رووداو دیجیتاڵ
چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان لە ئیتاڵیا دەستیپێکردووە و ژمارەیەک دیزاینەر، نمایشکار و براندی بواری جلوبەرگ تێیدا بەشدارن.
ئەنتۆنیۆ ماراس، یەکێک لە دیزاینەرە بەشداربووەکانی ئەو چالاکییە و نوێترین دیزاینەکانی بۆ پاییز و زستانی 2023 – 2024 خستەڕوو.
رێڕەوی نمایشی جلوبەرگەکە لە شێوەی دارستانێک دیزاینکرابوو و بۆ ئەو دیزاینە سوود لە کتێبێکی گرازیا دێلێدا، نووسەری ئیتاڵی وەرگیراوە کە لە 1926 خەڵاتی نۆبڵی بردووەتەوە.
ئەنتۆنیۆ ماراس دیزاینەرێکی ئیتاڵییە و براندێکی تایبەت بە جلوبەرگ بەناوی خۆی هەیە.
دیزاینەر چەندین دیزاینی جیاوازی لە رێگەی نمایشکارانی جلوبەرگەوە نمایشکرد و زیاتر رەنگی کرێمی و رەنگەکانی دارستانی بەکارهێنابوو، هەروەها رەنگی رەش و سوور.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، ئافشالم گۆڕ، دیزاینەری بەریتانی نوێترین دیزاینەکانی لە رێگەی کۆمپانیای 'MARYLING' خستەڕوو.
نمایشەکە بەناوی 'Hotel MARYLING - A Room With a View' بوو، تێیدا سوودی لە ژینگە و ئەزموونە نوێیەکان وەرگرتووە.
دیزاینەکان تایبەتبوون بە وەرزی سەرما، تێیدا رەنگی قاوەیی تۆخ، پرتەقاڵی، زەرد، وەنەوەشەیی و سەوز و چەندین رەنگی دیکەی بەکارهێنابوو.
چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان لە 21 ئەم مانگە دەستیپێکرد و تاوەکو 27 مانگ بەردەوام دەبێت، تێیدا نوێترین دیزاینی دیزاینەران و براندە جیهانییەکان بۆ وەرزی پاییز و زستان نمایش دەکرێن.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، لەگەڵ هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە پاریس، لەندەن و نیویۆرک، بە گرنگرتین چوار چالاکی گرنگی بواری فاشن دەناسرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ