رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی هونەریی 'Jim Thompson' لە بانکۆکی تایلەند، پێشانگەیەکی هونەریی تایبەت بە جەنگ و ململانێیەکان لە کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رێکەوتنی سایکس - پیکۆ تاوەکو هاتنی داعش کرایەوە و دوو بەڵگەفیلمی رووداویش تێیدا پێشاندەدرێن.
چالاکییەکە رۆژی هەینی 24ـی تشرینی دووەمی 2023 دەستیپێکرد و تایبەت بوو بە کردنەوەی پێشانگەی د. روشدی ئەنوەر، هونەرمەندی شێوەکار و مامۆستای زانکۆ لە تایلەند، تێیدا چەند تابلۆ و پەیکەرێکی هونەری خراوتەڕوو و بڕیارە تاوەکو ئاداری 2024 بەردەوام بێت.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023، دوو بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو لە چوارچێوەی پێشانگەکە پێشانبدرێن، ئەویش بەڵگەفیلمی 'چیرۆکەکانی دوای جەنگ' و 'کوشتنی شێخ مەحموود'ـە لە دەرهێنانی حەیدەر عومەر و لە مۆنتاژی سارۆیان ئیسماعیلە و بە درێژایی بەڕێوەچوونی پێشانگەکە، بە بەردەوام پێشاندەدرێن و پانێڵێکی تایبەت بەم دوو بەرهەمە لەلایەن دەرهێنەر و مۆنتێرەکەی سازدکرێت.
هونەرمەند روشدی ئەنوەر خەڵکی هەڵەبجەی باشووری کوردستانە و لە ئوسترالیا دەژی و ماوەیەکە لە تایلەند دەژی و مامۆستای هونەری شێوەکارییە لە زانکۆ.
روشدی ئەنوەر، شێوەکارێکی کوردی پارێزگای هەڵەبجەیە و لە ئوستراڵیا ژیاوە و ماوەیەکە لە تایلەند دەژی و مامۆستای هونەری شێوەکارییە لە زانکۆ، لە منداڵییەوە خەریکی وێنەکێشانە. کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران دەکرێ، لەگەڵ خانەوادەکەی دەچنە سلێمانی، لەوێ بە هاوکاری چەند مامۆستایەک بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێری وێنەکێشان دەبێت.
لە ساڵی 1998 دەچێتە دەرەوەی وڵات، لەوێ کاردەکات و دەشخوێنێ، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو ناوەڕۆکی کارەکانی زیاتر کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونە.
پێشتر پێشانگەیەکی کردووەتەوە، کە باس لە بابەتێکی زۆر باڵکێش دەکات، کەسێک لە کوردستان 2 ملیۆن و 300 هەزار مینی لە زەوی هەڵگرتووەتەوە، ئەو کەسەی کردووەتە پاڵەوانی پێشانگەکەی.
ڤیدیۆ: حەیدەر عومەر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ