رووداو دیجیتاڵ
فەرید ئیلهامی، ئاوازدانەر، توێژەر، گۆرانیبێژ و ژەنیاری تەنبوور، لە گەورەترین پڕۆژەی هونەری خۆیدا دەیەوێت ئامێری رەسەن و کۆنی کوردی تەنبوور لە هەرێمی کوردستان زیندوو بکاتەوە.
فەرید ئیلهامی ئێستاکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، لە گەورەترین پڕۆژەی هونەرییدا، بە دامەزراندنی ماڵی تەنبووری 'ئەیاز'، بە دیکۆمێنتکردنی مەقامە رەسەنەکانی کوردەواری تەنبوور، وانە گوتنەوە و فێرکردنی گەنجانی کورد و هەروەها چەندین کاری هونەری بەنرخی دیکە، دەیەوێت ئامێری رەسەن و کۆنی کوردی تەنبوور لە هەرێمی کوردستان زیندوو بکاتەوە و کورد زیاتر بەم ئەم ئامێرە رەسەنە ئاشنا و شارەزای بن.
ئیلهامی، ماوەی 15 ساڵە سەبارەت بە ئامێری تەنبوور توێژینەوە دەکات و دەرئەنجامی ئەم توێژینەوانە ئەلبوومی شانامەی کوردی بە ناونیشانی 'مەقامی ئەفسانەکانی 2' بە دەنگی شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کورد، کتێبی 'هەزارەی تەنبوور و چەندین بەڵگە فیلمی کوردی وەکوو ئینسکلۆپیدیایەکی ئامێری تەنبوورە کە تا ئەم ساتە وەختە بە بیانووی جۆراوجۆروە بڵاونەبوونەتەوە و هیوادارە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی ماڵی تەنبووری 'ئەیاز' لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لیبکرێت و بخرێتە بەر دەستی هۆگرانی هونەری موزیک و رۆشنبیری کوردییەوە.
شانامە خوێندنی کوردی لەو مێلۆدییە رەسەن و ونبووە کوردیانەیە بە درێژایی سەدان ساڵ، تەمەنی هەیە.
فەرید ئیلهامی زیاتر لە 15 ساڵە وەکوو ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور لەگەڵ شەهرام نازری، کۆنسێرتی جۆراوجۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران پێشکەشکردووە و لەم ماوەیەدا لە بواری تێکەڵاوکردنی شیعر و میوزیک و هەروەها شێوازیی گۆرانی خوێندنی دروست لەلایان بووە، لە بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ، لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، یەکەمین جار بوو ئەم موزیکزانە کوردە لە بەرچاوی نازری وەکوو بینەر و میوانی تایبەت؛ گۆرانی بخوێنێت. هەر بەم بۆنەیەوە بە دابوونەریتی کۆنی تەنبوور، پێش دەستپێکی ئەم کۆنسێڕتە، چووە خزمەت مامۆستاکەی و بە ماچکردنی دەستەکانی، مۆڵەتی وەرگرت و چووە ریزی گۆرانیبێژە کوردەکانی میوزیکی مەقامی تەنبوورەوە.
ئەو هونەرمەندە لە دوایین پڕۆژەی هونەری خۆیدا بە مۆڵەتوەرگرتن لە نازری، گرووپی موزیکی ئەفسانەی تۆژهەڵاتی بە تێکەڵاوییەک لە میوزیکی نەتەوە جۆراوجۆرەکان دامەزراند و هەروەها چالاکییەکانی خۆی وەکوو گۆرانیبێژی کوردی میوزیکی مەقامی تەنبوور دەستپێکرد.
گرووپی موزیکی ئەفسانەی رۆژهەڵات، بە سەرپەرەستی فەرید ئیلهامی، ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ محەممەد عەلی محەممەد حەسەنی (دڵنەواز) ژەنیاری بەنجۆ لە بەلووچستان، خاتوو مینا دریس، گۆرانیبێژی عەرەبی ئەهوازی، زینوێ حەسەن راوی، گۆرانیبێژ لە هەرێمی کوردستان، غەزالە شیرازی، ژەنیاری چەلۆ، ئەمین حەیدەری، ژەنیاری عوود لە ئێران، نەبیل یوسف شەریداوی، ژەنیاری عوودی عەرەب، دەرشێن جووت سینک ئاننەد، ژەنیاری تهبلا لە هیندستان و هەژار زەهاوی، ژەنیاری دەف لە هەرێمی کوردستان، لە یوبیلی زیوینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ، چەندین پارچە میوزیکی مەقامی تەنبوور، میوزیکی سیکەکانی هیندستان، میوزیکی تەریقەتی چشتییەی بەلووچستان، میوزیکی سۆفیگەرانەی عەرەبی و هەروەها شیعرەکانی مەولانا جەلالەدینیان پێشکەشکرد.
دوایین کۆنسێڕتی ئیلهامی، وەکوو ژەنیاری ئامێری تەنبوور بە هاوڕێیەتی لەگەڵ نازری و سابیر نەزەرگاهی، ژەنیاری دیوان بۆ بیست و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ دەگەڕێتەوە، تێیدا مەقامی کوردی 'ساروخانی' لە مەقامەکانی کۆن و باستانی تەنبوور بە شیعری سەید یەعقووب ماهیدشتییانی پێشکەش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ