رووداو دیجیتاڵ
هونەمەندێکی ناسراوی کۆدیڤواری نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات" بڵاوکردەوە و کاردانەوەی زۆری لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و ناوی کوردستانی تێدا دەهێنێت.
تیکن جاهـ فاکولی بە گوتنی گۆرانی سیاسی ناسراوە، لە گۆرانییەکەدا باسی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، نادادپەروەی جیهانی و گەندەڵی سیاسی دەکات.
فاکولی، لە گۆرانییەکەدا بێزاری لەبارەی دۆخی جیهان دەردەبڕێت و هەستێکی قووڵی بێهیوایی بەرامبەر بە سیستەمێکی جیهانی دەردەبڕێت کە بە گوتەی خۆی، نایەکسانی بەرپا دەکات.
لە بەشێکی گۆرانییەکە، فاکولی باسی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت، "ئەگەر یارمەتیم بدەیت عێراق بۆمباران بکەم، کوردستانت بۆ رێکدەخەم".
هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی، گۆرانییەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەشێک لە خەڵک پشتگیرییان کرد و بەشێکی دیکەش رەخنەیان لێی گرت.
بەشێک لەوانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتییان لە گۆرانییەکە کردووە دەڵێن، هونەرمەندەکە هەڵوێستێکی بوێرانەی پێشان داوە و ئەو راستییانەی دەرخستووە کە میدیا باسییان ناکات.
هەروەها بەشێک لەوانەشی کە رەخنەیان لە گۆرانییەکەی فاکولی گرتووە دەڵێن، گۆرانییەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی بێهیوایی لەنێو خەڵکدا.
فاکولی لە شارۆچکەی ئۆدین لە کۆدیڤوار لەدایکبووە، جگە لە کاری هونەری، چالاکڤانیش و لە ریگەی گۆرانییەکانەوە بانگەشەی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات.
تێکستی گۆرانییەکە:
ئەوان جیهانیان دابەش کردووە
چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات
ئەگەر تۆ چیچانم پێبدەیت، منیش ئەرمینیان پێدەدەم
ئەگەر ئەفغانستانم پێ بدەیت، پاکستانت پێدەدەم
ئەگەر هایتی بەجێ نەهێڵیت، دەتنێرم بانگووی [پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست]
ئەگەر یارمەتیم بدەیت عێراق بۆمباران بکەم، کوردستانت بۆ چارەسەر دەکەم
ئەوان جیهانیان دابەش کردووە
چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات
ئەوان جیهانیان دابەش کردووە
چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات
ئەگەر یۆرانیۆمم پێبدەیت، ئەلەمنیۆمت پێدەدەم
ئەگەر یەدەگی کانزاکانتم پێبدەیت، یارمەتیت دەدەم بەدوای تاڵیبان بکەویت
ئەگەر گەنمێکی زۆرم پێ بدەیت، شانبەشانی تۆ دەجەنگم
ئەگەر کانەکانم بۆ جێبهێڵیت، لە ڕاوەدوونانی تاڵیباندا یارمەتیت دەدەم
ئەگەر ڕێگەم بدەیت زێڕەکانت دەربهێنم، لە دەرکردنی ژەنەراڵەکە یارمەتیت دەدەم
ئەوان جیهانیان دابەش کردووە
چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات
بەبێ ئەوەیراوێژمان پێ بکەن، ئەفریقایان دابەشکرد
ئەوان تووشی سەرسوڕمان بوون کە ئێمە چیدیکە یەکگرتوو نین
بەشێک لە ئیمپڕاتۆڕییەتی مالی، بوو بە بەشێک لە گەلی وولوف [گرووپێکی نەتەوەیین لە رۆژئاوای ئەفریقا]
بەشێک لە شانشینەکانی مووسا، بوو بە بەشێک لە غانا
بەشێک لە ئیمپڕاتۆڕی سوسو، بووە بەشێک لە ئیمپراتۆڕی مالی
بەشێک لە ئیمپڕاتۆڕی مالی، بووە بەشێک لە شانشینەکانی مووسا
ئەوان ئەفریقایان دابەشکردووە
ئەوان جیهانیان دابەشکردووە
چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ