رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو هەفتەیە مانگرتنی هاوبەشی ئەکتەر و سیناریۆنووسان لە هۆلیوود بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و دراما، نەگەیشتوونەتە هیچ رێکەوتنێک لەگەڵیان.
ئەکتەر و نووسەرە مانگرتووەکان لە ناڕەزایی و گردبوونە لە بەردەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا بەردەوامن، لەوانەش کۆمپانیای وارنەر برازەرز و دیزنی، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەیەنی بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، گردبوونەوەیان لە نیویۆرک دەوەستێنن.
کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی فیلم و بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان، رایانگەیاندووە، پێشنیازی کرێی زۆر بۆ نووسەر و ئەکتەرە مانگرتووەکان کراوە و هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەدرێت.
سیناریۆنووس و ئەکتەرەکانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیاکردنی کرێی کارکردنیان دەکەن.
نزیکەی 65 هەزار ئەکتەر، زۆربەیان ساڵانە کەمتر لە 27 هەزار دۆلار لە کارەکەیان دەستدەکەوێت و بەم داهاتە کەمەش ناڕازین و لە پاڵ ئەواندا 11 هەزار و 500 سیناریۆنووس مانیان گرتووە.
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، دەبێتە یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا و سەرەتا مانگرتنی نووسەر و سیناریۆنووسەکان دەستیپێکرد، دواتر ئەکتەرەکان.
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی هەبووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر رێژەی بەرهەمهێنانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ