رووداو-هەولێر
فیلمی (کراسی تەنگ) ـی سینەماکاری کورد هونەر سەلیم دوای سێ ساڵ لە راگرتنی، لە تورکیا ئازادکرا و بۆ یەکەمینجار لە تەلەڤزیۆنێکی ئەو وڵاتە نیشاندرا.
فیلمی کراسی تەنگ لە ساڵی 2015 و بەبەشداریی چەندین هونەرمەندی کورد و ئەستێرەی ناوداری تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ تۆمارکرا. بەڵام بەهۆی ئەوەی فیلمەکە رەخنە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی دەگرێ بەتایبەتی بژاڤی ئیخوان موسلمین کە لە حەفتا ساڵی رابردوو وەک بزاڤێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و لە بیست ساڵی رابردووشدا وەک دەسەڵات لە تورکیا کاریگەری زۆری لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە هەبووە، رێگە بەبڵاوکردنەوە و نمایشکردنی نەدرا.
بەڵام دوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی گەورەی ئیستەنبووڵ کە تێیدا ئیمامئۆغڵو پاڵێوراوی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دووبارە بەسەر بەربژێری پارتی فەرمانڕەوا بینالی یڵدرم سەرکەوتەوە، فیلمەکە رێگەی پێدرا نمایشبکرێت.
فیلمەکە بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی سینەمایی فەرەنسا و کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی سینەمایی تورکیایە.
دوای فیلمی کراسی تەنگ، هونەر سەلیم فیلمێکی دیکەی لە وڵاتی تورکیا دروستکردووە بە ناوی کێ خاتوو وێسلی کوشت؟ کە بەرهەمێکی فەڕەنسییە و لە سینەماکانی وڵاتی فەرەنسا، بەلجیکا و، سویسرا لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە یەککاتدا نمایشکرا و بڕیاریشە ئەو هاوینە لە وڵاتی ژاپۆن و چەند وڵاتێکی دیکە لە سینەماکاندا نمایش بکرێ.
هونەر سەلیم ئێستاش خەریکی ئامادەکارییە بۆ دروستکردنی فیلمێکی دیکەی سینەمایی لە کوردستان و ئەگەری زۆرە لە شاری دهۆک و دەڤەری بادینان وێنەی بگرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ