رووداو دیجیتاڵ
ئەماندا سەیفرید، ئەکتەری ئەمریکی و بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار، لە 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارە و لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەیە بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی.
ئەو ئەکتەرە جیهانییە بە فیلمی "Seven Veils" لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، تێیدا رۆڵی ژنێک دەگێڕێت کە کار بۆ بەرهەمهێنانی ئۆپیرایەک دەکات، بەڵام لەگەڵ ستافی کارە هونەرییەکە، رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لەگەڵ 19 فیلمی دیکە کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکات کە دوو خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکەن.
ئەماندا سەیفرید، لەبارەی ئامادەبوونی لە بەرلینالە، بە رووداوی راگەیاند: "بەڕاستی نایابە، کاتێکی زۆرە نەهاتوومەتە ئیرە، هەموو ئەو وزە و جۆش و خرۆشەی بەرلینم خۆشدەوێت".
گوتیشی: "زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ئەو کەسانەی سینەمایان خۆشدەوێت بەیەکەوە لەو فێستیڤاڵە کۆبوونەوەتەوە؛ من زۆر شانازی بە فیلمەکەی خۆم دەکەم".
روونیشیکردەوە: "ئەوە هونەرە و بەشێوەیەکی زۆر هونەرییانە چیڕۆکێک دەگێڕێتەوە؛ من زۆر حەزم لە ستایلە جیاوازەکانی خەڵکە، ئەوان راوبۆچوونی جیاوازیان هەیە، پێم وایە کە ئەوە شتێکی زۆر باشە هونەر خەڵک کۆدەکاتەوە".
ئەماندا سەیفرید، لە 1985 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، نمایشکاری جلوبەرگ و گۆرانیبێژە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە وەک نمایشکاری جلوبەرگ دەستی بە کاری هونەری کردووە و لە 15 ساڵیدا بووەتە ئەکتەر، لە چەندین بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و سینەماییدا رۆڵیگێڕاوە.
لە 2020 لە فیلمی بایۆگرافی "Mank" رۆڵی گێڕا و بەهۆیەوە بۆ خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب وەک باشترین ئەکتەری ژن لە رۆڵی لاوەکیدا بەربژێرکرا، لە 2022 بۆ رۆڵگێڕانی لە کورتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Dropout" خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەرگرت.
لە 2022 لەلایەن گۆڤاری "تایم"، وەک یەکێک لە سەت کاریگەرترین کەسایەتی ژنی لە جیهاندا دەستنیشانکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ