نارین فەقە: بەرزراگرتنی ئاڵای کوردستان لە کلیپە نوێیەکەمدا رەنگیداوەتەوە

25-11-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن نارین فەقە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند نارین فەقە، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'دووری' بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، هەوڵیداوە گۆرانییەکی کوردی رەسەن پێشکێش بکات و لە بەرهەمەکانی پێشووتری جیاوازتر دەبێت.
 
نارین فەقە، بە تۆ‌ڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گۆرانییەکە باس لە خۆشەویستی نێوان دوو خۆشەویست دەکات، لە تێکستی ئەدیب چەلکی و ئاوازی هارون ئەلکی، ئاوازدانەری باکووری کوردستانە و سینان بۆزۆبا، کاری میوزیکی بۆ کردووە و کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ شەممە 25ـی شرینی دووەمی 2023 لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەرهەمە نوێیەکەیدا نۆتە و ئامێری میوزیکی کوردی بەکارهاتووە، لەوانەش دەهۆڵ و زوڕنا، ناوەڕۆکەکەی پەیامی خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و دوورە وڵاتی لەخۆدەگرێت.
 
هەژار دهۆکی لە ستۆکهۆڵم و لە بازاڕی کۆنی ئەو شارە کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
 
نارین فەقە، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبات، روونیشیکردەوە، بەرهەم نوێیەکەی پەیامێک لەخۆدەگرێت کە گەلی کورد لە هەموو سەردەمەکاندا خۆشی و ناخۆشی بینیوە، بەڵام خۆشەویستیی بۆ خاک و ژیان وایکردووە بەردەوام بێت.
 
روونیشیکردەوە، ماوەی دوو ساڵ خەریکی ئامادەکردنی بەرهەمی 'دووری' بووە، بەڵام بەهۆی چەند رووداوێکەوە، بەتایبەتیش رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وایانکرد کە نەتوانێت لە کاتی خۆیدا بڵاوی بکاتەوە. گوتیشی: "رێزگرتن و بەرزراگرتنی ئاڵای کوردستان بە تەواوی لە کلیپی گۆرانییەکەدا رەنگیداوەتەوە".
 
'نالینەک تێ گوهێ من' یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند محەممەد شێخۆیە و لە تێکستی جەگەرخوینە و پێشتر لەلایەن نارین فەقە دووبارە گوتراوەتەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
نارین فەقە، لە 1980 لە دێرکی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە 1991 لە تەمەنی 10 ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە هەندەران کردووە و ئێستا لە سوێد نیشتەجێبووە و کچی هونەرمەند عادل فەقەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر

خۆشنووسێکی کورد تابلۆکانی بە ئەڵماس و زێڕ دەنەخشێنێت

خۆشنووس یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی، لە پێشانگەیەکی خۆشنووسیدا، تابلۆکانی بە ئەڵماس، زێڕ و زیو دەنەخشێنێت و دەیەوێت پێشانگەکە بباتە وڵاتانی کەنداو.