لەگەڵ رەنج؛ سۆمەرییەکان یان ئارییەکان کورد بوون؟

14-07-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە دووربوون لەیەكتری، ئەو لە ستودیۆی هەولێر، ئەمیش لە ‏ئەشكەوتێكی نزیك سلێمانی لە(هەزارمێرد)، بەڵام لەسەر (مێژووی كورد ‌و ‏نەژاردەكەی) گفتوگۆیەكی گەرم لەنێوانیاندا دروست بوو، سۆران حەمەڕەش، ‏كە لە نێو ئەشكەوتەكەدا لەگەڵ ستافی بەرمامەكە ئامادەبوو بە هەموو ‏بڕوایەكیەوە، جەختی لەوە دەكردەوە، سۆمەرییەكان كورد بوون، تەنانەت ‏گەیشتە ئەوەی كە بڵێ‌ "كورد سۆمەری نییە، بەڵكو سۆمەرییەكان كورد ‏بوون، ئێمە بە هەموو شتێك سۆمەرین". ئەم بۆچوونەی نەك د. زرار كە ‏میوانی ئەم بەرنامەیە بوو، بەڵكو بەشێكی زۆری مێژوونووسانی كوردی ‏نیگەران كردووە.
 
د. زرار تۆفیقیش، كە لە ستودیۆی هەولێرەوە بەشداری ‏بەرنامەكەی كردووە بەتووندی ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ پەیوەندییەك لە ‏نێوان كورد ‌و سۆمەرییەكاندا هەبێت ‌و گوتی: "كورد هەرگیز سۆمەری ‏نەبووە و نییە، چونكە سۆمەرییەكان لە كوردستاندا حكومیان نەكردووە". ‏لەبارەی (رەگەزی ئاری) ‌و پەیوەندیی بە كوردەوە، سۆران حەمەڕەش ئەوە ‏رەتدەكاتەوە كە كورد پەیوەندیی بە (رەگەزی ئاری)یەوە هەبێت ‌و دەشڵێت: ‏‏"ئاری بوونی كورد نازانستییە ‌و راستی تێدا نییە، تەنانەت میدەكانیش ‏خەڵكی ئێرە نەبوون". هەموو ئەو بۆچوونانەشی لە پەرتوكێكدا بەناوی ‏‏(مێژووی بز‌و نەگێڕدراوەی كورد) نوسیوەتەوە. د. زرار تۆفیق ئەوە ‏دەخاتەڕوو وشە بە وشەی ئەو كتێبەی سۆران حەمەڕەشی خوێندووەتەوە ‌و ‏بۆیە ئامادەیی هەموو جۆرە گفتوگۆیەكە لەسەری ‌و گوتیشی: "ئە‌و كتێبەی ‏كاك سۆران چەواشەكاری ‌و گەڵتەجاڕییە". ‏
 
جگە لەو دوو شارەزایەی مێژووی كورد، چەندین خوێندكاری بەشی مێژووی ‏زانكۆی سلێمانی لەبەرنامەكەدا بەشداربوون، لەنێو ئەو گفتوگۆ گەرمەدا، كچە ‏خوێندكارێكی بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی دەڵێت: "كە هاتم بۆ ئێرە ‏‏(هەزار مێرد) وەك ئەوە وابوو گەشت بە كاتدا بكەم ‌و بڕۆمەوە بۆ ئەو ‏سەردەمەی مرۆڤەكان چۆن بە سادەیی لێرە ژیاون". ئەو كچە خوێندكارە ‌و ‏هاوڕێكانی رێگایەكی سەخت ‌و هەوراز ‌و نشێویی زۆریان بڕی تاوەكو گەیشتنە ‏نێو ئەو ئەشكەوتەی بەرنامەكەی لێ تۆمار كرا. دیمەنەكانی ئەم بەرنامەیە ‏ناوازە ‌و جیاواز بوون، چونكە لە دوو كاتی جیاوازی رۆژ ‌و شەو گیراون. ‏ستافی بەرنامەكە ‌و میوانەكانیش رێگایەكی سەخت ‌و پێچاو پێچیان بڕی ‏تاوەكو لە نێو دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی ئەو ئەشكەوتەدا باس لە مێژوویەكی ‏دێرینی كورد بكەن.‏
'باشبوو ناویان گۆڕیم' ‏
 
سۆران حەمەڕەش كە بەتوندی دژی ئەوەیە، رەگەزی ئاری ‌و كورد بەیەكەوە ‏ببەسترێنەوە، بە منداڵی تاوەكو شەش مانگی خۆی ناوی (ئاری) بووە، بەڵام ‏دواتر گۆڕیویانە بە سۆران. ئەو دەڵێت: "باشتر كە كردوویانەتە سۆران، چونكە ‏‏(ئاری) خۆ حیكایەتە ‌و لە دەرەوەی زانستە، بەداخەوە ئێمە چەندین ساڵە ‏بەوەوە سەرقاڵكراوین كە ئێمە ئارین یان زەردەشتین، لەكاتێكدا ئەمانە هیچ ‏بەڵگەیەكی زانستییان لە پشتەوە نییە".‏
 
سۆران حەمەڕەش ئاماژە بەوەش دەكات، هەر لە منداڵیەوە خولیا ئەوەی ‏هەبووە  بزانێ‌ مێژوو كورد چییە "30 ساڵە لەو بوارەدا خەریكم تاوەكو ‏گەیشتم بەوەی سۆمەرییەكان كورد بوون ئەوەشم بە چەندین بەڵگەی  ‏زانستی سەلماندوە".‏

 

هەموو ئەوانەش كە پێچەوانەی ئەو بۆچوونن وەك مێژوویەكی راستەقینە بۆ ‏كورد نوسراوەتەوە، سۆران حەمەڕەش بە مێژوویەكی سیاسی ‌و گاڵتەجاڕی ‏ناویان دەبات دەشڵێت:  ‏"سەرەتای مێژووەكە، كورد نەینووسیوەتەوە، بەڵكو ‏ئەورووپییەكان مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان نووسیوەتەوە، لەكاتێكدا لە ‏مێژوودا كورد خاوەن ئیمپراتۆرییەت بووە، بەڵام دواتر ناسنامەیەكی ‏درۆیینانەیان خستووەتە پاڵمان".
 
 
مێژووەكەی ئەمین زەكی بەگ
 
بۆچوونی سۆران حەمەڕەش، لەسەر كتێبەكەی ئەمین زەكی بەگ كە باسی ‏مێژووی كورد دەكات ‌و لە ساڵی 1932 نووسراوە، زۆر ئەرێنییە بۆ سەردەمی ‏خۆی بە شۆڕش نێوی دەبات ‌و لە وەسفیدا دەڵێت: "كتێبی یەكەمم ‏پێشكەشی ئەوە كردووە، چونكە بەڕاستی توانایەكی سەیری هەبووە، ‏تەنانەت ئەمڕۆش دەتوانین سوود لە ئەمین زەكی بەگ وەربگرین، نەك هەر ‏ئەو، مەلا جەمیلی رۆژبەیانی یاخود گیوی موكریانی چەندینی دیكەش بۆ ‏كاتی خۆی كاری زۆر باشیان بۆ مێژووی كورد كردووە، بەڕاستی زوڵمە ئەگەر ‏بڵێم لە مێژووی كورد دا كەس نەیپێكاوە جگە لە خۆم". سۆران حەمەڕەش ‏ئەوەش رووندەكاتەوە كەبەبێ‌ ئەورووپا ناتوانرێ‌ مێژووی كورد بنووسرێتەوە ‏‏"منیش سەرچاوەكانم ئەوروپین".‏
 
گۆرانیی (لێ‌ لێ‌  لۆلۆ) لە چییەوە هاتووە؟
 
زۆرینەمان گوێبیستی گۆرانیی (لێ‌ لێ‌  لۆلۆ) بووین، بەپێی قسەی سۆران ‏حەمەڕەش ئەو گۆرانیە "پێشەكیی گۆرانیی سۆمەرییەكان بووە". هەر بۆیە ‏سۆران حەمەڕەش دەگاتە ئەوە كە بڵێ‌ "كورد سۆمەری نییە، بەڵكو ‏سۆمەرییەكان كوردبوون، یەكەمین یاسای نوسراویش سۆمەرییە، بۆیە هەر ‏شتێك سۆمەری بێت بێ‌ هیچ گومانێك كوردییە. بۆ ئەوەش بەڵگەیەكی زۆر ‏هەیە". ئەو مێژووناسەی كورد بە شانازییەكی زۆرەوە ئەوەش دەخاتەڕوو، ‏ئەو بۆچوونانەی هەیەتی لەسەر مێژووی كورد خەریكە تێگەیشتنێكی جیهانی ‏لەسەر دروست دەبێت ‌و دەڵێت "لەو ماوەیەی رابردوو پیاوێكی پۆڵەندی ‏تاگی كردم، بۆی نوسیبووم سۆران خەریكە بۆچونەكانت دەبێتە ‏تێگەیشتنێكی جیهانی، ئەوەش بۆمن جێگای شانازییە".‏
 
هەر بەپێی گێڕانەوەكانی سۆران حەمەڕەش،‎ ‎لەسەر خاكی كوردستان یەكەم ‏گەنم چێنراوە ‌و یەكەم بزن ‌و بەراز ‌و رەشەوڵاخیش لەسەر خاكی كوردستان ‏ماڵی كراوە جگەلەوە یەكەم (پولەقوڕینە) ش هەر لەسەر خاكی كوردستان ‏دۆزراوەتەوە كە دواتر بووەتە سەرەتای نوسین، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ‏یەكەمین نووسین لە جیهاندا كوردی بووە بە رێزمان ‌و بە وشەكانیشەوە، ‏ئەوەش بەسەرەتای شارستانییەتە پێناسە دەكات.‏
ململانێ‌ لە نێوان كوردی شاخ ‌و كوردی دەشت
 
سۆران حەمەڕەش، جەختی لەوە كردەوە ئەو كە پێچەوانەی مێژوونوسانی ‏كورد شتێكی نوێ لەسەر مێژووی كورد دەڵێت، لەوەش دڵنیا بووە كە ‏دژایەتیەكی گەورە دەكرێت بۆیە گوتی: "نەك بۆ من، هەموو كەسێك كە ‏شتێكی نوێ‌ بڵێت بەجۆرێك لە جۆرەكان دژایەتی بۆ دروست دەبێت". ‏بەبڕوای ئەو مێژووناسەی كورد هەتاوەكو سەدەی بیستەمیش شتێك هەبووە ‏بە نێوی (كوردی شاخ ‌و كوردی دەشت)‏.
 
‏"سەردەمانێك میدەكان ئیمپراتۆریەت بوون، بەڵام كوردی شاخ بوون، ‏سۆمەرییەكانیش كە پێش مادەكان بوون، كوردی دەشت بوون ‌و ‏بەبەردەوامیش ململانێ‌ لە نێو كوردی شاخ ‌و كوردی دەشت هەبووە".
 
یەكەمین نەورۆز لە كوێ‌ كراوە؟
 
زۆربەی ساڵان، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوە لە نێوەڕاستی مانگی سێ‌، ‏گفتوگۆ لەسەر مێژووی نەورۆز ‌و پەیوەندیی بە كوردەوە دروست دەبێت، ‏سۆران حەمەڕەش ئاماژە بەوە دەكات یەكەم نەورۆز لە جیهاندا لەسەر خاكی ‏كوردستان كراوە ‌و دەشڵێت: "كەسێك هەیە بەناوی (ئەبو حەنیفەی ‏دینەوەری) مێژووی كوردی نوسیوەتەوە لە 1200 ساڵ پێش ئێستا باسی ‏نەورۆزی كردووە كە هی كوردبووە، هەتاوەكو 100 ساڵ لەمەوبەریش لە ‏سلێمانی ‌و مهاباد نەورۆز بەشێوازی سۆمەرییەكان كراوە، جگە لەوانە من ‏بەتەنیا باسی زمان ناكەم، بەڵكو ئێمە نەورۆز ‌و داب ‌و نەریتیشمان ‏سۆمەرییە، سۆمەرییەكان لە 21 مانگدا وەك خۆمان نەورۆزیان كردووە".‏

 

 
سۆران حەمەڕەش گلەییەكی زۆر لەو كەسانە هەیە كە مێژوویان بۆ كورد ‏نوسیوەتەوە. دەشڵێت: "ئەو مێژوویەی لە ئەورووپا بۆ كورد نووسراوە ‏گاڵتەجاڕییە، لێرەدا مەبەستم ئەو كوردانە نییە كە مێژوویەكی باشیان ‏نووسیوەتەوە لە نموونەی ئەمین زەكی بەگ ‌و جەمیل رۆژبەیانی كەسانی ‏دیكەش".‏
 
رستەیەكی سۆمەری
 
لەسەر داوای د. زرار كە میوانی دوومی ئەم بەرنامەیە بوو لە ستۆدیۆی ‏هەولێریشەوە بەشداربوو، سۆران حەمەڕەش رستیەكی بە زمانی سۆمەری ‏گوت: "(سلم نن ئبسی گریە) رستەیەكی سۆمەریە واتە سڵاو نەنە بەس ‏گریان". ئەو مێژووناسەی كورد روونیدەكاتەوە پەرتووكەكەی بەتەنیا باسی ‏مێژووی كورد ناكات بۆ ئەوەش باس لە بۆچوونی گەنجێك دەكات كە لە ‏سایتی ئەمەزۆن نوسیویەتی ‌و دەڵێت: "لەسەر سایتی (ئەمەزۆن) كوڕێك ‏كتێبەكەمی خوێندووەتەوە و دەڵێت ئەمە مێژووی مرۆڤایەتییە". هەر لە ‏پەرتووكەكەیدا سۆران حەمەڕەش باسی قۆناخی پێش ئیسلام كراوە كە كورد ‏چیبوە؟
 
هەر لەسەر مێژووی كورد ‌و پەیوەندی بە سۆمەرییەكانەوە، سۆران ‏حەمەڕەش دەشڵێت: "ئێمە بە شوێنەواریش سۆمەرین، بەنموونە ناوی گوندی ‏خەمزە لە كۆنترین ئەفسانەی سۆمەریدا هاتووە، جگەلەوە سۆمەرییەكان ‏باسی سنجاری شیان كردوە". سۆران حەمەڕەش ئەوەش ناشارێتەوە كە ‏زمانی كوردی هیندۆ ئەورووپییە، بەڵام نەژادی نا، دەشڵێت: "زمانی كوردی ‏شێوەی نوێی زمانی سۆمەرییە ‌و نزیكترین شێوە قسە كردنی سۆمەری ‏ئەوەیە كە لە گەرمیاندا بەكاردێت".‏
 
‏‏(حلە) ناوچەكی كوردی بووە‏
 
سۆران حەمەڕەش ئەوەش رووندەكاتەوە كە شاری (حلە) پێش 700ساڵ ‏لەمەوبەر ناوچەكی كوردی بووە ‌و تەنانەت كتێبی كوردی لەسەر دار خورما ‏هەبووە "پێش 700ساڵ لەمەوبەر (ئیبن بەتوتە) دەچێتە شاری حلە دەڵێت ‏نیوەی كوردە". لەبارەی ئەوەش بۆچی خۆی فێری زمانی سۆمەری ناكات ‏سۆران حەمەڕەش  دەڵێت "دە ساڵم دەوێت خۆم فێری زمانی سۆمەری ‏بكەم، گرنگ ئەوەیە بە زانستی بنیچەی كوردم یەكلایی كردۆتەوە".‏
 
سۆران حەمەڕەش  گلەیی ئەوەشی لە د.زرار كرد كە لە كتێبێكدا ‏‏(كاكەییەكان)ی كردوە بە عەرەب ‌و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕانەوە كە ‏شارەزایی لە مێژووی ئاین نییە ‌و گوتیشی "د.زرار بە نەشارەزایی ‏‏(كاكەییەكان)ی كردوە بە بەشێك لە شیعە، بەبێ‌ هیچ بەڵگەیەكی زانستی، ‏لە كاتێكدا من هەر وشەیەكم لە پەرتووكەكەم نوسیبێتەوە سەرچاوەی ‏زانستیم بۆی  هەبووە".‏
 
سەبارەت بە حكومڕانی ماددەكان ‌و سۆمەرییەكانیش سۆران حەمە رەش ‏دەڵێت "مادەكان 2800ساڵ لەمەوبەر  حكومڕانیان هەبووە، بەڵام ‏سۆمەرییەكان 5000ساڵ لەمەوبەر بووە".‏
 
'%90ـی مەرجەكانی لێكۆڵەری تێدا نییە‏'
 
د. زرار تۆفیق، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانكۆی ‏دهۆك وەك میوانێكی ‏دیكەی بەرنامەكە، كە لە ستۆدیۆی هەولێرەوە بەشداربوو باسی لەوە كرد ‏سۆران حەمەڕەش كەمترین مەرجەكانی كەسی لێكۆڵەری تێدایە ‌و گوتی: ‏‏"90% مەرجەكانی لێكۆڵەر لە كاك سۆران دا نییە، چونكە لێكۆڵەر ئەبێت بە ‏دوور بێت لە بەلاڕێدا بردن ‌و چەواشەكاری، ئەبێت جیاوازی بكات لەنێوان ‏سەرچاوە راستی ‌و سەرچاوەی هەڵبستراو، كتێبەكەی كاك سۆرانم ‏بەتەواوەتی، واتە وشە بە وشەیم خوێندووەتەوە. بەداخەوە كارەكەی هیچ ‏زانستی نییە، تەنانەت مێژووی كورد بەگاڵتەجاڕی ناو دەبات ئەوەش ‏كارەساتە".‏
 
د. زرار تۆفیق ئەوەش روون دەكاتەوە، لە كاتێكدا سۆران حەمەرەش لە ‏دیدارێكدا دەڵێت نوسینی مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان بەكار ناهێنم، ‏بەڵام "وەك سەرچاوە میرداد ئازادی ‌و ئەرشاد بۆڵادیانی بەكارهێناوە لەوەش ‏كارەساتر لە وەرگێڕانەكەشدا تووشی هەڵەی گەورەبووە".‏
 
سەرچاوەی كتێبەكەی 'هەڵبستراوە'
 
هەر لەبەرنامەكەدا د. زرار تۆفیق ئەوەش دەخاتەڕوو سۆران حەمەڕەش پشتی بە نوسینەكانی (محەممەد سدیق بۆرەكەوی) بەستووە، كە ئەو بە ‏سەرچاوەی نازانستی ‌و هەڵبستراو ناویان دەبات ‌و دەشڵێت "كاك سۆران ‏‏14جار كتێبەكەی (ئیبن وەحشیە)ی بەكارهێناوە لەكاتێكدا خودی كتێبەكە ‏هەڵبستراوە".‏
 
 
پێچەوانەی بۆچوونەكانی سۆران حەمەڕەش، د. زرار تۆفیق جەخت لەوە ‏دەكاتەوە كە  "كورد هەرگیز سۆمەری نەبوو نییە، چونكە سومەرییەكان لە ‏كوردستان حكومیان نەكردوە". د. زرار ئەوە ناشارێتەوە كە هەندێ‌ وشەی ‏سۆمەری لەزمانەكانی كورد‌و عەرەبی ‌و فارسیدی ماوە، بەڵام ئەوە نابێتە ‏بەڵگەی سۆمەری بوونی كورد.‏
 
د. زرار دەڵێت: "كاك سۆران كە دەڵێت كورد سۆمەرییە، فەرموو بە سۆمەری ‏با پێنج خولەك قسە بكات، سۆران ئەگەر سۆمەری دەزانی بۆچی 15 ‏فەرهەنگی بەكارهێناوە؟ باشە ئەگەر سۆمەری لە باشوری عێراق هەبووبن ‏بۆچی تەنیا كورد خاوەنی بێت ئەی فارس ئەو نەتەوەكانی دیكە؟".
 
لۆلۆییەكان، میدییەكان، گۆتییەكان باپیرانی كورد بوون ‏
 
د. زرار تۆفیق جگەلە رەتكردنەوەی پەیوەندی نێوان كورد ‌و سۆمەری باسی ‏لەوە كرد "لۆلۆییەكان، میدییەكان، گۆتییەكان باپیرانی كورد بوون".‏
 
سەبارەت بە كتێبەكەی سۆران حەمەڕەش یش ئەوە دەخاتەڕوو كە هەشت ‏بۆ نۆ لاپەڕەی رەخنەی لەسەر كتێبەكەی نوسیوە دەڵێت "بەڕاستی ئە‌و ‏كتێبەی كاك سۆران سوكایەتییە بۆ كورد".‏
 
ئەو رەتیشدەكاتەوە كە شاری حلە لەلایەن كوردەوە دروست كرا بێت‌و ‏دەڵێت: "راستە ئیبن بەتوتە گوتوویەتی نیوەی حلە كوردبووە، بەڵام حلە ‏لە1101دا لەلایەن میرێكی عەرەب دروستی كردوە".‏
 
د. زرار تۆفیق بەشانازییەكی زۆرەوە باس لەوەش دەكات كە  نۆ كتێبی ‏لەسەر مێژووی كورد هەیە، سەبارەت بە كوردیش وەك نەتەوەیەك دەڵێت: ‏"دووهەزار ساڵە كورد وەك نەتەوەیەك بوونی هەیە، جگەلەوە ئێمە وەك كورد ‏لەسەر خاكی خۆمان ژیاوین وەك میللەتانی دیكە نین لە شوێنێكەوە چوبینە ‏وڵاتێكی دیكە". د. زرار رەخنەی ئەوەشی لە سۆران حەمەڕەش گرت بەوەی ‏لەسەر مێژوو قسە دەكات، بەڵام هیچ بڕوانامەیەكی لەبواری مێژوودا نییە ‏
 
لە كۆتایی قسەكانی د. زرار تۆفیق گوتیشی: "بەنووسین وەڵامی وشە بە ‏وشەی كتێبەكەی كاك سۆران دەدەمەوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە