رووداو دیجیتاڵ
شڤان پەروەر، هونەرمەندی کورد، کەمپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوربانی و لێقەوماوانی بوومەلەرزەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
ئەو هونەرمەندە ڤیدیۆیەکی لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کەمپینەکەی لە رێگەی دەزگای میوزیکی و هونەری شڤان پەروەر دەکرێت، هیوای ئەوە دەخوازێت هاونیشتمانییان لە رێگەی کەمپینەکەوە هاوکاری پێشکێش بکەن.
هەروەها دەڵێت: "بڕواتان هەبێت هەر هاوکارییەک بگاتە دەستی ئێمە و ئەوەی لە دەستی ئێمەدا هەیە، دەیگەیێنینە میللەتی خۆمان، هاوکاری لە ئێوە، خەبات و خزمەت لە ئێمەوە".
شڤان پەروەر، سوپاسی خەڵكی چوار پارچەی کوردستان دەکات کە لە هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزە هاوکار بوونە.
هەر لەم هەفتەیەدا ئەو هونەرمەندەی باکووری کوردستان، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا پارچە میوزکێک پێشکێش دەکات و هاوخەمی خۆی بۆ قوربانییانی بوومەلەرزە دەخاتەڕوو.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای هەژاند، 50 هەزار کەسی تێپەڕاند، کە زیاتر لە 43 هەزاریان لە باکووری و کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ