ئەنجلینا جۆلی فیلمە نوێیەکەی لە لۆس ئەنجلس پێشاندا

27-10-2024
پەسار فایەق
ئەنجلینا جۆلی لە پێشاندانی فیلمە نوێیەکەی لە لۆس ئەنجلس. وێنە: AFP
ئەنجلینا جۆلی لە پێشاندانی فیلمە نوێیەکەی لە لۆس ئەنجلس. وێنە: AFP
نیشانەکردن ئەنجلینا جۆلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

"Maria" نوێترین فیلمی ئەنجلینا جۆلی، ئەکتەری ئەمریکییە، بە ئامادەبوونی ئەو ئەکتەرە، پێشاندانی تایبەتی لە لۆس ئەنجلیسی ئەمریکا بۆ کرا. 
 
فیلمەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024 پێشاندرا و جۆلی بە قژێکی زەردی نیمچە لوول بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی.
 
"Maria" بەرهەمێکی نوێی سینەماییە و جۆلی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، ناوەڕۆکی لەبارەی ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین ئۆپێرابێژەکانە بەناوی ماریا کاڵاس.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی پابلۆ لاراین، دەرهێنەری چیلییە، لە جۆری دراما مێژووییەکان و بایۆگرافییەکانە، ماوەکەی دوو کاژێر و چوار خولەکە.
 
ئەنجلینا جۆلی، پێشتر رایگەیاندبوو، بۆ رۆڵگێڕانی کارەکتەری ماریا کاڵاس، راهێنانی زۆری لەسەر گۆرانیگوتن کردووە و دەڵێت، دوای تەواوبوونی فیلمەکە، ئێستاش گۆرانی بۆ خۆی دەڵێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، ئەو لەو بڕوایەدا نەبوو بتوانێت گۆرانی بڵێت، رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا وەک چارەسەرییەک بووە بۆ دەنگی. چونکە بۆ ماوەیەک بوو بە دەنگێکی بەرز گوزارشتی لە شتەکان نەکردبوو.
 
پابلۆ لاراین، لەبارەی بەشداری جۆلی لە فیلمەکەدا پێشتر رایگەیاندبوو، بەر لە نووسینی سیناریۆی فیلمەکە لەو ئەکتەرە نزیکبووەتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەندێ جار هەندێ پڕۆژە هەن، زۆر تایبەتن بە هونەرمەندانێکی دیاریکراو، ئەمەش ئەزموونیەتی لەگەڵ ئەو فیلمە. لەبارەی جۆلی گوتیشی: "نازانم چی روویدەدا ئەگەر بیگوتبا نا".
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە هەردوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس و لەندەن بەشداربووە و جۆلی تێیدا ئامادەبووە.
 
ماریا کاڵاس ئۆپێرابێژیکی ئەمریکی - یۆنانییە، لە 2ـی کانوونی یەکەمی 1923 لە نیویۆرکی ئەمریکا لەدایکبووە، لە 19ـی ئەیلوولی 1977 کۆچی دواییکردووە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین ئۆپێرابێژەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت. یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە بەرهەمەکانی پڕفرۆشترینن. 
 
بەهۆی دابەزاندنی کێشی لە نێوەڕاستی ژیانی هونەرییدا، کاریگەری لەسەر دەنگی دروستکرد و سەرەتایەک بوو بۆ کزبوونی ناوبانگییەکەی. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە