بێن ئافلێک رۆڵی سەرەکی لە 'Deep Water' دەگێڕێت

16-03-2022
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بێن ئافلێک، ئەکتەری ئەمریکی، لە فیلمێکی نوێی درامایی و رۆمانسیدا بەناوی 'Deep Water' بەشدار دەبێت و رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە سینەماییە، کۆمپانیای بەرهەمهێنەر یەکەم ترەیلەری بڵاوکردەوە کە ماوەکەی دوو خولەک و 16 چرکەیە و بڕیارە لە 18-3-2022 لە تۆڕی 'هولو' بڵاوبکرێتەوە.
 
ماوەی فیلمەکە دوو کاژێر و 33 خولەکە و تیشک دەخاتە سەر دوو هاوژین بەناوەکانی فیک و مێلێندا و لە شارۆچکەیەکی بچووکی ئەمریکا دەژین، بەهۆی دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا، بڕیاردەدەن لە یەکدی جیانەبنەووە، لەبەرامبەردا  فیک رێگە بە مێلێندا دەدات پەیوەندی لەگەڵ پیاوی دیکە دروست بکات، بە مەرجێک دەستبەرداری خێزانەکەی نەبێت.
 
لەم بەرهەمەدا بێن ئافلێک و ئانا دی ئارماس رۆڵی ئەو دوو هاوژینە دەگێڕن و ئەیدریەن لاین وەک دەرهێنەر کاری بۆی کردووە.
 
بێن ئافلێک، لە 15-8-1972 لە کالیفۆرنیای ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، دەرهێنەر و سیناریۆنووسە و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە.
 
لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و لە 1984 لە زنجیرەی فێرکاری 'PBS' رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لە 1997 لە رێگەی فیلمی 'Good Will Hunting' خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆبی بۆ باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ بەدەستهێنا و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی زۆری پەیدا کرد.
 
لە دوای کاری ئەکتەری و سیناریۆنووسین، لە 2007 رووی لە کاری دەرهێنان کرد و وەک دەرهێنەرێک فیلمی 'Gone Baby Gone' بڵاوکردەوە، جگە لە کاری دەرهێنان، لە نووسینی چیرۆکیشیدا بەشداربوو و پێشوازییەکی باشی لێکرا.
 
لە 2010 فیلمی 'The Town'ـی بڵاوکردەوە کە کە دەرهێنەر و ئەکتەری سەرەکی بوو تێیدا، هەروەها لە نووسینی چیرۆکەکەیدا بەشداربوو، لە 2012 کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی سیاسی 'Argo' کرد و رۆڵی سەرەکیشی تێدا گێڕا و ئەم دوو فیلمەی لە رووی هونەری و داهاتەوە بە فیلمی سەرکەوتوو ناسێندران.
 
ئافلێک، لە رێگەی فیلمی 'Argo' خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بافتای وەک باشترین دەرهێنەر و خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین فیلم بەدەستهێنا.
 
لە دوای بەناوبانگبوونی لە ئاستی جیهاندا، لە چەند فیلمێکی دیکەی سەرکەوتوودا رۆڵی گێڕا، لەوانە فیلمی 'Gone Girl' لە 2014، فیلمی 'The Accountant' لە 2016، فیلمی 'Triple Frontier' لە 2019 و فیلمی 'The Way Back' لە 2020.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەبهیشێک باچان و ئایشواریا رای

ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان جیابوونەتەوە؟

بەم دواییە چەند جارێک لە بەشێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، باس لە جیابوونەوەی هەردوو ئەستێرەی سینەمای بۆلیوود، ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان دەکرێت، ئەوان بە فەرمی باسی جیابوونەوەی خۆیان نەکردووە، ئەی چی وایکردووە باس لە جیابوونەوەیان بکرێت؟