لە بۆکس ئۆفیسدا ململانێی فیلمە خێزانییەکان بەهێزتر بووە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پشووی هەفتە و نزیکبوونەوەی پشووەکانی کریسمس و سەری ساڵ، ململانێی نێوان فیلمە خێزانییەکان لە بۆکس ئۆفیسی ئەمریکای باکوور بەهێزتر بووە، لەم هەفتەیەدا فیلمی "Sonic the Hedgehog 3" لە ریزبەندی یەکەمدایە.
 
لە کێبڕکێی فیلمەکانی هەفتە لە ئەمریکای باکوور، فیلمی "Sonic the Hedgehog 3" بەرهەمی پارامۆنت پیکچەرز توانی پێش فیلمی "Mufasa: The Lion King" بەرهەمی واڵت دیزنی بکەوێت.
 
 ئەم سەرکەوتنەی "Sonic the Hedgehog 3" لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی هەفتە لە ئەمریکای باکوور بە بڕی 62 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش بەر لە دەستپێکردنی کریسمس و سەری ساڵە و پێشبینی دەکرێت لە پشووی سەری ساڵ داهاتی زیاتر بەدەستبێنێت.
 
کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی جیهاندا 122 ملیۆن دۆلارە، داهاتی دوو بەشی رابردووی لە سینەماکانی جیهاندا 700 ملیۆن دۆلارە، پێشبینی دەکرێت بەشی سێیەمی داهاتی زیاتر بەدەستبێنێت. لەلایەکی دیکەوە ئێستا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی بەشی چوارەمی دەکرێت.
 
بەهۆی ئەوەی فیلمە خێزانی و ئەنیمەیشنەکان لە پشووەکانی کریسمس و سەری ساڵ پێشوازی بەرچاویان لێدەکرێت، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم لەو ماوەیەدا فیلمە بەهێزەکانیان دەخەنەڕوو.
 
فیلمی "Mufasa: The Lion King" لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا، توانی 35 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت و لە ریزبەندی دووەمی لیستەکەدا بێت. 
 
"Mufasa: The Lion King" بەشێوەیەکی بەرفراوانتر لە فیلمی "Sonic the Hedgehog 3" پێشاندەدرێت، ئەویش چوار هەزار و 100 سینەما و تەواوی سینەماکانی ئای ماکسە، لە کاتێکدا "Sonic" تەنیا لە سێ هەزار و 761 سینەما پێشاندەدرێت. 
 
فیلمی "Wicked" لە پێنجەم هەفتەیدا 14 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا و لە ریزبەندی سێیەمی لیستەکەدا هات و کۆی داهاتی لەو ماوەیەدا 385 ملیۆن دۆلارە.
 
لە ریزبەندی چوارەمدا فیلمی "Moana 2" بەرچاو دەکەوێت، داهاتی چوارەم هەفتەی 13 ملیۆن دۆلارە و کۆی داهاتی لە ماوەی چوار هەفتەکەدا 359 ملیۆن دۆلارە.
 
لەم هەفتەیەدا فیلمێکی دیکەی نوێ هاتووەتە نێو پێشبڕکێیەکەوە، ئەویش فیلمی "Homestead"ـە و  داهاتی یەکەم هەفتەی شەش ملیۆن دۆلارە و لە ریزبەندی پێنجەمی لیستەکەدایە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە