'شاردنەوەی سەدام' لە نەرویج پێشاندەدرێت

19-11-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'شاردنەوەی سەدام' هەڵکەوت مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای پێشاندانی بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا، بڕیارە لە 26ـی تشرینی دووەمی 2023 لە نەوریج پێشانبدرێت.
 
پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە نەرویج، لە سینەما 'Klingenberg' لە ئۆسلۆی پایتەخت دەبێت و دەرهێنەری فیلم ئامادەی پێشاندانی دەبێت و لە 13ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە 20مین ساڵیادی دەستگیرکردنی سەدام حوسێن لە نێو چاڵێکدا، لە تەواوی نەرویج پێشاندەدرێت.

 

 
'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
 
تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە و مافی بڵاوکردنەوەی لە کوردستان و عێراق هەیە و ترەیلەرەکەیشی بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە بڵاوکرایەوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە بەشدارە و لە 13-11-2023 لە بەشی 'Frontlight'ـی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئێدفا پێشاندرا و دەرهێنەری فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو.
 
هەڵکەوت مستەفا لە نەرویج دەژی و زیاتر لە 12 ساڵە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکەیە پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانج لە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە، گێڕانەوەی چیرۆکی راستەقینەی ئەو چاڵەیە بۆ جیهان کە سەدام حوسێن تێیدا دۆزرایەوە. تەنیا یەک کەس دەتوانێت ئەو چیرۆکە بگێڕێتەوە، ئەویش ئەو کەسەیە کە خۆی چاڵەکەی بۆ سەدام هەڵکەندبوو".
 
هەر بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەوە لە ئیدفا، وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە دەرهێنەری فیلمەکە کردووە و ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، چاوەڕوان دەکەن "شاردنەوەی سەدام" دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و سەرنجی رەخنەگرانی سینەما بۆ خۆی رابکێشێت.
 
هەڵکەوت مستەفا لە 2016 بە فیلمی سینەمایی 'کلاسیکۆ' توانی ناوبانگییەکی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێت و فیلمەکەی زیاتر لە 56 وڵات بڵاوکرایەوە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا پێشاندەدرێن. 
 
20-3-2003 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام دەستپێکرد و رۆژی 9-4-2003 بەغدا کۆنترۆڵکرا و بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات. سەدام دیار نەما، بەڵام رۆژی 13-12-2003 لە لایەن هێزێکی ئەمریکییەوە لە چاڵێک لە پارێزگای تکریت دۆزرایەوە و رۆژی 30-12-2006 لەسێدارەدرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە