێ بە فیلمی 'Omen' لە دەرهێنانی بالوجی، دەرهێنەری کۆنگۆیی بەخشرا.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سووری سعودی، لەگەڵ گۆڤاری 'ڤانێتی فێیەر'، شەش سینەماکاری ژنی خەڵاتکرد.
خەڵاتەکە بەهۆی هەنگاونانی گەورە و شکاندنی بەربەستەکان و رێگە خۆشکردنی بۆ نەوەی داهاتوو، لە شاری ریڤیێرای فەرەنسا بەخشرا.
جومانا راشد، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەزگای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، پاڵپشتیی و هاندانی فێستیڤاڵەکەی بۆ دەنگی ژنان دووپاتکردەوە کە بە بڕوای ئەو، لە رێگەی سینەماکار و فیلمسازانی ژن، سینەمای گەشە دەکات و بەرەو پێش دەچێت.
لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە، دوو سینەماکاری ژن خەڵاتکران، ئەویش فاتیمە نەبەوی، ئەکتەر، دەرهێنەر و نووسەر بوو، هەروەها میلا زەهرانی، ئەکتەری سعودی بوو.
سارا عەلی خان، ئەکتەری هیندی، تارا عیماد، ئەکتەر و نمایشکاری جلوبەرگی میسری، رەزان جەمال، ئەکتەری بەریتانی - لوبنانی و گاید ئۆسیبرۆ، دەرهێنەر، نووسەر و بەرهەمهێنەری نێجیری، چوار هونەرمەندەکەی دیکە بواری سینەما بوون و لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتکران.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سووری، نزیکەی سێ ساڵە دامەزراوە و بڕیارە خولی سێیەمی لە 30ـی تشرینی دووەم و تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە شاری جەدەی سعودیە سازبکرێت.
نوێنەری زۆربەی فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا، لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەبوونە و بەشێکیان پڕۆژە نوێ و هاوبەشەکانیان رادەگەیێنن و چالاکی ئەنجام دەدەن.
هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی، میوانێکی تایبەتی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بوو کە بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی ئامادەبوو، بەڵام رێکخەرانی فێستیڤاڵ خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زێڕینیان پێبەخشی و پێشتر خەڵاتکردنەکە لە بەرنامەی فێستیڤاڵدا نەبووە.
فۆرد، بۆ پێشاندانی فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
ئە ئەکتەرە ئەمریکییە، لە گۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری کانی فەرەنسا رایگەیاند: "ئاوڕ لە دواوە نادەمەوە و بە خۆم بڵێم: دەمەوێت بگەڕێمەوە ئەو گەنجیەتی هەمبوو، چونکە ئەمە روونادات، حەزم بە تەمەندا چوونە، ژیانی قۆناخی گەنجیەتی شتێکی زۆر زۆر باش بوو، بەڵام بەڕاستی، دەکرا ئێستا مردووبام، بەڵام تەنیا پیربوومە".
فۆرد، بۆ دوایین جار لە زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones' رۆڵی دەگێڕێت و ماڵئاوایی لەو بەرهەمە دەکات کە یەکێک لە شانازییەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهانە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، فۆرد، ئاشکرای کرد، لە رۆڵگێڕان لە هەردوو زنجیرەی '1923' و 'Shrinking' بەردەوام دەبێت.
ئەو زنجیرە فیلمە بیرۆکەی جۆرج لۆکاس و لە دەرهێنانی ستیڤن سپێلبێرگ بووە، لە بەشی نوێیدا فۆرد لە تەمەنی 80 ساڵیدا بەشدارە و رۆڵێکی ئەکشنی هەیە.
جگە لەم بەرهەمە، پێشتر بەشی چوارەمی زنجیرە فیلمەکە بەناوی 'Indiana Jones and the Kingdom of the Crystal Skull' لە 2008 یەکەم پێشاندانی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بوو و بۆ ماوەی چوار خولەک چەپڵەی بۆ لێدرا.
بڕیارە بەشی پێنجەمی فیلمەکە لە 30ـی حوزەیرانی 2023 لە سینەماکانی ئەمریکا و 28 هەمان مانگ لە سینەماکانی فەرەنسا پێشانبدرێت.
بڵاوکردنەوەی بەشی پێنجەمی 'Indiana Jones' لە دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر دوایین بەشیدا و چوار دەیە بەسەر یەکەم بەشیدا تێدەپەڕێت کە لە 1981 بڵاوکرایەوە.
لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زێڕین بە مایکڵ دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند: "تەمەن تەنانەت لە فێستیڤاڵەکەش گەورەترە".
دۆگلاس، یەکێک لە رووخسارە دیارەکانی سینەمای هۆلیوودە و ناوبانگییەکی زۆری هەیە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، لە ئەمریکاوە بەرەو فەرەنسا فڕی و وەک میوانێکی جیاواز پێشوازی لێکرا، لەسەر فەرشی سوور، چاوی فۆتۆگرافەر و کامێرامانەکانی لەسەر بوو و ئێوارەی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 خەڵاتەکەی پێشکێشکرا.
پێشتر ژمارەیەک ناوی درەوشاوەی سینەمای جیهان؛ خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زێڕێنیان پێبەخشراوە، لەوانەش جۆن پیێر لێیۆ و جودی فۆستەر.
خەڵاتەکە رێزلێنانە لە تەمەنێک چالاکی هونەریی ئەو ئەکتەرە تەمەن 78 ساڵە کە لەگەڵ کاترین زیتا جۆنزی هاوژینی و کچەکەی کاریس ئامادەبوو.
فەرحانە بۆدی، مۆدێل و ئەکتەری هیندیی دانیشتووی دوبەی، لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەبوو و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی و جلێکی لە دیزاینی دیزاینەرێکی کورد پۆشیبوو.
ئەو ئەستێرە جلێکی رەشی سەرنجڕاکێشی پۆشیبوو، جلەکە لە دیزاینی نالی بارزانی، دیزاینەری کورد بوو و هەر خۆیشی لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی.
ئەو دیزاینەرە کوردە فاشنی لە تورکیا خوێندەوە و خاوەنی براندی خۆیەتی بە ناوی نالی بارزانی و لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەبوو.
نالی بارزانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بەم دواییە خوێندنی لە بواری فاشن لە تورکیا تەواوکردووە و خاوەنی دوو براندە، یەکێک لەوانە هەر بەناوی خۆیەتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لە فەرحانە بۆدی، پێشتر جلێکی بۆ هەیفا وەهبی، هونەرمەندی لوبنانی دیزاینکردووە و لە یەکێک لە ڤیدیۆکلیپەکانی بەکاری هێناوە.
گوتیشی: "شتێکی زۆر خۆشبوو، کاتێک فەرحانە بۆدی بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی، هەمووان باسی ئەو جلەیان دەکرد و دەیانپرسی کێ دیزاینیکردووە، منیش دەستم بەرزدەکردەوە و دەمگوت من".
روونیشیکردەوە، ئەو حەزی لە دیزاینکردنی دیزاینی نامۆیە و لەو دیزاینەدا گوریسی بەکارهێناوە و دیزاینکردنی دوو هەفتەی خایندووە.
نالی بارزانی بەنیازە لە ئەیلوولی داهاتوودا کۆمەڵە دیزاینی خۆی بڵاوبکاتەوە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات هەفتە نمایشێکی جلوبەرگ لە هەولێر سازبکات.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا هیچ فیلمێکی کوردی بەشدار نەبوو، بەڵام بەشێک لە فیلمسازە کوردەکان بۆ بینینی فیلم و پڕۆژە سینەماییەکانییان لەو رووداو سینەماییەدا ئامادەبوون، لەوانە مانۆ خەلیل، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان، و هەردوو دەرهێنەری باشووری کوردستان، هەڵکەوت مستەفا و رێبەر دۆسکی.
مانۆ خەلیل، پێشتر لە فێستیڤاڵی فیلمی کانەوە بە رووداوی راگەیاند، هیچ فیلمێکی کوردی لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا بەشدار نەبووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەرهێنەری کورد بۆ بەرهەمهێنانی فیلم سەختی زۆریان دێتە پێشەوە. هەروەها باسی لەوەکرد، بۆ یەکەمجار خانمە دەرهێنەرێکی ژنی ئەڵمانی دەبێتە سەرۆکی فێستیڤاڵەکە.
مایکڵ دۆگلاس، لە 25ـی ئەیلوولی 1944 لە ئەمریکا لە دایکبووە و بە رەچەڵەک رووسییە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، خەڵاتی یەکەمی لە 1987 لە رێگەی فیلمی 'Wall Street' بەدەستهێنا، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بۆ هەمان رۆڵ وەرگرتووە و براوەی چوار خەڵاتی دیکەی گۆڵدن گڵۆبە.
'Black Rain'، 'The War of the Roses'،'Solitary Man' و 'Traffic and Wonder Boys'لە فیلمەکانی ئەو ئەکتەرەن، هەروەها لە زنجیرەی 'The Kominsky Method' رۆڵی گێڕاوە کە لە 2018 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.
'Jeanne du Barry' لە دەرهێنانی ماوین، دەرهێنەری فەرەنسی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە پێشاندرا و پێشبینی دەکرا باس و خواسی زۆر لە فێستیڤاڵەکەدا بەدوای خۆیدا بێنێت، چونکە بەم دواییە رۆژنامەڤانێک سکاڵای لە دەژی ئەو دەرهێنەرە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەری لە چێشتخانەیەک لەسەر تۆمارکرد.
ماوین جگە لە کاری دەرهێنەری، وەک ئەکتەریش لە فیلمی 'Jeanne du Barry' رۆڵ دەگێڕێت کە ئەکتەری سەرەکی جۆنی دێپ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، بەم دواییە ئاشکرا کرا کە ئال پاچینۆ، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی تێدا دەگێڕێت.
ماوین، لەم بەرهەمەدا رۆڵی کچە و دڵخواز و خۆشەویستەکەی شا لویسی پازدەیەم دەگێڕێت، دێپیش رۆڵی ئەو شایە دەگێڕێت.
دەرکەوتنی جۆنی دێپ لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان جێی بایەخبوو، چونکە یەکەم بەرهەمیەتی لە دوای کێشەی لەگەڵ ئێمبەر هێرد، ئەکتەر و هاوژینی پێشووی کە بە تووندووتیژی خێزانی تۆمەتباریکردبوو و بەهۆیەوە ئەو ئەکتەرە لە تەواوی پڕۆژە سینەماییەکان دوورخرایەوە و دەرفەتی کاری پێ نەدەدرا، بەڵام دواتر دادگە پێچەوانەی تۆمەتەکان، دێپی بێ تاوان ناساند و بڕیاردرا هێرد بە 10 ملیۆن دۆلار قەرەبووی دێپ بکاتەوە.
لە خولی ئەمساڵدا، وێنەیەکی گەورەی کاترین دونۆڤ، ئەکتەری ناسراوی فەرەنسا بە درێژی 25 مەتر و پانێ 11 مەتر دانرابوو، وێنەکە لە 1968 بە رەش و سپی گیراوە.
لەلایەکی دیکەوە، رێوشوێنی ئەمنیی تووند بۆ بەڕێوەچوونی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان گرایبوونەبەر و هەزار پۆلیس و کۆمپانیاکانی پاراستن ئەمنی؛ لە نێو فێستیڤاڵ و دەرووبەریدا بڵاویان پێکرابوو.
گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی تووند لە شاری کان و بە تایبەت لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە، لە ئەگەری دروستبوونی هەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی خەڵک و دروستبوونی گرژییە، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا خۆپێشاندان و ناڕەزایی زۆر بەهۆی یاسای نوێی خانەنشینی لەو وڵاتە دروستبوون.
دەنگی ناڕازی لە پاریس، پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کارەبا لە چالاکییە گەورەکانی وڵات ببڕن، دەکرێت مەبەستیان لە یەکێک لە چالاکییە گەورەکان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بووبێت.
جگە لە هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا بۆ پاراستنی میوانەکانی فێستیڤاڵ، رێکخەرانی فێستیڤاڵیش پشت بە هەشت کۆمپانیای ئەمنیان بەستبوو و 256 خاڵی پشکنینیان لە نێو کۆشکی فێستیڤاڵەکە هەبوو.
جگە لە قەدەغەکردنی فڕینی کاتی، چاودێری ئاسمانی بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکە و سیستەمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەهێزتر کرابوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا تەمەنی خانەنشینی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و بە بەکارهێنانی مادەی 49 لە دەستووری فەرەنسا لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بەرز کردووەتەوە.
لە فەرەنسا 14.5%ی کۆی داهاتی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ خانەنشینان و خەرجییان دەڕوات، لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا رێژەکە تەنیا 7.5%ـە.
بەگوێرەی راپرسییەک کە بۆچوونی 1000 کەسی بۆ وەرگیراوە، 67%ی فەرەنسییەکان دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینین.
سەرەڕای پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی نزیکەی 500 کەس، پاییزی ئەمساڵ یاسای نوێی خانەنشینی لە فەرەنسا کاری پێدەکرێت. بە گوتەی ماکرۆن، ئەم گۆڕانکارییە سامانی وڵات زیاد دەکات و کورتهێنانی بودجەش کەم دەکاتەوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا کەشێکی هۆلیوودی لە شاری کانی فەرەنسا بەدی دەکرا کە بۆ بەڕێوەچوونی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەکرابوو و ئەمساڵ ژمارەیەک فیلمی هۆلیوود و فیلمسازانی ئەمریکا بەشداربوون.
بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ و بەشداری بەهێزی سینەمای هۆلیوود لە فیستیڤاڵەکەدا؛ لە کاتێکدایە کە مانگرتنی نووسەرانی سیناریۆ لە ئەمریکا هەیە و بەهۆیەوە کاری وێنەگرتنی چەندین بەرهەمی سینەمایی وەستاوە.
لە خولی رابردووی فێستیڤاڵەکەدا، دوو فیلمی بەهێزی ئەمریکی بەشداربوون، ئەویش فیلمی 'Elvise' و 'Top Gun: Mavric' بوون.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ کە ئێوارەی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کانی کەناری دەریایی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27 هەمان مانگ بەردەوامبوو.
مارتن سکۆرسیزی، ناوێکی دیکەی دیاری سینەمای هۆلیوود و ئەمریکایە و بە فیلمی 'Killers of the Flower Moon' لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوو کە هەریەک لە لیۆناردۆ دی کاپریۆ و رۆبێرت دی نیرۆ رۆڵی تێدا دەگێڕن.
بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 200 ملیۆن دۆلارە، بەمەش 40 ساڵ بەسەر دوایین بەشداربوونی سکۆرسێزی لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، ئەویش لە رێگەی فیلمی 'After Hours' لە 1986 بوو.
'Killers of the flowers moon' رووداوەکانی لە ئۆکلاهۆما لە بیستەکانی سەدەی رابردوو روودەدەن و تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک تاوان کە ئەو سەردەمە بە "سەردەمی تیرۆر" ناسراوە.
سکۆرسێزی مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ کان هەیە، لە 1979 لە رێگەی فیلمی 'Taxi Driver' خەڵاتی چڵەخورمای زێڕێنی بەدەستهێناوە، دوای 10 ساڵ، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە رێگەی فیلمی 'After Hours' لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
ئەو فیلمسازە جیهانییە، لە 1998 وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵەکەدا کاری کردووە، لەو ساڵەدا فیلمی 'Eternity and a Day' بووە براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵەکە.
بێری لاسرن، ئەکتەری ئەمریکی تەمەن 33 ساڵ، یەکێکی دیکە لە ئەستێرەکانی نەوەی نوێی سینەمای هۆلیوودە و بە کارەکتەری 'کاپتن مارڤل' ناسراوە، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە بوو.
جگە لە ستۆدیۆ و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی لە ئەمریکا، بەرهەمی پلاتفۆرمە گەورەکانی فیلم لەو وڵاتە بەشدارن، لەوانە 'ئەپڵ'، بەڵام پلاتفۆڕمی نێتفلێکس تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر پێشان نەدانی بەرهەمەکانی لە سینەما، بەو هۆیەوەش رێگە بە بەشداری بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی لەو فیستیڤاڵدا نەدرا.
لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا، 21 فیلم کێبڕکێیان بۆ بردنەوەی خەڵات دەکرد، بەشێک لە دەرهێنەران ئامانجیان بوو بۆ جاری دووەم خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵ وەربگرن، لەوانە نانی مۆریتی، دەرهێنەری ئیتاڵی و نووری بێلگە جەیلان، دەرهێنەری تورک، بەڵام کەن لۆچ، دەرهێنەری بەریتانی ئامانجی بوو بۆ جاری سێیەم خەڵاتەکە بباتەوە و ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات.
لە فێستیڤاڵەکەدا گرنگی بە فیلمسازانی ژن دراوبوو و بەرهەمی حەوت دەرهێنەری ژن لە پێشبڕكێی سەرەکیدابوون، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە فێستیڤاڵەکەدا تۆمار دەکرێت، یەکێک لە دەرهێنەرەکان، راماتا تۆلای سی، دەرهێنەری فەرەنسی بە رەچەڵەک سەنیگالی بوو کە بە یەکەم فیلمی درێژی 'Banel & Adama' بەشداربوو.
پۆستەری فەرمی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان وێنەیەکی جاک گارۆفالۆ، ئەکتەری فەرەنسی لە فیلمی 'La Chamade' بە رەش و سپی بوو.
کیارا ماسترۆیانی، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئیتاڵی - فەرەنسی، وەک پێشکێشکاری رێوڕەسمی دەستپێک و کۆتایی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەستنیشانکرابوو کە کچی کاترین دونۆڤ، ئەکتەری فەرەنسی و مارچێلۆ ماسترۆیانی، ئەکتەری ئیتاڵییە.
کیارا ماسترۆیانی، لە 2019 لە رێگەی فیلمی 'On a Magical Night' توانی خەڵاتی باشترین رۆڵ لە بەشی 'تێڕوانینێک' لە فێستیڤاڵی کان بەدەستبێنێت.
ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی کان گرنگییەکی زۆر بە سینەمای ئیتاڵیا دراوبوو و سێ فیلمی ئەو وڵاتە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدابوون.
رۆبن ئاستلەند، دەرهێنەری سوێدی و براوەی دوو خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین، وەک سەرۆکی دەستەی دادوەری 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەستنیشانکرابوو.
پەنجا ساڵ بەسەر دوایین سەرۆکی ئەو دەستەیە تێدەپەرێت کە فیلمسازێکی سوێدی بێت، ئەویش ئێنگرید بێرگمان بوو.
لەمبارەیەوە ئاستلەند، رایگەیاندبوو: "بڕوای تەواوم بەوە هەیە، هیچ شوێنێک لە جیهانی سینەمادا نییە ئەو پەڕی سەرسوڕمانی تێدا بێت، وەک ئەوەی کاتێک پەردە لەسەر ئەو فیلمانە لادەدرێت کە لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵدان". گوتیشی :"شانازییەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەو بەشە لە سرووتە بن، لە پاڵ لیستی شارەزایان لە مێژووی فێستیڤاڵی کان".
ئاستلەند، بەشداری بەهێزی لە فێستیڤاڵی فیلمی کاندا هەیە، دوو لە بەرهەمە سینەماییەکانی لە چوارچێوەی پرۆگرامی 'تێڕامانێک' بەشداربوونە، یەکێکیان خەڵاتی دەستەی دادوەری لە 2014ـدا وەرگرت، پاشان فیلمەکانی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەدا بەشداربوون و دووجار توانی خەڵاتی سەرەکی بباتەوە، ئەویش خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینە، یەکەمیان لە خولی 70یەمین بوو لە رێگەی فیلمی 'The Square' و دووەمیان لە 2022 بوو لە رێگەی فیلمی 'Triangle of Sadness'.
ئەو دەرهێنەر لە 2004 یەکەم فیلمی بڵندی خۆی بەناوی 'The Guitar Mongoloid' بەرهەمهێناوە، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی خوێندنی بوو لە گۆتنبێرگی سوێد کە فیلمێکی تاڕادەیەک بەڵگەنامەیی بوو.
جگە لە فیلمی بڵند، چەند کورتەفیلمێکیشی هەیە، لەوانە 'Autobiographical Scene Number 6882'، سەرەتای دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی لە رێگەی دووەم فیلمی بڵندی بوو، ئەویش فیلمی 'Involuntary' بوو لە 2008.
لە 60مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە هاوشێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کان، وەک یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی جیهان دەناسرێت، توانی لە رێگەی کورتە فیلمی 'Incident by a Bank' خەڵاتی ورچی زێڕینی بۆ باشترین کورتە فیلمی وەربگرێت.
بە دەستنیشانکردنی ئاستلەند وەک سەرۆکی دەستەی دادوەری کان، دەبێتە سێیەم فیلمساز کە دوو جار خەڵاتی سەرەکی ئەو فێستیڤاڵەی بەدەستهێنابێت و ببێتە سەرۆکی ئەو دەستەیە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان پێشتر راگەیێندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "ئاستلەند کامێرا لە مەودایەکی گونجاو دادەنێت بۆ ئەوەی چاودێری رەفتاری مرۆڤ بکات، دواتر خاڵە لاوازە بچووکەکان و کەموکوڕییە سەرەکییەکان روودەکاتەوە کە بەهۆی میکانزمی کۆمەڵەکان دروست دەبن، بە رادەیەک کە ناخۆشی دروست دەکەن".
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ