دوو فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بەربژێری خەڵاتن

25-02-2023
پەسار فایەق
دوو فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بەربژێری خەڵاتن
دوو فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بەربژێری خەڵاتن
نیشانەکردن 73یەمین فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ خەڵاتەکانی 73یەمین فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە بەرلینی ئەڵمانیا دابەشبکرێن، واتە خەڵاتەکان رۆژێک بەر لە کۆتاییهاتنی فێستیڤاڵەکە دابەش دەکرێن.
 
گرنگترین خەڵات کە دابەش دەکرێت، خەلاتی ورچی زێڕینە کە 18 فیلمی سینەمایی کێبڕکێ بۆ بردنەوەی دەکەن، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکە کە لە چەند بەشێکی جیاواز پێشکێش دەکرێن.
 
فیلمێکی کوردی بەناوی 'In The Blind Spot' لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری باکووری کوردستان، لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە و لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس' لە پێشبڕکێدایە.
 
ئەم بەرهەمە لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئەیووب 'ئازیز چاپکورت'، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
هەروەها فیلمێکی دیکە بەناوی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەشی پێشبڕکێ 'نەوەکان' پێشبڕکێ دەکات.
 
بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لە دژی داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە رۆژانی 16 تاوەکو 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و کاژێر 19:00ـی ئەمڕۆ شەممە 25ـی شوباتی 2023 بە کاتی کوردستان خەڵاتەکان دابەش دەکرێن.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، بە پێشاندانی فیلمی 'She Came to Me' دەستیپێکرد کە ئێن هاسەوەی، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
خولی ئەمساڵ جیاوازییەکی هەیە، ئەویش بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوە لە دەرهێنەرانی ژن کە 40٪ دەرهێنەرە بەشداربووەکانی ئەمساڵ پێکدێنن و فیلمەکەنیان پێشاندەدرێن.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەرلینالە ناسراوە و ئەمساڵ رێزێکی تایبەت لە ئۆکراینا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەگرێت.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1951 بەڕێوەچووە و بە یەکێک لە پێنج باشترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە