15 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ ئەکتەرە مانگرتووەکانی هۆلیوود کۆدەکرێتەوە

06-08-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەکتەرە مانگرتووەکانی هۆلیوود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرە ناسراوەکانی سینەما، 15 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ ئەکتەرە مانگرتووەکانی هۆلیوود کۆدەکەنەوە، دیارترینیان جۆرج کلۆنی و مێریل ستریپ کە هەریەکەیان بڕی یەک ملیۆن دۆلار یان زیاتریان بەخشیوە. 
 
لە دوای ئەوەی سیناریۆنووسەکانی هۆلیوود لە دەستپێکی ئایاری 2023 مانگرتنیان راگەیاند، لە نێوەڕاستی تەممووزی رابردوو ئەکتەرەکانیش چوونە پاڵیان.
 
لە لیستی ئەو ئەکتەرانەی هاوکارییان بەخشیوە، ناوی لیۆناردۆ دی کاپریۆ، مات دێیمن، دوەین جۆنسن، نیکۆڵ کیدمەن، جولیا رۆبێرتس و هەروەها ئۆپێرا وێنفری، پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنی بەرچاو دەکەون.
 
سیناریۆنووس و ئەکتەرەکانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیاکردنی کرێی کارکردنیان دەکەن.
 
نزیکەی 65 هەزار ئەکتەر، زۆربەیان ساڵانە کەمتر لە 27 هەزار دۆلار لە کارەکەیان دەستدەکەوێت و بەم داهاتە کەمەش ناڕازین و لە پاڵ ئەواندا 11 هەزار و 500 سیناریۆنووس مانیان گرتووە.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، دەبێتە یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکا لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا و سەرەتا مانگرتنی نووسەر و سیناریۆنووسەکان دەستیپێکرد، دواتر ئەکتەرەکان.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکاکە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی هەبووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر رێژەی بەرهەمهێنانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە